bextyar-namiq.jpg

چاکسازی یان نۆژەنکردنەوەی گەندەڵی

Dec 13, 2019  |   بیروڕا 

بەختیار نامیق

 

بە زمانێکی زۆر سادە و دور لە باسکردنی بنەماکانی چاودێری و ژمێریاری و ئابوری.
گەندەڵی کە بوەتە وشەیەک سەراپا ناوەندەکانی میدیای و حوکمی و کوچە و کۆڵانی گرتوەتەوە ، لە ساڵی ١٩٩٢ وەوە تا ئێستا هیچ شتێک بەقەد ئەم وشەیە غەدری لێنەکراوە ، بەوەی زۆرێک لەوانەی ئەم وشەیەیان کردوەتە دروشم خۆیان هەمان پەتایان هەیە ، ئەم وشەیە شوێنی گەشەسەندن و بونی دیارە لەسەر شەقامەکان نیە لای خەڵکی کاسبی بازاڕ نیە (کاسبی بچوک ، گەورە هی گەندەڵەکانە ) ، نە لە بازاڕی نیشتماندایە نە لەژێر پردەکەی سلێمانی ، بەڵکو شوێنی گەشەکردنی دامەزراوەکانی حکومی و تەندەرەکان و بازرگانیە گەورەکانە ، کابینە دوای کابینە ئەم دەیداتە دەست ئەو ، ئەو زیاتر خزمەتی دەکات وبەناوی ڕوبەڕوبونەوەی زیاتر گەشەدەکات و زیاتر دەبێت ، هەمومان دەزانین گەندەڵی چیە و چۆنە ، هەمومان دەزانین فڵان مەسئول چەند حیمایەی هەیە ، هەمومان دەزانین کام ڤیلا و باخ هی چی مەنوسلێکە ، لەسەر شەقامەکان دەیان بینین ، سەیارەکانیان دیارە ، هەمومان دەزانین بازرگانی لە جگەرەوە بیگرە بۆ نەوت و میوە و دوگ و زۆر شتی تر کێ دەکا و چۆن دەکرێت بۆ کۆێ دەچێت ، دەزانین لە خاڵە سنوریەکان چی باسە ، هەمومان دەزانین حیزب چۆن بوتە بازاڕێکی ستایل بۆ جل و بەرگ نا ، بەڵکو بۆ دەستکەوتنی پۆستێکی بالا تا باڵایانە بەشدار بێت لە گەندەڵی خانەنشینی گەورەدا ، هەمومان دەزانین حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان چۆن دێن و کۆمەڵێک پڕۆژە و یاسا دەکەنە مکیاجی دەستەڵاتەکەیان بە ناوی بنەبڕکردنی گەندەڵیەوە ، کەچی زیاتر دەکات ، تۆ سەیر بکە بچۆ گەڕەکە هەڵبژاردەکانەوە زۆر بە سانایی سەیری خانو بکە دەزانی کێ گەندەڵە ، بچۆ بۆ باخەکان دەزانی کێ گەندەڵە ، گەندەڵی شتێک نیە شەبەح بێت هەمومان دەیبینین ، یاسا و پڕۆژەش شتێک نیە شەبەح بێت ، هەمومان دەیبینین ، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە گەندەڵی کارا و چاودێری پوچە ، گەندەڵی ئەکتیڤ و یاسا و پڕۆژە هیچ ، وڵاتێک پڕ بە پڕۆژە و یاسای چاکسازی و بەرنامەی حیزبی زۆر شاز ، بەڵام گەندەڵی حکوم دەکات ، کابینە دوای کابینە هەر وتیان ئیمتیازی پلە باڵاکان کەم دەکینەوە ، بودجە ڕێک دەخەین دۆسیەی نەوت و پێشمەرگە دەکەین بە نیشتمانی ، بەهەدەردان ناهێڵین ، داهاتی وڵات بەرز دەکەینەوە کەچی نەیان توانی کارەبا چاک بکەن ، نەیان توانی تاسەکان ناو شار پڕ بکەنەوە ، نەیان توانی کێشەی قەرەباڵخی شەقامەکان چارەسەر بکەن ، کاتێکیش باس لە وەبەرهێنان دەکەن ژمارەی خەیاڵی دەڵێن ، پیاوە سپیەکە زۆر پێداگری دەکرد لەسەر عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، بەڵام نەک عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەڵکو عەدالەتی جوگرافی و سیاسی حیزبی دیموکراسیشیان ناشیرین کرد ، ڕۆژانە هەمومان گەندەڵی دەبینین ، گەندەڵکاران دەبینین ، ئەوەی وەک کۆلارەیەکی پچڕاو دەبینین یاسای چاکسازی و پڕۆژەکانە ، بەقاڵێکی داماو بەیانی تا ئێوارە کار دەکات دوای ئەوە ناتوانی وەک پێویست بژی ، هەست بە هیچ شتێکی حکومەت ناکات ، هیچ بیمەیەک نیە بۆی ، لەولاوە بە یەک تەندەر بەیەک موچە گەندەڵەکان کە ناوەندی حکومی و بازرگانیە گەورەکانە ، بەس سەیارەکەی بایی هەمو تەمەنی کارکردنی ئەم بەقاڵە داماوەیە ، کوڕەکەی دادەمەزرێت کوڕی ئەم بە بڕوانامەشەوە بێکار دانیشتوە ، کوڕی مەنسول بەس مۆبایەکەی و گەعدەی یەک شەوی بایی هەمو تەمەنی کارکردنی باوکی ئەمیانە ، ئەمانە هەمو دەبینین ، ئەی دوای ئەمانە چی ..؟؟ یاسای چاکسازی بەکۆێ دەگات …؟؟؟؟
چاکسازی وەک قسە باوەکە وایە ، واتا وەک قادرمە شتن وایە دەبێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەست پێ بکات ، پیاوە سپیەکە دوو کاری زۆر گرنگ مەبەستی بو (عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بە پاشکۆیەتی ناوچەیی ) ئیتر هەر کەسێک بیکردایە ئەم پشتیوانی دەبو گرنگ نیە کێیە گرنگە دەستپێبکرێت ، گرنگ نیە هی کێیە گرنگە ببێتە کردار ، ئەمەش بۆ بەرگرتن لە بە سیستەم بونی زیاتری گەندەڵی بو ، کابینە دوای کابینە خولی پەرلەمان دوای خول یەک بە یەک بونە فریشتەی فریادڕەس و گەندەڵی بە شەیتان و دوا جار هەر شەیتان بردیەوە ، وا ئێستاش کابینەی (٨+١) و پەرلەمان و حکومەت یاسای چاکسازیان هێناوەتە ناو بازاڕەوە ، ئەگەر هەمان تاس و هەمان حەمام نەبێت ، کێ دەیکات چۆن دەکرێت گرنگە بکرێت، دەبێت حیزبەکان لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن ، هەمو ئەوانەی باسی پشتگیری لەم پڕۆژەیە دەکەن خۆیان خاوەنی موچەی باڵا و ڤێلای باڵا و پاسەوانی باڵا و خانەنشینی باڵا و هەموشتێکی باڵان ، کەواتە دەبێت پێش هەمو کەس لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن ، با زۆر نا دو وەزیری خانەنشین دوو پەرلەمانتاری خانەنشین بێن بڵێن با ئیمتیازاتەکانی ئێمە ببڕن ، کوا نیە ، خۆ پارە هەیە بەس وەک دەوترا ( زۆری لە بەرهەمهێنان و ناڕێکی لە دابەشکردندا) پێش هەمو کەس سەرانی حیزبەکان دەبێت لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن ، ئەم کابینەیە کەوتوەتە بەردەم ئەرکێکی قورس و مێژویەوە ، دو ڕێگای لەبەردەمە یان چاکسازی یان وەک ئەوانی تر بۆ ناو ڕەفەی گەندەڵی ، باشە با پرسیارێ بکەین بۆ ڕۆژنامەنوسێک شتێک دەنوسێ بە سیناریویەک دەکوژرێ و کەسیش نازانێ چۆن ..؟؟ بۆچی ..؟ئەی گەر بە یاسا نەتوانرا روبەڕوی گەندەکاران بنەوە خۆ دەتوانن هەمان سیناریۆش بۆ ئەوان دوبارە بکەنەوە .
سەرۆکی حکومەت هەر کەسێ بێت ، فراکسۆنەکان هەر فراکسۆنێک بێت هەمویان بە دەنگ و ڕەنگی جیاوازەوە کەوتونەتە بەردەم ئەم پڕۆژەیە کە خۆیان باسی دەکەن ، ئەڵبەت ئەم نوسینە بینینی هیوایەکە لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا ئیتر هیچ جیاوازی نیە کام دەنگ و کام ڕەنگە گرنگە بکرێت ، بەڵام پێش ئەوەی بکرێت هەقە ئاوڕێک بۆ کابینەکانی تر بدەنەوە هەر کامێکیان هات ، ئەمەیان شۆڕگێری شاخ بو دەیکات ، ئەمەیان کۆڵێک شەهادەی هەیە دەیکا ، ئەمیان دەوڵەتمەدارە دەیکا ، ئەم حیزبیان حزبێکی مێژوییە ، ئەم حیزبەیان شۆڕگێڕە ، ئەم حیزبەیان ڕیفۆرمخوازە ، کەچی سیخناخن بە وەزیری تەقاعود و تەندرینی نەوت و بازرگانی قاچاخ و خانەشینی یاڵا و نیمچە باڵا و کورتەباڵا ، کەچی وتیان یا شێخ تۆ چی دی ، وتی هەر هیچ .
هەمو سەرەتاکانی کابینەکان کۆمەڵێک هیوا درا بە خەڵک کەچی نەیتوانی بەرمیلێ نەوت دابین بکا ، نەیتوانی کارەبا دابین بکا ، نەیتوانی شەقامەکان چاک بکاتەوە ، وا ئێستاش کەوتوینەتە بەردەم ئەم کابینەیە سەرەتایەتی و هیوای زۆری بۆ هەڵڕشتوین ، کەسێک سەرۆکی حکومەتە ئەگەر وەک قادرمەکە لەسەرەوە دەست پێ بکات ، ئەوا دەبێتە سەرەتای قۆناغێک کە هەرێم بگوازێتەوە قۆناغێک جیاواز لە هەمو قۆناغەکانی تر ، کۆدەنگیش هەیە بۆ جێبەجێکردنی ، بەو هیوایەن ئەمیان چاکسازی بێت نەک نۆژەنکردنەوەی گەندەڵی و بۆیاخکردنی ، بەو هیوایەن سەرەتایەک بێت بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی نەک گەندەڵی لە دیارەوە بکەن بە نادیار و بڵێن بە یاسا ڕێکخراوە.