abdulstar-mejid.jpg

كێن ئه‌وانه‌ی له‌چاكسازی ده‌ترسن؟

Jul 10, 2019  |   بیروڕا 

عه‌بدولستار مه‌جید 

 

 

ئەگەرچی چاکسازیی هەرکەس ئەنجامی بدات جێگەی دەستخۆشیی و مایەی پشتیوانیکردنە چونکە سودی گشتیی تێدایە، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەژین کە هێزە دەسەڵاتخوازەکانی هەرچی بێحورمەتییە بە یاسا کردوویانە و سڵیشیان لێ نەکردۆتەوە و چاوەڕێی ئەوەشیان لێ ناکرێت بەو یاسای چاکسازییەی باسی دەکەن دەست لە گەندەڵیی هەڵبگرن!خۆی هەندێک شت تاوانە و تاوانیش یاسای هەیە و یاساش سزای بۆ داتاوە، بۆ نمونە ئێمە بە (دزی) دەڵێین (گەندەڵیی) و بە (دز)ـیش دەڵێن (گەندەڵ)!ئێ شوێنی “دز” زیندانە نەک کورسی دەسەڵات و ئیدارەدانی کاروباری خەڵک، دزی تاوانە و دەستگیرکردنی جێبەجێکردنی یاسای دەوێ کە یاساکە خۆی هەیە و جێبەجێکردنی یاساش ئیرادەی دەوێت!باشە کەسانێک کە چەندین ساڵە پیسخۆری دەکەن و لە دزینی هیچ شتێکی موڵکی گشتیی سڵ ناکەنەوە و پشتی قایمیشیان هەیە، گرەنتی چیە بە دەرکردنی یاسایەک دەستی ئەمانە لە گیرفانی خەڵک و خەزێنەی گشتیی بهێنرێتە دەرەوە!چاکسازیی بەرلەوەی پێویستی بە یاسا هەبێت، لەسەر سێ پایەی گرنگ وەستاوە کە ئەوانیش (کەس و دەسەڵاتی چاک و نیەتی جدی و ئیرادەی بەهێز)ە ، دەسەڵاتێک خاوەنی ئەم سێ پایەیە نەبێت، هەزار یاساشی بۆ دەربکرێت، ٢٨ ساڵە چی کردووە و چۆنی هێناوە، دڵنیابە باشتر ناکات و چاوەڕێی باشتریشی لێ ناکرێت !بە هەرحاڵ ئێستا کە باس لە یاسای چاکسازیی دەکرێت، ئێمە هەموو توانای خۆمان لە فراکسیۆن لە چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی زوڵم و دزی و گەندەڵیدا خەرجدەکەین .
هەر هێز و فراکسیۆنێکیش دژ بە چاکسازیی و نەهێشتنی گەندەڵیی بێت، ئەوا دەبێ وەڵامی جدی خەڵک بداتەوە و خەڵکیش چیتر ئەم دۆخە قبوڵ ناکات !