asohaji.jpg

لە شەڕی چاکسازی یەکێتی بێدەنگترین بوو

Dec 12, 2019  |   بیروڕا 

ئاسۆ حاجى

 

 یەکێتی نەک شەڕی بڕگە و مادەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی نەکرد، بەڵکو بێدەنگترین و شەرمنترین کەسانی ناو ئەنجوومەنی وەزیران بوون، نەک لەبەرئەوەی تێبینییان لەسەر پڕۆژەکە نەبووە کە رەنگە ھەندێکیان عەقڵیان بە ھەندێک کێماسی ناو پڕۆژە یاساکە ھەبووبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەبوو کە گەندەڵی و موفتخۆریان زۆر بووە توانای بەرگریان لەو ھەموو ناھەقیە نەبووە کە زیاتر لە بیست ساڵە بەناوی حوکمڕانی و بەشبەشێنە لە گەنجینەی حکومەتی دەقاچنەوە و دەیکەنە گیرفانی کۆمپانیا شەخسیەوە بەناوی حیزبەکانی خۆیان.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژە یاسای چاکسازی زۆربەی وەزیرەکانی یەکێتی زۆر بێدەنگبوون. تەنانەت ھەفتەی رابردوو قوباد تاڵەبانی زۆر داوای لە مەسرور بارزانی کرد ئەو پرسە نەخاتە ناو کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران. تا ئەو و تیمەکەی دەرچەیەکی شیاو دەدۆزنەوە کە زیان بە ناوبانگی یەکێتی (وەک خۆی گوتی) نەگەیەنێت.
سەرۆک وەزیران بۆ دڵڕاگرتنی ئەوان و نیشاندانی کڕۆکی پڕۆسێسەکە لەوەی کە نیازی لێدان و زیانگەیاندن بەھیچ لایەن و حیزب و کەسێک نیە و تەنھا ئامانج ئەوەیە کە ئەگەر دۆلارێک بۆ داھاتی گشتی بگەڕێتەوە و تەنیا خەڵکی شایستە بەپێی یاسا مافیان پێبدرێت. ئەوە ھەمووان سەرکەوتوو دەبن. بۆیەشە لە دانیشتنی ئەمڕۆ کە زۆربەی وەزیرەکانی یەکێتی ھێمن و بێدەنگ بوون و ھیچ شەڕیان نەکرد وەک ھەندێک رۆژنامەنووسی بێ ئاگایان دەیانەوێ بەو پروپاگەندانە خەڵک چەواشە بکەن.
ھەندێک وەزیری گۆڕانیش بە پێچەوانەی بانگەشەکانیان داوای مانەوەی ماف و ئیمتیازاتی وەزیر و خاوەن پلە باڵاکانیان دەکرد و دەیانگوت نابێ لە ژێر فشاری شەقام ئەو ئیمتیازاتانە ھەلبوەشێندرێنەوە.

ئەوەی تیمی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازی کاریان بۆکرد و ھەوڵیان بۆدا و پێداگیریان لێیکرد دواخستنی بڕیاردان بوو لە سەر کۆی پڕۆژە یاساکە بۆ چەند ھەفتەیەکی دیکە بەو بیانووەی کە کات درەنگە و ناتوانن بە چەند کاتژمێرێک خۆیان لە بەرامبەر ھەموو بڕگەکان یەکلابکەنەوە، بەڵام ئەو داوایەشیان لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەوە وەڵامدرایەوە کە ئەو ئامادەیە شەویش بمێنێتەوە و دەبێ ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی تەواو ببێت و ئامادەبکرێت بۆ ناردنی بۆ پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ڤاڵا فەرید وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەڕلەمان پڕۆژەکە خوێنرایەوە و زۆربەی تێبینییەکانیش لەلایەن ئەوەوە پێشنیار کرابوون. بەر لەو کۆبوونەوەیە سەرجەم لایەنەکانی ناو حکومەت لەو ھەموارکردنەوانە ئاگادارکردۆتەوە.

ئێستا کە پڕۆژەیاساکە کە حکومەت دەنگی لەسەرداوە و ڕەوانەی پەڕلەمان کراوە رەنگە ھەندێک باڵ و گروپی ناو حیزب یان ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراوی گچکۆکە وەک کەرەستەیەکی کاریگەر بۆ شکاندنی باڵێکی ناو حیزبەکەی یان حیزبێکی ناوچەکەی بەکاری بێنێ و بیکەنە مادەی یەکترشکاندن لە پێناو دەسکەوتی کەسی و حیزبی لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی تەنھا ئەوەمان وەبیر دێنتەوە کە گروپێک ھەبوون و ھەن لە پێناو ھەندێک دەسکەوتی شەخسی و گروپی ئامادەن نیوەی کوردستان ڕادەستی دوژمنان بکەنەوە تەنھا بۆ ئەوەی مل بۆ برایەکانیان نەدەن.
کۆبوونەوە و گفتوگۆ و ھەڵوێست وەرگرتنی لایەنەکان لە بەرامبەر پرسی گەندەڵی و ناعەدالەتی ئەوەیان سەلماندووە کە گوفتار بڕی زۆتر بووە لە کردار، بەڵام ئەوەی لەمەودوا چاوەڕوان دەکرێت لە کابینەکەی مەسرور بارزانی تەواو پێچەوانەیە کە کردار مەرجە نەک گوفتار.

بۆیەشە ئەوانەی لەگەڵ ئەو فەلسەفەی کارکردنە یەکانگیرنابن و یەکناگرنەوە ئاساییە ئاڕاستەیەکی دیکە ھەڵبژێرن لە بەرگریکردن لە گەندەڵی و بە ھەدەردانی سامانی گشتی و کورتکردنەوە و کۆکردنەوەی قازانج و دەسکەوت و خۆشی و خۆشگوزەرانی لە بازنەیەکی بچووکی ماڵباتە سیاسی و کەسانی دەسەڵاتدار و خاوەن پۆست و پێگەی حکومی یان ئابووری و کۆمەڵایەتی.
بە کورتییەکەی پڕۆژە یاسای چاکسازی و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی کە گەشترین و گرنگترین خاڵی ناو کارنامەی کابینەکەی مەسرور بارزانیە چاوەڕوان ناکرێ کە حیزبەکان بە گوڵباران پێشوازی لێ بکەن، بەڵام گومانی تێدانیە لە سەر ئاستی میللی پێشوازی لێ دەکرێت و دەکرێتە بناغەی دامەزراندنی دەسەڵاتێک کە شایەنی قوربانیەکانی زیاتر لە سەت ساڵی میللەتێک بێت لە پێناو سەربەخۆیی و ئازادی.