DANA.jpg

سەرنجى یاسایى سەبارەت بە پێشنیازى یاساى ڕێکخستنى ڕیکلامى بازرگانى

Dec 3, 2019  |   بیروڕا 

دانا دارا حسین

 

 

پرسى ڕیکلامە بازرگانیەکان جگە لەوانەى بۆ ئامانجى سیاسى و لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکان پارتە سیاسیەکان ئەنجامى دەدەن، پێویستە ڕێک بخرێتەوە و هەمیشە ئەم کەرتە کە زۆرترین کات لەلایەن کەرتى تایبەتەوە ساز دەکرێت چاودێرى بکرێت. لەو پێناوەدا ڕاپۆرتى کۆتایى لیژنە تایبەتمەندیەکان سەبارەت بەپێشنیازە یاساکە لە دانیشتنى ڕۆژى چوارشەممە کە بڕیارە دانیشتنى دووەمى پێشنیازەکەدا شەن وکەو بکرێت، لە خوارەوە سەرنجەکان دەخەمە بەردەست:
1- پێویستە ڕاپۆرتەکە بکرێت بەبنچینەى گفتوگۆ و خوێندنەوەى دووەم، نەک دەقى پێشنیازە یاساکەى یەکەمجار. 2- ناونیشانى تەشریعەکە پێویستە ژمارە و بەروارى سال وەربگرێت.
3- پێویستە لەڕووى داڕشتنى تەشریعیەوە ماددەى یەکەم ناونیشانێک وەربگرێت بەناوى(پێناسە و زاراوەکان) پاشان دواتر بەماددەیەکى سەربەخۆ، ئامانجەکانى دەرکردنى ئەم یاسایە بنوسرێت هەروەها بەماددەیەکى سەربەخۆ(چوارچێوەى پیادەکردنى یاساکە)بنوسرێت پێش ئەوەى دەست بکرێت بە دەق نووس کردنى ماددەکانى پێشنیازەکە.
4- لە پێناسەى ئامرازەکانى پەیوەندیکردندا، دەبێت بەشێوەى حصرى بێت کە ئامرازەکان چین، وە دەبێت مۆبایل جودا لەگەل تەلەفۆن بنوسرێت، ئەمەش بەهۆى فراوانى لە بەکارهێنان و بڵاوى ئەم تۆڕە لەچاو تەلەفۆنى زەمینى دا کە پێویست دەکات بەجیا ناوى بهێنرێت.
5- بڕگەى هەشتەم لە ماددەى (1) لە پێناسەى ڕیکلامى بازرگانى دا (خبر)ى ڕستەکە دیار نیە بنوسرێت (پڕۆسەیەکى خزمەتگوزاریە ئەنجام دەدرێت….).
6- پێش ماددەى (2) لە پێشنیازەکە هەردوو پرسى گرنگى: ا- ئامانجەکانى یاساکە بە خال ڕوون بکرێتەوە. ب‌- چوارچێوەى پیادەکردنى یاساکە بەڕوونى دیارى بکرێت.
7- ماددەى (2) لەپێشنیازەکەدا سەرجەم بڕگەکانى ڕێک خستنەوەى بۆ بکرێت بەشێوەیەک کە مەرجى ڕێپێدان بۆ هەریەک لە داواکارى ڕیکلام + بەرهەم هێن + بڵاوکەرەوە بەدواى یەکدا ڕیز بکرێت، پاشان ئەرکى کەرتى گشتى لەم بوارەدا باس بکرێت.
8- هەروەها برگەى هەشتەم لە ماددەى (2) ماوەکە لە یەک سال بکرێتە شەش مانگ چونکە زۆرە و بایەخ و گرنگى پێدانى بەکاربەرانیش وا دەخوازێت.
9- بڕگەى (دەیەم) لە ماددەى (2) ئایا پێویستى بینین لە ڕۆژدا(5000)لۆکسى بۆچى یە ؟ لە کاتێکدا کە ڕێژەى شەو کەمتر دانراوە لە ڕۆژ لە پێشنیازەکەدا، ئەمەش بەهەردەردانى وزەى کارەبایە لەشوێنى ناپێویست دا، ئەمەش دەخوازێت کە ئاڵوگۆڕ بکرێت لەشەو وڕۆژدا بۆ پێدانى ژمارەى لۆکسەکان.
10- بڕگەى یازدەهەم، ڕیکلامى ئایینى وئەمنى بۆ زیاد بکرێت.
11- ماددەى (3) وەها دروستە کە بنوسرێت: ڕیکلامى بازرگانى لەم بوار وکاتانەدا ڕێگە پێنەدراوە.
12- هەروەها ماددەکە زۆر دوورودرێژە بووە بە(3)لاپەڕەى (A4 ) بۆیە وەها باشترە بڕگەى بیستەم بکرێت بە ماددەیەکى سەربەخۆ و بنوسرێت: ڕیکلامى ئەم بەرهەمانە بەدیارى کراوى قەدەغەیە.
13- خاڵى (3)لە بڕگەى بیستەم لە ماددەى (3) ئایا حاڵەتى وەها لە کوردستان ڕوودەدات؟ وە ئایا ڕیکلام بۆ بۆنەکانى شاجوان لە هەرێم و ڤیستڤاڵى ڕەنگەکان دەچنە بوارى(نیشاندانى جەستە بەمەبەستى وروژاندن)؟؟
14- بڕگەى بیست و دوو بکرێت بەماددەیەکى سەربەخۆ.
15- بڕگەى بیست وپێنج لە ماددە(3) یەک بخرێت لەگەل بڕگەى بیست و دوو لە ماددەیەکى سەربەخۆ دا چونکە باسى شوێنە.
16- خاڵى بیست وحەوت پێویستە لەگەل ڕیکلامى تەندروستى قەدەغەکراو بۆ منداڵیش بکرێتە ماددەیەکى سەربەخۆ و بە بڕگە دابڕێژرێت، هەروەها تایبەت بە مندال هەر (5)خاڵەکە دەبێت داڕشتنى بۆ بکرێتەوە چونکە ئەگەر وابێت ئامانجى ڕیکلام لەخودى خۆیدا نایەتەدى کە بریتى یە لە ڕەواج پێدان و سەرنج ڕاکێشانى بەکاربەران!
17- ناونیشانى ماددەى (4)بکرێت بە(حوکمە سزاییەکان)وە پێویستە داڕشتنەوەى بۆ بکرێتەوە بەشێوەیەک ئەم پڕەنسیپە لەبەرچاو بگیرێت کە(لا جریمە ولا عقوبە الا بنص)ە. وە دەبێت تاوانەکانى ئەم بوارە دەق نووس بکرێت سەربەخۆ وە سزاکەى بۆ دیارى بکرێت.
18- بڕگەى یەکەم لە ماددە(4) سزاکانى پاش وپێش خستووە، کە پێویستە سزاى بەرهەم هێن+ بڵاوکەرەوە بە ڕیز بەندى بێت، وە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم تاوانە لە جۆرى(مخالەفەیە) بنوسرێت دادگاى تایبەتمەند بۆ یەکلا کردنەوەى داواکان و پێدانى مافى قەرەبوو بە زیان لێکەوتوان بریتیە لە دادگاى کەتن. وە بڕى غەرامەکە نابێت لەنێوان چەند سەد هەزارێک و چەندین ملیۆنێک بێت بەڵکو بنوسرێت:(لە ملیۆنێک کەمتر و پێنج ملیۆن زیاتر نەبێت).
19- لە حاڵەتى دووبارە بوونەوەدا دەبێت سزاکە زیاد بکرێت وە بەرهەمهێن سزا بدرێت بە ڕاوەستاندنى لە کار بۆ ماوەى ساڵێک.
20- سزاى کەسەکە بەمەبەستى دڕاندن دەبێت هەردوو(قەرەبوو +اِعادە الحال الى ماکانت علیه) لەگەل بێت بەهەمان مەرج وکواڵیتى.
21- پێویستە ڕیکلام بۆ کالایەک لە تۆڕێکى جیهانى دا وەک یوتیوب کە ڕەواج بەکارێکى نەشیاو بدات بە دەقێک لە حوکمە سزاییەکان دا چارەسەر بکرێت.
22- بەماددەیەک بنوسرێت کەیاساى (نوسینگەکانى ڕیکلام لە عێراق دا) کە لە هەرێم بەرکارە هەڵدەوەشێتەوە کارى پێ ناکرێت.
23- اِعلان ى بازرگانى کەرتى گشتى بە دەقێک چارەسەر بکرێت.
24- هۆکارە دەرچوون بکرێت بە (هۆکارە پێویستەکان).