mela-ferman.jpg

پەرلەمانێكی بێهەڵوێست و روقایم

Nov 27, 2019  |   بیروڕا 

مەلا فرمان

 

رۆژئاوا، ئەو بەشەی كوردستانە كە بەر شاڵاوی لەشكری تورك كەوتوە. سیاسەتی پشت و پێشی ئەم شاڵاوە دیارە، كە:
1- پەیامێكە بۆ كوردستانیان ” لە هەركوێی دونیا كوردێك هەبێت نابێت خاوەن ناسنامەی خۆی بێت”.
2- نەك كیان و دەوڵەتی كوردی بەڵكە بونیشیان خەون و خەیاڵە.
3- پاكتاوی نەژادی كوردی لە سەرێكانی و گوندەكانیەوە دەستی پێكردوە.
سوكایەتی:
1- سوكایەتی ئەردۆگان بە گەلی كوردستان لە سەرۆكی پارتیەوە دەستی پێكرد، كاتێ گوتی ” تۆ سەرۆكی خێڵ و عەشیرەتی نەك پیاوی دەوڵەت داری”. بۆ منی كورد كارم بەوە نیە مەسعود بارزانی سەرۆكی حیزبە یان هەرچیەكە، خۆی لێی بێدەنگە یان نا، لای من ئەمە سوكایەتیە بە من.
2- بەدەركردن و زیندانیكردنی  نوێنەرانی كوردی باكور لە شارەوانیەكان، ئەوانەی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵكی باكورن.
پەرلەمانی كوردستان
راستە وتویانە ” هەرچی لەسەر ساختەكاری بونیاد بنرێت فشۆڵە”. هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵك لە هەڵبژاردنەكان راستودروستی ئەو گوتە كۆنە دەسەلمێنێ. دەیانەوێ لەم تەمەڵە فشۆڵەوە بناغەی باڵەخانەی بەرز دابنێن و هەڵوێست و بریارەكان  تێدا بدەن،  مومكن نیە! بە نمونە: 
1- ژمارەی ئەو گەندەڵیانەی پەرلەمانتارانی كوردستان باسی دەكەن و كەوتۆتە سەر میدیا لە ژمارە نایەن. دوایینیان گەندەڵیەكانی ئەنجومەنی خانمانە. بەڵام بە كردار یەك هەنگاویان نەناوە. لە قاموسی سیاسیدا بەم جۆرە كەسانە دوترێ ” هەڵەوەڕی سیاسی”. لە بواری ئایینیشدا ” مەلای بێ عەمەل” 
2- لە ١٥/١٠/٢٠١٩ پەرلەمانی كوردستان لە بارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان ١٢ راسپاردەی دەركرد. لە كاتی خۆی زۆرێك لە نوسەران توانجیان لێدا، بە شەرمنۆكانە وەسفیان كرد.
3- جێبەجێنەكردنی بریاری پەرلەمان بە دەركردنی سوپای توركیا لە هەرێم.
هەڵمەتی نیشتمانی بۆ رۆژئاوا
ئەم پەرلەمانە  بەم بانگەشەیە دەیەوێ خەڵك بگەوجێنی و چاوبەستەكێی لەگەڵ بكات، وەك ئەوەی جەماوەر نەزانێت  رۆژئاوا چ پشتیوانیەكی دەوێت، ئەو پشتیوانیەی كە جەماوەر زۆر لە مێژدایە پێشكەشی كردوە:
1- پشتیوانی سیاسی. بە داخەوە دوای سەردانی خاتو ئیلهام ئەحمەد بۆ ئەمریكا و بەدەستهینانی پشتیوانی باش بۆ دۆزی كورد لە سوریا، هەندێ لە بەرپرسە باڵاكانی ئەم هەرێمە سەردانی دەرەوەیان كرد و زۆر نابەرپرسانە دژ بە رۆژئاوا قسەیان كرد. لەوانە سەقین دزەیی توتی ئاسا لاسایی گەورەكانی كردەوە. كەچی ئەم پەرلەمانە ورتەی لێوە نەهات.
2- دەبو بەراشكاوی ئیدانەی هێرشی توركیا بكرایا، كەچی ئەم پەرلەمانە لە ١٢ راسپاردەدا بە وشەیەكیش بوێری ئەوەی نەبو باس لە توركیا بكات.
3- لەم هەرێمە بۆ دژایەتی رۆژئاوا و نانەوەی دوبەرەكی هاوشێوەی باشور هەوڵی كەم نەدراوە لە دروستكردنی گروپی چەكداری جیاجیا و دابەستا ئاسا دەیەوێ بەریداتە گیان رۆژئاوا.


بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان پێی هەڵدەستێ ناكرێت ناوی هەڵمەتی نیشتمانی لێبنرێت، بە تایبەتی كاتێ زۆر راشكاوانە هەڵمەتەكەی بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوایە لە هەرێمی كوردستان نەك لە رۆژئاوا خۆی.، ئەمەش زیاتر كاری رێكخراوێكی خێرخوازە نەك پەرلەمان. ئەم هەنگاوە بە ناڕاستەوخۆ بە قازانجی بەرنامەكەی توركیایە، چونكە بەم هەنگاوە هانی كوردانی رۆژئاوا دەدرێت زیاتر كۆچبكەن و وڵات چۆڵ بكەن. دەبو پەرلەمان لەجیاتی ئەم هەڵمەتە بیری لەوە بكردایاتەوە هاوكاریەكان بنێرێت بۆ رۆژئاوا و لەوێ خزمەتیان بكات. لەم هەڵمەتەوە واپپێدەچێت ئەم پەرلەمانە لە پرسی كەركوكەوە هیچ فێرنەبوبێت و ئەزمونی وەرنەگرتبێ، كە چۆن كۆجی كورد لە ژێر ئیمتیازاتی حیزبی كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی كورد كردوە لە كەركوك. بۆیە ئەم هەنگاوەی پەرلەمان جگە لە هەوڵێك بۆ دەرخستنی خۆی وەك روسپیەكی ساختە لای هاوڵاتیان هیچیتر نیە، هەوڵێكیشە بۆ شاردنەوەی دیوە راستەقینەكەی: بێدەسەڵاتی، وابەستەیی، بێكردار، بێهەڵوێست…هتد.


زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی لاوازی پەرلەمان و تەواوی دامەزراوەكانی هەرێم وەك رەنگدانەوەی حیزب و سەركردەكانیان دەبینن، لە هەرێمیش لەبەر نەبونی ئۆپۆزسیۆنێكی بە هێز بریارەكان كەوتۆتە دەست یەك حیزب  و چەند كەسێك، حیزب و كەسەكانی تر تەنها رۆڵی گوێگر و تەماشەكەر دەبینن و ژیانی رۆژانە بەڕێ دەكەن. گەر ئەم هەرێمە بەم شێوەیە  بەردەوامبێت لە بەڕێوەبردن. بەدڵنیاییەوە  چاوەڕوان دەكرێت هەڵە كوشندەكانی رابردو دوبارە ببنەوە، نەك هەر لە كاروانی گۆڕانكاریەكان بەجێدەمێنێت بەڵكە  توشی شكستی گەورەتر لە شكستەكانی رابردو دەبێت.