دانا دارا حسین
سەرنجی یاسایی لەسەر پڕۆژەی بوژاندنەوەی حوجرە لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن ڕێكخراوی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانەوە پێشكەش كراوە، ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەمە بەدەستان:
1- پرۆژەكە كە ئاراستەی پەرلەمان كراوە ئەگەر بویسترێت وەك یاسایەكی سەربەخۆ دەربچێت دەبێت بەشێوەی پرۆژە پێشنیازی یاسا ڕێكبخرێت و ڕەچاوی مەرجەكانی پرۆژە پێشنیازی تێدا بكرێت وەك لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا هاتووە.
2- ڕەچاوی نووسینی داڕشتنی یاسایی لە پرۆژەكەدا بكرێت، بەشێوەیەك بەپێی ماددە و بەش و خاڵا پۆلێن بكرێت و هۆیەكانی دەرچوون لە كۆتایی دا بنوسرێت.
3- پێویستە لە پرۆژەكەدا بە ڕوونی و بە دەقێكی نووسراو پێناسەی حوجرە و فەقێ و قۆناغ و پلە زانستیەكەیان بكرێت.
4- مەرجەعی ئەم حوجرانە وەك خوێندنی ئایینی لە كوردستان وەزارەتی ئەوقاف دەبێت بەڵام شێوازی مۆڵەت وەرگرتنیان پێویستە بە بەشێكی سەربەخۆ بنوسرێت، هەروەها ڕەتكردنەوەی مۆڵەت بە شێوازی خۆی و بە پاساوی یاسایی دەبێت.
5- تەلار و بینای حوجرەكان، لە شارو شارۆچكەكان و شێوازەكانیان و ناسینەوەیان بنوسرێت.
6- سەبارەت بە مامۆستایانی ئەم حوجرانە، پلەی زانستیان وخزمەت ومووچە ودەرماڵە و تەمەنیان بنوسرێت.
7- لە بەشێكی سەربەخۆدا پرۆگرامی خوێندن لەم حوجرانەدا بنوسرێت و بە جوانترین شێوە ڕێكبخرێت.
8- كارگێڕی ودارایی ئەم حوجرانە و ملكەچ بوونیان بۆ فەرمانەگەی چاودێری دارایی لەڕووی داراییەوە، هەروەها پەیڕەو كردن لە سیستەمی نوێی پەروەردە و كارگێڕی دامەزراوەكە دەق نووس بكرێت.
9- سەبارەت بە ساڵەكانی خوێندن لە حوجرەدا پڕۆژەكە بە (6)ساڵی داناوە , كە پێویستە بە ئەندازەی پڕۆگرامەكان بێت، لەگەڵ ڕەچاوی ئەوەی خوێندنی بنەڕەتی تا پۆلی 9 دانراوە .
10- مادەم ئەم حوجرانە یاسایین كەواتە یان خاوەن بڕوانامەی خۆیان بن و پێویست بە تەعدیل نەكات .
11- خاڵی دەهەم و كۆتایی پڕۆژەكە سەبارەت بە كردنەوەی ئەكادیمیای زانستی تایبەت بە پێگەیاندنی پێش نوێژ ووتارخوێن، واتا بەبونی ئەم دامەزراوەیە خوێندنی حوجرە درێژ دەبێتەوە وە نابێتە دوو بڕوانامەی زانستی . یان وەك بەشێكی سەربەخۆ لەم پڕۆژەیەكی سەربەخۆ ئەكادیمیاكە دابنرێت یاخود لێرەدا لابدرێت.
لەگەڵا ڕێزدا..