serdar-aziz.jpg

پەرلەمان لە کوردستانی عێراق چارەسەرێکی فەرامۆشکراوە

Aug 29, 2018  |   بیروڕا 

د.سه‌ردار عه‌زيز

 

پەرلەمان لە کورستانی عێراق لاوازە، هۆکارەکانی ئەمەش زۆرن. سەرباری کەلتور، سیستەمی سیاسی یان نەبوونی، بەهێزی پارتی سیاسی )حیزب(، سیاسەتێکی ڕون هەیە بۆ لاوازکردنی ئەم دەزگایە دەتوانین ناوی بنێین: سیاسەتی پەراوێزخستنی پەرلەمان، لە لایەن نوخبەی دەسەڵاتدارەوە.  ئەم جۆرە مامەڵەیە پەرلەمان لە کوردستانی عێراق وەک بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە باشترین حاڵەتدا دەکات بە دەزگایەکی پەرچەکردار، لە خراپترین دۆخدا ئامرازی دەستی دەسەڵاتی جێبەجێکەر، وەک بویرک )٢٠١٢( ئاماژەی پێئەدات. ئەم دۆخە پەراوێزیە تایبەتە کاریگەریی نەرێنی هەیە لە سەر هەموو بوارەکانی تری حوکمداری.  ئەم توێژینەوەیە هەوڵئەدا لەم کێشەیە بکۆڵێتەوە، لە سەر بنەمای ئەوە ئارگومێنتەی کە پەرلەمان دەزگایەکی بنەڕەتیە بۆ هەبوونی حکومەتێکی کارا و دیموکراسی.

وەک  فش ٢٠٠٦:٥ دەڵێت، بەڵگەکان پێشانی دەدەن کە بوونی دەزگایەکی تەشریعی بەهێز باشترین شتە بۆ پرۆسەی دیموکراتیزەکردن. بەم پێیە، نەبوونی دەزگایەکی تەشریعی بەهێز دیموکراسی لاوازدەکات و دەبێتە هۆکاری لاوازکردن یان پەکخستنی پرۆسەی دیموکراتیزەکردن. لەم توێژینەوەیەدا ئارگومێنتی ئەوە بونیاد دەنێم کە پەرلەمان و سیستەمی پەرلەمانی دەزگا و سیستەمی پیویستن  بۆ دەرچوون لەو دۆخە قەیراناویەی لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەزگایی و  ئابوریدا رووی کردوەتە ئەمڕۆی کوردستان.

پێشەکی:

پەرلەمانی کوردستان لە دڵی ئەو کۆمەڵە بینا حکومیانەدایە لە ناوەندی شاری هەولێر.  باڵاخانەکە ئارکیتێکچەرێكی سۆڤیەتی هەیە کە بە هیچ جۆرێک دڵگیرنیە و بۆ کاری سەردەمیانەی پەرلەمان ناگونجێت.  هەم باڵەخانەکە و هەم دەزگاکە دوو مێژویان هەیە. پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ئەم باڵەخانەی پەرلەمان جێگای ئەنجومەنی یاساداڕشتن )تەشریعی(  بوو کە وەک بەشێک لە بڕگەکانی بەیاننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ وەک جۆرێک لە یەکەیەکی جکومەتی خۆجێی لە لایەن حکومەتی ناوەندیەوە وەعدی پێدرابو، وەک ماکداوڵ )٢٠٠٤:٣٢٨( ئاماژەی پێئەدات.

لە پاش ڕاپەڕین ئەم باڵەخانەیە بوو بە جێگای پەرلەمانی حکومەتی تازە دروستبوونی هەرێمی کوردستان.   بە هۆکاری زۆرەوە وەک جۆری حکومەتی حیزبی، باڵادەستی سیاسەتی شەخسی، جەنگی ناوخۆ: وەک مۆد، حکومەتی دەسەڵات بەشکراو لەلایەن دوو حیزبە سەرەکیەکەوە، پەرلەمان چارەنوسی وەها بوو کە لە مۆرێکی لاستیکی: چەمکی مۆری لاستیکی چەمکێکی تایبەتە بۆ وەسفکردنی دۆخی پاشکۆیەتیو بێدەسەڵاتی پەرلەمان، زیاتر نەبێت.

ئەم توێژینەوەیە ئارگومێنتی ئەوە بونیاددەنێت کە پەرلەمانی لاواز و پەراوێزخراو زیانبەخشە بۆ سیاسەت، ئابوری و هەروەها بواری کۆمەڵایەتی.  لە میتۆدێکی فرە-دیسیپلینیدا ئەم توێژینەوەیە رێگرەکانی بەردەم ئەمڕۆی پەرەلەمانی دەستنیشان دەکات، پاشان ژمارەیەک پێشنیار بۆ ئەکتەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان دەخاتە ڕوو.

ئایدیای پەرلەمان لە عێراق

ئایدیای پەرلەمان لە بیستەکانی سەدەی ڕابوردوو لە لایەن دەسەڵاتی کۆڵۆنیالی بەریتانیەوە هێنرا بۆ عێراق. لە بڕیاری تاوانی خێڵەکانی و ناکۆکی مەدەنی لە لە ساڵی ١٩١٦ کەوتە کار، هاوشێوەی هیند، )شایانی باسە عێراق هەتا ناوەڕاست سییەکان لە ڕووی ئیدرایەوە سەر بە هیند بوو(، دەسەڵاتی بەریتانی بڕێکی باش دەسەڵاتی یاسایی و باجوەرگرتنی بۆ دەسەڵاتی پادشایی بە دەستهێنا. ئەوەی زیاتر جێگەی بایەخە ئەو شیخانەی لە باشور و ئەو ئاغایانەلە باکور کە پشتیوانی دەسەڵاتی بەریتانی بوون، بە شێوەیەکی بەخشندە خەڵاتکران بە بەخشینی زەوی و زار کە پێشتر موڵکی حکومەت بوون، دیاردەیەک پێی دەڵێن لەزمە )اسماعیل، ٢٠٠٨:١٣(. ئەم کردارە،  کە پاشان لە لایەن هاوپەیمانی دەسەڵاتی کاتی ؛ سی پی ئەی، یان ناسراو بە حکومەتی برێمەر یان ئیئتیلاف، لاساییکراوە لە  بڕیاری هاوپەیمانی دەسەڵاتی کاتی ساڵی ٢٠٠٣. سی پی ئەی،  دەسەلاتی حکومەت بە شێوەیەکی کاتی بەکاردەهێنێت لە پێناو دابینکردنی ئیدارەیەکی کارا لە قۆناغی گواستنەوەی ئیداریدا”.  لە بڕیاری ساڵی ١٩١٦ی حکومەتی بەریتانی دەستوری ساڵی ١٩٢٥ بەرهەم هات، لە بڕیاری ساڵی ٢٠٠٣ دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ بەرهەمهات.

بەشی سێی دەستوری یەکەمی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥ تەرخانکرابوو بۆ پەرلەمان.

دەسەڵاتی یاساداڕێژەر لە پەرلەمان و مەلیکدایە، بە پێی بڕگەی ٢٨ی دەستوری ساڵی ١٩٢٥. یەکەم پەرلەمان پێکهاتبوو لە دوو ژور: سێنات و نوێنەران. سێنات لە لایەن مەلیکەوە دادەنران، لە خەڵكانێک کە هەڵسوکەوتیان جێگای رەزامەندی خەڵک و  هەروەها ئەوانەی کە لە ڕابوردودا خزمەتی دەوڵەت و نەتەوە  کردوە”، وەک بڕگەی ژمارە ٣١ ئاماژەی پێئەدات.   نوێنەران، یان وەک لە ناوخەڵکدا ناسراوبوون مەندوب، لە سەر بنەمای هەر مەندوبێک بۆ بیست هەزار نێر دیاری دەکران. وەک ڕوونە یەکەم پەرلەمان ئافرەتانی لە بێمافکردوە لە سیاسەت، هەروەها ئەوانەش کە بە شێت و گەمژە لە قەڵەم ئەدران، بە پێی بڕگەکانی دەستور. بونیادێکی وەها، سەرباری باوکسالاری، ئامانجێکی ڕوونی هەبوە لە دابەشکردنی کۆمەڵگا بە شێوازێکی هەرەمی. لە دەرئەنجامی ئەمە پەرلەمان پڕ بووبوو لە شێخ و ئاغا و نەک خاڵکی ئاسایی. ئامانجی سەرەکی لە پەرلەمان ئەوەبوو کە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە زەمینە بسازێنرێت بۆ ئەوەی مەلیک بتوانێت حوکم بکات.

لێرەوە دەتوانین سەرەتاکانی بنەمای پەرلەمانی پاشکو ببینین. دیاردەی پاشکۆیی یان خەتمی لاستیکی بەمانای ئەوە دێت کە پەرلەمان ئەرکی سەرەکی خۆی کورت دەکاتەوە بۆ ئەوەی کە تەنها شەرعیەت بەو یاسا و بڕیارانە ببەخشێت کە لە لایەکی ترەوە دەنێردرێن بۆ پەرلەمان: کە زۆر جار ئەم بڕیارانە لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکەر، مەکتەبی سیاسیوە دەردەچێت، دیاردەیەک کە لە پەرلەمان نەبڕا بە درێژایی سەدەی بیست لە عێراقدا. بەم پێیە دەتوانین بڵێین کە ژیانی ڕاستەقینەی پەرلەمان لە عێراق لە پاش روخانی رژێمی سەدامەوە لە ٢٠٠٣ دەست پێدەکات.  بەڵام پەرلەمان لە کوردستان سەربوردەیەکی تری هەیە.

پەرلەمانی کوردستان: پاشخان و بونیاد

سوپای عێراق لە بەرەبەیانی ٢ی ئابی ساڵی ١٩٩٠ وڵاتی کوێتیان داگیرکرد، )خەدوری، ١٩٩٧:١٢٣(. ئەو داگیرکردنە یەکەم شەڕی نێوان وڵاتان بوو لە پاش روخانی دیواری بەرلین )کۆتایی جەنگی سارد(. هەندێکیان ئارگومێنتی ئەوە دەهێننەوە کە کۆتایی جەنگی سارد  گۆڕانکاری هێنا بە سەر سیستەمی  کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، لە سیستەمێکەوە کە رێکخستنی سیاسی )پۆلیتیکاڵ ئۆردەر( بنەمای سەرەکی بوو، بۆ سیستەمێک کە  دیموکراسی تیایدا بوو شتێکی باش، وەک پیلیزۆ، ستاپینهێرست و ئۆلسن )١:٢٠٠٤( ئاماژەی پێئەدەن. بەم پێیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادەبوو بۆ سەرهەڵدانی پەرلەمان و دەزگای دیموکراسی لە کوردستانی عێراق.  ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان، پەرلەمان، لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزرا.

وەک جەلال تاڵەبانی لە کتێبی دیدارەکانی تەمەنیدا ئاماژەی پێئەدا کە چۆن لە دەرەوە پێیان وتراوە کە دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدەن چونکە پشتیوانیان هەیە بۆی، ئەمەی بە مەسعود بەرزانی ووتوە و ئەویش هەمان شتی پێوترابوو )٢٢٧:٢٠١٧(.

هەڵبژاردن لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ ئەنجامدرا.  لە ١٥ی تەموزی ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان کۆبوەوە، بەپێی سایتی فەرمی پەرلەمانی کوردستان. هەرچەندە وەها دەردەکەوێت سەرەتا نیازیان باش بوو، حکومی پەنجا پەنجا کاری دەکرد بەڵام  بوە هۆی جۆرێک لە دابەشکردنی لاوازی حوکم، کە لە سەر درێژەپێدانی  هاوسەنگی هێز لە نێوان یەکێتی و پارتیدا وەستاوە، وەک ستانسفێڵد) ١٢١:٢٠٠٣(، ئاماژەی پێئەدات. لە ڕاستیدا سیستەمی پەنجا بە پەنجا دەستپێکردنێکی هەڵەبوو، لە ئەنجامدا هۆکارێکی هەرە سەرەکی بوو بۆ پەراوێزخستنی پەرلەمان. پەنجا بە پەنجا زەمینەی سازاند بۆ هاتنەئارای دوو حکومەتی حیزبی هاوتەریب لە هەناو جەستەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.  ئەم دەردە هەتا ئێستا کوردستان بە دەستیەوە دەناڵێنێت. لە دەرئەنجامدا پەرلەمان بوو بە پانتاییەک بۆ ململانێی حیزبی و قۆرغکردن. دۆخێک کە پاشتر لە دۆخی عێراقدا بۆدۆزینسکی لە ساڵی) ٢٠١٦:١١٤( ناوی نا پارتیۆکراسی یان حیزبۆکراسی.  کاتێک پەرلەمان وەک دەزگایەکی حیزبی مامەڵەدەکرێت، هیچ ئەندامێکی باڵای حیزب ئامادەنیە وەک ئەندام پەرلەمان بچێتە پەرلەمان، هەروەها هیچ سەرۆکی حیزبێک ئامادەنیە بچێتە پەرلەمان. سەرۆکی حیزبەکان بە پێویستی نازانن کە شەرعیەت لە خەڵکەوە وەربگرن یان کاتێکی دیاریکراو هەبێت بۆ شەڕعیەت پێدانیان لە لایەن خەڵكەوە، بۆ دەسەڵاتیان.  وەک سکۆلەری تر ئارگومێنتیان گەشەیان پێداوە کە هەبوونی پارتی سیاسی بەهێز دەبێت هۆی پەرلەمانی لاواز )لارکن: ٩٥:٢٠١٢(.  لە دۆخێکدا کە حیزبی سیاسی بەهێز و رێکخراوە، سەرکردەی پارتی دەتوانێت پێگەکەی بەکاربهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی حیزب. ئەگەر ئەمە لە شوێنی تر وەهایە ئەوا لە کوردستان دۆخەکە چڕترە. پارتی سیاسی لە کوردستان تێکەڵەیەکن لە لەئیثۆسی مۆدرێن و تەقلیدی. لە کاتێکدا زۆرێک لە بنەما مۆدرێنەکانیان هەیە وەک رێکخستن، پلەبەندی، دیسپلینی ناوخۆ، ئایدیەلۆژیا، ئایکۆن، سەرباری هەموو ئەمانە نابنە پارتێکی سیاسی بە پێوەری مۆدرێن. ئەمە بە تایبەت وەهایە کاتێک کە حیزب لە ناوەوە کێشەی دیموکراسی هەیە و هەروەها هێزێکی پلوراڵ نیە لە کۆمەڵگادا، وەک دالدەر )٤٤:٢٠٠٢( ئاماژەی پێئەدات.

پەرلەمان وەک دەزگایەکی لاواز و بێکاریگەربوو هەتا سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیون. ئەو هێزە سیاسیەی کە هێزی سەرەکی ئۆپۆزسیون بوو ناوی گۆڕان بوو. هەڵکشانی دراماتیکی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ناڕەزایی بەرفراوانی خەڵك لە حیزبە تەقلیدیەکان ، بە تایبەت پارتی دیموکراسی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.  بزوتنەوەی گۆڕان لە دۆخێکدایە کە نە بزوتنەوەیەکی سیاسیە نە بە تەواوی پارتێکی سیاسی، دەتوانرێت وەک یەکێك لە  پارتی-بزوتنەوە وەک کیتچێلت )٢٨٠:٢٠٠٦( باسی دەکات. لای ئەو پارتی-بزوتنەوە بریتیە لە: هاوپەیمانێک لە چالاکوانان کەلە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیەوە سەرهەڵدەگرن هەوڵدەدەن کە  دیسپلینی رێکخراوەیی و هەنگاوی ستراتیژی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی بنێن لە بواری ڕاکێشانی دەنگدەردا.

ئۆپۆزسیون لەبەرئەوەی بەبێ میلیشایە، هیچ بژاردەیەکی تری نەبوو جگه لە پشت بەستن بە پەرلەمان، وەک مەیدانی سەرەکی سیاستکردن.  سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیون پەرلەمانی چالاککردو بونیاد و وێنای گۆڕی. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە چەندین گۆڕانکاری تر لە ئاستی جیاوازدا روویدابوو، لە زەمینی سیاسەتی گۆڕی بوو و دەسەڵاتی بەخشیبوە خەڵک، وەل گۆڕینی دۆخی ئابوری بۆ باشتر، کۆتایی ئابلۆقەی ئابوری و کردنەوە بە ڕووی دونیادا لە گەڵ نەمانی مەترسی یەکەمی ئاسایش )رژێمی سەددام(.

سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیون لە سەردەمی تەلەفزیونی ٢٤ کاتژمێری و بوونی تەلەفزیون بوو بە سەرچاوەی سەرەکی هەواڵ و بەشێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ماڵ. لە دەرئەنجامی ئەمەدا زانیاری دەربارەی حوکمداری، ئابوری، بودجە، گەندەڵی، هتد، بو بە بەشێک لە خەمی هەموان.

هەموو ئەمانە پێکەوە ڕۆڵی پۆزەتیفیان هەبوو لە بەهێزکردنی پەرلەماندا چ وەک دەزگایەک، چ وەک پانتاییەک بۆ مانیفێستبونی دیموکراسی.  پەرلەمان پردێکە کە نوخبە و خەڵکی پێکەوە گرێدەدات هەروەها سیاسیەکان ناچاردەکات کە ئارگومێنت و بڕیاریان بە ئاشکرا بدەن.  ئەم کردارانە وەک پارکنسۆن دەڵێت )٢:٢٠١٢( وەها دەکات کە فشارخستنە سەر خاوەن دەسەڵاتەکان ئاسانتربێت، هێما و ئاماژەن کە گرنگی ئەو بڕیارانە بۆ هەمومان دەردەخەن.  هەر دیموکراسییەک کە هیچ کلۆجێکی نەبێت بۆ پێکەوەگرێدانی بڕیاری گشتی زۆر بە ئاسانی لاوازدەکرێت، چونکە ]دیموکراسییەکە[ کە لە لایەن خەڵکەوە هێندە بە جیدی وەرناگیرێت کە تیایدا بڕیار بە ئاسانی  بەبێ هیچ هەڵسەنگاندێک  و برگریکردنێک تێدەپەڕێت.

پەرلەمان بۆ؟

بەپێی ئەم توێژینەوەیە پەرلەمان لە کوردستان ئەو دەزگایەیە کە سیاسەت و کۆمەڵگا و گەشەی ئابوری دەتوانرێت بپێورێت. ئەگەر گەشەی ئابوری توانای پێوانی هەیە لە جێگای تر، هەرچەندە هەموان هاورانین لە سەری، لە کوردستان دۆخەکە بەو شێوەیە نیە.  ئەمە  بۆ گەشەی کۆمەڵایەتیش ڕاستە، لە کاتێکدا کە داتای  و زانیاری  سەربەخۆ بونی نیە. لە هەمانکاتدا پەرلەمان دەتوانێت ببێتە ئەو دەزگایەی کە لە رێگای هەڵسەنگاندنی کارەکانی، بونیاد و گونجاوێتی  ببێتە  دەرخەری کواڵیتی حوکمداری، شەفافیەت، چۆنێتی بودجە، لە گەڵ رەزامەندی یان ناڕەزایی خەڵک دەتوانرێت بپێورێت.   هەروەها دەتوانرێت بوترێت کە  پەرلەمان  هەردوو شێوازی حکومەت و ئاستی حکومەت لە خۆی دەگرێت، وەک هەنتنگتۆن ئاماژەی بە ئەم دوانە دەکات، )١٩٦٨:١(.

پەرلەمانی کوردستان لە هەر دەزگایەکی تر  زیاتر لە ژێر فشاردایە. نوخبە و خەڵكی ئاسایی  بە ئامانجی جیاواز تێیدەڕوانن. بۆ ئەوەی پرۆسەی دیموکراتیزەکردن سەرکەوتووبێت، بۆشایی نێوان خەڵک و حکومەت کەمبێتەوە، حوکمی یاسا بێتە ئاراوە، شەرعیەت بەرقەراربێت و سیقە بوونی هەبێت، پەرلەمان زەرورییە.

ڕۆڵی پەرلەمان

کۆمەڵگای کوردی ڕەنگە وەها دەربکەوێت کە زۆر خەسڵەتی هاوبەشی هەیە و ناسیونالیزمێکی هاوبەشیشی هەیە، بە تایبەت کاتێک لە دەرەوە لێی دەڕوانرێت. بەڵام لە واقیعدا کۆمەڵگای کوردی  ئەو چیمنتۆیەی نیە کە پێویستە بۆ بەیەکەوە گرێدانی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا پێکەوەبنوسێنێت. ئەمە بەشێکی لە بەر شکستی عێراق وەک وڵاتێک لە بوونی شوناسێكی نیشتمانی،  هەروەها لە بەرنەبوونی سیستەمی دەوڵەتی، چ لە هەناو کۆمەڵگای کوردی خۆیدا، چ لە عێراق، هەروەها نەبوونی فۆرمی شوناسی مۆدرێن. بەم پێیە جڤاتەکانی نێوکۆمەڵگای کوردی وەک هەر کۆمەڵگایەکی تری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدا وەها دەردەکەوێت کە هاوبەشی هەیە لە واقیعدا لە دۆخێکی شپرزەییدایە.

لە کاتێکدا حوکومەتدار، بە تایبەت حوکومەتی کارا،   ئەستەمە بەبێ بوونی هاوبەشێک لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، لە دۆخێکی وەهادا پەرلەمان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت بۆ کۆکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا.  پەرلەمان دەتوانێت ببێتە پانتاییەکی لەخۆگر کە شوێن بدات بە جیاوازەکان لە رێگای میکانیزم و پرۆسەکانیەوە.

وەک پانتایی، پەرلەمان هەموو سێگمێنتەکانی کۆمەڵگا لەیەکدا کۆدەکاتەوە و دەتوانێت ببێتە ئەو جێگایەی کە خەڵکی تیادا بەرجەستە دەبێت. ئەمە تەنها لە رێگای سیستەمی سیاسی و بەشداری سیاسیەوە بەرجەستە نابێت،  بەڵکو بە هۆی هاتنە ئارای تەکنەلۆجیای مۆدێرنەوە وەک پەخشی ڕاستەوخۆی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەتوانێت دیتێرەتۆرایزی خۆی بکات.  لە ئاستی ناوخۆدا پەرلەمان دەتوانێت ببێتە ناوەندێک بۆ دەرفەت بەخشین بە نەوەی نوێ هەتا ئەزموونی سیاسی و حوکمداری بکەن و ببنە کاراکتەری سیاسی کارا لە کۆمەڵگاکەیاندا. پەرلەمان هەروەها دەتوانێت بنەمای پلاتفۆرمێکی جیاواز بۆ سیاسەت دابڕێژێت.

ئەگەر لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی توندوتیژی بەشێکی دانەبراوی سیاسەتە، پەرلەمانێکی کارا دەتوانێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ لاوازکردنی چەک یان توندوتیژی و پەرەدان بە لۆجیک و ئارگومێت و دیبەیت. هەروەها پێویست ناکات ئاماژە بدەین بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، چاودێری و هاوسەنگی کە هەموو پیویستیان بە پەرلەمانێکی کارایە.

رێگریەکان

کەلتورێکی لاوازی پەرلەمانی چ وەک دەزگا، چو وەک پانتایی یان وەک مۆدێلی سیاسی لە عێراق و کوردستان بوونی هەیە، هەروەها ئەم دەزگایە هاوردەیەکی دەرەکیە. بۆیە پەرلەمان وەک دەزگا، وەک مۆدێل دەبێت لە هەناو کەلتوری ناوچەکدا بچێنرێت بە تایبەت کاتێک لیبرالیزم زۆر لاوازە لە کەلتوری ناوچەکەدا. وەک عەلی عەلاوی دەڵێت: بروام وایە کە کەلتوری لیبرالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوندە بوونی نیە، بە تایبەت ئەگەر لیبرالیزم وەها بناسێنێت کە بریتیە لە بەهێزکردنی ئازادی تاک و گروپی بچۆلە….ئازادی وەها پێناسەکراوە کە ریزە بۆ مافی تاکەکەسی و خەسڵەتی کەمینەکان” )٢٠١٤(.  لاوازی کەلتوری لیبرال )تاکێتی( ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سەر پەرلەمان. شایانی باسە کە ئایدیەلۆژیەکانی دژە پەرلەمان  پێگەیەکی بەهێزیان هەیە بە بەراورد بە ئایدەلۆژیە پەرلەمان دۆستەکان. کەلتوری گشتی زیاتر قارەمان دۆستیە. قارەمان-دۆست، وەک پۆلار )٢:١٩٢٦( خەڵکانێکن بێ تەحەمولن لە گەڵ حکومەتی دەستوری، هەوادارانی قارەمان دۆستی نەگونجاون بۆ پێزانینی بەهای پەرلەمان.

ئایدەلۆژیای ڕادیکالیزم و شۆڕشگێڕی زیاتر جێگەی قبوڵن بۆ زۆرینەیەک لە خەڵك لە بەرامبەر کەلتوری پەرلەمانی کە بە خاوێتی و سازان ناسراوە. ڕەگی ئەمە لە دیدی چەپەوە ڕەنگە لە چەمکی مارکسی “پەرلەمانتاری ناوەندگەراییدا” جۆی ببینێتەوە.  ئەگەر بیری ڕادیکاڵیزم بەشێکن لە لاوازی کەلتوری پەرلەمانی ئاینیش پەیوەندییەکی شەرمنانەی هەیە لە گەڵ پەرلەماندا، زۆر بە تایبەتی لە گەڵ لیبرالیزمدا.   هەرچەندە دەبێت جەخت لەئەوە بکەینەوە کە پارتە کوردیە ئیسلامیەکان هەتابێت میانڕەو دەبن وبەها سەردەمیەکان لە باوەش دەگرن. ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانیە لاوازی و ناکارایی پەرلەمانە لە هەرێمەکە.

لە ڕوانگەی مێژوییەوە ناکارایی دەرئەنجامی کەلتوری دژە پەرلەمانیە و دەبێتە هۆکاری دژە پەرلەمانی: بۆ تێگەیشتن زیاتر لەمە تەنها  کارل شمت و کۆماری ڤایمار بنواڕە. لە دڵی هەموو ئەم ڕەخنانەدا واقیعێک هەیە دژ بە پەرلەمانێتی و سیاسەتەکانی تر کە سازش بۆ هێزدەکرێت نەک بۆ ئارگومێنت، وەک هۆبسباوم بڕوای وەهایە )١٩٦١:٦٤(.  ئەم تایبەتمەندیە کەلتوریە وەها دەکات کە بە جۆرێکی تر قسە لە سەر  دیموکراسی و دەزگایی دیموکراسیانە و پەرلەمان بکرێت. لەمەش گرنگتر  کاریگەری کەلتور لە سەر هەڵبژاردنی ئەندام پەرلەمان و چۆنێتی هەڵبژاردنی ئەندام پەرلەمان. ئەندام پەرلەمان بونەوەرێکی ناوازەن لە هەناو پانتایی سیاسی کورستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.   جیاواز بە سیاسیە تەقلیدیەکان ئەندام پەرلەمان هەمیشەیی نین و بۆ شەرعیەتیان  پشت بە هەڵبژاردن دەبەستن و بە ئاگان لە بونیادە لاوازە کۆمەڵایەتیەکەیان. کولتوری پەرلەمانی لاواز یان دژە پەرلەمانی تەنها لە رێگای هەبوونی پەرلەمانێکی کاراوە دەتوانرێت تەجاوزبکرێت.

حیزبی سیاسی بەهێز

حیزبە سیاسیەکان بەهێزترین رێکخراون لە کوردستانی عێراق. بەهێزیان کۆمەڵێک ڕەگ و بنەمای هەیە وەک هەبوونی چەکدار و هێزی رێکخراو، پارە، دەسەڵات، حەکایەت، یادەوەری لە گەڵ مێژوودا.  لە هەمناکاتدا تەنها ناوەندێکن بۆ جوڵەی کۆمەڵایەتی یان گواستنەوە لە چینێکەوە بۆ چینێکی تر. حیزبە سیاسیە کوردیەکان لە سەر بنەمای کۆمیونیستی سۆڤیەتی بونیادنراون.  دەسەڵات چڕبوەتەوە لە کەسی سەرۆک و  ئەندامانی مەکتەب سیاسی.  هەردوو سەرۆکی حیزب و ئەندامێتی مەکتەب سیاسی هەتا مردنە. دەسەڵات بە شێوەی تەقلیدی درێژەی پێدەدرێت، ئەویش چڕکردنەوەی دەسەڵات لە شەخسی سەرۆک و خێزانەکەی و ئەوانەی دەوروبەری.

ئەگەر بە پێی تێزی لاوازبونی پەرلەمان کە لارکن )٢٠١٢:٩٥( پارتی سیاسی بەهێز دەبێتە هۆکاری پەرلەمانێکی لاواز  ئەوا لە کوردستان زیاتر لە جێگاکانی تر ئەم تێزە تەواو . لە کوردستان پەیوەندی نێوان حیزبەکان و پەرلەمان زۆر ئاڵۆز و ناهاوسەنگە.   حیزبی و باڵەکانی لە ناو پەرلەماندا بە ڕوونی دیارن. بەم پێیە، فراکسیونەکان و ناو فراکسیونەکان پەرتن و هەماهەنگی بوونی نیە یان لاوازە.  هەرچەندە دەتوانرێت بوترێت کە حیزبی کوردی لە قۆناغێکی گواستنەوەدایە لە دەستی نەوەی شاخ بۆ نەوەی شار، بەڵام زۆر هەڵسوکەوتی خراپ درێژەی پێدەرێت و خویەک گرتت بە شیری تەرکی ناکەی بە پیری.

نەبوونی سیستەمێکی سیاسی ڕوون

سیستەمی سیاسی ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سەر سروشت و چۆنێتی بەڕێوەچوونی پەرلەمان. لە ئێستادا کوردستان دەناڵێنێ بە دەست یەکلاییکردنەوەی سیستەمی سیاسیەکەی.  بە پێی سیستەمی سیاسی و دەستوری عێراق، پەرلەمان کورستان دەبێت بە هەمانشێوە سیستەمی پەرلەمانی هەبێت. بەڵام هەرێم جۆرێک لە سیستەمی تێکەڵی هەیە کە ناکارایە.  ڕەخنەگران دەڵێن کە ئەم سیستەمە تێکەڵە نەگونجاوە بۆ ئەمڕۆی هەرێم، بەڵکو گونجاوە بۆ خواستی نوخبەی سیاسی کە بڕوایان وەهایە کە دەسەڵات نابێت بەشبکرێت  بەڵکو دەبێت لە دەستی سەرۆک و دەسەڵاتی جێبەجێکردندا بێت. هەنگاونان بەرەو سیستەمی پەرلەمانی وەک زۆر لە حیزبە سیاسیەکانیش داخوازینی هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت لە هاتنە ئارای پەرلەمانێکی سەربەخۆ لە هەرێم.  ئەم سیستەمەی ئێستا کە نە پەرلەمانیە و نە سەرۆکایەتی رێگرە لە بەردەم کارابونی پەرلەماندا بە تایبەت کە دابەشبوونی دەسەڵاتەکان ڕوون نین.

حوکمڕانی لە تاریکیدا: وەڵامنەدانەوەی ئەندامانی پەرلەمان

پەرلەمانی کوردستان جێگەی ووردە سیاسیەکانی ناو حیزبەکانە. ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بە گشتی خۆیان لە هەڵبژاردن بە دوور دەگرن.  وەک جێگاکانی تر لە دونیادا ئەندامانی پەرلەمان بابەتی قسە لە سەرکردن و زەمکردن و ئیرەیین لە نێو زۆرێک لە خەڵکدا.  بەڵام پێگەیان لە هەناو سیستەمی سیاسیدا زیاتر مایەی کێشەیە. ئەندامانی پەرلەمان و پەرلەمانی کوردستان…. کارایانە پەراوێزخراوە، رێککەتن و مامەڵەکان لە پشتیانەوە بەڕێوەدەچێت )فەرحان، ٢٠١٧(.  ئەندامانی پەرلەمان ئەندامی گروپی حیزبین لە پەرلەمان، هەر حیزبێک فراکسیونی خۆی هەیە و سەرۆکی فراکسیون دەبێت بەرجەستەکەری دیدی حیزب بێت. ئەندامانی پەرلەمان وەها خۆیان دەنوێنن کە نوێنەری خەڵکن، ئینجا حیزب، بەڵام گرژییەک هەیە لە نێوان نوێنەرایەتی خەڵک و نوێنەرایەتی حیزب.

ئەمە زیاتر ئاڵۆزبووە کاتێک کە ئەندامانی هەمان حیزب بەشداری لە حکومەتدا دەکەن و لە کاتێکدا کە حکومەت نیەتی نیە هاوکاری پەرلەمان بکات.   ئەندامانی پەرلەمان کە حیزبەکانیان لە دەسەڵاتدان، بە مانایەکی تر یەکێتی و پارتی، هەمیشە کاریان داکۆکی لە حکومەتە و پۆزشی بۆ دەهێننەوە، ئەوانی تر لە بەرامبەردا ڕەخنەگرن.  ئەمە وەها دەکات کە پەرلەمان لە لایەن نوخبەی حاکمەوە وەک دوژمنێک ببینرێت. دوژمنایەتی هەرگیز بنەمای گونجاوی پەرلەمان و حکومەت نەبووە.

پێشنیارەکان

لە ناو پەرلەماندا

کۆمیتەی زیاتر بۆ پێداویستی سەردەم

لە ڕووی پرینسیپەوە ئامانجی لیژنەکانی پەرلەمان ئەنجامدانی ئەوە کارانەیە کە پەرلەمان خۆی ناتوانێت پێی هەستێت، وەک بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر، بەدەسهێنانی فاکت دەربارەی کەیسی تایبەت، بانگهێشتکردنی شارەزا و شایەتحاڵ، لە پێناو داڕشتنی دەرئەنجامێکی عاقڵانە.   لیژنە بە گشتی تایبتمەند و بچوک و نافەرمین، بۆیە زیاتر گونجاون بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و بۆچون لە خەڵکانی شارەزا.

لیژنە هەمیشەییەکانی ئێستای پەرلەمان ڕەنگدانەوەی پێداویستی و داخوازییەکانی ئێستای پەرلەمان نین، هێندە ئاوێنەی وەزارەتەکانی حکومەتن. ئەمەش بە ڕونی دەریدەخات کە ئەندازیارانی ئەم پەرلەمانە چۆن پەرلەمانیان بینیوە وەک پاشکۆیەکی حکومەت.   لیژنە ئەو مەتبەخەیە کە زۆربەی یاساکان تیایدا دادەڕێژرێت و سازانی لە سەر دەکرێت. ئایا بواری یاسایە، کشتوکاڵە، داراییە، وزەیە، یان لە ڕاستیدا هەر بوارێکی ترە، لە دونیای ئەمڕۆدا زانیاری نوێ پێداویستیەکی سەرەکیە بۆ بڕیاردان.  لیژنە شارەزیان لە خۆی دەگرێت  کە دەکرێت ببنە سەرچاوەیەکی دەگمەنی هێنانی زانیاری بۆ مەعریفە بۆ ناو کایەی سیاسەت و بڕیاردان. لیژنەکانی ئێستای پەرلەمانی کوردستان بە دەست کۆمەڵێک قەیرانەوە دەناڵێنن: لە سەروی هەمویەوە زۆر بە سەریەکدا کەوتوون، بۆ نموونە وزە، نەوت، گاز، پیشەسازی، کارەبا لە گەڵ سامانە سروشتیەکاندا هەموو لە یەک لیژنەدان.  هەندێک لیژنە دەتوانرێت بکرێن بەیەک: بۆ نموونە لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی مافی ئافرەت، پێشمەرگە و ئاسایش. زۆر بواری کاریگەر لیژنەی نیە، وەک زانست، تەکنەلۆجیا، تاراوگە، کار، پەروەردە.  ئەندامی لیژنەکان بە سەر حیزبەکاندا بەشکراوە، هەروەها ڕاوێژکارەکانیانیش. بۆیە زۆرجار لە بڕی گفتوگۆی تایبەت، گفتوگۆت حیزبی باڵادەستە.

بونیادی ئەرشیفخانە

ئەگەر پەرلەمانی کوردستان  لە قۆناغی کۆرپەلەییدایە بە بەراورد بە پەرلەمانەکانی تر، تەنها گەرەنتییەک بۆ گەشە خۆی لە کەڵەکەکردنی مەعریفەدا دەبینێتەوە بە تێکەڵکردنی لە گەڵ ئەزموندا. هەبوونی ئەرشیفخانەیەک پێداویستییەکی سەرەکیە لەمبارەوە. ئەرشیف گەرەنتی کەڵەکەبوون و بەردەستبوون )ئەکسێس( دەدات.  بەبێ هەبوونی دەزگایەکی لەوجۆرە پەرلەمان گیرۆدەی کێشەی بێ ئەزموونی هەمیشەیی دەبێت.  گەشە تەنها بە بەدەستهێنان  و کەڵەکەکردن دەستەبەر نابێت بەڵکو هەروەها، بە تایبەتی، پێویستی بە کەڵەکردن و هێشتنەوە هەیە، ئەمە بۆ سەرمایە، مافەکان لەگەڵ زانیاری و زانستدا، وەک کاتیوزان و شەهیدی )٢٨٤:٢٠٠٧( جەختی لێ دەکەنەوە.   پەرلەمانی کوردستان چونکە بە ریمۆت کۆنترۆڵ بەڕێوەدەچێت، هیچ بایەخ بە ئەزمونی یاسا داڕێژەرانی نادات. لە دەرئەنجامدا لە بڕی کەڵەکەکردن و گەشەپێدان لە سەر ئەوەی کە کراوە، هەمیشە پەرلەمانتارە نوێکان دەرفەتی ئەوەیان نیە کە لە ئەزمونی ئەوانەی پێشویان بکۆڵنەوە.

پێداویستی هەبوونی کافێیەک بۆ بینینی خەڵك و دیپلۆماتان

دەرکەوتن بە جلی فەرمیەوە، بەڵام ئەنجام نەدانی هیچ کارێک بەفەرمی لە دڵی هەموو چالاکیەکانی هەرێمدایە. لەکاتێکدا خەلکی جلی فەرمی )قات و چاکەت و بۆینباخ( بە بۆنە و بێ بۆنە دەپۆشن، کۆبونەوەکان بە گشتی نە پلانی بۆ دائەنرێت نە ئەجیندایەکی ڕوونی هەیە.    ئەمە دەکرێت وەها وەسف بکرێت کە فەرمیە وەک ستایڵ بەڵام نافەرمیە وەک کار: بۆ پەرلەمان وەک جێگایەک بۆ پەیوەندیکردن، سارێژکردن، دانوستان لە گەڵ ناسیندا، هەبوونی جێگایەکی نافەرمی زۆر پێویستە.  کافێیەک ئەو پانتاییە دەستەبەر دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت بە نافەرمی دیدار ئەنجام بدەیت و گفتوگۆ بکەیت، بە دوور گرتن لە ریکۆردکردن، بەرپرسیارێتی لە پێناو بونیادنانی سیقە. ئەم خەسڵەتانە  هاوکاری ئەندامانی پەرلەمان ئەکات بۆ ئەوەی یەکتر ببینن، ئایدیا بگۆڕنەوە، هەروەها لە گەڵ ئەندامانی کۆمەڵگادا دیدار سازبکەن، ئەمە لە کاتێکدا رێز و دەرفەت بە خەڵكی ئەدات هەروەها هێندە پڕ لە رەسمیات نابێت.  هەروەها لە سەردەمێکدا کە پەرلەمان بە شێوەیەکی کارێگەر هەتا بێت زیاتر و زیاتر دەبێتە ئەکتەرێکی ناو کایەی دیپلۆماسی، هەبوونی کافێیەک ئاسانکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی دیدار لە نێوان دیپلۆماتکاران و ئەندامانی پەرلەمان بەبێ بوونی هێندە رێگری و رەسمیات. پێویست بوونی ئەمە لەوەدایە کە کاری ڕاستەقینەی دیپلۆماسی لە دۆخی نافەرمیدا ئەنجام دەدرێت.

ڕاوێژکاری پرۆفیشناڵ

لە دونیای ئەمڕۆدا سیاسەت جیاوازە چونکە هەموو شتێکی تر جیاوازە. کۆمەڵگای کوردستان لە پەراوێزی دونیای مۆدرێندایە و کەوتەوەتە ژێر کاریگەری دونیا مۆدرێنەوە.  سەرباری ئەمە کۆمەڵگای کوردستانی زۆر دوورە لەوەی کە کۆمەڵگایەکی مۆدرێن بێت. بەم پێیە کەوتوەتە ژێر کاریگەری مۆدێرنەوە بەبێ ئەوەی مۆدرێن بێت.  ئەم دۆخە ئاڵۆزە کاریگەری داناوە لە سەر سیاسەتیش وەک هەر بوارێکی تر. ئەو گۆڕانکاریە خێرایانەی کە لە سەردەمی چوارهەم شۆرشی پیشەسازیدا رویداوە، مەعریفە ناجاڕی دەکاتە بەشێکی سەرەکی لە تێگەیشتنی دونیا لە ئاستی سیاسیشدا.   سیاسەتی کوردی و سیستەمی هەڵبژرادنی هەرێم بوار نادەن بە کەسانی خاوەن پاشخانی زانستی هەتا بە ئاسانی ببنە ئەندامی پەرلەمان. بۆیە زۆرینەی یاسا داڕێژەران لە زۆر بواردا پیویستیان بە زانیاریە، لە قۆناغی جیاوازی داڕشتنی یاسادا.  ڕاوێژکاری خاوەن پاشخانێکی زانستی لینک لە نێوان زانست و زانیاری و داتا و سیاسەتی ڕۆژانەدا دروستدەکات. لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە ٤٠ ڕاوێژکاری هەیە. هەتا ئەمرۆ، کارێگەرییەکی ئەوتۆیان نەبوە لە سەر پرۆسەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بواری نوێ وەک وزە، دارایی، ئابوری، ژینگە، تەکنەلۆجی، جیوپۆلەتیک، حکومەتداری بە خێرایی دەگۆڕین و بە ئاستێک گەشەیان کردوە لە خەیاڵی کەسدا نەبوە.  لە ئێستادا ڕاوێژکار لە سەر بنەمای حیزبی دادەمەزرێت. حیزبەکان  لە بڕی ئەرک زیاتر وەک پاداشت مامەڵە لە گەڵ پۆستی ڕاوێژکاریدا دەکەن. ڕاوێژکار دەبێت لە سیاسەت دوور بخرێتەوە و ئەرکەکەی زیاتر بە جیددی وەربگرێت.

تۆکمەکردنی سەنتەری توێژینەوە: بەرهەمهێنانی مەعریفە

لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان سەنتەرێکی توێژینەوەی هەیە.  شارەزای هیچ بوارێکی تیادانیە، بۆیە ناتوانێت ڕۆڵی چاوەڕوانکراو ببینێت.  چاوەڕوان دەکرێت ئەم سەنتەرە توێژینەوەی پڕ زانیاری و بێلان و  خوێنراوە یان ئاسان بەرهەم بهێنێت. ئەم خزمەتگوزاریانە بۆ ئەندامانی پەرلەمان، لیژنەکان، فراکسیونەکانە هەتا بتوانن بە شێوەیەکی باشتر کارەکانیان ڕاپەڕێنن.  سەرباری توێژینەوەی وورد و پڕ زانیاری، ئەم سەنتەرە پێویستە کاری   ڕاهێنان و داڕستنی پۆلەسی بکات، بە تایبەت لە کاتێکدا کە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان یەکەمجاریانە دێنە پەرلەمان و بێ ئەزموونن. هەروەها سەنترەی توێژینەوە دەبێت لە گەڵ کتێبخانەدا بکرێن بە یەک.

پێشنیارەکان

بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی

هەڵبژاردنتان لێ نەبێت بە دیموکراسی دەزگا گرنگە!

بە گشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەها لێکدەرێتەوە کە نیشانەی بوونی پرۆسەی دیموکراستیزەیشن و دیموکراسیە. بەڵام وەک سەلمێنراوە، هەڵبژاردن بە تەنها، سەرباری گرنگیەکەی، نابێتە هۆی هاتنە ئارای دیموکراسی. نوێنەری هەڵبژێردراو بۆ ئەوەی پەیمانەکانی جێبەجێبکات پیویستی بە سیستەم و دەگای سیاسیە.  بە مانایەکی تر، هەبوونی پەرلەمانێکی کارا و کاریگەر کرۆکی دیموکراسیە.  لە کوردستانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی پەرلەمان گرنگە وەک خاڵی کۆکردنەوەی جیاوازەکان و پێدانی دەرفەر بە جیاوازەکان بە تایبەت کاتێک کە ناوچەکە بە دەست نەبوونی هاوبەشی کۆکەرەوە دەناڵێنێت.

پەرلەمان دەتوانێت نوێنەری پێکهات و گروپە جیاوازەکان لە ژێر یەک سەقفدا کۆبکاتەوە، زەمیەنەی دیدار و گفتوگۆ و گۆڕینەوە ودانوستانیان بۆ بسازێنێت، لە پێناو گەیشتن بە رێککەوتن. ئەم پرۆسەیە دەکرێت بەشێک لە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەیی یان نیشتمانی. لە ڕوەوە ئەگەر پەرلەمان ڕۆڵێک بگێڕیت لە رووی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەوە ئەوا وەرچەرخانێک رووئەدات لە ڕۆڵی دەزگاکانی تر، بە تایبەت سەربازی، کە لە رووی مێژووییەوە بە دازگای سەرەکی بونیادی نەتەوەیی ناسراوە لە ناوچەکەدا، وەک لای ساتع حوسەری و ئەوانیتر دەیبینین .  سەرباری ئەمە پەرلەمان پێگەی سەرەکیە لە دروستکردنی پەیوەند لە نێوان لۆکاڵ و گلۆباڵدا لە بوارەکانی وەک مافی مرۆڤ، ژینگە، ئاسایش، تاوان و تیرۆر، ئابوری، قەرز، دارایی جیهانی لە گەڵ وزەدا.

پێشنیار بۆ ئەکتەری ناوخۆیی

پەرلەمان وەک دەزگایەک دەبێت بەهێزبکرێت

لە گەڵ سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیوندا پەرلەمان زیاتر لای خەڵك دەناسرێت و پێگەی گرنگ دەبێت، بۆیە ئەوانی تەقیلیدیەن هەڵگرى دەسەڵاتن پەرلەمان وەها دەبینین کە رێگرێک بێت و کار بۆ لاوازی حکومەت بکات.  ئەم هەڵوێستە نێگەتیفە بەرامبەر پەرلەمان تەنها زیان بە پەرلەمان ناگەیەنێت، بە هەمانشێوە زیان بە دەسەڵاتی جێبەجێکەر و حوکمداری دەگەیەنێت لە کوردستان. نوخبەی کۆنەکە دەبێت لەوە بەئاگا ببنەوە کە درەنگە بۆئەوەی جارێکی تر پەرلەمان بگەڕێندرێتەوە بۆ دۆخی مۆری لاستیکی. بە هەمانشێوە هەر هەوڵێک بۆ پەراوزیخستنی کاریگەری دەبێت لە سەر خراپکردنی شێوازی حوکمکردن و پەیوەندی حکومەت و خەڵك.

دەسەڵاتی مەکتەب سیاسی سنورداربکەن

کۆنترۆڵی زۆربەی سێکتەرەکانی سیاسەت و و دەسەڵات و حوکمداری لە لایەن مەکتەبی سیاسیەوە بوەتە رێگرێکی کوشندە بۆ سەرجەم بوارەکانی سیاسی و ئابوری و حوکمڕانی لە کوردستاندا هەروەها رێگرێکی گەورەیە لە بەردەم پرۆسەی نوێبونەوەی سیاسەت لە هەرێمەکە.  ئەندامانی مەکتەب سیاسی لە کێبڕکێدان لە نێوخۆیاندا بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر لە پێناو درێژەدان بە مانەوەیان لە کێبڕکێیان لە گەڵ ئەندامانی تری مەکتەب سیاسیدا.  لە ڕاستیدا بوونی چەمکی مەکتەب سیاسی بەوجۆر و ئاستە لە هەناو دونیای سیاسەتی کوردیدا، نیشانەیەکی زەقی دووری دونیای سیاسەتی کوردیە لە بنەما و چەمکە دیموکراسییەکان. کاتێک لە ناوخۆی حیزبدا دیموکراسی بوونی نیە ئەوا ئەستەمە لە پانتایی گشتیدا دیموکراسی بوونی هەبێت. ئەمە زۆر بە تایبەتی وەهایە کاتێک کە حیزب ئەکتەری سەرەکی بواری سیاسەتن.

رێکخستن و یەکخستنی هێزی چەکدار: میلیشیا بەرامبەر پەرلەمان

پەیوەندییەکی نێگەتیف هەیە لە نێوان پەرلەمان و میلیشیادا. کاتێک هەر هێزێکی سیاسی هیزی  چەکداری تایبەتی هەبێت ئەوا بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە دەکات لە گەڵ پەرلەماندا. ئەگەر پەرلەمان وەک  دەزگایەک  زەمینە دەسازێنێت بۆ جۆرێک لە مۆدێلی حوکمڕانی کە  زیاتر لە رێگای ئارگومێنت و گفتوگۆ بکرێت، بەم پێیە بوونی هێزی چەکدار کە ملکەچ نابن بۆ یاساکانی پەرلەمان رێگرە لە سیستەمی حوکمی پەرلەمانی.  مێژووی پەرلەمانی کوردستان بە ڕوونی ئەمە دەردەخات کاتێک هێزی چەکدار رێگرییانکرد لە هاتنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ شوێنی کارەکە لە هەولێر، پاش ئەو ناکۆکیە یاسایی و  سیاسیە کە هاتە ئاراوە لە سەر پۆستی سەرۆکی هەرێم.  دوانەی حیزب و هیزی چەکدار دۆخێکی تایبەت لە ئاسایشگەرایی ـ بە ئەمنیکردن- دەهێنێتە ئاراوە.

ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: ئەوە چیە کە وەها لە شتێک، مەترسییەک دەکات کە ببێتە پرسێكی ئاسایشی؟ بە سودوەرگرتن لە قوتابخانەی  کۆپنهاگن بۆ توێژینەوەی ئاسایش، دەتوانین بڵێین کە لە کوردستان وەڵامە ڕوونە، ئەوا لە ئەو یەکەیەی کە ئاسایشی لە هەموان گرنگترە حیزبی سیاسیە. بەم پێیە، ئاسایشاندن یان بە ئاسایشکردنی هەرشتێک لە چاوی حیزبەوەیە، هەر شتێک بۆ حیزب مەترسی بێت، لە دیدی حیزبەوە، ئەوە مەترسییەکی ئاسایشییە.  لەم ڕوەوە میلیشیای لایەنێک، حەق دەدات بە میلیشیای لایەنێکی تر. بەڵام ئەم چوارچێوەیە، ئەم تەسککردنەوەی ئاسایشە کاریگەری نێگەتیفی هەیە لە سەر سێگمەنتەکانی تری کۆمەڵگا: ڕۆشنبیر، چالاکوان، هونەرمەند، کۆمەڵگای مەدەنی هەموو لە کات و ساتی جیاوازدا وەک مەترسی دەبینرێن.  هەروەها پرۆسەی پەرتەوازەیی ئاسایشی  درێژە بە خۆی دەدات لە رێگای ئاکتی خیتابی و وتارەوە کە ڕۆژانە لە میدیادا بەرجەستە دەبێت. بەئەمنیکردن وەک رێگایەک بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ جیاوازدا، بەمانای ئەوە دێت کە هەرکە گوتمان ئاسایش ئەوا کارێک ئەنجام دراوە. وەک ویڤەر )١٣:٢٠٠٤( دەڵێت بە ناوزەدکردنی هەر کێشەیەک بە ئاسایشی ئەوا کارێک ئەنجامدراوە.  ئەو کەسەی کە پرۆسەی ئاسایگەرایی یان بەئەمنیکردن بەڕێوەدەبات هەموو شتێک و توانایەکی هەتا ئەوپەڕی بەکاردەهێنێت بۆ مانەوەی ئەوەی مەبەستیەتی داکۆکی لێبکات، وەک تویرکیک،) ٥٥: ٢٠٠٦( دەڵێت.  بەم پێیە لە کاتی قەیران و شەڕدا بەئاسایشکردن بەکاردەبرێت بۆ لە دیموکراسیخستی  هەر جۆرە دیموکراسییەک کە هەیە.، لە ژێرناوی ئاسایشدا. بۆیە لە بڕی ئەوەی دیموکراسی لە دیموکراسی بخرێت لە رێگای بە ئەمنیکردنەوە، دەبێت پرۆسەی بەئەمنیکردن کۆتایی پێبهێنرێت. وەک لە جێگای تردا باسمکردوە )عەزیز، ٢٠١٧( هەرێمی کوردستان هیزی چەکداری پەرتەو دەناڵێنێت بە دەست چۆنێتی دەرچوون لە دۆخی شەڕی ناوخۆ.  لە کەش و هەوایەکی بەئەمنیکراودا هەر کێشەیەک هەرزوو دەکرێت بە کێشەی ئاسایشی  لە پانتایی ئاسایی سیاسەتی دیموکراتیانە دەکرێتە دەرەوە و دەخرێتە خانەی سیاسەتی پەشۆکانەوە، وەک بۆزان و ویڤەر و دی-ڤایڵد، ١٩٩٨:٣٤ باسی لێوەدەکەن.

پەیوەندی نێوان پەرلەمان و میلیشیا پەیوەندی یان ئەم یان ئەوە، یان پەرلەمان یان میلیشیا، هەردوو پێکەوە نابن. ئالانگەرییەکی گەورەیە و بگرە موستەحیلە هەردوو پێکەوە هەبن و هەڵبکەن. زۆر سەختە لە سێبەری چەکدا هەوڵبدەی بە ئارگومێنت کار بکەیت.

ئابوری کرێخۆری کۆتایی پێبهێنە

ئێستا وەک بەڵگەنەویستی لێهاتوە کە هەناردەی بەرهەمی  سامانی سروشتی دەزگا لاوازدەکات ) لە نێویاندا حوکمداری و یاسا( ناڕاستەوخۆ- بە لاوازکردن هەر هەوڵێکی چاکسازی، پشتگوێخستنی ژێرخانەکان، تەنانەت رێگری لە هاتنە ئارای سیستەمێکی گونجاوی باج- هەروەها بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سامانی سروشتی دەبێتە هۆکاری ململانێ لە پێناو کۆنترۆڵکردنی ئەم سامانەدا )چونکە کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ئاسانە(،  ئاماژەکان زیاتر و زیاتر جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەم ڕەهەندەی سامانی سروشتی لە هەموان پڕ کێشەترە، هارفۆرد و کلاین )٢٠٠٥( باسی دەکەن. ئەم زیانانە زیاتر دەبێت لە کۆمەڵگایەکی کەم مەعریفەی وەک کوردستاندا.  هەرچەندە ئەم دیدەی کە گوایە سامانی سروشتی بە خۆی زیانبەخشە، چونکە برونشڤیللەر و بولت )٢٠٠٦( روونی دەکەنەوە سامانی سروشتی دەبێتە زیان بەخش بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە سیستەمی سەرۆکایەتی و سیستەمە نادیموکراتیەکاندا روودەدات لە بەرامبەر سیستەمی پەرلەمانیدا. بەم پێیە ئەوە سیستەم و ئاستی دەزگایە کە دەکرێت لۆمەی بخرێتە سەر نەک سامانی سروشتی خۆی.  بەڵام پارەی ئاسان لە کرێی نەوت کاریگەری نەگەتیفی کردوەتە سەر جۆری سیستەم و دەزگا لە کوردستان.  کرێخۆری وێنایەک بۆ ئەندام پەرلەمان بەرهەم دەهێنێت کە کەسانێکن تەنها لە پێناو دەستکەوتی ماددیدا : موچەی زۆر و خانەنشینی، کاری سیاسەت دەکەن.  دەکرێت بوترێت کە ئەندامانی پەرلەمان لە کوردستان دابەشبوون کاتێک کە دێتە سەر هەڵوێستیان بەرامبەر سیستەم لە هەرێمەکەدا: ئەوانە کە لە گەڵ سیستەمدان و ئەوانە کە دژن. ئەمە لە ئەنجامدا پەرلەمان لەت دەکات بۆ بەشێک لە گەڵ سیستەمدا و بەشێک دژی؛ بەبێ بوونی کاریگەرییەکی ئەوتۆ. بەم پێیە کرێی نەوت کاریگەری لە سەر پەرلەمان هەیە بە چەندین شێوە:

یەکەم، لە کاتی فەریحیدا ڕۆڵی پەرلەمان لاوازدەبێت کاتێک پارەی زۆر و ئاسان بەکاردێت بۆ کڕینی وەلائی خەڵکی.

دوو، لە کاتی قەیراندا پەرلەمان هێندە کاریگەری نابێت لە سەر سەرچاوەی قەیران کاتێک سەرچاوەی قەیران لە دەرەوەی دەسەڵاتی سیستەمدا.، بۆ نموونە وەک نا سەقامگیری نرخی نەوت.

سێیەم، زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان ئاستێکی لاوازیان هەیە لە تێگەیشتن لە ئابوری، داهات، بەبێ بوونی هیچ ئەڵتەرناتیڤێک، کە لە دەرئەنجامدا لە زۆر کاتدا دەیانکاتە کەسانێکی بێ کاریگەر.

کاتێک کوردستان هەتا ئێستا سیستەمێکی ئابوری نیە، وەک لە جێگای تر کارمان لە سەر کردوە )عەزیز، ٢٠١٧(،  نەبوونی ئەم سیستەمی ئابوریە نێگەتیفانە کاریگەری کردوەتە سەر پەرلەمان.  ئەمە بە تایبەتی کاتی بڕیاردان لە سەر بودجە زەق دەبێتەوە.  بۆئەوەی پەرلەمان بەشێوەیەکی کاریگەرانە کارابێت بە تایبەت لە بواری بودجە، سەربەخۆیی بوونی، دەستگەیشتن بە زانیاری و داتا، هەبوونی بیرۆکراتیەک و کارمەندی بە توانا زەروریە بۆ پەرلەمان. بەڵام ئابوری نەوتی و باڵادەستی نوخبەی حیزبی بە سەر داهات و سەرچاوەکاندا وەها دەکات کە ئەم بەهایانە جگە لە خەیاڵ هیچی تر نەبن لە ئەم دۆخەدا.

گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و بانگەشەی هەڵبژاردن

تەماشایەکی خێرا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە کوردستان زۆر شتت بۆ دەردەکەوێت. ساتەوەختی بانگەشە ساتەوختێکە کە کۆنە قین و پێکهەڵپژان ئاسایی دەبێتەوە.  لە کاتی بانگەشەدا سیاسەت دەبێتە مەیدانی بەریەککەوتن و  رکەبەری. لە ئێستادا بەشی زۆری ئەمە لە ئاستی زماندا لەرێی دەنگ و میدیاوە رودەدات. جیاوازی هەیە لە نێوان بەکارهێنانی زمان و بەکارهێنانی دەنگ، وەک بیرمەندی سعودی عەبدواللە القسیم لە کتێبی عەرەب دیاردەیەکی دەنگیە  )٢٠٠٢( بۆمان ڕوون دەکاتەوە.   هاوشێوەی عەرەب کوردیش دیاردەیەکی دەنگیە.  بەم پێیە لە کاتی بانگەشەدا ئارگومێت هیچ نرخێکی نیە. دید و پۆلەسی هیچ بەهایەکی نیە. ئەوەی بایەخی پێئەدرێت و بە هێند وەردەگیرێت چۆنێتی قسەکردنی کەسێکە، ئاستی قیڕە و  هاواری، نەک ناوەڕۆک.  هەتا کاندید توڕەبێت قارەمانترە. لە سیاسەتی کوردیدا مەعریفە هیچ جێگەیەکی نیە.  ئەوە هێزە کە بە هێند وەردەگیرێت وت قارەمانیش ئەو کەسەیە کە دەتوانێت رووبەرووی هێزببێتەوە. دەنگ بە پێی السقیم، هیچ نیە جگە لە دەربرێنلە خود، لە رێگای هاوار و قیڕە و هاتەخرۆش و دوبارەکردنەوەی دروشم. کەمپەینی هەڵبژاردنی کوردی بە هەموو شێوەیەک دژە پەرلەمانیە. هەموو حیزبێک وکاندیدێک بە زمانی گەمەی سفری و زۆرجار بە زمان شەڕ قسە دەکات. کاندید وەها وێنای خۆیان دەکەن کە کەسانێکن دەتوانن هەموو شتێک لە ماوەیەکی کورتتدا بگۆڕن. قارەمانێتی، لاوازی زمان،   زیاتر و زیاتر پست بەستن بە تەلەفزیون و وێنا، دروستکردنی ژاوە ژاو و گێژکردنی بینەر لە بڕی زانیاری.   زانیاری یان تایبەتتر ئینفۆرمەیشن چۆنێتی رێگای گەیشتنی یانی گواستنەوەی دەبێت چیگەی بایەخ بێت،  لە کوردستان تەلەفزیون کەناڵی سەرەکی گواستنەوەی زانیاریە. ئەگەر تەلەفزیون مەترسی دەخاتە سەر هەموو بوارەکانی بەرهەمهێنانی کەلتور: هونەر، ئەدەب، زانست، فەلسەفە لە گەڵ یاسادا، وەک بۆردیو، ٢٠٨٨:١٠ بە ئاگامن دەکاتەوە، ئەوا لە کوردستان دۆخەکە زۆر خراپترە.  تەلەفزیون لە هەموو ماڵێکدایە و دەگاتە هەموان و لە هەموو فۆرمێکی تری میدیایی زیاتر پشتی پێدەبەسترێت. تەلەفزیون لە کۆمەڵگایەکی نەخوێندەواردا )نەخوێندەوار بامانی نەبوونی توانای خوێندنەوە نا، بەڵکو زیاتر بەمانای نەخوێندنەوە(، پێگەیەکی هەژەمۆنی هەیە و جێگەی واقیع دەگرێتەوە.  تەلەفزیون دەگاتە ژمارەیەکی بەربڵاوی خەڵك، دەموچاوەکانیان پیدەناسێنێت، ئاشنایان دەکات، کەمترین زمان بەکاردەبات، بەم پێیە میدیا لە رێگای چالاکیەکانیەوە خۆی بە دوور دەگرێت لە گومان، پرسیار و هەروەها نادڵنیایی.

لە لایەکی تر سیستەمی هەڵبژاردن هێندەی تر دۆخەکە ئاڵۆزدەکات. بە پێی سیستەمی هەڵبژاردن هەموو هەرێمی کوردستانی عێراق  وەک یەک بازنەی هەڵبژاردن دادەنرێت. هیچ کاندیدێک نیە کە نوێنەرایەتی هەموو کوردستان بکات، و لە هەموو جێگایەک ناسراوبێت. بۆیە میدیا و مەشینی حیزب پێویستیە. هەرچەندە هیچ ئەندامێک خاوەن دائیری تایبەتی خۆی نیە بە فەرمی بەڵام بە ئەمری واقیع شوێنی نیشتەجێبوونی دەبێتە بازنەی هەڵبژاردنی.  سەرباری ئەمە ئەندام پەرلەمان زیاتر پشت بە تەلەفزیون دەبەستێت لە بڕی دیداری رووبەروو. بۆیە، لە بەر هۆکاری تریش لە کۆمەڵگای کوردیدا دەرکەوتن لە تەلەفزیون هالەیەکی )ئۆرا( تایبەتی هەیە.

دەرئەنجامەکان

ئەم توێژینەو پۆلەسییە سەرەتا پاشخانی پەرلەمان لە عێراق و کوردستان دەخاتە بەرچاو. هەروەها جەخت لە گرنگێتی ئەم دەزگایە دەکاتەوە بۆ گەشەی  بوارە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسیەکان.  لە گەڵ ئەمەدا ئەم پۆلەسییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەرلەمان باشترین ناوەند و رێگایە بۆ دەرچوون لەو کۆمەڵە قەیرانانەی کە ئەمڕۆ یەخەی کۆمەڵگای کوردی گرتوە: ئەمەش لە رێگای دامرکاندنەوەی گرژییەکان، سنوردارکردنی باڵادەستی حیزبی سیاسی، کۆتاییهێنان بە مۆدێلی سۆڤیەتی حکومەتی حیزبی  هەروەها گەڕانەوەی مانا بۆ پرۆسەی نوێنەرایەتیکردن و دیموکراسی.  ئەم توێژینەوەیە ئەو ئالانگارییانەی هەژمارد کە رووبەرووی پەرلەمان بونەتەوە لە رووی کەلتور و سیاسەت و ئابوری و دەزگاییەوە.  لەم ڕوەوە ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەکتەرە لۆکاڵیەکان هەڵدەسەنگێنێت لەوەی کە چۆن دەتوانن ئەم دەزگایە تۆکمە بکەن. پەرلەمان تەنها جێگایەک یان پانتاییەک نیە. بەڵکو رێگایەکی تایبەتی سیاسەتکردنە، کە ئارگومێنت بە باڵاتر دادەنێت لە هێز، عەقڵ باڵاتر دادەنێت لە سۆز، دەنگ زیاتر بە هێند وەردەگرێت لە ژاوەژاو.

بیبلۆگرافیا:

Allawi, Ali (2014) Traditions of Liberalism in the Middle East, Chatham House, Transcript, available on https://www.chathamhouse.org/sites/files/chathamhouse/field/field_document/20140522LiberalismMiddleEast.pdf

Al-Qasem, Abdullah (2002) Arabs are a sonorous phenomenon العرب ظاهرة صوتية Al Jamal Publication

Aziz, Sardar (2017) Reforming the Civil-Military Relationship in Kurdistan (Peshmerga), FES policy paper available on: http://library.fes.de/pdf-files/bueros/amman/13677.pdf

Aziz, Sardar (2017) The Economic System(s) of the Kurdistan Regional Government, Iraq,  in Between State and Non-State: Politics and Society in Kurdistan-Iraq and Palestine, Palgrave

Boduszyñski Mieczyslaw P. (2016) Iraq’s Ten Years of Rage, Journal of Democracy Volume 27, Number 4 October

Bourdieu, Pierre. 1998. On Television, translated by Priscilla Parkhurst Ferguson. New York: The New Press.

Brunnschweiler & Bulte (2006) The Resource Curse Revisited and Revised: A Tale of Paradoxes and Red Herrings, Working Paper 06/61 December, Economics Working Paper Series, https://www.ethz.ch/content/dam/ethz/special-interest/mtec/cer-eth/cer-eth-dam/documents/working-papers/wp_06_61.pdf

Buzan, Barry, Weaver, and de Wilde (1998) Security a new framework for analysis,  Lynne Rienner: Boulder.

Coalition Prevocational Authority Regulation No. 1; available on: http://govinfo.library.unt.edu/cpa-iraq/regulations/20030516_CPAREG_1_The_Coalition_Provisional_Authority_.pdf

Daalder Hans (2002) Parties: Denied, Dismissed, or Redundant? a Critique,Political Parties Old Concepts and New Challenges, edited by Richard Gunther, José Ramón- Montero and Juan J.Linz, Oxford

Edward Burke (2012) Parliamentary Reform after the Arab Spring, Fride  No 142 – Dec.

Ismael Tareq Y.  (2008) The Rise and Fall of the Communist Party of Iraq, Cambridge University Press

Farhan Maaz 2017 No Power Or Efficacy For Kurdish MPs, As Senior Party Leadership Takes Over, AlNiqash Weekly, http://www.niqash.org/en/articles/politics/5785/

Fish Steven. (2006) Stronger Legislature, Stronger Democracy,  Journal of Democracy, Volume 17, Number 1 January

Harford, T. and M. Klein, 2005. Aid and the Resource Curse. The World Bank Group, Private

Sector Development Vice Presidency, Note # 291, Washington D.C.

Hobsbawm Eric, (1961), Parliamentary Centrism, New Left Review 1/12

Huntington, S. P. (1968) Political Order in Changing Societies, New Haven, CT: Yale University Press.

McDowall David (2007) Modern History of the Kurds I.B.Tauris

Katouzian & Shahidi Iran in the 21st Century: Politics, Economics and Conflict, Routledge

Kingdom of Iraq constitution (1925) available on http://www.constitution.org/cons/iraq/iraqiconst19250321.html

Khadduri Majid and Ghareeb Edmund (1997) War in the Gulf, 1990-91; The Iraq-Kuwait Conflict and Its Implications, New York: Oxford University Press.

Kurdistan Parliament Official website: http://www.kurdistan-parliament.org/uploads/About-the-Parliament.pdf

Kitschelt, Herbert. 2006. “Movement Parties.” In Handbook of Party Politics, edited by Richard S. Katz and William Crotty, 278-90. London: Sage.

Larken Phil (2012) Ministerial Accountability to Parliament, in ‘Ministerial Careers and Accountability in the Australian Commonwealth Government, Ed. Keith Dowding & Chris Lewis, ANU Press.

Parkinson John R.  (2012) Democracy and Public Space: The Physical Sites of Democratic Performance, Oxford

Pollard, Alfred(1926) the Evolution of Parliament, Longmans

Riccardo Pelizzo and Rick Stapenhurst (ed.) (2004) Legislatures and Oversight, WBI Working Paper Series, World Bank Institute.  http://documents.worldbank.org/curated/en/446891468175443050/pdf/330360LegislaturesandOversight1FINAL.pdf

Schmitt, Carl (1988) The Crisis of Parliamentary Democracy, MIT press.

Stansfield Gareth (2003) Iraqi Kurdistan: Political development and emergent democracy, Rutledge

Taureck, R. (2006). Securitisation Theory and Securitisation Studies. Journal of International Relations and Development, (9) pp. 53-61] is available online at: http://dx.doi.org/10.1057/palgrave.jird.1800072

Sardar Aziz PhD.