sirwan-reshid.jpg

ئەو شەڕە بۆ كێ‌ دەكەن؟

May 9, 2019  |   بیروڕا 

سیروان رەشید

بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەكی ریفۆرمخوازە، خاوەن گوتارێكی سیاسییە كە دەیەوێ بەهێزی نەرم - سۆفت پاوەر- هەلومەرجی سیاسی كوردستان، شێوازی كاركردنی دەزگاكان، دیموكراسی و ئازادییەكان باشتر بكات. هەنگاو بەهەنگاو لە پرۆسێسێكی مەدەنیدا ململانێی هێزە ركابەرەكانی خۆی بكات.
كەواتە بۆ ئەو چاكسازییانە حەتمەن وەك چۆن دەكەوێتە ململانێ و ناكۆكیەوە ئاواش لەگەڵ هێزەكانی تری گۆڕەپانی سیاسی دەرگیر دەبێ، ناكۆك دەبێت، ململانێ دەكات ئاواش پێویستی بە دانوستان و لێكتێگەیشتن و هەندێك جار سازشیش هەیە. سازش بە چی مانایەك، بۆ نموونە یەكێك لە ئامانجە سیاسیەكانی گۆڕان گۆڕینی سیستمی سیاسی هەرێمە لە سەرۆكایەتیەوە بۆ پەرلەمانیی و كەمكردنەوەو سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمە بە كارێكی تەشریفاتی.

ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا بایی ئەوەندە ئامرازی گوشاری لەبەردەستە كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بگەڕێنێتەوە ناو پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی بڕێك كەمتر بكاتەوە، بەڵام خۆ ململانێ كۆتایی نەهاتووە. ئەوانەی رەخنە لە گۆڕان دەگرن با بێن هاوكار بن لەمڕۆوە پێداگرو مكوڕبن لە ‌گەڵیدا، وەك چۆن ئێمە ملمان نەدا با ئەوانیش ملنەدەن تاكو ئەو ئامانجە بەدیدەهێنین.

رەخنە بە تەنیا قسەو وتنی ئەو شتانە نییە كە بە خەیاڵی ئینساندا دێن، بەڵكو بەرپرسیارێتیە‌كی ئەخلاقیە، لەوەش واوەتر حیساباتێكی عەقڵیە كە رەخنەگر دەبێ بیكات بەوەی قسەكانی دەچێتە گیرفانی كێوە!. ئەوانەی نزیك بوون لە گۆڕان و هەندێك لەوانەش كە تائێستا نزیكن و بێڕەحمانە گۆڕان دەكوتن، حەق وایە بایی ئەوە هۆشیارییە سیاسیەكەیان ئاراستەیان بكات كە خۆیان لەو رەخنانە هیچ شتێك ناچننەوە، بەڵام كەسانێكی تر، میری جەنگی تر، مافیای سیاسەت و بازرگانی سیاسی تر كە هەرگیز ئازادی و دادپەروەری، كۆمەڵگایەكی پڕ ئاسایش و خۆشگوزەران، حكومەتێكی رەشید نە خەونی ئەوانە و نە لە قازانجی ئەوانیشە سوودمەند دەبن لێی.

ئەوانەی پێیانوایە بە شكاندن و خستنی گۆڕان خۆیان بەهێز دەبن دەبوو بزانن بە حوكمی چەندان فاكتەر لە ئێستادا جوهدو ماندووبوون و پاشقول و تەون و دەسیسەكانیان هەرهەمووی لەلایەن كەسانێكەوە دەمژرێت كە یان بەهۆی بارودۆخی سیاسی فەوازی كوردستانەوە بوون بە خاوەنی چەك و چەكدارو هێزی ئەمنیی سەركوتكەر، یان بەهۆی گەندەڵی و گۆمی لیخنی ئابوورییەوە بوون بە خاوەن میدیاو پارەی پیس.

بەڕاست ئەو شەڕە بۆ كێ دەكەن؟ گۆڕان هێزێك نییە بە تەنیا بۆ ئەوە دروست بووبێ هەر ئۆپۆزسیۆنبێ. هەموو هێزێكی سیاسی دەبێ خەون بە چوونە دەسەڵاتەوە ببینێت بۆ ئەوەی ئایدیاو ئەجێندای خۆی لە حكومەتدا بخاتە بواری پراكتیكەوە.

گۆڕان تاكو ئۆپۆزسیۆن بوو تا ئەوپەڕی لەگەڵ بیروباوەڕی خۆی رۆیشت‌و راستگۆو پێداگر بوو، تەنانەت گوشاری هەرێمیی و نێودەوڵەتیش نەیتوانی شتێكی پێبكەن كە خۆی نایەوێت. ئێستاش بە فۆرم و ئامرازی تر كە ئیشكردنە لەناو دامودەزگاكان و گۆڕینی هێواش و وردە وردەی كاركردنی دەزگاكان و شێوازی حوكمڕانیە درێژە بە كاروانی خۆی دەدات.
دنیا شەوو ڕۆژێك نییە، لە ئایندەدا هەموومان یەكتر دەبینینەوەو دەزانین كێ لەسەر بیروباوەڕی خۆی دەمێنێتەوەو كێش رێگای تر دەگرێت!