DANA.jpg

سەرنجی یاسایی لەسەر پێشنیازە یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەویانەی زیادەڕەویان لەسەر كراوە

Oct 22, 2019  |   بیروڕا 

دانا دارا حسین

 

لەخوارەوە سەرنجە یاساییەكان لەسەر هەردوو دەقی پێشنیازە یاساكە كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و لەهەمان كات ڕاپۆڕتی لیژنەی یاسایی كە بڕیارە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت دەخەمە بەردەست :

1- لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك یاسای بەركارمان هەیە كە بواری موڵكیەت و زیادە ڕەوی چارەسەر كردووە: 1. یاسایی ژمارە 12ی ساڵی 2012ی یاسای بەخاوەنكردنی ئەو خانوانەی …
3. یاسای ڕێكخستنی موڵكیەتی كشتوكاڵی عێراق ژمارە 90ی ساڵی ی1975 هەموار كراو لە هەرێمی كوردستان بە یاسای ژمارە 32ی ساڵی 2007.
4. یاسایی ژمارە 3ی ساڵی 2018ی یاسای ڕێگری لە زیادەڕەوی و لابردنی … 5. ڕێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2018ی تایبەت بەجێبەجی كردنی یاسای ڕێگری لە زیادە ڕەوی ….

2- زیادەڕەوی لەڕابردوودا لەسەر موڵكی گشتی بەلێشاو ئەنجام دراوە كە هەریەك لە سنوری شارەوانیەكان و زەوییە كشتوكاڵیەكان ومولكی تۆماربەناوی وەزارەتی دارایی و ئابووری گرتۆتەوە.

3- ڕووپێوی نوێ‌ لەبەردەست نیە بەژمارە و زۆری ئەو زیادە ڕەویانە كە كراونەتە سەر زەوی سنوری شارەوانیەكان بەڵام هەندێك ئاماژە بە 300هەزار خانوو و ڤێلا دەكەن كە بە زیادە ڕەوی دروست كراون.

4- سەبارەت بەناونیشانی پێشنیازەكە، پڕۆسەی بەخاوەن كردن پێویستە دەستەواژەی(ڕێكخستن)ی بۆ بەكار بێت لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە: – زیادە ڕەوی لە مێژە هەیە و ساڵا بەساڵیش ڕوو لە زیاد بوونە. – تەملیك بەشێوەیەكی یاسایی حكومەت بۆ ژمارەیەك زەوی و بینا دەیكات و نەوەستاوە. – ئێستا بەشێك لەو زەویانەی كە زیادڕەویان لەسەر كراوەڕەگەزی عەقارەكە(جنس العقار)گۆڕاوە لە زەویەوە بووە بە خانوو یاخود بینای گەورە. – یاساكانی پێشوو دەرچوێنراو لە پەرلەمانی كوردستان دەستەواژەی ڕێكخستنیان بەكار هێناوە. – بەپێی پرەنسیپی یاسایی (الاستقرار التشریعی) ناخوازێ‌ كە لەماوەی دوو ساڵا دا دوو یاسا بۆ لابردنی تەجاوزات و بەخاوەنكردنی زیادە ڕەویەكان دەربچێت. – هەروەها لە ڕاپۆرتەكەشدا ناوی تەشریعەكە ڕێك نەخراوە. كەواتە پێشنیار دەكەم كە ناونیشانی تەشریعەكە بكرێت بە: (یاسای ڕێكخستنی بەخاوەن كردنی ئەو موڵكانەی كە زیادە ڕەویان لەسەر كراوە لە سنووری شارەوانیەكان لە هەرێمی كوردستان/ عێراق) ژمارە / ساڵی 2019

5- پێویستە لەپڕۆژەكەدا و لە ماددەی یەكەم پێناسەی كۆمەڵێك چەمك بەجیا بكرێت وەك: – زەوی و موڵكی زیادەڕۆ . – زیادەڕۆكار. – شارەوانی. – هەرێمی كوردستان هەروەها ….

6- پاش ماددەی یەكەم ئامانجی تەشریعەكە لە ئێستادا بە دوو دێر و زۆر كورت و پڕ مانا بنوسرێت.

7- سەبارەت بە دەستەواژەی(مەبەستەكانی ئەم یاسایە) ئایا لە كوێ‌ دا هەیە و هاتووە؟ یان نیەتی موشەریع بریتیە لەو هۆكارە پێویستانەی یاساكەیە ؟ هەروەها لەبڕگەی یەكەم دا دەبێت تەنها خانووی نیشتەجێ‌ بگرێتەوە نەك(خانوو بەرە). هەروەها بڕگەی دووەم لەهەمان ماددە ئایا: – 12/2/2018 كە یاسای ژمارە 3ی 2018 تێدا دەرچووە، ئایا ئەو حاڵەتانەی كە زیادەڕەوین وە ساڵانێكی زۆرە ئەنجام دراوە یاساكە چۆن چارەسەری دەكات. – زیادە ڕەوی لەسەر موڵكی دەوڵەت یان مافی ڕەفتار (حق التصرف) لە سنووری شارەوانیەكان دەبێت بەخاوەن بكرێت ئایا سێ یەمیان كە (موڵكی تەواوی كەسانی دیكەن) كە لە پێشنیازەكەدا هاتبوو چۆن كاری وا نایاسایی دەكرێت، وە لەڕاپۆرتەكەدا لابراوە. – هەروەها بكرێتە مەرج ئەوەی سوودمەند بووە لە هەر ئیمتیازاتێكی فەرمی ئەم دەرفەتە نەیگرێتەوە.

8- ماددەی دووەم، ئەو مەرجە دابنرێت كە تەنها خاوەن خانوەكە كە نیشتەجێ‌ یە بەڵگەنامەی پێویست بۆ نیشتەجێ‌ بوونی بۆ ماوەی(5)پێنج ساڵا زیاتری هەبێت دەتوانێت سوودمەند بێت نەك كەسی بازرگان. هەروەها دەپرسین ئایا سەرجەم شارەوانیەكانی هەرێم ماستەر پلانیان هەیە ؟

9- بڕگەی سێ یەم لە ماددەی سێ‌ یەم وەرگێڕانی (حل) بە شی كردنەوە هاتووە چاك بكرێت.

10- بڕگەی چوارەم لە ماددەی سێ‌ یەم بكرێت بە ماددەی پێش كۆتایی چونكە مافی تانەدان و ڕەت كردنەوە دەدات وەك فلتەر كردنی پڕۆسەی بە خاوەن كردن.

11- ماددەی پێنجەمی پێشنیازەكە بە شێوەیەكی داناوە بۆ پارچە زەوەی كە لە (500)مەتر زیاتر نەبێت. ئەم ڕێژە و ئەندازەیە لە زەوی زیادەڕۆ لەسەر كراو لە ناو شارەكان و هەر شوێنێكی تر بۆ موڵكی نیشتەجێ‌ بوون كارەساتە و دەبێت كەم بكرێتەوە، كە لە ڕاپۆرتەكەدا كراوە بە (400)مەتر زیاتر نەبێت كە ئەم ڕێژەیەش هەر زۆرە.

12- ماددەی شەشەم ماوەی (6) مانگی داناوە، بەڵام ماددەی دووەم بڕگەی چوارەم (90)ڕۆژی داناوە بۆ پێشكەش كردن، كە لە ڕاپۆرتەكە كراوە بە ساڵێك، پێویستە هەردوو ماوەكە ڕێك بخرێت.

13- بڕگەی سێ‌ یەم لە ماددەی (7) خەزێنەی دەوڵەت بكرێت بە خەزێنەی هەرێمی كوردستان.

14- ماددەی هەشتەم لە پێشنیازەكە هیچ پێویست نیە چونكە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 هبَناویەتی و حوكمە سزاییەكانیشی بۆ داناوە.

15- لە ڕاپۆرتەكەدا یاساكە بە (مۆقت) دانراوە بۆ ماوەی سێ‌ ساڵا. وەك زانراوە لە هەرێمی كوردستان یاسا كاتیەكان زۆر كەم یان نین وەك یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كە ئەویش كرا بە هەمیشەیی.