dr.isma3il-namiq.jpg

ئەم نادادیە تا کەى؟

Dec 16, 2019  |   بیروڕا 

د. نامیق ئیسماعیل

 


هاوڕێیەکم باسى جووتیارێکى بەتەمەنى بۆ کردم، کە روبە هەنارى باش دروست دەکات، منیش پرسیارم لێکرد کیلۆى بەچەند ئەفرۆشێ ووتى کیلۆى بە دە هەزار، پرسیارم کرد لەساڵێکدا ئەتوانێ چەند کیلۆ بەرهەم بهێنێت، ووتى نزیکەى 100 کیلۆ. سەرنج بدەن، جوتیارێکى تەمەن 60 ساڵ ساڵێکى تەواو خۆى وخێزانەکەى خەریکى بەخێوکرکردنى باخێکى هەنار بن، بەئاودان وچاودێرى کردن و پاککردنەوەو پاشان لێکردنەوەى هەنارەکان و وەراندن وکردنى بەروبە هەنار، لەکۆتاییدا تەنها یەک ملیۆن دینارى دەست بکەوێت. لەبەرامبەریشدا کەسێک تەمەنى کەمتر بێت لە 30 ساڵ مانگانە شەش ملێون دینار بچێتە سەر هەژمارى بانکیەکەى، بەس لەبەر ئەوەى بەدەنگى ئەو جووتیارە ماندووە، چوار ساڵ یان کەمتر پەرلەمانتار بووە!! ئەم نادادیە لەکوێى دونیادا هەیە؟ چۆن بەم شێوەیە کوردستان ئاوەدان دەکرێتەوەو بەرهەمى خۆماڵى زیاد دەکرێت؟ چۆن قەناعەت بەو جووتیارە ماندوەو هاوشێوەکانى بکەین ئینتیماى بۆ ووڵاتەکەى هەبێت وحکومەتەکەى خۆش بوێت؟ بە چ رویەکەوە بەکوڕ وکچى ئەم جوتیارە بڵێین ئێوە لەگەڵ کوڕ وکچى پەرلەمانتاران ووەزیرەکان وبەرپرسەکاندا یەکسانن وهەمان مافتان هەیە؟
دەمەوێت بڵێم، یاساکانى تایبەت بەخانەنشینى پەرلەمانتاران ووەزیرەکان وخاوەن پلە باڵاکان لەهەرێمى کوردستاندا، لەنمونەى خراپترین ونادادپەروەرترین یاساکانى جیهانن، حەق وایە لەبەر خراپى وغەریـبى ونادادیان بخرێنە کتێبى گینسەوە ولەناوەندەکانى خوێندندا لەریزى پێشەوەى یاسا خراپەکان بەنمونە بهێنرێنەوە. ئەم یاسایانە لەهەر ووڵاتێکى دیکەدا بوونایە، حکومەتیان لەسەر ئەڕوخێنرا وداڕێژەران وجێبەجێ کەرانی یاساکەش دەخرانە کونجى زیندانەوە. سەیرى بەغداد کەن، ئەم یاسا خراپانەشیان نیە، ئێستا لەهەرێمى کوردستاندا داوا دەکرێت، یاساى خانەنشینى وەکو بەغدادى لێبکرێت، کەچى لەبەغداد حکومەت روخێنراوە، ئەنجوومەنى نوێنەران وسەرۆکایەتى کۆمار و سەرجەم حیزب وسەرکردە سیاسیەکانیش لەژێر هەڕەشەو مەترسیدان. بەڵام کاربەدەستانى هەرێمى کوردستان بێ ئەوەى سوود وئامۆژگارى لەکەس وەربگرن، لەم دۆخە خراپ وپڕ دژواریەى گوزەراندا، دەیانەوێت بەناوى چاکسازیەوە، مووچەیەکى خانەنشینى زۆر بۆ پەرلەمانتار ووەزیر وئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگا وخاوەن پلە باڵاکانى تر ببڕنەوە، بێگوێدانە پێوەرە جیهانیەکان. بۆیە لەئەگەرى بەیاسا کردنى ئەم نیەتە خراپە، دادپەروەرى وئومێد بەدادپەروەرى بەتەواوى لەگۆڕستانى چاکسازاندا لەگۆڕ دەنرێت.
کەواتە ئێستا دەرفەتێک هاتۆتە پێش بۆ راستکردنەوەى هەڵە ونادادیەکانى رابردوو، تکایە با ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ هێنانە دى دادپەروەرى، نەک بیکەن بەهەلێک بۆ زیاتر چەسپاندنى ستەم ونادادى بەناوى چاکسازیەوە.