serdar-aziz.jpg

پەرلەمان چیە؟

Mar 20, 2019  |   بیروڕا 

سەردار عەزیز

 

پەرلەمان لە کوردستان دەزگایەکی نوێیە. لە ڕوی قۆناغبەندیەوە دەزگایەکی پاش جەنگی ساردە. بەبێ تێگەیشتن لەم قۆناغبەندیە ئەستەمە ڕۆڵ و پێگەی ئەم دەزگایە بزانرێت. سەرەتا دەبێت ئاماژە بەئەوە بدەم کە قسەی زۆر لە سەر پەرلەمان دەکرێت لە کوردستان. ئەم قسەکردنە دەکرێت بە باش لە قەڵەم بدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر لە دیدی فەلسەفیەوە بیبینین بە پێچەوانەوە نێگەتیفە. لێرەدا ئاماژە بە هایدگەر و هەنا ئارێنت دەدەم لەم ڕوەوە. لای هایدگەر ڕوناکی زۆر دەبێتە هۆکاری نەبینین. بەڵام لای ئارێنت زۆر قسەکردن لە سەر دیاردەیەک دەبێت هۆکاری تاریکبون یان نەبینینی باشی ئەم دیاردەیە. ئەمە لە کوردستان رودەدات لە ئاست زۆر دیاریدەدا، هەروەها پەرلەمانیش. بەگشتی وەها دەردەکەوێت کە لە نێو خەڵکدا خواستێکی گشتی هەیە بۆ دەسەڵاتی زۆری پەرلەمان، لە هەمانکاتدا بەرگرییەک هەیە بۆ ئەم خواستە لە لایەن نوخبەی سیاسیەوە. ئەم ململانێیە هێشتا لە ئاستی فیکریدا بەرجەستە نەبوە، لە بەر بێئاگایی لە چیەتی و چۆنێتی پەرلەمان، چ لە ڕوی فیکری، مێژوویی، یان ناوچەییەوە.
گەر بمانەوێت قسە لە سەر پەرلەمان بکەین لە کوردستان، وەک من نیازم هەیە لە فۆرمی کتێبێکدا ئەو کارە بکەم، ئەوا دەبێت لە چەمک و سروشت، مێژوو و ڕۆڵ و تایبەتمەندی شوێنی و مێژویی بکەین. هەروەها باس لە ئەوە بکەین لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ناوچەیی و جیهانیدا چ دۆخێک لە ئارادایە.

پەرلەمان بە فەرەنسی کۆن یانی قسەکردن. ئەم خەسڵەتە ئێجگار گرنگە. ئەگەر لە زمانی فەرەنسیەوە چەمکەکە وەردەگرین ئەوا دەبێت خێرا بگوێزینەوە بۆ وڵاتێکی تر کە بەریتانیایە بۆ ئەوەی لە ڕەگ و مێژوی تێبگەین. لە بەریتانیا، وەک وڵاتێکی لیبرال لە چەندین سەدەی ڕابوردودا، ئەم دەزگایە هەمیشە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوە لە داڕشتنی سیاسەت. دەکرێت وێستمینیستەر بە وڵاتی پەرلەمان، یان بە مۆدێلی زاڵ دابنرێت. باج ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە هاتنە ئارای ئەم دەزگایە، هەروەها ئەوانی تریش وەهای دەبینن کە ناوەندێکە بۆ دەستەمۆکردنی هێزەکانی کۆمەڵگا، پەرلەمان وەک ئینیستیتۆکانی تر، بۆ نمونە یاریگا، قوتابخانە، سەربازگە، هەموو ڕۆڵی دیسیپلینکردن دەبینن. بەڵام لە هەمانکاتدا بەمانای فراوانکردنی پانتایی بڕیار و حوکمداری، دانپیانان بە بونی جیاواز لە کۆمەڵگادا. بەڵام لە سەروی هەمویەوە دەبێتە ناوەندێک کە جیاوازەکان لە ڕێگای دیبەت و ئارگومێنتەوە ململانێ دەکەن.
ئەمە هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی لە ئاستی فیکریدا قسەی لە سەر بکەین. بۆ من پەرلەمان سێیەم بژاردەیە لە نێوان شۆرش و جەنگی ناوخۆدا. ئێدمۆند بێرک کە باس لە شۆرشی فەرەنسی دەکات، ئارگومێنتی ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە ئەگەر لە فەرەنسا پرلەمانێکی کارا هەبوایە ئەوا شۆڕش روینەئەدا. لە هەمانکادا پەرلەمان گەر کارابێت ئەوا کۆمەڵگا لە شەڕی ناوخۆ دەپارێزێت. ئەمە تەنها ووتنی ئاسانە. بەڵام لە ڕوی کردارییەوە دەبێت وەرچەرخان ڕوبدات لە پەنابردن بۆ هێز لەمیانەی ململانێی گروپە کۆمەڵایەتیەکاندا. ئەمە ناچارمان دەکات بچین بۆ دوو بواری ئاڵۆز، یەکەم، پەیوەندی حکومەت و توندوتیژی، دووەم، چۆنێتی ڕێکخستنی هێزی چەکدار لەمیانەی سیستەمی دیموکراسیدا. یەکەمیان پیویستمان بە کارکردنە لە سەر ماکس ڤیبەر، دووەم، کارکردن لە سەر بوارێکی ئێجگار نامۆ بۆ کۆمەڵگای کوردی، کە لە هەنتنگتۆنەوە دەست پێدەکات، کە لە ساڵی ١٩٥٩ کتێبی سەربازی پرۆفیشیناڵ دەنوسێت، پاشان کەسانی پیتەر فیڤەر و ئەوانیتر.

پاش دابینکردنی ئەم پاشخانە فرە ئاستە، ئەگەر بمانەوێت قسە لە سەر پەرلەمانی کورستان بکەین ئەوا دەبێت بپرسین بۆچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگە دەدات یان تەنانەت هانی نوخبەی کوردی دەدات کە لە پاش ڕاپەڕین پەرلەمان پێکبهێنن. ئەمە لە کتێبی دیدارەکانی جەلال تاڵەبانیدا ڕونە. دوو چەمک لێرەدا گرنگە دیموکراتیزەیشن یان بە دیموکراسیکردن، پاشان چۆنێتی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە. لێرەدا بوار نیە باس لە جەنگی سارد و خەسڵەتەکانی بکەم. بەڵام دیموکراتیزەیشن وەک پرۆسەیەک، لای هەندێک وەک ئایدەلۆژیایەک، بو بۆ تیمای سەرەکی هێزی براوەی جەنگی سارد کە ئەمریکا بوو. (دیارە ئەم دۆخە ئێجگار ئاڵۆزە، کە خۆی لە کۆتایی مێژوو و بە ئەمریکاییکردنی دونیاو پەنابردن بۆ هێز بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم ئامانجانە خۆی دەبینێتەوە).
بەڵام دیموکراتیزەیشن پرۆسەیەکی دەستوبرد نیە، بەڵکو درێژ و ئاڵۆز و پشێوە. هەنگاوی سەرەتا، گەر لە جێگاکانی تر بنواڕین دروستکردنی ناوەند یان دەزگایەکە کە پانتایی بخولقێنێت بۆ دروستبونی هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بە دەزگایی بونیان. لێرەوە پەرلەمان سەرهەڵئەدات. بەم پێیە لە جێگایەکی وەک کوردستان لە قۆناغی پاش جەنگی سارد، کە ڕاستەوخۆ بەشێک نیە لە کامپی ململانێکەری جەنگی سارد بەڵام هاوشێوەیە، ئەوا دەتوانین بڵێین هاوشێوەی ئەوەی کە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات بەڕێوەچوو، لێرەدا هەمان پرۆژە هەوڵی ئەنجامدانی درا.
پەرلەمان لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی زەمینە ڕەخسێنەر دەبینێت وەک دروستکەری بنەماکانی پۆلیتی یان سیستەمی حوکم. لێکۆڵەرەوەیەکی وەک ولفگانگ مێرکڵ ناوی دەنێت polity first .
پاش ئەم قۆناغە کە دەکرێت بە قۆناغی گواستنەوە ناوببرێت، قۆناغی چەسپاندن دێت. لە قۆناغی گواستنەوەدا ململانێ هەیە لە نێوان بەها کۆن و نوێکاندا. ئەمە هەروەها بە مۆدێرنە و تەقلیدیش ناودەبرێت. بەڵام قۆناغی چەسپاندن زیاتر کەلتورییە. بەو پێیە کۆمەڵگا و بواری مەدەنی دێتە ئاراوە. ئەوەی گرنگە کە لێی بە ئاگابین کە ئەم قۆناغانە بەدوای یەکدا نایەن، رەنگە کۆمەڵگا لە قۆناغێکدا بچەقێت. گرنگە کە ئەم پرۆسەی قۆناغ بەندیە وەک مارکسیەکان نەبینین کە لای ئەوان زیاتر پرۆسەیەکی میکانیکیە.
ئایا لە پاش جەنگی سارد، پەرلەمانی کوردستان بە ئاگابوو لە ئەو ژینگە نێودەوڵەتیەیی کە تیایدا لە دایک بوو، ئایا بە ئاگایە لە پرس و پەیامەکانی سەردەمەکە، ئایا دەزانێت کە دەتوانێت چی بە دەست بهێنێت و چی سنوردارە. دیارە نەخێر. کێشە لە پرۆسەی ئاراستەکردنی سیاسەت لە دونیادا ئەوەیە کە هەرگیز بە ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە نیە، بەڵکو ئەکتەرەکان دەخرێنە پرۆسەوە، بە پاڵنەری جیاواز بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی جیاواز، بەبێ ئاگایی تەواوی ئەکتەرەکە خۆی. بەڵام قەیرانی سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە خۆمان پرۆژەمان نیە، هەتا بتوانین بۆ فەراهەم بونی پرۆسەمان هەبێت.