hewraman-wrya-qani3.jpg

پەرلەمانتارو نەبوونی ئیمێڵ

Aug 31, 2019  |   بیروڕا 

هەورامان وریا قانیع

 

ئەم بەیانییە لە ڕێگەی ماڵپەڕی پەرلەمانەوە www.parliament.krd، هەوڵمدا ئەو بابەتەی لەسەر یەکێک لە مەلزمە هەرە خراپەکان نووسیومە و لە رۆژنامەی هاوڵاتی، رۆژی چوارشەمە بەرواری ٢١-٨ -٢٠١٩ لە هەردوو لاپەڕەی ١٢ ، ١٣ بڵاوکراوەتەوە، بگەیەنمەى دەست لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان. بەو هیوایەی ئەم لیژنەیەی پەروەردە، ئاگادار بکەمەوە لەو کارەساتە گەوەرەیەی لە دووتوێی ئەم مەلزەمەیەدا هەیە. تاکو بتوانن کاری لەسەر بکەن و بە یاسا، ڕێگە لە دروستکردنی مەلزەمە بگرن کە بووەتە دیاردەیەکی بازرگانی ڕووت و هەندێک لە مەلزەمەکان بە تەغار هەڵەیان تێدایە. مادام وەزاڕِەتی پەروەردە ساڵانە هەزاران کتێب بە بڕی مەلاین دۆلار چاپ و دابەشدەکات، ئیدی نابێت و ناکرێت خوێندکار لەسەر گیرفانی خۆی مەلزەمەی پڕ هەڵە بکڕێت، مەلزەمەیەک زەرەرو زیانی هێجگار زۆرترە لە سودو قازانج بۆ خوێندکارەکە.

بەڵام لەم سەردانەمدا بۆ ماڵپەڕەکەی پەرلەمان، سەبارەت بە ئیمێڵی پەرلەمانتاران، نەک ١١ ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە، بە سەرۆک و جێگیرەکەشیەوە ئیمێڵیان نەبوو، بگرە شتی زۆر سەیرو سەمەرەم بینی کە لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێدەدەم:

1-لە 45 پەرلەمانتارەکەی پارتی، تەنها لیزا فەلەکەدین ئیمێڵی هەیە. ئەو 44 پەرلەمانتارەکەی دیکە؛ بە هێمن هەورامی و ئومێد خۆشناویشەوە، ئیمێڵیان نییە، یان لانی کەم ئیمێڵی خۆیان نەنووسیوە.

2- هەر 21 پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، ئێمێڵیان نییە. بە رێواز فایەق-ی سەرۆکی پەرلەمانەوە. تەنها پەرلەمانتارێکیان بەناوی شنۆ ئەشقی لەو جێگایەی نووسراوە ئیمێڵ، ئەمەی نووسیوە: shno ashqi، ئیدی نەینووسیوە ئایا ئەم ئیمێڵە لە یاهوە یان جیمەیڵە یان هۆتمێڵە یاخود چییە.

3-هەر 12 پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، ئیمێڵیان نییە. ئەوەی لێرەدا سەرنجی ڕاکێشام، ئەوەیە پەرلەمانتار دابان محەمەد لە شوێنی ئیمێڵ نووسیویەتی: daiban mohamad ئیدی هیچی دیکەی نەنووسیوە. لە هەمان کاتدا پەرلەمانتار شاخەوان ڕەوف لە شوێنی ئیمێڵ نووسیویەتی: daiban mohamad، واتە هەمان ناونیشانە ناتەواوەکەی پەرلەمانتار دابان محەمەدی نووسیوەتەوە. کەواتە بە دوو پەرلەمانتاری گۆڕان نیوە ئیمێڵێکیان هەیە. کاتێک دەچیتە سەر ناوی پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، ئەوە هەر ناکرێتەوە.

4-لە 7 پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵێ ئیسلامی، پێنجیان ئیمێڵی تەواوەتی خۆیان داناوە و تەنها دوو پەرلەمانتاریان ئیمێڵیان نییە کە بریتین لە: سۆران عومەرو عوسمان عەلی.

5-لە 8 پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ، تەنها سێ پەرلەمانتاریان ئیمێڵیان بە تەواوی هەیە و پێنجەکەی دیکەیان ئیمێڵیان نییە کە بریتین لە :دیار ئەنوەر، شادی نەوزاد، مژدە محمود، مەم بورهان، کاوە عبدالقادر.

6-لە 5 پەرلەمانتارەکەی یەکگرتووی ئیسلامی، کەسیان ئیمێڵی نییە، بە ئەبوبەکر هەڵەدنی و شێرکۆ جەودەت-یشەوە.

نەبوونی ئیمێڵ بە مانایەک لە ماناکان، واتە نەبوونی پەیوەندی لە نێوان هاوڵاتی و پەرلەمانتار. ئەگەر هاوڵاتی پەیامێک یان سکاڵایەک یا نووسینێکی لەسەر بابەتێکی دیارییکراو هەبێت و بیەوێت بیگەیەنێت بە پەرلەمانتارێکی دیاریکراو، ئەوا ئیمێڵ باشترین ئامرازە بۆ ئەو مەبەستە. بەڵام وەک دەبینین بەشی هەرە زۆری پەرلەمانتارەکانی کوردستان، ئەو ئامرازە گرنگەی پەیوەنیدکردنیان نییە