وێستگە نیوز
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ڕایدەگەیەنێت، ئێستا كە ساڵێك بەسەر تەمەنی ئەم خولەدا تێدەپەڕێت، كەچی وەك پێویست بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەستاوە، كەمترین یاسای دەركردووە، لەچاودێری حكومەتدا سستە.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە كە كۆپییەكی بۆ (وێستگە نیوز) نێردراوە لەبارەی كاری پەرلەمانی پاش تێپەڕَینی ساڵێك لەتەمەنی، دەڵێت"ئەوەی لەكارە سەرەتاییەكانی ئەم خولەدا تێبینی دەكرێت، ئەو یاسایانەی دەریكردوون لە كاڵایەك دەچن كە بۆ باڵایەكی تایبەت ئامادەكرابن، بۆ نمونە: یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان".
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
پێویستە پەرلەمانی كوردستان بە ئەركی خۆی هەڵبستێت
پەرلەمانی كوردستان وێڕای ئەوەی بەهۆی كێشە سیاسییەكانەوە درەنگ كەوتە كار، ئێستا كە ساڵێك بەسەر تەمەنی ئەم خولەدا تێدەپەڕێت، كەچی وەك پێویست بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەستاوە، كەمترین یاسای دەركردووە، لەچاودێری حكومەتدا سستە، كاری لەسەر رەشنوسی دەستور نەكردووە، ئەوەی لەكارە سەرەتاییەكانی ئەم خولەدا تێبینی دەكرێت، ئەو یاسایانەی دەریكردوون لە كاڵایەك دەچن كە بۆ باڵایەكی تایبەت ئامادەكرابن، بۆ نمونە: یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان، دواهەمین هەوڵیش هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانە، بە تایبەت مادەی (110) كە پەرلەمانتار ئازادە حیزب و هەڵوێست بگۆڕێت.
بەر لە هەر شتێ لە پەیرەوی ناوخۆی پێشوو تەنها رێگا درا بوو پەرلەمانتار ئازاد بێت لە كارو چالاكی پەرلەمانتار بوون، لەگەڵ ئەوەش بینیمان تەنها لەسەر جیاوازی راو بۆچونیان نەك حیزب گۆڕین لە خوولی پێشوو بە زۆر و بێ ئاگاداری خۆی، پەرلەمانتار (فەرهاد سەنگاوی) دەركرا، دواتر بۆ ئەوەی رێگا بگرن لە رۆیشتنی پەرلەمانتاران بۆ ناو حیزبی تر، پەرلەمانی كوردستان لە خولی چوار لەسەرەتای دەستبەكار بوونی لەڕێگەی پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە ئامادەكردنی پەیڕەوی ناوخۆ كاریان كرد، دواتر بە دوو خوێندنەوەی جیاواز پەسەندیان كرد، كە ئێستا تەنها سالێك بەسەر ئەم پەسەندكردنەدا تێپەڕیوە، كە ئەو كاتە فراكسیۆنی (نەوەی نوێ)ش لەپەرلەماندا بوونی نەبوو. بەلام ئەمڕۆ هاتوون ئەو ماددەیە دەستكاری دەكەن كەتایبەتە بە حیزب گۆڕین، نەك هەلوێستی ئازاد، چونكە هەڵوێستی جیاواز بابەتێكەو گۆڕینی حزب لەلایەن كەسێكەوە كەبەدەنگی حزبەكەی چۆتە پەرلەمان بابەتێكی ترە. ئێمە پشتیوانی ئازادی پەرلەمانتار دەكەین لە چوارچێوەی بەرنامەی حیزبەكەی نەك ئازادی بۆ دەرچوون لەحیزبەكەی و چوونە پاڵ حزب و فراكسیۆنێكی تر و بردنی دەنگی حزبەكەی بۆ حزبێكی تر.
ئەم هەموارە كە پەرلەمان خوازیارە بیكات و رێگە بە پەرلەمانتار دەدات بچێتە پال حزب و فراكسیۆنێكی ترەوە، دەبێتە سەرەتایەك بۆ كڕینی كورسی حیزب و ئیرادەی خەڵك، دەبێتە هۆی زولمی زۆرینە لە كەمینە، دەبێتە مایەی ئەوەی حزبە گەورەكان كورسی حزبە بچوكەكان بكڕن، لەلایەكی تر پێشێلی یاسایە، چونكە هیچ كاندیدێك نابێتە خاوەن دەنگی خۆی ئەگەر لەساتی هەڵبژاردندا سەرەتا دەنگ بە لیست نەدرێت، بەپێی یاساو رێكارەكانی هەڵبژاردن كاتێك دەنگدەر دەنگ دەدات، سەرەتا دەبێت دەنگ بە حزب و كیانەكە بدات ئینجا بە كاندیدەكە، هەر دەنگێك ئەگەر تەنها بە حزبەكە درابێت و بە كاندیدیش نەدرابێت هەژمار دەكرێت، بەلام بە پێچەوانەوە دەنگەكە بە پوچەڵ هەژمار دەكرێت. هەموو كاندیدێكی سەركەوتووش پابەندە بە جێبەجێ كردنی بەرنامەی هەڵبژاردنی حیزبەكەی، هەروەها ئەمە دژ بە جێگیر بوونی دۆخی یاسادانانە، و دیكتاتۆریەتی زۆرینە لە بەرامبەر كەمینەدا دێنێتە كایەوە، وێرای فەندو فێڵ و گزییەكانی ساتی هەڵبژاردن، تەوق كردنە لە ئەستۆی ئەو فراكسیۆنانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دادەنێن، هەروەك لە رابردوشدا نمونەی لەو جۆرەمان بەرچاو دەكەوێت.
سەربەخۆیی پەرلەمان و ئازادی پەرلەمانتار وەك ئەوەی پروپاگەندەی بۆ دەكرێت، بەم رێگەو شێوازە نایەتەدی، پەرلەمان كاتێك سەربەخۆ دەبێت كە یاسای باش پەسەند بكات، كە لە ئەركی چاودێری دەسەلاتی جێبەجێكردندا كارابێت، لەرووی داراییەوە سەربەخۆ بێت، لەرووی سەربازییەوە پاسەوانەكانی لەژێر چاودێری و فەرمانی سەرۆكی پەرلەماندا بن.
پەرلەمانتار كاتێك ئازاد دەبێت كە لەبەدواداچوونەكانیدا ئازابێت و رێگەی پێ نەگیرێت، ئەگەر باس لە بەڵێن و كارنامەی حزبەكان بكەین هەرهەموویان لەسەر كاغەز رێكوپێكن و شایەنی جێبەجێكردنن، ئازادی و ئازایەتی پەرلەمانتار ئەوەیە ئەو بەلێنانە جێبەجێ بكات.
ئەمە لەكاتێكدایە لەپەرلەمان پرۆژەیاسایەكی تر ئامادەكراوە بەمەبەستی هەموار كردنی یاسای هەڵبژاردن لە لیستی نیمچە كراوەوە بۆ لیستی داخراو، ئەوكاتە ئەم هەموارە رێك پێچەوانەی یاساكە دەبێت و جارێكی تر دەبێت هەمواری بكەنەوە، ئەمەش دەلالەت لەوە دەكات پەرلەمانتاران و پەرلەمان ورد نین لە كارەكانیاندا. بۆیە ئەگەر لە دوێنێدا دامەزراوەكانی حكومەت و حزب هەوڵیاندابێت بۆ تەسكردنەوەی كار و ئازادی پەرلەمان و پەرلەمانتاران، ئەوا ئەمڕۆ خودی پەرلەمان هەوڵدەدا ئەو ئەركەی ئەوان جێبەجێ بكات بۆ سنورداركردنی ئەرك و چالاكیەكانیان. ئەم بابەتە بەجۆرێك هەستیارە، لەبەر گرنگیەكەی لەهەندێك ولاتدا لە دەستوردا چارەسەر كراوە، هەربۆیە ناكرێت لەپەرلەمانی كوردستاندا بەپێی رۆژ دەستكاری بكرێت.
لەبەر ئەم هۆكارانە پێویستە پەرلەمانی كوردستان هەمواری ئەو مادەیە رابگرێت، یان دەقی پەیرەوەكە وەك خۆی جێبەجێ بكات كە لادان و مانەوەی پەرلەمانتار لەسەر هەڵوێستەكانی دوواجار بەستراوەتەوە بە رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی كوردستانەوە كە تیایدا هاتووە: "پەرلەمانتار ئازادە لە كاری پەرلەمانی، بەلام هەر كاتێك ئەندامی فراكسیۆنێك لە فراكسیۆنەكەی خۆی جیابۆوە، یاخود چووە پاڵ فراكسیۆنێكی تر، ئەوا ئەندامیەتی خۆی لەدەستدەدات لە پەرلەمان و كەسێكی تر، لەو فراكسیۆنە بەپێی ریزبەندی شوێنی پڕدەكاتەوە بە رەزامەندی پەرلەمان". بۆیە باشتر وایە پەرلەمان خەریكی ئەركە سەرەكیەكانی خۆی بێت كە خەڵكی كوردستان و دەنگدەرانی چاوەڕوانیی لێدەكەن.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
28/9/2019