shadman-malahasan.jpg

نامەکەی ڕێکس تیلەرسن لەپەیمانی بەڵفۆڕ گرنگتر بوو

Oct 17, 2017  |   بیروڕا 

شادمان مەلا حەسەن

 

کورد لەوەتەی ھەیە بەقەد ئەم سێ ساڵەی دوای شەڕی تیرۆرستانی داعش نەکەوتە سەر شاشەی دونیا. ھەرگیز بەقەد ئەم چەند ساڵە نەناسرا بە ھۆی شەڕڤان و پێشمەرگەوە.

ھەرگیزیش ئەوەندە وڵاتانی زڵھێزی دونیا نەھاتن بەتەنگ کورد و بەدەوری کوردا، بەتایبەت باشوری کوردستان.

لێرەدا قسە لەسەر خەبات و ماندوو بوون و دەستکەوتەکان ناکەم کە بە چ ماندوو بوون و قوڕ بەسەریەک ھاتە بەرھەم. خوێنی سەدان ھەزار مرۆڤ و ئەنفاڵ و کیمیا باران و سوتماکردنی خاک. قسە لەسەر خراپی ئیدارە و گەندەڵیش ناکەم.

تەنھا قسە لەسەر ئەو کارت و دەستپێشخەریە پڕ بەھاو بەنرخانەی وڵاتانی زڵھێز دەکەم کەدایان بە سەرکردایەتی کورد بە گشتی و بارزانی بەتایبەت، بەڵام ھەمووی یەکسان کردەوە بەسفر.

تەنھا باس لە نامەکەی ڕێکس تیلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەم بۆ بارزانی.

ئەم نامەیە زۆر لەو پەیمانە گرنگترە کە کاتی خۆی ئارسەر بەڵفۆڕی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ساڵی ١٩١٧ بۆ لۆردێکی جولەکەی نارد.

کەوا بەڵێنیان پێدەدات قەوارەیەکیان بۆدروست بکات لەسەر خاکی فەلەستین.

ئەوکات جولەکەکان تەنھا لە ٥%دانیشتوانی فەلەستینیان پێک دەھێنا، بەڵام ھیچ دامەزراوەیەکیان نەبوو. جولەکە گوێیان گرت و دەستیان بەھەوڵی خۆیان کرد تاکو گەیاندیانە دەوڵەتێکی بەھێز لە ماوەی تەنھا ٢٩ ساڵ. ئێستا ئیسرائیل زلھێزی ئەتۆمی ناوچەکە و دونیایە. جگە لە دامەزراوەیی و تۆکمەیی و دیموکراسیەتەکەی، بەڵام نامەکەی تیلەرسن زۆر لەو نامەی ئارسەر بڵفۆر گرنگترە .چونکە ھی وڵاتێکی زۆر گەورەترە لەھەمان کات رای ھەردوو وڵاتی گەورەی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش فەڕەنسا و بریتانیاشی لەگەلە. بۆیە ئەم نامەیەی تیلەرسن گەورەترین ھەڵەی مێژووی سەرکردایەتی کوردە بەدرێژایی مێژووی خۆی.

چونکە ھەموو بنەماکانی دەوڵەتی سەربەخۆی تێدایە، چونکە خۆی و وڵاتەکەی خستۆتە ژێر ئیلزامکردن بۆ کێشەی کورد لەنەتەوە یەکگرتووەکان. بەدڵنیایەوە روسیا و چینیش ھاوڕادەبوون.

ھیچ نەبوایە دژ نەدەبوون، ھەروەھا ئەم نامەیە زۆر لە پەیماننامەی سیڤەر گرنگتر و بە ھێزترە.

چونکە پەیماننامەی سیڤەر لە ١٣ بەش و ٤٣٣ماددە پێک ھاتووە، تەنھا ٣ ماددەی لەسەر کوردە، لە ھەمووشی خراپتر پەیماننامەی سیڤەر بڕیارەکانی بەسەر دەوڵەتی عوسمانیدا فەرزکردبوو، ئەوکات دەوڵەتی عوسمانی لەوپەڕی لاوازی و شکستی دوای جەنگی جیھانی بوو.

بەتەنھا ئەستەمبۆل و چەند ناوچەیەکی دەورووبەری لەدەست مابوو، بۆیە ھەرکە دەوڵەتی ئەنادۆلی کەماڵ ئەتاتورک سەرکەوت زۆر بەئاسانی لە پەیماننامەی سیڤەر ھەڵوەشێنرایەوە کێشەی کورد خرایەوە بازنەیەکی زۆر بچوک.

ئەم بارەش بە لەدەستدانی نامەکەی تیلەرسن و ھەموو کارتەکانی تر کێشەی کورد ئەوەیە دەیبینن زۆر بچوک کرایەوە، بۆیە دامەزراوەیی بەڕێوەبردنی ھەر نەتەوەیەک ئەگەر لەسەر بنەمای نیشتمانی و لێھاتووی بوو ھەرگیز ھەڵەی کوشندە ناکات، بەڵام ئەگەر وەکو ھی کوردی باشور بوو ئەوەیە ئەنجامەکەی کەوا ھاتۆتە بەرھەم.