behar-mehmud.jpg

خاڵە نایاسایی و ناپەیڕەویەکان لە دانیشتنی ڕۆژی ١٥/٩/٢٠١٧ ی پەرلەمانی کوردستان

Sep 17, 2017  |   بیروڕا 

د. بەهار محمود فتاح


دوای تێپەڕینی نزیکەی دوو ساڵ بە سەر پەکخستنی پەرلەمان بە بڕیاری حیزبێک لەڕێگەی کودەتاو بەردەوامی و سەرگرتنی ئەم کودەتایە لە ئەنجامی بێدەنگی بەشێک لە حیزبەکانی دی ، ڕۆژی ١٥/٩/٢٠١٧ بە بڕیاری حیزبی بە ناوی کاراکردنەوەوە پەرلەمان کۆکرایەوە ، لێرەدا من نامەوێت لە ڕووی سیاسی و ئامانج و لێکەوتەکانی ئەم بابەتە بکەم چونکە ئەو بابەتە لە بیاننامەی فراکسیۆنەکەماندا باسمان لێوە کردووە ، بەڵکو دەمەوێت تیشک بخەمە سەر لایەنە نایاسایی و ناپەیڕەویەکانی ئەم دانیشتنە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا :
یەکەم / بە پێی بڕگەی (١) لە ماددەی (٢٠) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ، دانانی بەرنامەی کارو بانگهێشتی ئەندامان بۆ دانیشتنی پەرلەمان ئاسایی بێت یان نائاسایی لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانی دەستەی سەرۆکایەتیە ، واتە دەبێت بە لانی کەمەوە دوانیان واژۆ لەسەر بانگهێشت و بەرنامەی کار بکەن ، بەڵام لەم دانیشتنەدا تەنها جێگری سەرۆکی پەرلەمان واژۆی لەسەر بانگهێشتەکە کردبوو ، وە بەرنامەی کاریش لە لایەن سەرۆکی هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتیەوە دانرابوو .
دووەم / کاتێک بە پێی بڕگەی (١) لە ماددەی (٦) لە پەیڕەوی ناوخۆ ئەندامانی پەرلەمان واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی نائاسایی ، پێویستە واژۆکان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت لە ڕێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە ، بەڵام بۆ ئەم دانیشتنە ئەندامان واژۆکانیان ئاراستەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کردووە وە سەرۆک و سکرتێر نە واژۆیان ئاراستە کراوە نە ئاگادار کراون لە شتێکی لەو بابەتە ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆک و سکرتێر لە هەرێمی کوردستانن واتە غائب نین .
سێیەم / بە پێی ماددەکانی ( ٧١، ٧٢،٧٤ ، ٧٥ ، ٧٧ ) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان شێوازی پێشکەش کردنی پرۆژە یاسا و بڕیارو پرۆسەی دانانی یاساو بڕیار بەم شێوەیە دەبێت :
١-پرۆژەی یاساکە یان بڕیارەکە بە واژۆی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان کە لە ١٠ ئەندام کەمتر نەبێت پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت .
٢-سەرۆکایەتی پەرلەمان پرۆژەکە دەخاتە بەرنامەی کارەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت وە وێنەی پرۆژەکە دەخاتە سندوقی بەریدی هەموو ئەندامان تا ئاگادار بن لە ناوەرۆکی پرۆژەکە .
٣-خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەکە دەکرێت لە لایەن لیژنەی یاسایی لە دانیشتنی پەرلەماندا وە سەرۆکی پەرلەمان پرۆژەکە ئاراستەی لیژنەی یاسایی و لیژنەی پەیوەندیداری تر دەکات .
٤-لیژنەی یاسایی و لیژنەی پەیوەندیدار کۆبونەوەی خۆیان دەکەن و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ڕاپۆرتێک لە بارەی پرۆژەکە ئامادە دەکەن و ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکەن .
٥-سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕاپۆرتەکە دەخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان بۆ گفتو گۆ کردن و دەنگدان لەسەری ماددە بە ماددە دوای دانانی لە سندوقی بەریدی گشت ئەندامان بۆ ئاگادار بوون لە ناوەرۆکەکەی .
٦-ڕاپۆرتەکە دوای گفتوگۆ کردن بە دەنگی زۆرینە بە پەسەند کراو دادەنرێت و دەبێتە یاسا یان بڕیار .
ئەوەی بینیمان ئەو بڕیارەی دوێنێ پەسەند کرا لە پەرلەمانی کوردستان بە هیچ کام لەم پرۆسەو خاڵانەدا تێنەپەڕی ، لیژنەی یاسایی هەر لەسەری کۆ نەبۆوە هەر ڕاپۆرتی نەبوو ، نەمانزانی چۆن و بە پێی چ یاسایەک بەو پەلە پەلە بڕیارەکە بە بێ ئەو ڕێکارانە پەسەند کرا تۆ بڵێی یاساییەکانی بەشدار لەم دانیشتنە بەم هەموو پێشێلکرنەیان نەزانیبێت ؟! نەخێر پێم وایە زانیویانەو بێ دەنگ بوون .
چوارەم / بە پێی ماددەی (٥٨) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ، ئەندامان مافی گفتوگۆ کردنیان هەیە لەسەر ئەو بابەتانەی دەخرێنە ڕوو دوای ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار دەکەن و سەرۆکی پەرلەمان یەک یەک ڕێگەیان پێ دەدات بۆ گفتو گۆ ، بەڵام لەم دانیشتنەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەو مافەی بە ئەندامان نەدا .
پێنجەم / لە ماددەی (٥٦) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١) ی ساڵی ١٩٩٢ ، کارودەسەڵاتەکانی پەرلەمان دیاری کراوە ، بە هیچ شێوەیەک باس لەوە ناکات کە پەرلەمان پشتیوانی لە بڕیاری حیزب بکات ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمان کرا پشتیوانی بوو لە بڕیارە نایاساییەکەی کۆبوونەوەی بەشێک لە حیزبەکان بە ناوی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم ، کە ئەم لێژنەیە لە ڕووی یاساییەوە بوونی نیە چونکە هیچ یاسایەک نیە کە ڕێگەی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لەو جۆرە دابێت بۆ پرسێکی گرنگی وەک ڕیفراندۆم . هەر بە پێی بڕگەی چوارەمی ئەم ماددەیە دەبێت پرسی چارەنوسسازی وەک ڕیفراندۆم لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت دوای گفتوگۆو دراسەکردنی گشت لێکەوتەکانی وە یاسای بۆ دەربکرێت بۆ چۆنێتی ئەنجامدانی وە ڕۆژی ئەنجامدانی دیاری بکرێت ئنجا کۆمسیۆن ڕابسپێرێ بۆ جێبەجێکردنی .
بە پێی ئەو خاڵانەی سەرەوە ، دانیشتنەکەی ١٥/٩ پەرلەمان بە هەموو شێوەیەک نایاسایی و ناپەیڕەوی بوو وە ئەوەندەی بێ ئەرزشکردنی ڕۆڵی پەرلەمان بوو ئەوەندە کاراکردنەوە نەبوو بە زمانی خۆیان چونکە ئێمە پێمان وایە دەبێ پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوە نەک کارا بکرێتەوە بەڵام ئەمە کاراکردنەوەش نەبوو .