dana-teyb-menmi.jpg

هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كاری پێكەوەیی و فشاری زیاتری پێویستە

Jan 13, 2018  |   بیروڕا 

دانا تەیب مەنمی

ئەنجامدانی  هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئامانجێكی هاوبەشی هێزە ریفۆرمخواز و نیشتیمان پەروەرەكانی ئێستای كوردستانە، بەڵام بەدیهێنانی ئەم ئامانجە كارێكی ئاسان نییە، وهەوڵ و تێكۆشانی پێكەوەیی زۆری دەوێت.

رۆژ بەڕۆژ وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان نزیكدەبێتەوە، و پێدەچێت لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی هەرێم وادەیەك بۆ هەڵبژاردنەكان دەستنیشان بكەن، بەجۆرێك بكەوێتە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراقەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی وتەی وتەبێژی فەرمی كۆمسیۆن و چەندین چاودێری سیاسی و شارەزایانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، ژمارەیەكی زۆر لە ناوی دووبارە و  لەیەكچوو، و مردووان بەساڵاچووان لە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمدا هەیە، و كێشەیەكی زۆر بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایندەی پەرلەمانی كوردستان دروستدەكات. هەفتەی ڕابردوو سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی پەیمانگای ئەنیستتۆی پەی بۆ چاودێری و پەروەردە، لە میانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا  ڕایگەیاندووە ” بەپێی بەدواداچونەی ئەوان‌ ‌ بۆ تۆماری ئێستای دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە نۆسەد هەزار ناوی ساختە ،كە بەشی زیاتر لە چل كورسی دەكات ، لەتۆماری ناوی دەنگدەرانی كوردستاندا هەیە.”

بۆیە پاككرددنەوەی تۆماری دەنگدەران ئەركێكی قورسە، و بەپێی لێدوانێكی شیروان زرار، وتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بۆ خەندان، دەربارەی ئەوەی ئایا دەتوانن تۆماری دەنگدەران لە كاتی خۆیدا پاككبكەنەوە، ڕاگەیاندووە “ئەوە دەكەوێتەوە سەر ئیرادەی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ، ئەگەر هاوكارمان بن و هیمەتمان لەگەڵ بكەن دەتوانین، …بەڵام بەشێكی گرنگیشی پەیوەندیدارە بە حكومەتەوە كە گرنگە هاوكار بێت بۆ نمونە وەزارەتی ناوخۆ دەبێ سەرجەم ناوی پێشمەرگە و كارمەندانمان بۆ بنێرێ بۆ ئەوەی لە دەنگدانی گشتی جیابكرێتەوە.”

هەموومان دەزانین ئەم حكومەتەی ئێستای هەرێم  یەكێتی و پارتی تێیدا سەرجەم جومگە هەستیارەكانی حوكمڕانییان بەدەستەوەیە، و لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە، و وەكو لەڕابردوودا بینیومانە هەروا بە ئاسانیش ناچنەژێرباری ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجامبدرێت، چونكە ئەگەر ئەوە بكرێت ئەوا بەدڵنیاییەوە بەڕەی حوكمڕانی لەژێر پێیان دەردەهێنرێت.

جەختكردنەوەی هەردوو لایەنی پارتی و یەكێتیش لەوەی هەڵبژاردنەكان لەئایندەیەكی نزیكدا ئەنجامبدرێت، بەڕای من تەنها بۆئەوەیە كاتی پێویست لەبەردەستدا نەبێت بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ئامادەكاریی پێویست  نەكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دوور لەساختەكاریی لەلایەن هەردوو لایەنی دەسەڵاتدارەوە.

ئەركی لایەنەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بە تایبەتی گۆڕان و هاوپەیمانی  دیموكراسی و دادپەروەریی و كۆمەڵی ئیسلامی كە فشاری زیاتر بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ ملدان بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران. هەروەها پێویستە لەسەر ئاستی عێراقی و نێودەوڵەتی فشاری زیاتر بخرێتەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، كە نەتوانن ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا ئەنجامبدەن.

ئەمەش لەڕێگای چاودێرانی نێودەوڵەتی بێ لایەن و ڕێگاپێدان بە میدیای نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی شەفاف ڕووماڵی سەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بكەن.
هەروەها لەڕێگای چەندڕێوشوێنێكی دیكەی وەكو بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای زانیاری نوێ و سكانەری ئەلكترۆنی و دانانی ژمارەیەكی پێویست لە چاودێری حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و بەرەی خواستی گەل لەسەرجەم بنكەكانی دەنگدان، و بەگەڕخستی میدیاكانیان بۆ چاودێری كردن و ئاشكراكردنی كەلێن و پێشێلكارییەكان، دەتوانرێت  تاڕادەیەكی باش پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بەخاوێنی بەڕێوەبچێت و دەرگای ساختەكاریی دابخات.