nasih-melakerim.jpg

تێرۆر ( وەک خۆی) یان وەک ( ئەوەی کە دەتانەوێ)؟

Jul 2, 2018  |   بیروڕا 

ناسیح مەلا کەریم

سەرەتا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە ئەوە بدەم کە بەندە – لە فەزلی خواوە- توێژینەوەیەکم ئەنجامداوە بە ناونیشانی ( تێرۆر و فاکتەرەکانی) . خۆشبەختانە وە بەسوپاسەوە دەڵێم لە گۆڤاری زانکۆی سلێمانی ژمارە ( ٤٨)ی ئەیلولی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە..

نامەوێ ئەوەی لە توێژینەوەکدا باسم لێوە کردووە لێرەدا دووبارەی بکەمەوە، بەڵام جەخت لەدوو خاڵ دەکەمەوە:

یەکەم: تا ئێستا پێناسەیەکی گشتگیر و یەکلاکەرەوە نیە بۆ چەمکی ( تێرۆر)، تەنانەت لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکانیش.

دووەم: چەمکی تێرۆر وەک وشەیەکی ( لاستیکی)یە و ھەر گروپ و دەستەیەک لە روانگەی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆیەوە وێنای دەکات. ئەمەش وایکردووە ھیچ بەھایەک بۆ مافەکانی مرۆڤ نەمێنێ لە لایەک و، لەلایەکی تریش؛ لاستیکییەکەی وایکردووە ئارەزو و ھەوەس باڵادەست بێت و ( ھەوەسبازەکان) بە ویستی خۆیان، ھەرکەس ویستیان مۆری ( تێرۆرریست) لەناوچاوانی بدەن و ھەرکەس و ( کارێک)یش ویستیان لە بازنەی تێرۆر دەریبکەن – گەرچی لە راستیشدا تێرۆر وتێرۆریستە -.. !!!

لێرەدا، وە سەبارەت بە درێژکردنەوەی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆر لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، ھاوڵاتی کوردستانی، مافی خۆیەتی چەند پرسیارێک بکات:

• بەپێ ی پێناسەکەی پەرلەمان بێت، ئاخۆ چارەنوسی ئەو کەسانە چی دە بێت کە دەستیان لە گەڵ داعش تێکەڵاوکردووە و مامەڵەی بازرگانیان لە گەڵ داعشدا کردووە، ئەی کوا ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی – بە حیساب – لەوبارەوە کراون !؟؟.

• زیاتر لە سەد ھاوڵاتی و چەندین ئەندامی پەکەکە لە ئایاری ١٩٩٤- ١٩٩٨ەوە بێ سەرو شوێنن لە لایەن دەسەڵاتدارانی ھەرێمەوە، ئایا ئەم ( بزرکردن ) و ( لەناوبردنە) کاری تێرۆریستی نیە، بە پێی ماددەی (١)ی یاسای ژمارە( ٣)ی ٢٠٠٦ی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆر؟؟!!.

• لە مادەی (١٣) ئاماژە بەوە دراوە، کە( دەست دەگیرێ بە سەر سەرجەم ماڵ و سامانی کەسی تاوانباردا) . لێرەدا دەپرسین : ئەی تاوانی ھاوسەر و مناڵی کەسی تاوانبار – یان راستتر بڵێین تاوانبارکراو- چی یە کە لە ماڵ و سامان بێبەش دەکرێن …ئەی کوا مافی مرۆڤ مەگەر لە یاسا ( دیموکراسیەکەی !!!؟؟ ) خۆتان نەھاتووە: ( ھیچ کەس تاوانی کەسێکی تر ھەڵناگرێ) !!!

• لە مادەی ( پازدەھەم – بڕگەی ئەلیف)ی یاسای ژمارە( ٣)ی ٢٠٠٦ی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆر لە ھەرێمی کوردستان !!!! دەڵێت : ( ئەحکامەکانی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ جێبەجێ دەکرێت).!!! لێرەدا دەپرسین: چما !!؟؟ مەگەر پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تری لەم یاسا نادادپەروانە تری نەدۆزیەوە، لەم یاسایەی رژێمی بەعس کە پێی ئەویاسایە دەست دەگیرا بە سەر ماڵ و موڵکی پیشمەرگەو کەسوکارەکانیشیان نەفی دەکران بۆ سەماوەو ناسریە و نوگرە سەلمان !!؟؟

• ئایا وروژاندنی ئەم جۆرە یاسایانە – سەرباری گرنگی پاراستنی گیان و مالی ھاوڵاتیان بێھەڵاوێردن- لەم کاتەدا بێجگە لە خۆدزینەوە لە کیشە سەرەکیەکانی ھەرێم و گەوجاندنی ھاوڵاتی چ مانایەکی تری ھەیە ؟؟!!

• بە پێی پێناسەکەی پەرلەمانی کوردستان لەمادەی یەکی پیناسەی تێرۆر ( بێڕێزی بەرامبەر پیرۆزیەکان وتێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی ) کاری تێرۆریستییە..

دەپرسین: ئەدی بۆچی ئەو کەسانە نادرێنە دادگا کە لەو کەناڵە قرخنانەوە کە بە پارەو قوتی مەحرومانی کوردستان بەرێوە دەچن، بە ناوی ( ئازادی ڕادەربڕین ) و ( مۆدیرنە) و ( نوێگەریەوە) ھێرشە دەکەنە سەر پیرۆزیەکانی موسڵمانانی کوردستان و کار لە سەر ئەوە دەکەن ئاشتی کۆمەڵایەتی بخەنە مەترسیەوە!!؟؟

ماوەتەوە بڵێین:

بنبڕکردنی تێرۆر – بەتایبەت تێرۆری فیکری – لە ( وشککردنی سەرچاوەکانیەوە) دەستپێدەکات، نەک تەنھا بە بڕیار و ڕاسپاردە و قسەی ژێر سپلیت و بان کورسی نەرم و شل !!!

(نوێژگەران و ئاینپەروەرانی کوردستان) بەشی شێریان ھەیە لە دابینکردن و پاراستنی ئەو ئاسایش و ئارامی یەی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە، بەڵام بەھاندان و پلانی نەیارانی ئیسلام، بە پلەی یەکەم ئەوان کراونەتە ئامانج . وەک ئەوەی خیانەتە یەک لەدوای یەکەکان و دەستگرتنی ئۆردوی ( تورک و فارس وعەرەب) بۆ داگیرکردنی کوردستان ئەم ((نوێژگەر و ئاینپەروەرانە) ئەنجامیان دابێت؟؟!!..

جێی سەرسوڕمان نیە دەستڕۆشووانی سیاسی وحزبی یاسای دژە تێرۆر دە جاری تریش دووبارە بکەنەوە، ئەوەی جێی سەرسوڕمانە : ( دەنگدانی بەشێک لە (بەناو ئۆپۆزیسیۆنە) بەم یاسایە؟؟!!.. چونکە پریشکی ئاگری ئەم یاسایە ئەوانیش دەگرێتەوە، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ئازادیەکانەوە ھەیە!!..