geshe.jpg

خوری دەكەین بە ڕیس؟ یا ڕیس دەكەینەوە بە خوری؟!

Jul 13, 2017  |   بیروڕا 
گەشە دارا حەفید
 

سەردانی شاندی هەرێم بۆ برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا لە رۆژی ١١/٧/٢٠١٧ دا بەمەبەستی لۆبیكردن بۆ ریفراندۆم و كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێ‌ لە جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپاو چەند پەرلەمانتارێك، پێم وایە ئەوەندەی بە زیان دەشكێتەوە سودێكی ئەتۆی لێ نابینرێت و نابێت بە كەرەستەیەك تا خزمەت بە ستراتیژ و ئەجێندای خەون و هیواو ئامانجی سەربەخۆیی بكات كە گەلی كوردستان دەیخوازێت. بەداخەوە ئەم كۆبوونەوەیە بووە مایەی هاتنەخوارەوەی ئاستی رای گشتی ناوەندە سیاسیەكان و خەڵكانی پەرۆشی ئەم گەلە ستەم لێكراوەی مێژوو، ئاخر نەتەوەیەك دوای سەد ساڵ قوربانی و كارەساتی جەرگبڕ و شۆڕش لەپێناوی سەربەخۆیی و ئازادی و مافی چارەی خۆنوسین، تازە بە تازە (سەرۆكەكەی) كەخۆی بە نوێنەری گەلی كورد دەزانێ‌، لە دامەزراوەیەكی دیموكراتی گرنگی دنیای ئەمڕۆدا، كە پەرلەمانی ئەوروپایە و نوێنەرایەتی هەموو ولاتانی ئەوروپایی خاوەن حوكمرانی دیموكراتی و دامەزراوە یاساییەكانی دەكات، بەزمانێكی سادەی نا دبلۆماسی و نایاسایی و نا سیاسی قسە دێتەگۆ.

بارزانی ئەگەر لەڕووی شەرعی و قانونیشەوە سەرۆك نیە، مادام خۆی خۆی بە سەرۆك دەزانێ‌، دەبوایە لەم دۆخە ناهەموار و گرانەی سەر شانی خەڵكی كوردستان و ئەو هەموو تەنگژە سیاسیەی نێوان حیزبەكان و دۆخی ئەمنیی هەرێم و مەترسیی شەڕی داعشی لەبەرچاو بگرتایە كە هێشتا لە بەرۆكی پێشمەرگە قارەمانەكان نەبۆتەوە، زۆر دڵفراوانتر هەڵسوكەوتی بكردایەو خۆبەخاوەنتری سەرجەم گەلی كوردستانی لای ئەو بێگانانە پیشان بدایە، چونكە ئەو بۆ لۆبیكردن و كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ ریفراندۆم ئەم سەردانەی كردووە، بەهێزترین خاڵیش بۆ ئەو پشتیوانیە لای دنیای دەرەوە، یەكێتی و یەكگرتوویی گەلەكەیەتی كە دەبوایە نیشانی بدایە، بەلام بەداخەوە، بە پێچەوانەوە، بارزانی وێنەیەكی پڕ لە ڕق و كینەو توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوەی پیشانی دنیای دەرەوەدا.

لێرەدا وەك پەرلەمانتارێك بەكورتی چەند سەرنجێك لەسەر قسەكانی بەڕێز بارزانی دەخەمە روو:

١ – بارزانی لە وتارەكەیدا وتی: “دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ لەسەر چوار ساڵی ئارامی رێككەوتین، سەرۆكی پەرلەمانمان دا بە گۆڕان كە بەپێی یاسا نەدەبوو، چونكە ئێمە زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستانمان هێناوە”.

جارێ ئەگەر یاساكە رێگە نادات بەوەی ئەو پۆستە بدرێت بە گۆڕان، كەواتە خودی بارزانی لەبەردەم نوێنەری چەندین دەوڵەتی یاسایی و دیموكراتی لە پەرلەمانی ئەوروپا دا ناراستەوخۆ باس لە پێشێلی یاسایەك دەكات كە خۆی كردوویەتی. لەكاتێكدا لە هیچ كام لە یاسا بەركارەكانی هەرێمدا دەقێكی لەم جۆرە بوونی نیە، كە ئەم پرسە بەپێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان رێكخراوەو باسی ئەوەی نەكردووە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەبێت لیستی براوەی یەكەم یا دووەم یا سێیەم…هتد بێ! تەنها بۆ پێكهێنانی حكومەت لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن رادەسپێردرێت تا كابینەی حكومی دروستبكات.

٢ – لە یەكێ‌ لە قسە نایاساییەكانی تریدا بەڕێز بارزانی وەك ئەوەی بۆ ئەندامانی رێكخستنەكانی حزبەكەی خۆی قسە بكات دەڵێ‌: ” لە ٢٣ی حوزەیران و ١٩ی ئابدا ویستیان كودەتا بكەن”. من باسی رووە سیاسیەكەی ناكەم كە لەدەرەوەی پەرلەمان چ ئیتیفاقێكی سیاسی كراو تا چەند گوێی لێ گیرا یان نا، بەلام پەرلەمان وەك وەزیفە و كاری خۆی پرۆژەی هەمواری سەرۆكایەتیی هەرێمی پێشكەش كراوەو ئەركی سەر شانی بووە كە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكات، كەچی بارزانی لەبەردەم پەرلەمانتارانی ئەوروپا ئەم ئەركە یاساییەی پەرلەمانی كوردستان بە كودەتا ناوی دەبات!!!

٣ – لەكاتێكدا هەمیشە ئەڵێین پێشمەرگە پێشمەرگەی خەڵكی كوردستانە و هێزێكی یاسایی و نیزامییە، بەلام بارزانی لەناو پەرلەمانی ئەوروپادا ناراستەوخۆ پەیامێك دەدات كە ئەوە دەگەیەنێت ئەو هێزە حیزبەكان خاوەنین نەك گەلی كوردستان، كاتێك دەڵێ گۆڕان بەشداری شەڕی داعشی نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی یاسا نابێ نە گۆڕان و نە پارتی و نە یەكێتی و نە هیچ حیزبێكی تر خاوەنی هێزی چەكدار بن. من موحامی گۆڕان نیم و خۆیان دەتوانن قسە لەسەر خۆیان بكەن، بەلام بارزانی دەبوایە ئەوەیشی لەبەرچاو بوایە كە لە پرۆسەیەكی نایاسایی و بەبێ بڕیاری پەرلەمان چوار وەزیری گۆڕان لە پۆست و ئیشەكانیان دوور خرانەوە كەیەكێك لەوانە وەزیری پێشمەرگە بوو و لەبەرەكانی بەرگری و شەڕی داعشەوە نێردرایەوە ماڵەوە!

بەداخەوە، دەسەڵاتێك لە وڵاتەكەی خۆیدا پەرلەمانی پەكخستبێت و رێگەی دەركردنی یاساو چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردنی گرتبێت، لەكاتی هانابردنی بۆ دەزگایەكی هاوشێوە كە پەرلەمانی ئەوروپایە لەبری خاوكردنەوەو ئاسایی كردنەوەی بارودۆخەكەو هێنانەوەی ئیعتیزار بۆ قەناعەت پێكردنی بەرامبەر ئەمە زمانی قسەكردنی بێت، لەبری ئەوەی بۆ چنینی باشتری تانوپۆی كەرەستە و تەدارەكی دەوڵەتسازی و نزیك كردنەوەی هیوای سەربەخۆیی، نەك هەر خوری ناكات بە ریس، بەڵكو ئەو ریسەی هەشە دەیكاتەوە بە خوری!

خۆزگە كاتێك شاندی هەرێمەكەمم بینی لەپەرلەمانی ئەوروپادا، بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان شاندەكە پێك هێنرابوایەو مەسەلەی ریفراندۆمیش بە یاسا رێك بخرایە، چونكە بەپێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ و بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی پەرلەمان كە خودی بەڕێز بارزانی واژۆی بەسەرەوە كردووە كە تیایاندا هاتووە پەرلەمانی كوردستان بەرزترین دەزگای یاسایی و شەرعیی خەڵكی كوردستانە و بۆ سەرجەم پرسە چارەنوسسازەكان دەبێت بۆ پەرلەمان بگەڕێینەوە، نەك بەپێچەوانەوە بە بڕیاری سەرۆكی ئەم شاندە خودی پەرلەمانەكە و پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمدا پەك بخرێت و لەپەرلەمانی ئەوروپیشدا ئەمە زمانی موخاتەبەكردنمان بێت، خۆزگە ئەم شاندە ئەوەندە سەركەوتوو بونایە لەپێناو سەربەخۆیی كوردستاندا وتارێكی یاساییان پێشكەش بكردایە و بەبەڵگە و لۆژیك قەناعەتیان بە هەموو پەرلەمانی ئەوروپی و دەوڵەتە زلهێزەكان بكردایە تا لێرەدا لەبری ئەو رەخنەو سەرنجانە دەستخۆشیم لێ بكردنایە، نەك شاندێك لەسەر ئاستێكی وابەرز هەڵەی لەم جۆرە بكەن.