abdulla-rishawi.jpg

ئایا دواخستنی هەڵبژاردن كوفرە؟

Aug 29, 2018  |   بیروڕا 
عەبدوڵڵا رێشاوی

٢٠١٨/٨/٢٩

بەپێچەوانەی خولەكانی پێشووەوە كە زۆرینە داوای هەڵبژاردنیان دەكرد و بەشدارییان دەكرد، ئەمجارە كەمینەیەكی كەم حەزیان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەی 30/9 یە.
رەوش و بارودۆخی گشتیی شەقام بەشێوەیەكە ئێستا حەزی بە هەڵبژاردن نییە، هەروەك چۆن ئەو دۆخە گشتییە لە 25ی ئەیلولی 2017 حەزی بە ریفراندۆم نەبوو لە كاتێكدا ئەو ریفراندۆمە پەیوەست بوو بە خواستێكی لەمێژینە و سیاسی خەڵكی كوردستانەوە، بەڵام ئیدی چونكە لە بارودۆخێكی نەخوازراودا كرا، رێژەی بەشداری بەو شێوەیە نەبوو كە دەبوو ببێت. ئەمە جگە لە بوونی دەنگی نەخێر كە ئەگەر ئەو نەخێرە نەبووایە، بەشدارییەكە كەمتریش دەبوو.نموونەم بە ریفراندۆم بۆیە هێنایەوە تا لەوە تێبگەین بارودۆخ و هۆكارەكان چەند كاریگەرییان لەسەر بەشداریی خەڵك هەیە لە پرۆسە دیموكراتییەكاندا كە بێگومان چ بۆ هەڵبژاردنی 12/5 و چ بۆ هەڵبژاردنە ئەگەر و نەگەرەكەی 30ی ئەیلولی داهاتووش هۆكارگەلێكی زۆر هەن كەوا لە خەڵك دەكەن بەشدارییان لە هەڵبژاردندا كەم بێت.

 

لە چەند ژمارەی پێشووی (رووداو)دا قسەم لەسەر هەندێك لەو هۆكارانە كردووە، بۆیە لەم نووسینەدا تەنیا باس لەوە دەكەم ئایا كوفرێكی دیموكراسییە ئەگەر هەڵبژاردن بەهۆكاری بابەتی و بە ڕێوشوێنی ئوسوڵی پێش یان دوابخرێت؟

پێشەكی دەبێ بزانین زۆرێك لەو كەمینەیەی حەزیان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەی 30/9 یە، خاوەنی پشكێك لە بەرژەوەندین لەو هەڵبژاردنەدا، بێگومان ئەمەش شتێكی سروشتییە و بەرژەوەندیی مەشروع پاڵنەرێكی مەشروعە بۆ گەیشتن بە هەر ئامانجێك.

بۆیە كێشەكە لەوەدا نییە كەسانێك داوای هەڵبژاردنەكە بكەن چونكە بەرژەوەندییان لەو هەڵبژاردنەدا هەیە، چونكە دواجار ئەوانەش كە داوای دواخستنی دەكەن، ئەوانیش دیسان دەشێت بەرژەوەندییەكیان هەبێت.

كێشەكە ئەمەیە كە تۆ بەڕەهایی پێتوابێت دواخستنی هەڵبژاردن كوفرێكی دیموكراسییە، ئەم تێڕوانینە لەلایەك خاوەنی بەرژەوەندییە وەك گوتمان، لەلایەكی تریش كێشەی لەگەڵ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان دیموكراسی و هەڵبژاردن هەیە.

سەرەتای دروستبوونی ئەم هەڵەیە لەوێوە دێت كە دیموكراسی كورت كردووەتەوە لە هەڵبژاردندا، ئەمە هەڵەیەكی كوشندەیە، دیموكراسی بەرلەوەی هەڵبژاردن بێت، دامودەزگایە، سیستم و زەمینەیەكی لەبارە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و كاریگەر.

ئەو تێڕوانینەی ئێستا لە كوردستان لەم قۆناغەدا پەرۆشی هەڵبژاردنەكەی 30ی ئەیلولە، پێش ئەوەی زەمینەكەی بەلاوە گرنگ بێت،  پرۆسەكەی بەلاوە گرنگترە و ئەمەش هەڵەیە.

زۆر لە هێزە دیموكراتخوازە ڕاستەقینەكان ئەوەندەی  ئیش و فشار بۆ دروستكردنی زەمینە دیموكراسیەكە دەكەن، ئەوەندە پەرۆشی خودی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە –وەك پرۆسە یەك رۆژییەكە كە بەرژەوەندیی هەندێكی تێدایە- نین، بەو بەڵگەیەی كە بایكۆتی هەڵبژاردنیش لە حاڵەتی پێویستدا هەر دیسانەوە دەكرێت هەڵوێستێكی دیموكراتیانە بێت ئەگەر پاساوەكانی پشتەوەی لۆژیكی و دیموكراتیانە بن.

بۆ نموونە دەكرێت هێزە دیموكراتخوازەكانی هەر شوێنێك بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن یان فشار بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بكەن بە ئامانجی دروستكردنی زەمینەی لەباری دیموكراسی، واتە بە ئامانجی دروستكردنی زەمینەیەكی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و كاریگەر.

دەكرێت هێزەكانی هەر وڵاتێك تەماشای پێداویستییەكانی وڵات و كۆمەڵگا و سیستم بكەن، ئایا كۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە چییە لەم سات و قۆناغەدا؟

ئایا سیستمی دیموكراتی ئێمە كەموكوڕییەكانی لە كوێدان؟ ئایا سیستمی قەزایی و خودی سیستمی تەشریعی كە دوو كۆڵەكەی دیموكراسین، كێشە و گرفتیان نییە تا چارەسەر بكرێن؟

ئەگەر تەماشای كوردستان بكەین، دەبینین بەدەست خراپیی سیستمەوە دەناڵێنێ، بەدەست نەبوونی دامودەزگای سەربەخۆوە گیرۆدەیە. ساختەكاری لە هەڵبژاردندا، جا لە حەقیقەتدا ڕاست بێت یان نا، ئەوا لە واقیعدا بووە بە فاكت و زیاد لە بەڵگەیەكی لەسەرە و زیاد لەلایەك ددانیان پێداناوە.

بۆیە ئەگەر هێز و لایەنەكانی كوردستان هەڵبژاردنە لاوازەكەی 30ی ئەیلول دوابخەن بەمەرجی ئەوەی زەمینەی لەبار بۆ هەڵبژاردنێكی باشتر بێتە ئاراوە، ئەمە نەك كوفری دیموكراسی نییە، بەڵكو هەنگاوێكی بوێر و راستەقینە و ژیرانەشە، بەڵام وەك گوتم بەم مەرجەوە، نەك دوای دوو ساڵ، یان ساڵێك بە هەمان تاسی حەمامەوە بچینەوە ناو هەڵبژاردنێكی دیكە.