arf-qurbany.jpg

دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەیەكی چاوەڕوانكراو

Jun 5, 2018  |   بیروڕا 

عارف قوربانی

 

لەبیرمە ئەڵقەكانی سەرەتای بەرنامەی چوارقۆڵی بوو لە تەلەفزیۆنی رووداو، باسی ئەوەمان كرد كە شەش مانگێكی تر، بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە كوردستان رووبەڕووی كێشەیەكی گەورەی سیاسی و یاسایی دەبێتەوە، چونكە یاسای ژمارە 19ی 30ی حوزەیرانی 2013 دوو پرسی لەخۆ گرتووە، یەكەمیان درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمە لە 20ی ئابی 2013 تا 19ی ئابی 2015. دووەمیان پرسی دەستوورە كە لە ماددەكەدا بە روونی هاتووە (لەو ماوەیەدا كە لە ماددەی یەكەمی ئەم یاسایەدا دیاریكراوە، پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان بە سازان هەموار دەكرێتەوە). هیچ رێگەچارەیەكی تری یاسایی دیاری نەكردووە بۆ ئەوەی ئەگەر سازان نەكرا لەسەر دەستوور، بەدیل چییە بۆ ئەم یاسایە؟

پێشنیازی ئەوەمان كرد كە حەق وایە پەرلەمانی كوردستان بەپەلە بەدوای چارەسەردا بگەڕێت بۆ ئەوەی كوردستان تووشی گرفتی گەورە نەبێت، یان ئەوەتا لە بەیانییەوە بكەوێتە كار بۆ ئەوەی سازان لەسەر دەستوور بكرێت، چونكە ئەو دوو مادەیەی ناو یاسای ژمارە 19 پێكەوە گرێدراون و بانێك و دوو هەوا نییە، یەكیان جێبەجێ‌ بكرێت و یەكیان فەرامۆش. رۆژی دوای بەرنامەكە، برادەرانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە یەكێك لە ئەندامانی گروپی چوار قۆڵیدا پەیامێكیان ناردبوو كە سەرئێشە بۆ پەرلەمان مەدۆزنەوە، ئەوە كەی ئیشی پەرلەمانی كوردستانە، دەبێ‌ حیزبە سیاسییەكان لە دەرەوەی پەرلەمان رێككەون و پرۆژەی رێككەوتنەكەیان بچێتە پەرلەمان پەسەند بكرێت.

بەهۆی ئەوەی چارەسەر بۆ ئەو لێكگرێدراوییەی ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستوور نەدۆزرایەوە لەو ماوەیەی لە یاساكەدا دیاریكرابوو، رووداوەكانی 23ی حوزەیران و دواتری بەدوای خۆیدا هێنا كە كوردستانی تووشی لێكترازانی سیاسیی گەورە كرد، هەروەها پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستانی لەباربرد و دواجاریش هەیكەلەی سەرۆكایەتی هەرێم و یاساكەشی بەو دەردە چوو كە پارساڵ وەك چارەسەرێكی كاتی، دەسەڵاتەكانی بەسەر دامەزراوەی یاسایی و دادوەری و حكومەتدا دابەش كران.

لەبەر ئەوەی ئێستا لەبەردەم خولێكی تری هەڵبژاردنداین لە كوردستان، لە سێ‌ بۆ چوار مانگی داهاتوودا جارێكی تر یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەك كێشەیەكی چاوەڕوانكراو لەبەردەم پرۆسەی سیاسیدا دەتەقێتەوە. چونكە ئەوەی ئێستا كراوە لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر دامەزراوەكانی تردا، بۆ دۆخێكی كاتی و رزگاربوون بوو لە كێشەیەك، ئەگینا لەواقیعدا ناكرێ‌ دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەمێنێت. لە چەند مانگی رابردووشدا بینیمان لەكاتی پرۆژە یاسای چاكسازی كاتێ‌ پەرلەمان یاساكەی پەسەند كرد، دوای چەند رۆژێك سەرۆكایەتی پەرلەمان یاساكەی رەتكردەوە. لەهیچ شوێنێكی دونیادا شتی وا رووی نەداوە پەرلەمان یاسا دەربكات و سەرۆكی پەرلەمان مافی رەتكردنەوەی هەبێت.

بەشێك لە دەسەڵاتەكان تێكەڵی یەكتری بوون و ئێستاش روون نییە كێ‌ سەرۆكی هێزە چەكدارەكانە؟ دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان سەر بە كام جومگەی دەسەڵاتن؟ كێ‌ مافی رەتكردنەوە و پەسەندكردنی یاسای هەیە دوای دەرچوونی لە پەرلەمان. ئەمانە و زۆر پرس و بابەتی تر هەن پەیوەستن بەم پرسەوە، بۆیە دەبێت چارەسەری پێشوەختەی بۆ بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی بەدەردی جاری پێشوو دەستبردن بۆ چارەسەری كێشەكە نەبێتە كێشەیەكی قووڵتر، هیواخوازم لە ئێستاوە لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانی كوردستان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرێكدا بگەڕێن كە ببێتە هۆكاری دروستبوونەوەی متمانە و راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و یاسایی لە هەرێمی كوردستان.

لە ساڵانی رابردوودا بەشێك لەو كێشانەی روویانداوە، بەشێك لەو هەڕەشە و مەترسیانەش كە ئێستا و بۆ داهاتوو لەسەرمانن، پەیوەستن بە نەبوونی دەستوورەوە لە كوردستان. هەرچەندە لە ساڵی 1992 بەدواوە پەرلەمانی كوردستان لە قۆناغی جیاجیا هەوڵی نووسینەوەی دەستووری داوە، پرۆژەی دەستووری بە رێكارە یاسایی و باوەكانی سەردەم ئامادە كردبوو تا بخرێتە راپرسییەوە. كێشە سیاسییەكانی نێوان لایەنەكان ئەو هەوڵەی پەرلەمانی پەكخست، بەڵام بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، پێویستە هەرێمەكان دەستووری تایبەت بەخۆیان هەبێت، كەواتا بەدەر لە زادەو پێویستی واقیعی كوردستان، ئەركێكی دەستووریی عێراقیشە كە هەرێمی كوردستان دەستووری هەبێت.

مەبەستم لە ورووژاندنی پرسی دەستوور بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی پرس و یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیشە كە چاوەڕوان دەكرێت وەك كێشەیەك لە داهاتوودا بێتەوە رێمان. بۆ ئێستا و دوای ئەو بارودۆخە تایبەتانەی بەسەر كوردستاندا هاتن، رەنگە سازانی نێوان لایەنەكان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئاسانتر بێت و گۆڕانكارییەكان لە یاساكە و شێوازی هەڵبژاردن هیچ هەستیارییەكی نەبێت و بۆ هیچ لایەنێك نەبێتە كێشە. بۆیە باش وایە پەرلەمانی كوردستان ئەو لیژنەیەی لە نوێنەری هەموو لایەنەكان پێكهاتبوو بۆ پرسی دەستوور، بخاتەوە كار و ئەگەری زۆر هەیە لەماوەیەكی كورتدا كارەكانی نووسینەوەی دەستوور تەواو بكرێن و دەكرێت ئامادە بكرێت تا لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمان كە چاوەڕوان دەكرێت لە چوار مانگی داهاتوودا بەڕێوە بچێت، دەستووریش بخرێتە راپرسییەوە و سەرۆكی هەرێمیش بەپێی ئەوەی لە دەستوورەكەدا هاتووە، هەڵبژێردرێت.

دیارە ئەگەرێكی زۆر هەیە ئەو ناكۆكی و ناتەباییەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران كەوتووەتەوە درێژە بكێشێت و بەهۆیانەوە نەتوانرێ‌ وا بەزوویی لە عێراق حكومەت پێكبهێنرێت، لانیكەم رەنگە تا هەڵبژاردن لە كوردستانیش ئەنجام دەدرێت، دۆخی عێراق بەو شێوەیە بمێنێتەوە، بۆیە باشتر وایە هێزە سیاسیەكانی كوردستان ئەنجامەكانی هەردوو هەڵبژاردنی عێراق و كوردستان پێكەوە ببەستنەوە، پشك و پۆستەكانی هەردوو حكومەت لە عێراق و كوردستان پێكەوە بەشی ئەوە دەكەن بكرێن بە دەرفەت بۆ لێكگەیشتنێكی نوێی لایەنەكانی كوردستان، بەتایبەتیش كە هەست بە ناكۆكی دەكرێت لەنێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆكی كۆمار. هەرچی هێزەكانی تریشە بەهۆی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ئێستا لە خراپترین ئاستی پەیوەندیدان و پێویستی تێپەڕاندنی قۆناغی داهاتوو پێكەوەیی و یەك هەڵوێستیی كورد دەخوازێت.

ئەمەش وەك دەركەوتەی دۆخێكی تازە زەروورەتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم زیاتر دەكات تا بكرێت بە پارسەنگی راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان لایەنەكانی كوردستان لە هەولێر و بەغداش. بۆیە پێویستە بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە پەرلەمانی كوردستان ئەم ماوە كەمەی لە پێشی ماوە، بە هەنگاوی كرداری دەروازەكانی رزگاربوون لەم كێشەیە بدۆزێتەوە.