hyvidar.jpg

گاڵتەکردن بە پەرلەمان!

Dec 7, 2019  |   بیروڕا 

هێڤیدار ئەحمەد

 

خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دایکی پرۆسەیەکی نوێی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان. باش لەبیرمە ساڵێک پێش ئێستا کاتێک سوێندی یاساییمان خوارد، زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمان لە هەموو فراکسیۆنەکان گوتییان، دەبێت لەڕێگەی ئەم پەرلەمانەوە تەبایی و کاری پێکەوەیی دروست بکەین، چونکە خولی چوارەم نەیتوانی ئەو تەباییە لەنێو پرۆسەی سیاسی کوردستان دروست بکات، بگرە هەر لەم پەرلەمانەوە رووداوی زۆرناخۆش دروستبوون، نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزیسیۆن و نە خەڵکی خۆمان تیایدا سوودمەندنەبوون. گوتوومانە تا پێماندەکرێت رێگە نادەین رووداوێکی هاوشێوەی 23ی حوزەیران جارێکی دیکە رووبدات و دووبارە ببێتەوە.
 
لەم وڵاتە هیچ دامەزراوەیەک کامڵ نییە، چونکە ژینگەیەکی سیاسی و حیزبیمان هەیە، ئەمە راستییەکە هەموو لایەک باش دەزانن، بەڵام خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بووە هەوێنی دروستبوونی (ئیستیقراری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری) لە هەرێمی کوردستان. مۆڵەتی تەواو بە حیزبەکان درا تاوەکو گەیشتنە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت.
 
هەر لەم پەرلەمانە گرنگترین دامەزراوەی سیاسیی و یاسایی کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە کاراکرایەوە و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا، متمانە بە حکومەتێکی بەهێزدرا و لە 11-6-2019 کابینەی نۆیەم هەر لەبەردەم ئەم پەرلەمانە هەڵبژێردراو چاوەڕوانییەکی بەهێزیش هەیە کە پرۆژەیەکی کامڵ دەربارەی چاکسازی رەوانەی پەرلەمان بکات.
 
پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتی خۆی بە دانوستاندنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندابوو ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەربارەی بودجەی 2020، هەموومان بینی و دەرئەنجامی باشی لێکەوتەوە.
 
یاسای زەوییە زێدەڕۆکان لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، زۆر قسەی نابەجێی لەسەرکرا لەکاتی گۆڕینی هەندێ دەستەواژە، یاساناسەکان چاک تێدەگەن، هەندێ وشە و دەستەواژە هەن ئەگەر بە دروستی لەنێو رستەکەدا دانەنرێت، زۆرشت دەگۆڕدرێت. بەڵام هەندێ کەس ناحەقیی دەکەن کاتێک بەو شێوەیە هێرش دەکەنە سەر ئەم دامەزراوەیە و دەڵێن: کاری پەرلەمان بووە ئەوەی کە ناوەکان لە(عەلییەوە دەگۆڕن بو زەید!).
 
چاوی هەموومان لەسەر ئەوەیە، هەر لەم پەرلەمانە پرۆژەی چاکسازی، بودجە، خانەنشینی، بەئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان، نەهێشتنی رۆتینییات و بە ئەلیکترۆنیکردنی بانکەکان و.. هتد..، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندابن دەربچووێنین.
 
خەڵکی ئێمە حەقی خۆیەتی داوای مافی خۆی بکات، چاودێربێت لەسەر پەرلەمان و هەموو دەزگاکان، بەڵام (هەندێ کەس و دەزگا) ناحەقن کە تانە لەم پەرلەمانە دەدەن و دەیانەوێت لە شکۆی پەرلەمان بدەن.
 
هیچ جێگایەک لەم دونیایە نییە، دامەزراوەکانی خۆیان بشکێنن بەتایبەت پەرلەمان کە لەم دامەزراوەیە هەر چوار ساڵ جارێک پرۆسەیەکی نوێ سیاسی و دیموکراسیی دێتە ئاراوە و ئاڵۆگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات دەکرێت.