serwer-ali.jpg

هەمواركردنەوەی یاسای بەكرێدانی خانووبەرە

Jul 23, 2018  |   بیروڕا 

سەروەر عەلی

 

بوونی تێڕوانینی تەسك بۆ دۆخەكان لای ئەوانەی كە دەقی یاسایی دادەڕژن و كەمی لێكۆڵینەوەكان كە پێویستە بۆ ئامادەكردنی یاساكان و نەبوونی زانیاری تەواو و هەمە لایەنە سەبارەت بەو دیاردە كۆمەڵایەتیانەی كە بۆتە هۆی داڕشتنی ئەو پرۆژە یاسایە، هۆكارن كە پاش دەركردنی یاسایەك بە ماوەیەكی كورت توشی ناكۆكی و كۆسپ ببێتەوە، كە دەبێتە هۆی پاڵنان بە یاسادانەرەوە جارێكی تر یاساكە هەموار بكاتەوە.

لە نمونەی ئەوانەش یاسای بەكرێدانی خانوبەرەیە دەبینین گرێبەستی بەكرێدانی خانوبەرە بە پێی یاسای شارستانی ژمارە 40ی ساڵی 1951 بە ئیرادەی لایەنەكان دەبەسترێت هەر بە پێی گرێبەستەكەش كە هەردوولا لەسەری رێكەوتوون كۆتایی دێت پاشان لە ساڵی 1979 یاسای ژمارە 87 دەرچوو كە بە حوكمی یاسا گرێبەستی بەكرێدانەكە لە زۆبەی حاڵەتەكاندا درێژ دەبێتەوە تا ئەو كاتەی كە كرێچی بیەوٍێت لە بە كرێدراوەكەدا بمێنێتەوە تەنها لەو حاڵەتانەدا نەبێت كە یاساكە دیاریكردووە.

دواتر بە هۆی ئەو ڕەخنانەی لەسەر ئەو یاسایە هەبوون و وەك هەوڵیك بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان كرێچی و خاوەن موڵكدا لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2008 دەرچوو كەهەموواری یاسای ئاماژە بۆكراوی كردەوە كە دوای دوو ساڵدا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڵام پێش ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە بە پێی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2010 ئەو یاسایە ڕاگیرا بۆ ماوەی دوو ساڵ دواتر بە یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2012 بۆ ماوەی یەك ساڵی تر ڕاگرتنەكە دریّژكرایەوە و لە ساڵی 2013 یش بە پێی یاسای ژمارە 14 ڕاگرتنەكە بۆ ماوەی دوو ساڵی تر درێژكرایەوە پاشان بە پێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2015 ڕاگرتنەكە بۆ ماوەی یەك ساڵی تر تا بەرواری 15/7/2016 درێژكرایەوە.

لە دوای ئەو بەروارەوە دادگاكان كاریان بە یاسای ئاماژە بۆكراو ژمارە 9ی ساڵای 2008 كرد بەڵام 6/12/2017 پەرلەمان یاسایەكی نوێی دەركرد بە ژمارە (3) ی ساڵی 2017 و یاسای ژماە (9)ی ساڵی 2008ی هەڵوەشاندەوە و ،پاش چەند مانگێكیش لە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە گوایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی سەر قوفلیە جارێكی تر بە پێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2018 هەمووار كراوەتەوەو گەڕاوەتەوە بۆ یاسا كۆنەكە كە یاسای بەكرێدانی خانوبەرەی ژمارە 87ی ساڵی 1979یە، ئەمەش بێ توانایی و لاوازی دەردەخات لە ئاست نوسین و دەركردنی یاسادا كەسەرەڕای ئەوەی ئەو یاسایە ناتوانێت كێشەی سەرقوفڵیە چارەسەر بكات هاوسەنگیشی تێدانییە لە نێوان خاوەن موڵك و كرێچیدا بۆیە دوای ماوەیەكی تر ناچار دەبن كە ئەوەش هەمووار بكەنەوە، لە كاتێكدا یەكێك لە ئامانجە گرنگەكانی یاسا سەقامگیری مامەڵەیە بۆ ئەوەی تاكەكان پێگەو بەرژەوەندی یاسایی خۆیان بزانن و بە پێی ئەوە ماف و پابەندییەكانی خۆیان ڕێكبخەن.

بەڵام دەركردنی یاسا بەم شێوازە سەرەرای ئەوەی نزمترن پێوەرەكانی داڕشتنی یاسایی تێدا نییە لە هەمان كاتدا سەقامگیری مامەڵە ناهێڵێت لە كۆمەڵگادا .