د. محەمەد عەلی
یەکەم: حکومەتێک دوای ١٤٧ ڕۆژ وەزیری سامانە سروشتیەکانی نیەو دەڵێت: مەلەفی نەوت شەفافە. وەزیرو وەزارەت شەفاف و دیار نەبن، مەلەفەکەی چۆن شەفاف
دەبێت؟!
دوەم: تەنھا و تەنھا ھەوڵی جدی بۆ چاکسازی و شەفافیەت: ھێنانی پرۆژە یاسای بودجەیە بۆ پەرلەمان. سەرۆکی حکومەت لەوتارە ٢٦٨٧ وشەییەکەیدا، بەیەک وشەش باسی ئەم بابەتەی نەکرد! کەواتە تەواوی ھەوڵەکانی دەکەونەژێر پرسیاری جدیەوە.
سێیەم: سەیرلەوەدایە لەوھەمو ئەندام پەرلەمانە بەدەستەی سەرۆکایەتیشەوە، کە یەکێک لەئەرکەکەیان پەسەندکردنی یاسای بودجەیە، زۆر زۆر بەکەمی نەبێت کەسیان باسی ئەم مەسەلەیە ناکەن. لەمەش سەیرتر لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا، نمایشی بێمانادەکەن و دەیان بەڵێنی قەبەش دەدەن بەھاوڵاتیان!
چوارەم: ئەرێ بەڕاست سەڕەڕای ئەو ھەمو وەزیرو وەزارەتە، چ پاساوێکی مەنتیقی ھەیە بۆ دانانی یاریدەدەرانی سەرۆکی حکومەت بەپلەی وەزیرو دروستکردنی حکومەت لەناوحکومەتدا؟ ئایا دروستکردنی حکومەتی سبێبەر بەشێکە لەچاکسازی؟!