هێمن ئهسكهندهر
ئێستا کە ھەرێمی کوردستان خەریکی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە بۆ خولێکی تری پەرلەمانی و نوێکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان و دامەزراندنی کابینەیەکی تری حکومەت لەھەناوی ئەم دەسەڵاتە، دەبینین ھەڵەکان دووبارە دەکرێنەوە و زیاتر لە سیستمی پەرلەمانی دووردەکەوینەوە، ئەوەش بەتێڕامان لە لیستی پەسندکراوی کاندیدانی قەوارە سیاسییەکان، کە کەمترین بڕیاربەدەستی حزبی و سەرکردە سیاسییە گەورەکانی تێدایە و زۆرترین کاندیدەکان لە کەسایەتی و کەوادری ناوەندی حزبەکانەوە پێکھاتوون، سەرۆک و مەکتەب سیاسی و کاریزماکامی حزبەکان لەدەرەوەی گەمەی پەرلەمانی ماونەتەوە، جگە لە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ، کەخۆی سەرۆکایەتی لیستەکەی دەکات دەنا لیستەکانی تر کەسی یەکەم و سەفی یەکەمی سەرکردەکانیان نابینرێ، بەمەش ھەمان ھەڵەی خوولی ڕابردووی پەرلەمانی دووبارە دەبێتەوە کە بۆ پرسە چارەنووسسازەکان دیسانەوە پەرلەمان نابێتەوە مەرجەع و شەڕی سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان یەکلادەکرێتەوە و مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی حزبەکان لە ھوتیل و ھۆڵ و ژوورەکانی دەرەوەی پەرلەمان کۆدەبنەوە و بریار دەدەن و پەرلەمانتارەکانیان ناچاردەکرێن ھەڵگری ئەو بڕیارانە بن بۆ کۆبوونەوەکان و ئەگەریش لاملی بکەن لە یاسای ھەمواری تازەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەوە حزب لە پەرلەمانتاری دووری دەخاتەوە و کەسیکی تر دەخاتە شوێنی.
لەسیستەمە پەرلەمانییە بەھێزەکان، سەرۆک و سەرکردەی پارتەکان خۆیان دەچنە پەرلەمان و کابینەی حکومەت، بەڵام لێرە ئەوان خۆیان بەگەورەتر لە پەرلەمان و حکومەت دەبینن و دەزانن، بۆیە کار وابڕوا حکومەتی داھاتوو زاڵتر دەبێ بەسەر پەرلەمان، چونکە بەسەیرکردنی کاندیدەکان تەنانەت لەدەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبەکان بوونیان نابێ، ئەمە لەکاتێکدایە ڕەنگە سەرۆکی حکومەت و جێگر و وەزیرەکان لە مەکتەب سیاسییەکان بن، بۆیە سەرکردایەتییەک یان کادیرێکی ناوەندی ناتوانێت بەرۆکی مەکتەب سیاسییەک بگرێ بۆ لێپرسینەوە، ھەروەھا پەرلەمان و کابینەی داھاتووی حکومەت لە ھی ئێستا لاوازتر و ملکەچترە دەبێ بۆ حزبەکان، ئەمە ئەگەر رەخنە بێ لە ھەموو حزبەکان کە لەگەڵ دروشمەکانیان ھاوتا نارۆن ، ئەوە رخنەکە زیاتر و زۆرتر روو لە چوار لایەنە ناڕازییەکەیە کە ھەمان ھەڵەی پارتی و یەکێتی دوبارە دەکەنەوە