aram-jemal.jpg

سە‌رنجەكانم لەبارەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

Dec 9, 2019  |   بیروڕا 

ئارام جەمال

 

سەرەتایەكی پێویست:

ئەوەی پێویستە لە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بەر لەهەر شتێك یەكلایی بكرێتەوە، ئەو پێوەرەیە كە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی دیاریكردووە، لەبەرئەوەی لە دەقێكی دەستورییەوە هاتووە (م 49/ب1/ دەستوری عێراق).

لە پرۆژەیاسای ئەنجومەنی وەزیراندا، ژمارەی كورسییەكان لە (329 كورسی)یەوە كەمكراوەتەوە بۆ (251 كورسی)، ئەمەش پێچەوانەی دەستوری عێراقە. كە تێیدا هاتووە
(بۆ هەر سەد هەزار كەسێك لەدانیشتوان یەك كورسی ئەژمار دەكرێت)

لە دۆخێكی لەمجۆرەدا دوو بژاردە لەبەردەستدایە:

بژاردەی یەكەم: ژمارەی كورسییەكان تەبا بێت لەگەڵا ئەو پێوەرەی لە (ماددە 49/ب1)ی دەستوری عێراقدا هاتووەو بۆ هەر (100 هەزار) كەسێك لە دانیشتوان یەك كورسی دابنرێت.

 * لایەنی باش‌و ئەرێنی ئەم بژاردەیە ئەوەیە كە:

– لەگەڵا دەستوری عێراقدا پێچەوانە ناوەستێتەوەو دەتوانرێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بەم یاسا نوێیە ئەنجامبدرێت و بەهۆی هەمواركردنەوەی دەستورەكەوە دوانەكەوێت.

لایەنی خراپ‌و نەرێنی ئەم بژاردەیە ئەوەیە كە:

ژمارەی كورسییەكان زۆرن‌و زۆرتر دەبن‌و بەمەش تێچوونێكی زۆر لەسەر بودجەی گشتی دەكەوێت.    

بژاردەی دووەم: یاسای نوێی هەڵبژاردن پابەند نەبێت بە دەستوری عێراقەوەو ژمارەی كورسییەكان كەمبكرێتەوە بۆ (251 كورسی). دیارە لەمكاتەدا هەڵبژاردنە پێشوەختەكە دەكەوێتە دوای هەمواركردنی دەستور، كە دیارە ئەوەش كاتێكی زۆر دەخایەنێت.

  • لەنێوان لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی و سیستمی تێكەڵاودا

ئەو سیستمی هەڵبژاردنەی لە ماددە (15)ی پرۆژەیاساكەی ئەنجومەنی وەزیراندا[2] هاتووە هەمان سیستمەكەی پێشووە (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی) بە كەمێك دەستكارییەوە.. چۆن ؟

ئەگەر لە سیستمی هەڵبژاردنەكەی پێشوودا هەموو ژمارەی كورسییەكان بە شێوازی (سانتلیگۆی هەمواركراوی 1,6) دابەشكرابن، ئەوا لەم سیستمەدا رێژەی (50%)ی ژمارەی كورسییەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردنی بۆ ئەو پاڵێوراوانە داناوە كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوەو ئەو (50%)ەی تری كورسییەكان كە دەمێنێتەوە بە شێوازی (دابەشكاری هەڵبژاردن/ دیهۆندت) ئەژماری دەكات.  

ئەم سیستمە لە روكەشدا وەك (سیستمی هەڵبژاردنی تێكەڵاو-Mixed Electoral System) دەردەكەوێت، وەك بڵێیت تێكەڵەیەكە لە {(زۆرینەی یەك دەنگی نەگوێزراوە-SNTV) + (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی/ دابەشكاری هەڵبژاردن/ دیهۆندت)}، بەڵام لە جەوهەردا وانییە بەڵكو هەمان (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی)یە، بە بەڵگەی ئەوەی  كە:

– خۆپاڵاوتن تەنها لەرێگەی لیستەوەیەو تەنانەت ئەوانەشی خۆیان وەك تاكەكەس كاندید دەكەن بە (القائمە المنفردە) ناویان دەبات نەك بە (المرشح الفردی)، چونكە ئەو تاكەكەسەی خۆی وەك لیست كاندید دەكات ئەگەری ئەوەی هەیە لە هەردوو شێوازەكەدا (زۆرینەی دەنگ یان لیست) كورسییەك بباتەوە.

– لە سیستمی دەنگدانەكەیدا لیست بە بناغە وەرگیراوە نەك پاڵێوراوی تاكەكەس {یحق للناخب التصویت للقائمە المفتوحە او القائمە المفتوحە وأحد المرشحین فیها او التصویت للقائمە المنفردە (ماددەی 12/ بڕگەی سێهەم)}. كەواتە ئەگەر تەنها دەنگ بە یەكێك لە كاندیدەكان بدرێت و دەنگ بە لیستەكە نەدرێت ئەوا دەنگەكە دەسوتێت، كە ئەمەش خەسڵەتی (لیستی نیمچەكراوەی نوێنەرایەتی رێژەییە).

ئەگەر بمانەوێت سیستمی هەڵبژاردنەكە بكەینە تێكەڵاو، ئەوا دەبێت ئەم گۆڕانكارییانە بكەین:

1/ بەو پێیەی نیوەی (50%)ی كورسییەكانی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بۆ كاندیدی تاكەكەسی براوەیە، لەبەرئەوە پێویستە ژمارەی كاندیدانی هەر لیستێك لە نیوەی ژمارەی كورسییەكانی بازنەی هەڵبژاردنەكە زیاتر نەبێت {یشترگ ان لا یزید عدد المرشحین فی القائمە علی نصف عدد المقاعد المخصصە للدائرە الانتخابیە (ماددەی 12/ بڕگەی دووەم)}.

2/ ئەو ماددەیەی سەرەوە (م12/بڕگەی سێهەم) بەم شێوەیەی لێبكرێت: (یحق للناخب التصویت للقائمە فقگ او التصویت للقائمە و احد المرشحین سوا‌و فی نفس القائمە او فی القوائم الاخری او بالاحری التصویت لاحد المرشحین فقگ دون القائمە). /

هەربۆیە ئەگەر بڕیار لەسەر ئەوە درا كە سیستمی هەڵبژاردنەكە بكرێتە تێكەڵاو، جا لە جۆری “هاوتەریب Parallel” بێت یان “هاوڕێژەیی ئەندامێتی تێكەڵاوMMP”، ئەوكاتە بۆ ئەم دۆخەی عێراق‌و ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەی بەڕێوەیە، لانیكەم  ئەوە دەخوازێت رێژەی (60%) یان (70%)ی كورسییەكانی بازنەی هەڵبژاردنەكان بۆ كاندیدانی تاكەكەسی تەرخان بكرێت‌و (40%) یان (30%) بۆ لیست بێت.

ئیمتیازات بۆ لیستە براوەكان نەك كاندیدی تاكەكەسی:

یەكەم: سەبارەت بەو چەند كورسییەی لەقۆناغی یەكەمی دابەشكردندا بە بەتاڵی دەمێننەوە، پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیران، بە شێوازی (دیهۆندت D‌Hondut) پڕیاندەكاتەوە، كە ئەم شێوازە زیاتر لە خزمەتی حزبە گەورەكاندایەو كەمتر لەخزمەتی لیستی بچوك یان لیستی تاكەكەسیدایە.

دووەم: لە (م15/ب2/خاڵ3)ی پرۆژە یاساكەدا هاتووە كە شێوازی دیهۆندت بەسەر هەموو لیستە بەشداربووەكانی هەڵبژاردندا پیادەناكرێت بەڵكو تەنها ئەو لیستانە دەگرێتەوە  كە لە قۆناغی یەكەمی گۆڕینی دەنگ بۆ كورسیدا براوەن‌و كورسیان بردۆتەوە (القوائم الفائزە)!، كەواتە ئەو كورسیانەی ماونەتەوەو بەتاڵن بەهیچ جۆرێك نە بەركەوتەی حزبە بچوكەكان دەبن نە بەركەوتەی قەوارەی تاكەكەسی، بەڵكو لە زۆر زۆرو لەكەم كەم بۆ لیستە براوەكان دەڕوات.

  دەرەنجامێك:

ئەگەر لە پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیراندا دەرفەتێكی كەم لەبەردەم دەرچوونی لیستی تاكەكەسیدا هەبێت زیاتر لە كورسییە بەتاڵەكاندایە، بەڵام بەكارهێنانی “شێوازی دیهۆندتی مەرجدار”، بە هیچ شێوەیەك چانسی بردنەوەی كورسی لەبەردەم لیستی تاكەكەسیدا نەهێشتۆتەوەو بگرە نزیكە لە مەحاڵەوەو زۆر لە شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراوی 1,6% ) خراپترە!

  • بەدیل و ئەڵتەرناتیڤ:

لەبری ئەوەی دابەشكردنی كورسییە بەتاڵەكان (الشاغرە) بە شێوازی (دیهۆندت) بێت‌و تایبەتیش بكرێت بە لیستە براوەكانی قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی كورسییەكان..

بەدیلی گونجاو ئەوەیە كە:

پەنا ببرێتە بەر شێوازی (باقی الاقوی) بۆ دابەشكردنی كورسییە بەتاڵەكان، هاوكات ئەم شێوازە هەموو لیستەكانی بازنەیەكی هەڵبژاردن بگرێتەوە، نەك تەنها لیستە براوەكان،  ئەمەش لەپێناو ئەوەی دەرفەتی دەرچوون لەبەردەم لیستی تاكەكەسدا گەورەتر بێت.

  • پێشنیارو راسپاردە:

یەكەم: راستتروایە لەناو یاسای پەسەندكراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ناوی سیستمی هەڵبژادنەكە بهێنرێت، بۆئەوەی بوار لەبەردەم تەفسیری جۆراوجۆردا نەهێڵرێتەوە.

 دووەم: دۆخی هەڵچووی خۆپیشاندەران وادەخوازێت زیاترو زیاتر سیستمی هەڵبژاردنەكە بەلای زۆرینەدا بڕوات ئەگەر هەمووشی نەكرێتە زۆرینە بەڵام لانی زۆری سیستمی تێكەڵاوەكە بۆ كورسی زۆرینە تەرخانبكرێت.

سێهەم: لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی رۆڵی هەبووە لە شكستپێهێنانی پرۆسەی سیاسی لەعێراقداو دەسەڵاتی لەنێوان هەموو لیستە براوەكاندا دابەشكرد، هەربۆیە گرنگ و پێویستە هەنگاو بەرەو سیستمێكی هەڵبژاردنی تر بنرێت كە بە زۆر ئۆپۆزسیۆن دەربخات بۆئەوەی كایەی سیاسی بەرەو كامڵی بچێت، كە ئەویش یەكێك لە ئەندامەكانی خێزانی (سیستمی فرەیی/ زۆرینە)یە.