abdulrahman-alireza.jpg

ڕۆتین و گەندەڵی دوو دیوی یەک دراون

Sep 18, 2017  |   بیروڕا 

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا 

 

سەبارەت بەگرفتەکان وچارەسەرکردنی وەرگرتنی دانەوێڵە لەبنکەو سایلۆکانی هەرێمی کوردستان ،لەڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە لەبەرواری ۱٦ ـ ٦ ـ ۲۰۱٥ دا ، نوسراوێکم ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی هەرێم کرد تاکو بەزوویی بێنە پێشەوە بۆچارەسەرکردنی کێشەکانی بوارەکە .
تائێرە ئاساییەو هیچ سەرنج وتێبینیەک هەڵناگرێت ، بەڵام ئەوەی نائاساییە ئەوەیە کە وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی لەبەرواری ۱۳ ـ ٦ ـ ۲۰۱۷ و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە ۱٨ـ۷ـ۲۰۱۷ وەڵامی یاداشت ونوسراوەکەمیان داوەتەوە .بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پەرلەمان و لیژنەکانیش لە ٦ـ٨ـ۲۰۱۷ دا وەڵامەکەیان چەند ڕۆژێکە بەنوسراوێک بۆناردومەتەوە .
باشە وەڵامی نوسراوێک لەلایەن وەزارەتێکەوە بۆ پەرلەمان دوو ساڵ بخایەنێت و لەئەنجومەنی وەزیرانەوە ۷۳۲ ڕۆژی پێ بچێت ، ئەمە ناوی چی لێدەنرێت و چ پێناسەیەک هەڵدەگرێت .
بۆیە لێرەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە ڕۆتین هیچی لەگەندەڵی کەمتر نیە گەر زیاتر نەبێت ، یاخود دەتوانین بڵێین گەندەڵی و ڕۆتین دوو ڕووی دراوێکن .
گەرنا چ ڕەواییەکی تێدایە یاداشتێک لەکات وساتی سەرەتای وەرگرتنی دانەوێڵەی ساڵی ۲۰۱٥ ئاڕاستەی حکومەت و وەزارەتی پەیوەندیدار بکرێت کەچی لەکاتی کۆتایهاتنی پڕۆسەی وەرگرتن وڕادەستکردنی دانەێڵە لەساڵی ۲۰۱۷ دا وەڵامت بۆ بگێڕدرێتەوە.
ئەمە کوت ومت پێمان دەڵێت کەئەوەی لای حکومەت وبەرپرسانی باڵا بەلایانەوە جێی بایەخ وگرنگی پێدان نیە جوتیارانی کوردستان وبەرهەمەکانیەتی لەلایەک و پاراستنی ئاسایشی خۆراکە کەبەشێکە لەئاسایشی نەتەوەیی لەلایەکی ترەوە .
بۆیە دەکرێت بپرسین وەڵامی کابینەیەکی حکومەت بۆ پەرلەمان کە تێیدا متمانەی پێدراوەو لەهەناوی ئەوەوە لەدایک بوبێت دووساڵ زێدەتری پێ بچێت دەبێت بۆ وەڵامی دەزگایەکی خۆی چەندی پێ بچێت ، یان وەڵامی هاوڵاتیەکی بەشمەینەت چەندین ساڵ چاوەڕوانی وەڵامی داواکارییەکەی بکات ،گەر لەچاوەڕوانیدا سەرنەنێتەوە .