abdulla-rishawi.jpg

پەرلەمانی حیزبییەكان

Jul 31, 2018  |   بیروڕا 

عەبدوڵڵا رێشاوی

رۆژ بەڕۆژ بازنەی بەشداریی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بچووك و بەرتەسكتر دەبێتەوە. لە عێراق هەر پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پارلەمانی، خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ خزمەتگوزاری و دژی گەندەڵی دەستیپێكرد، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە خەڵك پەیوەندییەكی ئەوتۆی بە هەڵبژاردنەكەوە نەبووە و وەك بەشداری سیاسیانەی خۆی تەماشای نەكردووە، چونكە دوو بەشداری سیاسی بەدوای یەكدا ناكرێت، ئەمڕۆ دەنگدان و سبەی خۆپیشاندان! ئەوە ئاماژەیە بۆئەوەی كە دەنگدانەكە پرۆسەیەكە و خواستەكانی خەڵكیش پرۆسەیەكی ترە كە بە خۆپیشاندان گوزارشتی لێدەكات. ئەمە جگە لەو بەشدارییە نزمەی لە دەنگداندا هەبوو لەسەرتاسەری عێراق.

كەواتە لەپاش ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا خەڵك وەك هیوایەك بەو دیموكراسییەی ئەمریكییەكان بۆ عێراقیان هێنا، بەشداریی بەرچاویان لە دەنگداندا دەكرد، ئێستە ئەم بەشدارییە رۆژ بەڕۆژ بەرتەسك و بچووك دەبێتەوە و خەریكە كورت دەبێتەوە لەسەر پارتە سیاسییەكان و ئەندامەكانیان.

واتە بەشداری سیاسی ئەوەندە بەرتەسك دەبێتەوە كە نەك تەنیا لیستی كاندیدان لیستی ژن و پیاوەكانی ئەحزابە، بەڵكو لیستی دەنگدەرانیش بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە لیستی ژن و پیاوەكانی حیزب.

خەڵكی ئاسایی، ناوچەی خۆڵەمێشی كە دەبێت لە بنەڕەتدا ئەو هێزە بن بەشداریی كارای پرۆسەكە دەكەن، وردە وردە لە دەنگدان دەكشێنەوە و شەڕەكە، یان راستتر بڵێین یارییەكە و بەشكردنی كێكەكە، بۆ ئەندامانی ئەحزاب و دانیشتووانی ناوچەی سەوز جێدەهێڵن.

بەشێكی زۆری ئەم دیاردەی بەشدارینەكردنە، لەو هەموو ئیمتیازاتانەوە دێت كە پارلەمانتاران دەستیان دەكەوێت لە پاش بوونیان بە پارلەمانتار.

ئەمە جۆرێك لە هۆشیاری و هەروەها ئیرەیی لای دەنگدەر دروستكردووە كە بۆ دەبێت من كەسێك بنێرمە پارلەمان و ببێتە خاوەنی كۆمەڵێكی زۆر ئیمتیازاتی ماددی؟ ئەمە بۆ من چ دەستكەوتێكی تێدایە؟ ئەم پرسیارە ئێستا لە سۆشیال میدیا زۆر بڵاوەو بووەتە پاڵنەرێكی گەورەی دەنگنەدان.

هەر لەوكاتەی خۆپیشاندان بۆ ئاوی سازگار و كارەبا لە چلەی هاویندا سەرتاسەری باشوور و پایتەختی تەنیبوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی بچووككراوەی داخراوی كرد، ئەویش نە بۆ لێكۆڵینەوە لە داخوازییەكانی خۆپیشاندەران، بەڵكو بۆ تێپەڕاندنی بەپەلەی ئەو یاسایانەی كە زامنی ئیمتیازاتی ئەندامەكانی دەكات لە پاش تەواوبوونی خولەكەیان.

كەواتە پارلەمان وردە وردە بەرەو ئەوە دەچێت وەك فەرمانگەیەكی دەوڵەت ببێتە شوێنی پەیداكردنی كار و بژێوی بۆ بەشێك لە ئەندامانی حیزب، ئەمەش وا دەكات خەڵكەكەی تر هیچ پاڵنەرێكیان بۆ دەنگدان نەمێنێ.

پەرلەمانتاری جێبەجێكار

لە هەرێمی كوردستانیش خولی ئێستای پارلەمان كەتنێكی دیموكراسیانەی گەورەی لەدەست قەوما كاتێك یاسایەكی دەركرد كە هەر پارلەمانتارێك ئەگەر پابەند نەبوو بە سیاسەتی فراكسیۆنەكەی یان حیزبەكەی، ئەوا حیزبەكەی بۆی هەیە لە پارلەمانتاری بێبەشی بكات و نەتوانێ‌ بەشێوەی سەربەخۆ لە پارلەماندا بمێنێتەوە، یان بچێتە پاڵ فراكسیۆنێكی دیكە، واتە پارلەمانتار یان دەبێت پابەند بێت بە ئەلف و بێی سیاسەتی حیزبەكەیەوە یان دەبێت لە پارلەمانتاری بكەوێت.

ئەم مێنتاڵێتیە سیاسیە حیزبییە داخراوە، پێشتر لە رێگەی چەند بڕیارێكی نادیموكراسی و نایاساییانەی حیزبیەوە خۆی پراكتیك كردووە، بۆ نموونە ئەوكاتەی پارلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی فەرهاد سەنگاوی لە بەرامبەر هەڵوێستی پێچەوانەی بەشێك لە سەركردایەتی حیزبەكەی لە مەسەلەی ریفراندۆمدا بەنافەرمی و ناشەفافانە دوورخرایەوە، كەس هەتا ئێستەش نازانێ‌ چارەنووسی ئەو پارلەمانتارە كەوتە كوێ!

ئەم باڵادەستیەی حیزب بەسەر پارلەمانتار و پارلەماندا، مەودای جوڵە و كەسێتی پارلەمانتار وەك كارەكتەرێكی بیركەرەوە و نوێنەرێكی بەرژەوەندیی گشتی تا ئەوپەڕی دەخاتە ژێر فشارەوە و بۆ لەمەودواش لەپاش دەركردنی ئەو یاسایەی باسمان كرد، پارلەمانتار بە تەواوی لە كەسێتی خۆی وەك كەسێتیەكەی سیاسی دەكەوێت و دەبێتە رۆبۆتێك بە دەست چەند بڕیاردەرێكەوە لە مەكتەبی سیاسی.

بەڵێ‌ راستە دەبێت پارلەمانتار پابەندی بەرنامەی گشتیی حیزبەكەی بێت، ئەمە هەم قسەی تێدا نییە و هەم دەبێت لێشی تێبگەین، بەڵام خۆ خودی ئەو بەرنامەیەش دەبێت پابەندی شتێكی دیكە بێت، ئەویش بەرژەوەندی گشتی و بەهێزكردن و بەرەوپێشبردنی دامودەزگاكانی دەوڵەتە.

سەركردایەتی حیزب دەبێت لەڕێگەی پەیڕەوكردنی سیاسەتی باش، پارلەمانتارەكەی بە خۆیەوە پابەند بكات، نەك لە رێگەی دەسەڵاتێكی موتڵەقەوە بۆ هێشتنەوە یان دەركردنی لەلایەن حیزبەوە.

كەواتە لێرەدا چ كەسایەتی و چ حورمەتێكی سیاسی بۆ كەسێتی پارلەمانتار مایەوە كە وەك ئەندام كۆمیتە یان ناوچە، كەی حیزب ویستی بتوانێ‌ لە كارەكەی دووری بخاتەوە.

دیسان راستە كە ئەوە سەركردایەتی حیزبە سیاسەتی حیزب دادەڕێژێت، بەڵام خۆ نابێ‌ رۆڵی پارلەمانتار تەنیا جێبەجێكردن بێت، لەكاتێكدا دەبینین سەركردایەتی حیزبەكان هیچیان نابنە پارلەمانتار و كۆمەڵێك خەڵكی دیكە دەنێرن، تا ئەوەی ئەوان دەیانەوێت جێبەجێی بكەن، ئەی كەواتە ئەم سەركردایەتیانە خۆیان بۆچی راستەوخۆ ناچنە پارلەمان؟

كەواتە پارلەمانتاری جێبەجێكار دەبێت بزانێت ئەوە دەسەڵاتێكی دیكەی ناو حیزبە ئەوی سەرخستووە و تا ئەو خولەی پارلەمانەكەی تەواو دەكات دەبێت بەردەوام مۆبایلەكەی بەگوێوە بێت، بەڵام بۆ گوێگرتن لە خەڵك نا، بەڵكو بۆ گوێگرتن لەو كەسەی ناردوویەتی بۆ پارلەمان و هەركاتیش ویستی دەتوانێ‌ بیهێنێتە دەرەوە.