abdulrahman-alireza.jpg

“پەرلەمان” بانگهێشتان لەچی و دواخستنی بۆ ؟

Jun 11, 2018  |   بیروڕا 

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

 


دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کەبڕیاربوو سێ شەممە ( ۱۲-٦-۲۰۱۸) ئەنجامبدرێت بەھۆکاری ئەوەی تیمی حکومەت ناتوانن ئامادەبن لەدانیشتنەکە کەتایبەت بوو بەیاسای چاکسازی لەموچە و دەرماڵە و خانەنشینی و ئیمتیازاتەکان بەھانە و پاساوێکی زۆرلاوازە ، چونکە دەبوو ڕۆژی پێشتر سەرۆکایەتی پەرلەمان دڵنیایی وەربگرتایە لەھاتنی نوێنەر و وەزیرە تایبەتمەندەکانی حکومەت ئینجا بانگەوازی ئەندامانی پەرلەمان بکات بۆکۆبونەوە .

ھەموو ئاماژەکان پێماندەڵێن کەحکومەت بەو گۆڕانکاریانە ڕازی نەبووە کە لەلایەن لیژنەکانی یاسایی و دارایی لە پڕۆژەکەدا کراون ، بەتایبەت ھەڵگرتن و لابردنی ئەو ماددەیەی کەتایبەتە بە دەرماڵەی فەرمانبەران کە ئەمە کاری حکومەت خۆیەتی بیکات نەک پەرلەمان .

ھەروەھا پابەندکردنی حکومەت بەلابردنی سیستمی پاشەکەوتی موچە لەدوای دەرچونی یاساکە بەماوەیەک . بۆیە پێناچێت پڕۆژەکە بەئاسانی و بەو شێوەیەی حکومەت گەرەکیەتی بکرێتە یاسا .

ئاماژەکانیش وادەردەکەون کە پڕۆژەکە لەبار بچێت و ھەر بە پڕۆژەیی بمێنێتەوە و نەبێتە یاسا یاخود گەرلە پەرلەمانیش تێپەڕێنرێت بەو شێوەی بەخواستی حکومەت نیە ناخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، وەک ئەو دەیان یاسا گرنگانەی تر کە پەرلەمان دەریچواندون تاھەنوکەش لەسەر ڕەفەکانی حکومەت تۆزیان لێنیشتوە لەزەقترین نمونەش وەلانانی گرنگترین یاسا کە لەم خولەدا دەرچوێنرا کە یاسای سندوقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتی و گازییەکان بوو ، ھەرچەندە ئەم پڕۆژەیە کە ناوی چاکسازی لێنراوە لەڕاستیدا پاکسازییە لەموچە و خانەنشینی ودەرماڵە و ئێمتیازاتەکان ، چونکە چاکسازی گەلێک گشتگیرتر و ھەمەلایەنترە و دەکرێت چاکسازی لە سێکتەری سوتەمەنی ، باج و ڕسومات ، دەروازە سنوری وکۆمپانیاکان بکرێت . چونکە ئەم پڕۆژەیەی کە ئێستا حکومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمان و ناوی چاکسازی لێناوە لەڕاستیدا زیاتر لە ۹۰٪ی بریتیە لەو کارە نایاسایی و نا ئیدارییانەی کە حکومەت لە ماوەی چارەکە سەدەی حکومڕانی خۆی کردونی و چۆن زۆر جار بەکلیکێک ھەزاران کاری نایاسایی کردوە ، ھەرخۆیشی دەتوانی بەھەمان کلیک کارە نایاسایی وناکارگێڕییەکانی کەکراون ڕاست بکاتەوە . بەڵام بۆچی ئەم حکومەت ودەسەڵاتە نایکەن ، وەڵامەکەی ڕوون وئاشکرایە و ھەموان لەوە دڵنیاین کەچاکسازی ڕاستەقینە بەکەسانی چاکساز دەکرێت ، نەک کەسانێک خۆیان خوڵقێنەرەی ئەو ھەموو گەندەڵیە بوبێتن