D.XAMOSH.jpg

بایکۆتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان….

Oct 2, 2018  |   بیروڕا 

د.خامۆش عومەر عەبدوڵا

 

دوای دەرکەوتنی هەندێک ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی (30/9/2018)، بەشێک لەلایەنە بەشداربوەکانی پڕۆسەکە، بە فەرمی و نافەرمی باس لە بایکۆتکردنی ئەو خولەی پەرلەمان دەکەن.
لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار دێتە پێشەوە، لە ئێستادا کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان هیچ ئەنجامێکی ڕانەگەیاندوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی بایکۆت دەکات؟ پەرلەمانی داهاتوو کورسیە بەتاڵەکان پڕدەکاتەوە یاخود نا؟ چارەنوسی کاندیدە سەرکەوتوەکان چی دەبێت؟
چوارچێوەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، یاسایی ژمارە (4)ی ساڵی (2014)ەیە، بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە ماددەی دووەمی ئەو یاسایەدا کۆمسیۆن تاکە دەسەڵاتە کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردن و ڕاپرسیە گشتیەکان ئەنجام دەدا، لە ئێستاشدا دەبێت کۆمسیۆن بەردەوام بێت لە ڕاپەڕاندنی کارەکانی و، لەهەمان کاتیشدا هەموو دەنگە درووستەکان (بەدەنگی لایەنە بایکۆتەکانیشەوە) ئەژمار بکات و، دابەشی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی بکات (بەبێ ژمارەی کورسی کۆتا واتە دابەشی ژمارە (100) دەکرێت) بۆ دیاریکردنی تێکڕای هەڵبژاردن.
ئینجا ژمارە دروستەکانی هەر قەوارەیەک دابەشی تێکڕای هەڵبژاردن بکات و، ژمارەی کورسیەکانی بۆ دیاری بکات. پێویستە بە گوێرەی بڕگەی (نۆیەم) لە ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە ماوەی (72) حەفتاو دوو کاتژمێر تێپەڕنەکات ڕابگەیەنێت. دواتر بەگوێرەی خاڵی (6)ی ماددە شەشەمی یاسای ژمارە (4) ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنێت، دوای پەسندکردنی لەلایەن دادگای پێداچونەوەی هەرێمەوە.
بەگوێرەی خاڵی (4)ی ماددەی شەشەم، دەکرێت تانە لە هەڵبژاردن بگیرێت لە بەردەم ئەنجومەنی کۆمسیاران، بڕیارەکانی ئەنجومەنیش دەتوانێت تانەی لێ بگیرێت لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری لە دادگای پێداچونەوەی هەرێم.
کەواتە کۆمسیۆن دەسەڵاتی ئەوەی نیە مەسەلەی بایکۆتی لایەنەکان بخزێنێتە نێو ڕێکارەکانیەوە، بەڵکو لەسەریەتی بەبێ گوێدانە بایکۆتی لایەنەکان بەردەوام بێت لە ڕاپەڕاندنی کارەکانی مەسەلەی بایکۆت دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەنێوبازنەی دەسەڵاتەکانی کۆمسیۆن دەردەچێت و، دەچێتە نێودەسەڵاتەکانی پەرلەمان.
ئەی پەرلەمان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەکات؟ بەگوێرەی ماددە چل و شەشەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان- عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو “پەرلەمان دانیشتنی یەکەمی دەبەستێ لە میانەی دە ڕۆژی پاش دەرچوونی مەرسومی هەرێم بۆ بانگهێشت و کۆبونەوەی، بەڵام ئەگەر بانگهێشت نەکرا، ئەوا، لەیەکەم ڕۆژی پاش کۆتایی هاتنی ماوەی ناوبراو، لەخۆیەوە کۆدەبێتەوە”.
بەگوێرەی یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2018 “یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان- عێراق) بڕگەی (یەکەم) ماددەی (2) کارکردن بە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێم ژمارە (2)ی ساڵی 2017 بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی بڕگەی چوارەمی ماددەی یەکەم یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2017 (یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێم)، ئەو دەسەڵاتە (واتە دەسەڵاتی بانگهێشتکردنی پەرلەمان بۆ کۆبونەوە) لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دەبێت.
بەگوێرەی بڕگەی سێیەم لە ماددە شەست و یەکەمی یاسای هەڵبژاردن “لەحاڵەتی سوێندنەخواردنی پاڵێوراوی هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمان لە ماوەی (90) ڕۆژ لە مێژووی ناوبراو مافی ئەندامیەتی نامێنێ و، پاڵێوراوێکی دیکە بە پێی یاسا شوێنی دەگرێتەوە”، مێژووی ناوبراو مەبەستی یەکەم دانیشتی پەرلەمانە. بەمەش سیفەتی پەرلەمانتاری نابێت.
بەگوێرەی بڕگە (دووەم) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی 2018 “ئەگەر کاندیدی هەڵبژێردراو، بەبێ پاساوی ڕەوا، لە دانیشتنی یەکەمەوە، بۆ ماوەی (30) سی ڕۆژ (سوێند خواردنەکەی ئەنجام نەدا، مافی سوێندخواردنی یاسایی نامێنێت”.
ئەو دوو دەقە لە ڕوو ماوەی زەمەنەیەوە لە یەکتری جیاوازن، چونکە یاسای هەڵبژاردن ماوەی (90) ڕۆژی دیاری کردووە، کەچی پەیڕەوی ناوخۆ ماوەی (30) ڕۆژی دیاری کردووە، لێرەشدا کار بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت (واتە 90 ڕۆژەکە) چونکە پلەی یاسا بەرزترە لەپلەی پەیڕەو، جگە لەوەش پەیڕەوی ناوخۆ لە بنەڕەتدا بە پشت بەستن بە حوکمی بڕگە (8) لە ماددە (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بۆیە نابێت ناکۆک بێت لەگەڵی.
لە بڕگەی یەکەمی ماددەی شەست و یەکەم هاتووە: “ئەگەر کورسیە بەتاڵەکە هی لیستێک بوو کە پاڵێوراوی نەمابێ، ئەوا کورسیەکە بۆ پاڵێوراوێکی دیکە لە قەوارەیەکی سیاسی دیکە تەرخان دەکرێ کە کەمترین ڕادەی ژمارەی ئەو دەنگانەی بەدەست هێناوە کە بۆ پڕکردنەوەی کورسیەک پێویستە و بە پێچەوانەش کورسیەکە بە بەتاڵی دەمێنێتەوە”، ئەو دەقە یاساییە پێچەوانەی ویست و خواستی دەنگدەرە، چونکە یاسادانەر ڕێگەی بەوە داوە کورسی بەتاڵی لیستێک بدرێت بە پاڵێوراوێکی دیکە لە قەوارەیەکی سیاسی تر، لە کاتێکدا دەنگدەران دەنگیان بە کاندیدێک داوە کەچی یاسادانەر دەنگەکان بۆ بەرژەوەندی کاندیدی قەوارەیەکی تر ئەژمار دەکات.
کەواتە لە ئێستادا ئەگەر کورسیەکە بەتاڵ بوو ئەوا بە کاندیدی لیستێکی تر پڕ دەکرێتەوە، ئەگەر ئەمە نەبوو –کە ئەمە ئەگەرێکی دوورە چونکە کاندیدی سەرنەکەوتوو لەهەموو لایەنەکان بوونی هەیە- ئینجا کورسیەکە بە بەتاڵی دەمێنێتەوە. کاندیدە سەرکەوتوەکانیش بەهۆی سوێند نەخواردنیان سیفەتی پەرلەمانتاریان نابێت.