سه‌باره‌ت به پڕۆژه پێشنیار و بڕیاره‌كان كه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ ده‌كرێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مای خوێندنه‌وه‌ی یاسایی و چوار چێوه‌ی داڕشتنی ته‌شریعی له‌باره‌ی هه‌ریه‌ك له‌و ده‌قانه‌وه ئه‌م سه‌رنجانه ده‌خه‌مه ڕوو:
- پیشنیازه یاسای ماف وئه‌ركی نه‌خۆش، پێویسته چه‌مكی ئه‌رك بگۆڕێت بۆ به‌رپرسیاریه‌تی، وه ناونیشانی ته‌شریعه‌كه ده‌سته‌واژه‌ی له هه‌رێمی كوردستان/عێراق ی بۆ زیاد بكرێت وه ژماره و مێژووی ته‌شریع وه‌ربگرێت.
- له مادده‌ی یه‌كه‌م كه پێناسه‌ی زاراوه‌و ده‌سته‌واژه‌كانه، هه‌ڵه‌ی ته‌ندروستی بكرێت به هه‌ڵه‌ی پزیشكی.
- ده‌سته‌واژه‌ی پێشكه‌شكاری خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی كه پێناسه كراوه، پێویسته وورد بكرێته‌وه وه بنوسرێت كه ئه‌مانه ده‌گرێته‌وه: (……..).
- له مادده‌ی دووه‌م خاڵی دووه‌م له ئامانجه‌كان ده‌سته‌واژه‌ی (ڕێگری كردن له نه‌خۆشی) بۆ زیاد بكرێت.
- به مادده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بنوسرێت: چوارچێوه‌ی پیاده كردنی یاساكه:حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه له‌سه‌ر نه‌خۆش له‌سه‌رجه‌م كه‌رتی گشتی و تایبه‌تی و خێرخوازییه‌كان پیاده ده‌كرێت.
- له‌هه‌ر كوێی ئه‌م پێشنیازه‌دا ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌رك به‌كار هاتبوو بۆ نه‌خۆش بكرێته لێپرسراویه‌تی.
7.حاڵه‌تی كتوپڕ له پێشنیازه‌كه‌دا بنوسرێت: مافی نه‌خۆشه له‌به‌ده‌ست هێنانی بایه‌خ و خزمه‌تگوزاری پزیشكی فه‌وری و گواستنه‌وه‌ی به‌هۆی ئۆتۆمبێلی ئه‌مبۆڵانسه‌وه، ئه‌مه‌ش تا جێگیر ده‌كرێت له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی پسپۆری دا. - بڕگه‌ی شه‌شه‌م له مادده‌ی سێ یه‌م بنوسرێت( پاراستنی مافی تایبه‌تمه‌ندی نه‌خۆشه‌كه).
- بڕگه‌ی حه‌وته‌م له‌هه‌مان مادده بۆی زیاد بكرێت ( هه‌ركاتێك نه‌خۆش پێویستی پێی بوو).
- بڕگه‌ی نۆزده‌هه‌م له مادده‌ی سێ یه‌م بۆی زیاد بكرێت ( هه‌ر مافێكی تری نه‌خۆش كه له‌م یاسایه‌دا نه‌هاتووه).
- وه ئه‌م مافانه‌ی دیكه بۆ نه‌خۆش له پێشنیازه‌كه‌دا زیاد بكرێت:
- نه‌خۆش له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی پشكنین و چاره‌سه‌ردا خزمه‌تگوزاری و زانیاریه‌كانی پارێزراو ده‌بن.
- له‌كاتی دیاری كراودا نه‌خۆش مافی سه‌ردانی كردنی هه‌یه له‌لایه‌ن كه‌س وكاریه‌وه.
- نه‌خۆش ده‌توانێت ناڕازی بوونی خۆی نیشان بدات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بۆ وانه خوێندن و توێژینه‌وه به‌كار بهێنرێت.
- نه‌خۆش مافی هه‌یه كه تێچووی چاره‌سه‌ره‌كانی بزانێت.
- دابین كردنی جل وبه‌رگی تایبه‌ت مافی نه‌خۆشه.
- دابین كردنی شوێنی چاوه‌ڕوانی بۆ ئافره‌تان و منداڵا له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان.
- مافی ئافره‌ت و منداڵی نه‌خۆشه هه‌روه‌ها كه‌سه ته‌مه‌نداره‌كان و كه‌م ئه‌ندامانه كه بایه‌خی تایبه‌ت وه‌ربگرن له ناوه‌نده‌كاندا.
- مافی منداڵه كه له‌لایه‌ن پزیشكی پسپۆره‌وه ببینرێت و تیمێكی تایبه‌ت به نه‌حۆشی منداڵا چاره‌سه‌ری بكه‌ن.
- مافی منداڵی نه‌خۆشه كه له‌هه‌ر جۆرێكی ئازاردان و توند‌و تیژی جه‌سته‌یی و ده‌روونی له‌كاتی چاره‌سه‌ردا بپارێزرێت.
- پاراستنی ماف و ڕێزگرتنی هاوڕێ ی نه‌خۆش (مرافق) وه دابین كردنی شوێنی تایبه‌ت به مانه‌وه‌ی.
- مافی نه‌خۆشی كۆچكردووه كه چاك چاودێری بكرێت به‌پێی پێوه‌ره شه‌رعی و یاساییه‌كان هه‌ر له كاتی گیان سپاردن و كۆچی دوایی تا گواستنه‌وه‌ی لاشه‌كه‌ی و ئه‌نجامدانی توێكاری و پاراستنی پێویست بۆی.
- مافی نه‌خۆشی ده‌رونیه جگه له‌و مافانه‌ی سه‌ره‌وه باس كران كه هه‌موو جۆره خزمه‌تگوزاریه‌كی بۆ دابین بكرێت له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كاندا.
- مافی نه‌خۆشه كه زانیاری وه‌ربگرێت له‌باره‌ی ناسنامه‌ی پزیشك و پسپۆرییه‌وه هه‌روه‌ها زانیاری له‌باره‌ی ته‌واوی تیمی چاره‌سه‌ره‌كه‌یه‌وه له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كه وه پله‌ی وه‌زیفی وئه‌زمونه‌كانیان.
- مافی نه‌خۆشه كه زانیاری پێ بدرێت سه‌باره‌ت به‌و ڕێنمایی و ڕێكخستنانه‌ی كه له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا په‌یڕه‌و ده‌كرێن، وه چۆنیه‌تی مامه‌ڵه له فه‌رمانگه‌كه‌دا و چۆنیه‌تی پرسیار كردن و تۆمار كردنی سكاڵا.
- مادده‌ی چواره‌م سه‌باره‌ت به ئه‌ركه‌كانی نه‌خۆش، ناونیشانی مادده‌كه بكرێت به به‌رپرسیاریه‌تی نه‌خۆش.
- وه ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تیانه‌ی دیكه بۆ مادده‌كه زیاد بكرێت:
- پێشكه‌ش كردنی هه‌موو زانیاریه تایبه‌تیه‌كان به پزیشك كه په‌یوه‌ندیداره به نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌وه.
- نابێت ده‌ست درێژی بكاته سه‌ر مافی نه‌خۆشه‌كانی تر و زانیاریه‌كانیان بدركێنێت.
- پێویسته ڕه‌چاوی بارودۆخی نه‌خۆشه‌كان و كارمه‌ندانی نێو ناوه‌نده‌كه بكات.
- پێویسته له‌سه‌ر نه‌خۆش و كه‌سوكاری هاوڕێ ی كه ڕێزی ته‌واو له پزیشك وكارمه‌ندانی ته‌ندروستی نێو ناوه‌نده‌كه بگرن وه نابێت هیچ ده‌ستدرێژیه‌كی جه‌سته‌یی یاخود وێژه‌یی بكه‌نه سه‌ریان.
- له مادده‌ی پێنجه‌مه‌وه له پێشنیازه‌كه ناونیشانێكی بۆ دابنرێت به‌ناوی( حوكمه گشتیه‌كان).
- مادده‌ی هه‌ژده‌هه‌م له پێشنیازه‌كه له ڕۆژی ده‌رچونیه‌وه بكرێته ( دوای 30 ڕۆژ له بڵاوبوونه‌وه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرێت).
- هۆیه‌كانی ده‌رچواندن بكرێته هۆكاره پێویسته‌كان وه داڕشتنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.