abdulla.jpg

نوزەی خەڵک و ھاواری حزب!

Jul 13, 2019  |   بیروڕا 

عەبدوڵای مەلا نوری

 

لەم رۆژانەدا دوو رووداو و دووھەڵوێستی دژ بەیەک و پڕ لە نیفاقمان بینی:ـ
یەکەم: بە بڕیارێکی تەواو نایاسایی، نا دیموکراسی لە لایەن پەرلەمانەوە پێشێلی ئیرادەی خەڵک کراو ویلایەتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم درێژکرانەوە، بە بێ ئەوەی ھیچ وادەیەک بۆ ھەڵبژاردنیان دیاریبکرێ. مەگەر خودا بزانێت کەی ھەڵبژاردنیان بۆ دەکرێتەوە. (بە داخەوە ئەم تاوانە گەورەیە بە بێ دەنگی تێپەڕی.)
دووەم: بە خواست و بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بە واژۆی پشتیوان سادق وەزیری پێشوی پەروەردە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی گواستراوەتەوە بۆ دیوانی وەزارەت. (گومانی تێدا نییە کارەکەی قوباد تاڵەبانی و پشتیوان سادق تەنھا و تەنھا پاڵنەری حزبی و سیاسی لە پشتەو نابێ قبوڵ بکرێ.)

لێرەدا دەمەوێ سەرنجتان بۆ ئەوە رابکێشم؛ لە رووداوی یەکەمیاندا حزبەکانی دەسەڵات(پارتی، یەکێتی، گۆڕان) بێشەرمانە سەر دەکەن بە یەکداو بە نا یاسایی ویلایەتی ئەنجومەنی پارێزگاکان درێژ دەکەنەوە، تەنانەت نابینی دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاش ھەڵوێست وەربگرن و بڵێن: “ئەرێ دەنگدەران تەنھا بۆ چوار ساڵ دەنگیان بە ئێمەدا، بە چ حەقێک بێ گوێدانە ئیرادەی خەڵک، مانەوەمان لە ئەنجومەنی پارێزگا درێژ دەکەنەوە و دەمانسەپێنن؟”.

لە ئاست درێژکردنەوەی ویلایەتی ئەنجومەنی پارێزگان بە نا یاساییترین و نا ئەخلاقیترین شێوە ھەمووان چاویان کوێرە و ویژدانیان مردووە و دەمیان گۆ ناکات ھەڵوێستێک دەرببڕن، چونکە ئەمەیان راستەوخۆ لە سەر حسابی مافی خەڵکە، خەڵکیش لێرە لە ھەر کات بێ پشت و پەناتر و تەنھاترە.

خەڵک لێرە ئەو کائینەیە ھەمووان پێیدەوێرن، رۆژێک خاکەکەی و رۆژێک نەوتەکەی و رۆژێک دەنگ و ئازادییەکەی زەوتدەکەن.
بەڵام لە کەیسی دووەمیاندا کە (کە پۆستی بەڕێوەبەرێکی گشتیە)خاوەنی بۆ پەیدا دەبێ و جێگری سەرۆکی حکومەتیش روونکردنەوەی لە بارەوە دەدات.

لە کاتێکدا لە ھەردوو کەیسەکەدا یاسا پێشێل دەکرێ یان لانی کەم دەسەڵات بە خراپ مومارەسە دەکرێ، بەڵام تەنھا ئەو کەیسەیان دەبێتە بابەتی بێنە و بەردە کە حزب وەک بەشی خۆی تەماشای دەکات.

لە کەیسی درێژکردنەوەی ویلاتی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا حیزبەکەی قوباد و حزبەکەی پشتیوان سادق و حزبەکەی دڵشاد عومەر کۆکن لە سەر ئەوەی ئەو پەڕی کاری نایاسایی و نادیموکرتی و نائەخلاقی بەرامبەر بە خەڵک بکەن!

درێژکردنەوەی ویلایەتی پارێزگان لە کورترین پێناسەدا واتە خیانەت لە ئیرادەی خەڵک، پێشێلکردنی یاسا، پێشێلکردنی بنەماکانی ژیانی دیموکراتی، دەستگرتن بە سەر سەدان پۆستدا لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک، کە موڵکی خەڵکن و دەبێ چوار ساڵ جارێک لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا ئاڵوگۆڕیان تێدا بکرێ.

وەک چۆن لابردنی بەڕێوەبەرەکەی پەروەردە تاوانێکی سیاسیە دەرحەق بە حزبێک، ئەوا درێژکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش گەورەترین تاوانی سیاسی و یاسایی چەند حزبێکە دەرحەق بە خەڵکی کوردستان.

لە وروژاندن و بەراوردکردنی ئەم بابەتەدا دوو مەبەستم ھەیە:

یەکەم: لە ژێر ھیچ پاساوێکدا نابێ رێگە بە سزای سیاسی بدرێ و دەبێ دەسبردن بۆ سزای سیاسی رسوابکرێ.

دووەم: لە ھیچ بار و زروفێکدا نابێ خەڵک لێگەڕێین دووڕوویی و خۆپەرستی ھەموو حزب و سیاسیەکان بە ئاسانی تێپەڕێ.
میللەتی ھوشیار ئەوەیە دووڕوویی و تاوان و درۆی سیاسیەکان لە بیر نەکات و لە کات و ساتی خۆیدا بیداتەوە بە ناو چاویاندا.