aram-jemal.jpg

سیستمی هەڵبژاردنی گونجاو لە پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق

Nov 20, 2019  |   بیروڕا 

ئارام جەمال

 

سەرەتایەك:
لە هەناوی دۆخێكی گڕگرتووی وەك ئێستای عێراقدا، سیستمی هەڵبژاردن بەرەنجامی راكێشانی تەرازووی هێزە لەنێوان خۆپیشاندەرانی ناو گۆڕەپانی شارەكانی ناوەڕاست‌و خواروی عێراق لەلایەك‌و حكومەتی عێراق لەلایەكی تر، هەربۆیە ئێستا زیاتر لەهەر كاتێكی تر لەپشت هەر دێڕێكی سیستمی هەڵبژاردنەكانەوە، كە لەناو یاسای هەڵبژاردنەكاندا دێت، خەریتەی سیاسی داهاتووی نزیكی وڵات دەبینرێت لەرێگەی سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر (چین‌و توێژ، تەمەن، رەگەز، ئاستی خوێندن‌و پێكهاتەكان)دا.
دوای ئەوەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق هەر سێ (یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)‌و (یاسای پارێزگاكانی رێكنەخراو لە هەرێمێكدا)و (یاسای كۆمسیۆنی
باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان) لە پرۆژە یاسایەكدا بۆ هەمواركردن ئامادەكرد، بە هۆكاری ئەوەی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رەگەزی ماددیی تێدایە، رۆژی 7/11/2019 پرۆژەیاساكەی نارد بۆ ئەمانەی عامەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق‌و ئەویش لەلای خۆیەوە دوای پێنج رۆژ دوو پرۆژەیاسای بەجیا بۆ هەریەك لە (یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)‌و (یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان) ئامادەكردو وەك دوا داڕشتە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كردو لەوێش رۆژی (19-11-2019) خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا!
لێرەدا هەوڵدەدەین بەراوردێك بكەین لەنێوان گونجاوترین سیستمی هەڵبژاردن، كە لەناو هەردوو پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتوون.

دۆخی سیستمی هەڵبژاردن
لەپرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا:

پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە زۆربەی بنەماو رێكارە باشەكانیدا،
لە پرۆژەیاساكەی سەرۆكایەتی كۆمار دەچێت ‌و لەوی خواستووە، تەنها لە سیستمی هەڵبژاردنەكەیدا نەبێت، كە جیاوازەو بە تەواوی لە ناوەڕۆكی پرۆژە یاساكەی سەرۆكایەتی كۆمار لایداوەو بەرەو ئاقارێكی خراپی بردووە، بەم بەڵگانەی خوارەوە:
1/ پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خۆپاڵاوتنی كاندیدەكانی لە تاكەكەسەوە كردۆتەوە بە لیست.
2/ پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق قەبارەی بازنەی هەڵبژاردنی لە سنوری كارگێڕی قەزاوە كردۆتەوە بە پارێزگا.
3/ پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سیستمی هەڵبژاردنەكەی لە (زۆرینە/ براوەی یەكەم FPTP)ەوە گەڕاندۆتەوە بۆ (لیستی نوێنەرایەتی رێژەییPR / دابەشكاری هەڵبژاردن/ شێوازی هۆندت D‌Hondt).
4/ پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێژەی (%50)ی كورسییەكانی بازنەی هەڵبژاردنەكان بەسەر ئەو كاندیدانەدا دابەشدەكات كە لەناو لیستەكاندا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، كە ئەمە لە روكەشدا وەك دەرفەتێك دەبینرێت بۆ ئەوەی كاندیدانی ناو لیستی تاكەكەس بتوانن كورسی ببەنەوە بەڵام لەجەوهەردا ئەو دەرفەتە لەباربراوە لەبەرئەوەی كاندیدێكی تاكەكەس ناتوانێت كێبڕكێ لەگەڵا یەكەم كاندیدی سەرووی لیستەكاندا بكات‌و زیاترو زیاتر لیستدارەكان دەردەچن. هەربۆیە راستتروایە لانیكەم نیوەی كورسییەكانی بازنەی هەڵبژاردنەكان بە پێی سیستمی هەڵبژاردنی (زۆرینە/ براوەی یەكەم FPTP) بێت‌و لەگەڵا بەشەكەی تردا موتوربە دەبن‌و (سیستمی هەڵبژاردنی تێكەڵاو- Mixed Electoral System)ی لێدەردەچێت، ئەوكاتە دەكرێت بڕیار لەسەر ئەوە بدەین كە شێوازی گۆڕینی دەنگەكان بۆ كورسی لە جۆری “سیستمی تێكەڵاوی هاوتەریب Parallel” بێت یان لە جۆری”سیستمی هاوڕێژەیی ئەندامێتی تێكەڵاوMMP” بێت. یاخود لەوەش زیاتر دەكرێت رێژەی (60%) یان (70%)ی كورسییەكانی بازنەی هەڵبژاردنەكان بۆ كاندیدانی تاكەكەسی تەرخان بكرێت‌و (40%) یان (30%)ی بۆ كاندیدانی ناو لیست بێت .
5/ سەبارەت بەو كورسیانەی كە قۆناعی یەكەم ناتوانێت دابەشیان بكات ‌و دەمێننەوە، پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیران، شێوازی (هۆندت D‌Hondut)ی بۆ داناوە كە تەواو لە خزمەتی حزبە گەورەكاندایەو تەنانەت بەوەشەوە نەوەستاوە هاتووە دەڵێت “ئەم شێوازە تەنها ئەو حزبانە دەگرێتەوە كە لەقۆناغی یەكەمی گۆڕینی دەنگ بۆ كورسیدا براوەن‌و كورسیان بردۆتەوە”، كەواتە ئەو كورسیانەی ماونەتەوەو بەتاڵن بەهیچ جۆرێك نە بەركەوتەی حزبە بچوكەكان دەبن نە بەركەوتەی قەوارەی تاكەكەسی.

دەرەنجامەكان:
1- ئامادەكردن‌و ناردن‌و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای ئەنجومەنی وەزیران بە شێوەیەكی خێراو بە پەلە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەوڵێكە بۆ لەباربردنی ئەو سیستمی هەڵبژاردنە گونجاوەی لە پرۆژە یاساكەی سەرۆكایەتی كۆماردا هاتبوو.، كە لەلایەن هەریەك لە نەتەوەیەكگرتووەكان‌و مەرجەعی باڵای سیستانییەوە جێگەی بایەخ بوو.
2- پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیران دەیەوێت پێگەی حزبە گەورە میلیشیاییەكان لە عێراق‌و هەرێمی كوردستاندا بە بەهێزی بهێڵێتەوەو دەرفەتی بردنەوەی كورسی لەلایەن تاكەكەسەوە زۆر بەرتەسكدەكاتەوە!
3- پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیران وەڵامدەرەوەی ئەو ناڕەزایەتییە گەورەیەی خۆپیشاندەرانی ساحەی تەحریر نییە لەرووی دەستەبەركردنی كورسی نوێنەرایەتی پەرلەمان بۆ گەنجان‌و كەسایەتی سەربەخۆو دەركەوتنی ئاڕاستەی سیاسی نوێ.

راسپاردەكان:
• پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی كۆمار بكرێتە بناغە بۆ داڕشتن‌و پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان لەعێراقدا.
• لەخراپترین حاڵەتدا واپێویستدەكات یاسای هەڵبژاردنەكان لە “سیستمێكی هەڵبژاردنی تێكەڵاو”دا لەنگەربگرێت، كە رێژەی كاندیدی براوەی تاكەكەس لە (50%) كەمتر نەبێت.
• دۆخەكە وادەخوازێت كە هەریەك لە سەرۆكایەتی كۆمارو نەتەوەیەكگرتووەكان‌و رێكخراوو شارەزایانی خەمخۆری بواری هەڵبژاردنێكی دادگەرو بێگەرد بێنە سەرخەت بە ئامانجی داكۆكیكردن لە خاڵە پرشنگدارەكانی نێو پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی كۆمار، بەتایبەتیش سیستمی هەڵبژاردنەكەی.