umed-hemeali.jpg

بەیعەتدانەوە بە سوڵتان

Mar 9, 2019  |   بیروڕا 

ئومێد حەمەعەلی

 

ئەمرۆ لە پەرلەمانی کوردستان سێ هێزی پارتی, یەکێتی و گۆڕان دەنگیان بۆ پەسەندکردنی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمدا. ئەمە بۆ پارتی جێبەجێکردنی ئەجیندا سیاسییەکانیی و چەسپاندنی ئەو ئەقڵییەتە سیاسییە سوڵتانی و دیکتاتۆرییەیەتی, کە هەموو توانا سیاسی, ماددی و جاسوسی و دامەزراوەییەکانی خۆیی خستۆتە خزمەتی چەسپاندنیانەوە; بۆ یەکێتی درێژەدانە بەو خزمەتە چەند ساڵەییەی لە دوو دەیەی ڕابردودا بە خواستە سیاسی و بنەماڵەییەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی کردویەتی. بەڵام بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەداخەوە هەڵەیەکی ستراتیژی خەتەرناکە, کە لەلایەکەوە چەسپاندنی قووڵتری بنەماکانی سیستەمی بە بنەماڵەیی و بە خێزانیکردنی کۆی فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستانە و, لەلایەکی ترەوە, لێدانێکی کاریگەر و کوشندەیە لەو بەشە ناڕازییە دیموکراتیخوازەی کۆمەڵگەی کوردستان, کە بەردەوام ویستویەتی پایەکانی دەسەڵاتی سوڵتان و سەرۆکە گەندەڵ و خۆسەپێنەکان بلەرزێنێت. لەراستیدا ئەمەی ڕوویدا قوڵکردنەوەی نائومێدی سیاسییە بەجۆرێک هێزێکی ڕاستگۆ و کاریگەر نامێنێتەوە, کە نوێنەرایەتی جیهانبینی و بیرێکی سیاسی دیموکراتیی جیاواز بکات.
بەباشی لەوە تێدەگەم, هەموو هێزەکان دونیایەک پاساو بۆ ئەم هەڵوێستانەیان ڕیزدەکەن و ڕێککەوتنیان و بەڕیوەبردنی حکومەت و وەرگرتنی پۆست و چاکسازی بەشێکی ئەو بیانووانەن. ئەمانە لەکاتیکدا پاساو و بیانووی گرینگ دەبن, کە لەبەرانبەردا پایەکانی فەرمانڕەواییەکی دیموکراتی و دادپەروەر نەکرێتە قوربانی. ئەو پاساوانە گرینگ دەبوون, ئەگەر لەبەرانبەردا حوکمی بنەماڵەیی و تەمەنی سوڵتانە سیاسییەکان قایمتر و درێژتر نەکرایەتەوە.
ئەوەی ئەمرۆ ڕوویدا منی سەرسامنەکردووە, چونکە ئەو تەوژمەی بە بنەماڵەییکردن و بە خێزانیکردنی حیزبەکان و تەسلیمبوون بە نەخۆشی تەوریسی سیاسی لە زۆربەی هێزەکاندا, هەر دەتوانێ وەها ئەنجامێک بەدەست بهینێت. بۆیە کۆمەڵگەی ئێمە پێش ئەوەی پێویستی بە حیزبی تازەبێت, پێویستی بە ڕوانین و جیهانبینی تازە هەیە, کە ئیشی ڕاستەقینەی هەڵتەکاندنی ئەو ئەقڵە لاواز و تەسلیمبووە بێت, کە پاش ململانییەکی کاتی لەگەڵ سیستەمی سوڵتانە گەندەڵەکاندا, تەسلیمدەبێ و چۆکدادەدات.