rybwar-kakey.jpg

ڕۆڵەی پەرلەمان

Feb 8, 2018  |   بیروڕا 

رێبوار کاکەیی

 

لە دوای ھەڵبژاردن و دیاریکردنی ئەو نوێنەرانەی کە خەڵک ھەڵیان دەبژێرێت بۆ پەرلەمان، ئەوانیش ھەڵدەستن بە متمانەدان بە ‌حکومەت کە نوێنەری حزبەکانن، ئەو حزبانەی کە نوێنەریان لە پەرلەمانە، بەڵام لە پێنج ساڵی ڕابردوو، پەرلەمان زۆر بێھەڵوێست بووە بەرامبەری بە کوڕەکەی کەمن ناوم ناوە (ڕۆڵەی پەرلەمان).

پەرلەمان سەرباری دەرکردنی ھەندێک یاسا و بڕیار کە ھەندێکیان باشە و زۆریشی خراپە،‌ کە زۆرجار وەک نوێنەری خەڵک زانیویانیشە ھیچ سودی بۆ ھاوڵاتییان نییە، بەڵام نەیانتوانیوە خۆیان لە بڕیارەکانی حیزب بەدووربگرن و بڕیار و یاساکانیان دەرکردوە.

تائێستا پەرلەمان نەیتوانیوە بە ڕۆلەکەی (حکومەت) بڵێت، کوا ڕاپۆرتی ساڵانەی دارایی؟ نەیتوانیوە بڵێت، کوا بەرنامەی کارت؟ ئەو بەرنامە کارەی متمانەمان پێدا، چەندت جێبەجێ کردووە؟ کوا پلانی وەزارەتی پلاندانانت؟

بۆیە ئەم خولەی پەرلەمان وەک وتم، سەرباری ھەندێ یاسا کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، تارادەیەک سودی بۆ خەڵک ھەبووە.
ئەم پەرلەمانە خاوەنی بریاری خۆی نییە، ھەموو کارێکی چاوەڕوان کردنی مەکتەب سیاسی و جڤات و سەرکردایەتی حزبەکان بووە.

پەرلەمانی خولی چوارەم نەیدەتوانی ھیچ بڕیارێک بدات بەبێ پشتیوانی سەرکردەکانی حزبەکان، (ئەم نوسینەش بەو مەبەستە نییە کە خەلک سارد بکەمەوە لە دەنگدان) بەڵکو بۆ ئەوەیە کە خەڵک ھان بدەین تا کەسانێک ھەڵبژێرن خاوەن بڕیاربن، چاوەڕێی دەستی حزبەکانیان نەکەن، ھەرکەسێک ھەڵەی کرد بانگھێشتی بکەن و لێپێچینەوەی لێبکەن، دەبێت کارێک بکرێت کە پەرلەمان ڕۆلی خۆی بەتەواوی ببینێت کە یاسادانان و چاودێریکردنە.

پەرلەمان دەبێت چاودێری ھەموو کارەکانی حکومەت بکات، بیرتانە چەند ئەندام پەرلەمانێک پێش یەک دووساڵ دەیانوت حکومەت وتوویەتی ئێمە ناھێڵین وەزیرەکانمان بێتە پەرلەمان، ڕێگەنەدان بە چوونی وەزیر بۆ پەرلەمان لە چ یاسا و عورفێکدا بوونی ھەیە؟ ھەر ئەوکاتە دەبوو واز لە بیری حزبی بێنن و ھەموو ئەو حکومەتە ھەڵبوەشێننەوە و متمانەی لێبسێننەوە بەڵام کە بێدەنگ بوون، ئیتر حکومەت دەست کراوەتر بوو.

ھەر ئەو پەرلەمانەی خۆمان زیاتر لە مانگێکی پێچوو تا توانی لیژنەیەک بۆ نوسینەوەی دەستور پێکبھێنێت، ئەزانن بۆ؟ چونکە ھەر حزبە و داوای نوێنەری زیاتری دەکرد لە لیژنەکەدا، ئەو کات لایەنەکان بیریان لەوە نەدەکردەوە کە دەستور بۆ داھاتووی میللەتێک دەنووسن بەڵکو بیریان لە بەرژەوەندییەکانی حزبەکانیان دەکردەوە و دەیانویست زۆرینەی داواکاری حزبەکانیان لە چوارچێوەی دەستوردا جێگە بکەنەوە.

نزیکەی دوو ساڵ پەرلەمان داخرا، کەچی یەک فراکسیۆن نەبوو ھەوڵی جدی بدات، بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەگەر باسی فراکسیۆنیش نەکەین، نەمانبینی ژمارەیەک پەرلەمانتار فشاربکەن بۆ ئاسایی بوونەوەی دۆخی پەرلەمان، چونکە ئەوان بیریان لە حیزب دەکردەوە، بیریان لەوە نەدەکردەوە چەند ساڵێک دواتر وەک کەسێکی بێھەڵوێست باسیان دەکرێت لە کۆمەڵگادا، کە ھیچیان نەکردوە و ھیچیان لەدەست نەبووە وەک نوێنەری خەڵک تا دەزگایەکی وەک یاسادانان و چاودێری تووشی ئەو دۆخە نەبێت.

من چی لە نوێنەری بێھەڵوێست بکەم، کاری پەرلەمان چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتە وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کەچی تا ئێستا ناتوانێت چاودێری وەزارەتێکی وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بکات کە چۆن کارەکانی بەڕێوەدەبات.

حکومەتیش لەبەرامبەر ئەو بێھەڵوێستییەدا، چووە خۆڵی کردووەتە چاوی ھەموو پەرلەمان و دامەزراوەکانی ترو تەنانەت خەڵکیش ھەڵساوە کۆمپانیایەکی ھێناوە بەناوی ئەوەی کە چاودێری کارەکانی وەزارەت دەکات، ئەی پەرلەمان ئیشی چییە؟

ھەر بۆ زانیاری، لە شەش مانگی ڕابردوودا ئەو کۆمپانیایە تەنیا شەش لاپەڕەی A٤ ی نووسیوە لەسەر کارەکان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کە زۆربەشیان زانیاری ڕاگەیێنراوەکانی وەزارەتەکەیە، ئەگەر باسی  تێچونی ئەوکەسانە بکەین کە ئەو راپۆرتانە ئامادە دەکەن ئەوا  دلنیابن کە پارەیەکی خەیاڵیان بۆ سەرف  کراوە، ئەی بۆ پەرلەمان ئەو کارە ناکات وەک بەشێک لە چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت؟

زۆرقسە ھەیە لەسەر ئەدای ئەم خولەی پەرلەمان، وەک لە بەشی سەرەتای ئەم وتارەدا باسم کرد ھەمووی بە خراپ نابینین، بەڵام زۆریشی خراپە و ئەوەی خەڵک چاوەرێی بوو وا دەرنەچوو،  ترسێک ھەیە لەلای دەنگدەردەبێت ھەموومان ئەو ڕۆڵە ببینین کە ئەو ترسەش نەھێڵین و وابکەین ھاوڵاتیان بچن بۆ دەنگدان، چونکە ھێشتا دەرفەتی ئەوەمان لەپێشە نوێنەری باش بنێرینە پەرلەمان و ئەوانیش متمانە بدەنە (رۆڵە) ‌یەکی باش و