ئومێد قه‌ره‌داخی
له هه‌ڵبژاردنی 12 ئایاردا، سه‌ره‌رای گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی ته‌زویر و ساخته‌كردنی ئیراده‌ی ده‌نگده‌ر، كه گه‌وره‌ترین شه‌پۆلی ناره‌زایه‌تی و گه‌وره‌ترین جوڵه‌ی سیاسی به‌دوای خۆیدا هێنا، خاڵێك جێگای سه‌رنج و تێرامانه، ئه‌ویش ئه‌و ده‌نگه بوو كه ئه‌یوت چاو له ته‌زویری كه‌ركوك بپۆشن چونكه بۆ كورده، ئه‌و ده‌نگه بوو كه ده‌یگوت قه‌ینا ئیراده و مافی ئیختیاری كورد با ساخته‌بكرێت له پێناو زیادبوونی كورسییه‌كانی كورد له كه‌ركوك.
ئه‌م ده‌نگانه‌ش كاتێك پتر بوون كه په‌رله‌مانی عێراق یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌موار كرده‌وه و بریاریدا ته‌واوی سندوقه‌كانی ده‌نگدان به ئه‌ژماربكرێنه‌وه، به‌مه‌ش ناوه‌رۆك و قه‌باره‌ی ته‌زویره‌كه ئاشكرا ئه‌بێت، به‌رانبه‌ر به‌مه كه‌سانێك به ده‌نگی ئاشكرا ئه‌ڵێن با چاوپۆشی له ته‌زویره‌كه‌ی كه‌ركوك بكرێت، ته‌نانه‌ت ته‌خوینی ئه‌و كه‌سانه‌ش ئه‌كرێت كه داوای رێزگرتن ئه‌كه‌ن له ئیراده‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له كه‌ركوكدا.
به‌رگریكردن له ته‌زویری ئیراده و ده‌نگ له كه‌ركوك به ناوی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه له راستێدا نه‌ك به ته‌نها بێ نرخكردن و بێ ئه‌رزشكردنی ئیراده‌ی تاكی نه‌ته‌وه‌یه، نه‌ك به‌ته‌نها سووكردنی خه‌ون و بوونی مرۆڤانه‌ی ئینسانی كورده وه‌ك تاك، به‌ڵكو زه‌مینه‌یه بۆ هه‌ژموونی هێزی خۆسه‌پێن ، دروستكردنی هێزی كاره‌ساتخولقێنه به ناوی نه‌ته‌وه‌وه ، كه دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌وه نییه.
به‌ستنه‌وه‌ی مافی نه‌ته‌وه به ته‌زویركردنی ئیراده‌ی ئازادانه‌ی تاكه‌كانییه‌وه، به‌رهه‌مێكی تایپێكه له دونیا بینی كه هه‌موو هێزه فاشیست و خۆسه‌پێنه‌كانی دنیای لیوه‌هاتوه ، له دنیای رۆژهه‌ڵاتدا ناسیۆنالیزمی توركی و دواتریش ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی به مۆدێله به‌عسییه‌كه‌ی به‌رهه‌می ئه‌م تایپه له‌دنیا بینین.
له ئه‌ندێشه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیدا ئه‌وه‌ی گرنگه نه‌ته‌وه‌یه بێ بایه‌خدان به تاكی نه‌ته‌وه، بێ رێزگرتن له ئیراده‌ی ئازادانه‌ی تاكی نه‌ته‌وه ، لای میشێل عه‌فله‌ق تاك بوونێكی ئازادانه و خاوه‌ن ئیراده نییه به‌ڵكو بونێكی ملكه‌چه بۆ حوكمێكی ئیتنیكی كه نه‌ته‌وه پێی ئه‌به‌خشێت ، لای به‌عس تاك ئیراده‌یه‌كی گرێدراوه به ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌وه و ئه‌ركی تاك توانه‌ی ئه‌م ئیراده بچووكه‌یه له نێو ئیراده‌ی مه‌زنی نه‌ته‌وه‌دا، تاكی زیندوو تاكی ملكه‌چه بۆ خواستی نه‌ته‌وه، خواستی نه‌ته‌وه‌ش له حزبی پێشره‌و و سه‌ركرده‌ی كاریزما به‌رجه‌سته ئه‌بێت، ئه‌م تێزه‌ی به‌عس هه‌مان تێز و دنیابینی هیتله‌ربوو كه ئه‌یوت ((تاك بوونی نییه ئه‌گه‌ر له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ره‌گه‌زیی خۆیدا نه‌بێت ))
له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه مۆدێلی ده‌وڵه‌ته عه‌ربییه‌كان له جیاتی مۆدێلێك بێت بۆ رێكخستن ته‌ندروستی په‌یوه‌ندی نێوان تاك و ده‌وڵه‌ت، له جیاتی پاراستنی ئازادی و ئیراده‌ی تاك، ده‌وڵه‌ت بوو به زیندانێكی گه‌وره‌ی تاكه‌كان، ده‌وڵه‌ت بوو به ماكینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بێ رێزی به ئیراده‌ی هاوڵاتی و ملكه‌چكردنی بۆ خواستی نه‌ته‌وه كه له ناوه‌رۆكدا هیچ نیه جگه له ملكه‌چی بۆ خواستی حزبی سه‌ركرده و سه‌ركرده‌ی كاریزما.
ناسیۆنالیزمی كوردی ناسیۆنالیزمێكه له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌م ناسیۆنالیزمه ره‌گه‌زییه‌یی عه‌رب و توركدا بیناكراوه، كۆپییه‌كی ناشرینی ئه‌م ناسیۆنالیسته‌یه، هه‌ربۆیه هیچ ساتێك ژیانی ناسیۆنالیزمی كوردی له بێ رێزی به ئیراده‌ی تاك، له ملكه‌چكردنی تاك بۆ ئیراده‌ی حزب جیاناكرێته‌وه، هیچ هه‌ڵبژاردنێك له كوردستان نه‌كراوه لێشاوێك ته‌زویری تیا نه‌كرابێت، تا راده‌ی ئه‌وپه‌ری ئیراده و مافی ئیختیاری تاك داگیرنه‌كرابێت، ئامانجی راسته‌قینه‌ی هه‌موو ته‌زویره‌كانیش سه‌پاندنی حوكمی ره‌های حزبێك و خێزانێك بوه.
ئه‌و ته‌زویره گه‌وره‌یه‌ی له كه‌ركوك كرا و به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌وه داوای چاوپۆشی لێ ئه‌كرێت ،نه په‌یوه‌ندی به ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌وه هه‌یه ، نه په‌یوه‌ندی به مافی نه‌ته‌وه ، به‌ڵكو رێگایه‌كه بۆ هه‌ژموونی هێزێكی سیاسی به‌سه‌ر تێكرای نه‌ته‌وه‌دا ، بێ نرخكردن و سووككردنی ئیختیاری تاكی نه‌ته‌وه‌یه كه له جه‌وهه‌ردا جگه له نه‌ته‌وه‌یه‌كی ملكه‌چ و شكستخواردوو شتێكی دیكه دروست ناكات، ئه‌وانه‌ی داوای چاوپۆشی له‌و ته‌زویره ئه‌كه‌ن، هیچ ناكه‌ن جگه له بێ رێزی به ئیراده‌ی تاكی كورد، له دورستكردنی هێزێك كه به‌ناوی پاراستنی نه‌ته‌وه‌وه ، گه‌وره‌ترین بازرگانی به نه‌ته‌وه‌وه ئه‌كات ، كۆمه‌ڵگاش ئه‌كات به زیندانێكی گه‌وره بۆ تێكرای تاكه‌كانی نه‌ته‌وه، زیندانێك كه تیایدا تاك ته‌نها ئه‌توانێت ملكه‌چ بكات ، نه‌ك ماف و ئیراده‌ی هه‌بێت.