serwer.jpg

ئەگەر شكۆتان هەبێ خۆتان دەكوژن

Oct 17, 2017  |   بیروڕا 
د.سەروەر عبدالرحمن
 
 

ئەم سەركردایەتیە دەمێكە سەلماندویەتی كە لەئاست ئەو لێپرسراویەتیەدا نیە، بەداخەوە لەسایەی حەماقەت و چاوچنۆكی و خۆپەرستیاندا مێژوو خۆی دووبارە كردەوە، ساڵی 1975 كاتێك سەركردایەتی كورد رووداو و پێشهاتەكانی باش نەدەخوێندەوەو بەملهوڕی هەنگاوی دەنا، بە تاكە رێكەوتنێكی نێوان شای ئیران و سەدام حوسێن بەری رەنجی چواردەسال خەبات و قوربانیدانی نەتەوەیەكیان لەچەند سەعاتێكدا بەبادا، ئێستاش بەهەمان شێوە لەئەنجامی عینادی و خۆبە زلزانینیان، بەری رەنجی بیست و شەش ساڵیان سفر كردەوە و دۆزی كوردیان بۆ چەندین ساڵ بۆ دوواوە گێڕایەوە.

زۆرتان پێ وترا رێككەون و ناو ماڵی كورد یەكخەنەوە، بەلام نەتانكرد. زۆرتان پێ وترا گەندەڵی بنەبڕ بكەن و تۆزێك شەفاف بن بەرامبەر میللەتەكەتان، بەڵام نەتانكرد، زۆریان پێ وترا دڵی میللەت چاك بكەنەوە كە بیست و شەش ساڵە دەیڕەنجێنن، قوتی ژیانیان بۆ بگێڕنەوە كە بڕیوتانە بەڵام نەتانكرد! زۆرتان پێ وترا بەرەی ناوخۆ بەهێز بكەن بەڵام گوێتان پێ نەدا. زۆرتان پێ وترا گوێ لە دۆستەكانمان بگرن بەڵام گوێتان نەگرت، زۆرتان پێ وترا چاویلكەكانتان داكەنن و تۆزێك واقیع بینانە رەوشەكە بخوێننەوە بەڵام داتان نەكەند. زۆرتان پێ وترا تۆزێك واز لە دەمارگیری حزبی بێنن و بەرژەوەندی بالای نەتەوەو نیشتمانتان لەبەرچاو بێت، بەلام وازتان نەهێنا! ئاخر پێم ناڵێن ئێوە چین و خۆتان بەچی دەزانن!؟ ئێوە لە شای ئێران و سەدام و قەزافی و موبارەك و … هتد پیاو تر و زەریف تر و شەریفترن!؟ میللەتێكی دڵسۆز و بێدەنگ و گوێڕایەڵ و هەستكردوو بە مەسئولیەتتان كەوتۆتە ژێر دەست دەبێت خزمەتی بكەن یا وەك ئاژەڵ رای بدەن!؟

بایی ئەوەندە لەمێژوو تێنەگەیشتوون كە رۆژێك دێت لافاوی رقی میللەت هەڵسێت لاشەی بۆگەنتان زبڵخانەكانیش نایانگرێتە خۆ!؟

ئەوەی بینیم لەم دوو رۆژەی رابردوو هەمان مێژووەو بەشێوەیەكی تراژیدی خۆی دووبارە كردەوە، هەمان سیناریۆی ساڵی 1975، كاتێك پێویست بوو رێكبكەون رێكنەكەوتن، كاتێك پێویست بوو شەڕ بكەن شەڕتان نەكرد! پێشمەرگە ئامادەی هەموو قوربانیدانێك بوو دەستتان گرتن، هەمان سیناریۆی 1975، سەدان پێشمەرگەم بینی نەفرەتیان لێدەكردن و بە چاوی پڕ لە فرمێسك و قوڕگی پڕ لە گریانەوە باسی بێ كەرامەتی و خیانەت و ترسنۆكی ئێوەیان دەكرد! ئێوە ئاگاتان لێیە ئێستا ئەم میللەتە چۆن سەری لێ شێواوەو سەرگەردان بووە!؟

كەركوكێك كە ساڵەهایە قوربانی بۆ دەدرێت و وەك خۆتان دەڵێن چارەنوسی چەند شۆڕشێكی رابردووی لەسەر تێكچووە، چۆن لەڕووتان هات وا بە ئاسانی تەسلیمی سوپای عروبەی بكەنەوە!؟

شەنگالێك كەوا زێدی پاكیزە ئێزیدییەكانە، دوای ئەوەی جارێك بە داعشتان فرۆشت، لەدوای ئازاد كردنەوەیشی لەگەڵ پەكەكە لەململانێدان و داوادەكەن لێی دەربچن، دوو ساڵە ئازادكراوە نەتانتوانی ئاوەدانی بكەنەوەو خەڵكەكەی بۆ بگێڕنەوە! چۆن لەڕووتان هات وا بە ئاسانی رادەستی لەشكری عەرەبی بكەنەوە!؟ ئەی ئەگەر بەتەمای رێككەوتن بوون، بۆچی ئەم هەموو گەنجەتان بەكوشتدا و ئەم هەموو ژنەتان بێوەژن كردو ئەو هەموو منداڵەتان بێناز خست و جەرگی ئەم هەموو پیرەژن و پیرەمێردەتان سوتاند!؟

ئێستاش پاش ئەو هەموو كارەساتەی بەسەر ئەم میللەتەتان هێنا، هاتوون شەڕی ئیعلامیتان دەست پێكردووەو تەخوینی یەكتری دەكەن و دەستی چەورتان بەسەری یەكتری دەسڕنەوە؟ دڵنیابن لەچاوی میللەتدا كەستان لەوەی ترتان باشتر نین، هیچ جیاوازیەكتان نیە. ئەگەر تۆزێك شكۆتان هەبێت دوای ئەوەی شكۆی میللەتێك لەسەر دەستی ئێوە شكا، خۆتان دەكوژن و كۆتایی بە ژیانی خۆتان دێنن! بەڵام پێموانیە ئەوە بن، چونكە شكۆتان نیەو ترسنۆكن!