dr.isma3il-namiq.jpg

دەنگدانى ئاشکرا وچارەنووسى نادیار

Mar 13, 2019  |   بیروڕا 

د.ئيسماعيل نامق

 

لەخاڵى ( پێنج بڕگەى یەکى ماددەى چوارى ) پرۆژە یاساى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان- عێراق و هەموارى شێوازى هەڵبژاردنى سەرۆک تاپەسەندکردنى دەستوردا هاتووە: ” سەرۆکى هەرێم لەدەنگدانێکى ئاشکراو بەدەنگى زۆرینەى رەهاى ئەندامانى پەرلەمان، لەماوەى ( 3 ) سێ رۆژ لەرۆژى دەرکردنى بڕیارى بنبڕ لەسەر تانەکان هەڵدەبژێردرێت”. ئەم دەقە دەقێکى زۆر نامۆیە، باوەڕناکەم هاوشێوەى لەهیچ دەستور ویاسایەکى دیموکراسى وهاوچەرخدا بوونى هەبێت، لەبەرئەوەى:
1) دەنگدانى ئاشکرا بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم، ئەوەندەى بەیعەت پێدانە هەڵبژاردن نیە. رەنگە بووترێت خۆ سەرۆکى حکومەت بەدەنگدانى ئاشکرا دادەنرێت، ئەمە راستە، بەڵام دانانى سەرۆکى حکومەت متمانە پێدانە نەک هەڵبژاردن، وە تەنها یەک کەسیش دەستنیشان دەکرێت وەکو کاندید، کەواتە نە فرەکاندیدى هەیە، نەدروستیشە هەبێت.

2) دەنگدانى ئاشکرا پێچەوانەى رێکەوتننامە وپەیماننامە نێودەوڵەتیەکانى تایبەت بەمافە شارستانى ورامیاریەکانە، کەجەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە پێویسە دەنگدان بەنهێنى بێت.

3) دەنگدانى ئاشکرا پێچەوانەى بنەما سەرەکیەکانى هەڵبژاردنى دروست وپاک وبێگەردە.
پاشان ئەگەر ژمارەیەکى زۆرى کاندید لەململانێدا بوون بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى هەرێم، ئایا پەرلەمان چۆن یەکلاییان دەکاتەوە؟ ئایا دەنگدان لەسەر کاندیدەکان چۆن بەڕێوە دەچێت؟ بەکارتى دەنگدان یان بەدەستهەڵبڕین؟ ئایا سەرۆکى پەرلەمان یەک یەک بانگى کاندیدەکان دەکات وبەپەرلەمانتاران دەڵێت کێ ئەمەى بەدڵە ببێت بەسەرۆکى هەرێم؟!! یان بەیەکەوە بانگى هەموو کاندیدەکان دەکات وبەپەرلەمانتاران دەڵێت بۆ خۆتان هەڵبژێرن؟!! یاخود لەکارتى دەنگدان ناوى پەرلەمانتار دەنوسرێت وئەمیش لەسەر کارتەکە ناوى کاندیدێک دەنوسێ؟!!
 
ئەم شێوازەى هەڵبژاردن بۆ دانانى سەرۆکى هەرێم سەرەڕاى ئەوەى شێوازێکى زۆر نامۆو نامەعقولە، با لەپەرلەمانیشەوە بێت، لەهەمان کاتدا رادەى مەترسیەکەى هیچى کەمتر نیە لەهەڵبژاردنى سەرۆک لەناو خەڵکەوە، چونکە:
 
1) هەلى فرەکاندیدى ناڕەخسێنێت، یان راستتر بڵێین رێگر دەبێت لەوەى زیاتر لەیەک کاندید ململانێ لەسەر پۆستى سەرۆکى هەرێم بکەن.
2) هەلى هاوپەیمانى لەنێوان پارتە سیاسیەکاندا کەمدەکاتەوە، بۆ دانانى کاندیدى هاوبەش، بەتایبەتى کە لەکوردستاندا دوو پارتى سیاسی خاوەنى دارایى زەبەلاحن ودەزگاى سەربازى وئاسایشى وهەواڵگرى وجۆرەها ئامرازى ترى ترساندن وتۆقاندن وکاریگەرى دروستکردنیان هەیە، رەنگە هەموو ئەندامێکى پەرلەمان لەتوانایدا نەبێت روبەڕوى هەموو ئەو ئامرازانە رابوەستێت.
3) کێشەو ناکۆکى لەنێوان پەرلەمان وسەرۆکى هەرێمدا دروستدەکات، بەتایبەتى لەبارێکدا ئەگەر سەرۆک ئەو دەنگە نەهێنێت کەخۆى دەیەوێت، سەرۆک لەڕێگەى دەسەڵاتە زۆرو زەوەندەکانیەوە دەتوانێت کێشە بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دروست بکات کە دەنگیان پێنەداوە.
بەهۆى هەموو ئەو خراپیانەو چەندانى تریش، دەنگدانى ئاشکرا شێوازێکى بێکەڵکەو نابێت رێگە بدرێت بهێنرێتە نێو یاساکانى هەرێمى کوردستانەوە. خۆ ئەگەر ئەم شێوازە بکرێت بەیاسا وتاپەسەندکردنى دەستور سەرۆکى هەرێم بەم شێوازە هەڵبژێردرێت، وەکو لەپرۆژە یاساکەدا هاتووە، ئەوا زۆر بەکورتى سپاردنى پرسى سەرۆکایەتى هەرێمە بەداهاتوویەکى نادیار وچارەنوسێکى مەترسیدار.