ismael-xurmali.jpg

دواكەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و لێكەوتەكانی

Jun 29, 2018  |   بیروڕا 
 

ئیسماعیل حەمەعەلی خورماڵی
(بڕیاردەری ئەنجوومەنی كۆمسیاران، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی)

 

ڕاسپاردنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بۆ ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 8ی ئایاری رابردوو، مشتومڕی زۆری میدیایی و سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا، چونكە چاوەڕوان دەكرا هەرسێ هەڵبژاردنی (پەرلەمانی كوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگاكان، سەرۆكایەتی هەرێم) پێكەوە بكرێن.

دوای ئەوەی كۆمسیۆن دەستی كرد بە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەتەنها، جاروبار لە میدیاكانەوە باس لەوە دەكرێت كە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كۆمسیۆن بۆ ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ڕادەسپێرێت. بێگومان لە حاڵەتی كردن یان نەكردنی ئەو هەڵبژاردنەدا، كۆمەڵە لێكەوتەیەكی یاسایی و سیاسی و دارایی و كۆمەڵایەتی دەبێت كە لەخوارەوە بەكورتی ئاماژەیان بۆ دەكەین.

وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەیاسادا چۆنە؟

لە بڕگەی (دووەم) لەماددەی چواردەهەم لە یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009، یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان – عێراق هاتووە: “ماوەی خولی هەڵبژاردن چوار ساڵی ساڵنامەییە لە یەكەم دانیشتنیەوە دەستپێدەكات و بەكۆتاییهاتنی ساڵی چوارەم كۆتایی دێت”.

لە بڕگەی سێیەم، ماددەی سی و یەكەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2009ی هەمواركراو، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەكانی پارێزگاكان و قەزاو ناحیەكان لە هەرێمی كوردستانی – عێراق هاتووە: “لە حاڵەتی ئەستەمبوونی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكاندا، ئەنجوومەنەكان لەبەڕێوەبردنی كاروباری خۆیان بەردەوام دەبن تا ماوەیەك لە (90) ڕۆژ زیاتر نەبێت لەڕۆژی كۆتاییهاتنی خولەكەوە”.

لەبڕگەی یەكەمی هەمان ماددەی یاساكەدا هاتووە: “وادەی هەڵبژاردن بەبڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕاوێژ لەگەڵ دەستە دیاری دەكرێت، لە دەزگا هەمەجۆرەكانی ڕاگەیاندنیشدا بە (90) ڕۆژ بەر لە وادەی دیاریكراو بۆ بەڕێوەچوونی، ڕادەگەیەنرێت”.

بەسەرنجدان لەو بڕگە یاساییانە دەگەینە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە:

1- ماوەی خولی هەڵبژاردن چوار ساڵە پاش یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەن.
2- لەدوای ئەو چوار ساڵە لەحاڵەتی ناچاریدا تەنها (90) ڕۆژ دەتوانن لەكاركردن بەردەوام بن.
3- پێویستە (90) ڕۆژ پێش وادەی هەڵبژاردن بەڕاوێژ لەگەڵ كۆمسیۆن، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وادەكە ڕابگەیەنێ.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كەی ئەنجام دەدرێت؟

لە 30/4/2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان زیاتر لە مانگ و نیوێك دواكەوت. دواهەمینیان ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بوو كە لە 24/6/2014 یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.

كەواتە تەمەندرێژترین ئەنجوومەن لە 24/6/2018 چوار ساڵ بەسەر یەكەمین كۆبوونەوەیدا تێدەپەڕێت و ماوەی یاسایی كۆتایی دێت. بە لەبەرچاوگرتنی بڕگەی سێهەم، ماددەی سی و یەكەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2009ی هەمواركراو، تەنها (90) ڕۆژ دەتوانن بەردەوام بن لەكاركردن دوای ئەو بەروارە. بەمەش لە 24/9/2018 ئەو ئەنجوومەنانە بەسەر دەچن لەڕووی یاساییەوە. كەواتە ئێستا كەمتر لە (90) ڕۆژ ماوە بۆ بەسەرچوونی تەمەنی یاسایی ئەنجوومەنەكان.

بەسەرنجدان لە بڕگەی یەكەمی هەمان ماددەی یاساكە، دەبوو سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران (90) ڕۆژ بەر لەوادەی تەواوبوونی تەمەنی یاسایی ئەو ئەنجوومەنانە، بەڕاوێژ لەگەڵ كۆمسیۆن، ئەو وادەیەی ڕابگەیەندایە، ئەوەش لەبەرچاو بگیرایە كە لانیكەم دوو هەفتە دابنرایە بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان و یەكلابوونەوەی سكاڵا و تانەكان. بەو مانایەی لە سەرەتای مانگی (9)ی ئەمساڵدا دەبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێ.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان لەهەمان وادەدا دەكرێن؟

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان زۆربەی ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەواو كردووە. بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆمسیۆن ئەمڕۆ 25/6/2018 دوا ڕۆژی خۆتۆماركردنی هاوپەیمانییەكانە. خشتەی كردارەكی كۆمسیۆنیش وا ڕێكخراوە كە لە 30/9/2018 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

ئەگەر ڕاوێژ بەكۆمسیۆن بكرێت و ڕاسپێردرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، بێگومان ناتوانێت لەسەر ئەو خشتە كردارەكیەی ئێستا بەردەوام بێت و پێویستە گۆڕانكاری تێدا بكات، كۆمسیۆن پێویستی بەكاتی زیاترە بۆ دانانی وادە بۆ سەرلەنوێ خۆتۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان و هاوپەیمانییەكان. چونكە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەموو هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردنە، بەڵام هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان فرەبازنەیە و هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردنە. ئەم پرۆسەیەش زیاتر لە مانگێكی پێویستە. چونكە جگە لەكاتی خۆتۆماركردن بۆ قەوارەكان، دوای پەسەندكردنیان بەپێی یاسا (3) ڕۆژ هەیە بۆ پێشكەشكردنی تانە و (7) ڕۆژیش بۆ یەكلاكردنەوەی تانەكان. بۆ هاوپەیمانێتیش بەهەمان شێوە، واتە (20) ڕۆژ، زیاتر لە (10) ڕۆژیش پێویستە بۆ خۆتۆماركردنی قەوارەكان و پاشان هاوپەیمانییەكان، جگە لەزیادكردنی ماوە بۆ دیزاینی پەڕەی دەنگدان و چاپكردنی. كەواتە ناتوانرێت لە 30/9/2018 دا ئەو هەڵبژاردنە بكرێت.

ئەی كەی لەتوانادایە بكرێ؟

بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە دوو گریمانە هەیە:

یەكەم: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و لە وادەیەكی تردا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێ.
دووەم: هەردوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە دوابخرێن و لەوادەیەكی تردا ئەنجام بدرێن.

لێكەوتەكانی ئەم دوو حاڵەتە چین؟

ئەگەر حاڵەتی یەكەم وەرگرین:

یەكەم: لەڕووی یاساییەوە ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەسەردەچن و شەرعیەتیان نامێنێت.
دووەم: لەڕووی داراییەوە تێچوونێكی زۆری دەوێت بۆ دوو هەڵبژاردن.
سێیەم: لەڕووی سیاسیەوە دابڕان و گرفت و قەیرانەكان لەسەر ئاستی پارێزگاكان قووڵتر دەكاتەوە.
چوارەم: جەماوەر ئێستا بێئومێدە لەپرۆسەی سیاسی و لە هەڵبژاردنەكان، بۆیە بەزەحمەت دێتەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان. ئەگەر بكرێتە دوو هەڵبژاردنیش ئەوا زۆر كارەكە گرانتر دەبێت.

لە حاڵەتی دووەمدا:

یەكەم: بەهەمان شێوەی حاڵەتی یەكەم لەڕووی یاساییەوە ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەسەردەچن و شەرعیەتیان نامێنێت.
دووەم: تەمەنی یاسایی پەرلەمان كە بۆ دوو وەرز درێژ كراوەتەوە، راڤەی جیاواز بۆ ئەو دوو وەرزە كرا و درێژترینیان (12) مانگ بوو، بەمەش لە 6/11/2018 دا تەمەنی یاسایی پەرلەمان كۆتایی دێت. پاش ڕۆژی هەڵبژاردن لانیكەم (15) ڕۆژ پێویستە بۆ یەكلاكردنەوەی تانە و سكاڵاكان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی. كەواتە 20/10/2018 دوا وادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. لەم وادەیەشدا كۆمسیۆن ناتوانێت هەردوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە ئەنجام بدات. لەدوای ئەو وادەیەش تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بەسەر دەچێت و پێویستە لانیكەم پەرلەمان بۆ وەرزێكی تر تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە كە (4-6) مانگە بەپێی ڕاڤەی جیاواز. ئەمەش پێویستی بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانە. جگە لەو بارگرانیەی لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە دەبێت تاكۆتایی ئەو وەرزە بەردەوام بێت. بێگومان شەپۆلێكی تری ناڕەزایی میدیایی و جەماوەری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و قەیرانەكان قوڵتر دەكاتەوە.

سێیەم: لەڕووی سیاسیەوە بێمتمانەیی زیاتر دەكات لەنێوان جەماوەر و لایەنە سیاسییەكاندا كە هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا ئەنجام نادرێن و گرفتیان بۆ دروست دەكرێ.

لەكۆتاییدا:

ئێستا زۆر درەنگە بۆ بڕیاردان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، هەر بڕیارێكیش بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان یان دواخستن و نەكردنی، چەندین بەربەست و قەیرانی یاسایی و سیاسیی و دارایی و جەماوەری و میدیایی زەق دەكاتەوە و دەیكاتە سەرباری ئەو هەموو قەیرانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، كە دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆیان زۆر سەختترە لەجاران، بەتایبەت پاش هەڵبژاردنی 12/5/2018 كە كۆمەڵە دەرهاوێشتەیەكی نەرێنی تری هێنایە پێش و لەو كاتە بەدواوە سەرجەم حیزبە ناڕازیەكان دژی هەر گفتوگۆیەكن لەگەڵ دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان كە ئێستا بەتەنها لەحكومەتدا ماون.

بەداخەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیرانەكان زیاتر كەڵەكە دەبن و ئاسۆیەكیش بەدی ناكرێت بۆ چارەسەریان، تەنها هیوایەك مابێت گۆڕانكاری ئەرێنیە بەقازانجی دەنگ و كورسی حیزبە ناڕازیەكان، لە ئەنجامی سەرلەنوێ هەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەستی، كە هاندەربێت بۆ یەكڕیزی و گفتوگۆی جدی، ئەمەش ئەگەرێكی دوورە و نزیكە لە مەحاڵەوە، بۆیە بینەری گەڕێكی تری كێشمەكێش و لێكترازانی زیاتری حیزبەكان دەبین لەداهاتوودا.