sakar.jpg

گرێبەستی نەوتی کوردستان و داهاتووی گەلێک

Jun 5, 2017  |   بیروڕا 

ساکار شێخ عەزیز

گرێبەست بریتیە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنامەیەک لەنێوان دوو کەس (دوو لایەن) یان زیاتر، کەتێیدا چەند مەرج و خاڵێکی تێدایە لەبەرژەوەندی هەردوولا کە پێویستە پابەند بن پێوەی، چەندین جۆری و شێوازی هەیە کە هەریەکێکیان بۆ مەبەستێکی دیاری کراو بەکاردێت.

لەڕووی زانیستیەوە پێویستە پێش واژۆکردنی هەر گرێبەستێک شیکردنەوەو لێکۆڵینەوەی زانستی بۆ ئەنجام بدرێت و ڕێکارەکانی دیاریکردنی خاڵەکان و ڕادەی سودمەند بوون لێی دەست نیشان بکرێت.

لەهەرێمی کوردستانیش چەندین گرێبەستی حکومی درێژخایەن کراوە لەگەڵ دەرەوەی وڵات وەک گرێبەستی پەنجا ساڵی لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی نەوت کە تا ئێستاش کەس نازانێ ناوەڕۆکی خاڵەکانی چی تێدایە، خێری ویکلیکس بنوسێ کە جارجار نهێنیەکان بۆ ئەندام پەرلەمان و خەڵک ئاشکرا دەکات.

ڕۆژ بەڕۆژ مەترسییەکانییان لەدەرئەنجامی گرێبەستەکان بۆ دەردەکەوێت، هەروەها گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاکانی دەرەوەی وڵات دیارترینیان گرێبەستی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتیەکانە لەگەڵ کۆمپانیای دانا غاز، نەوت هیلال بۆ بەرهەمهێمانی گازی سروشتی لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ، کەهەر بەهۆی خراپی بڕیاردان نەبونی لێکۆڵینەوە و کەموکوڕی لە گرێبەستەکاندا ۲۷ ملیۆن دۆلار قەرزارن.

تازەترین گرێبەستیشی لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆس نەفتی ڕوسی بوو کەبەبێ گۆێدانە پەرلەمان و ڕای گشتی خەڵک ئاییندەی نادیاری گەل دەنوسنەوە بەو پێیەی پێشەکی پارەی فرۆشتنی نەوتیان لەو کۆمپانیایە وەرگرتووە.

ئەم گرێبەستەش هاوشانی گرێبەستەکانی دیکە بێ بنەمایە و لێکۆڵینەوەیەکی وردی زانستی بۆ نەکراوە، کەس نازانێت ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە چی تێدایە و ووردەکارییەکانی چین؟ ئایا چۆن دەبێتە هاوبەش لە پێنج کێڵگەی نەوتی کوردستان؟ لەسەدا چەندی بۆ هەرێم دەبێت وە چەندی بۆ کۆمپانیاکە دەبێت؟ بۆماوەی چەند ساڵە؟ بڕەکەی چەندە و تێچونی دەرهینانی چۆن هەژمار دەکرێت؟ نرخی بەچی بەهایەک دانراوە بەبەهای ئێستای دۆلار؟ ئەی لەڕابردوو پێشبینی نزمبونەوە یان بەرزبونەوەی بەهاکەی کراوە؟! ئایا تەئمیناتی مەترسی دانراوە …هتد .

هەر بۆیە پێویستە حکومەت چیتر نەبێتە جێی مەترسی بۆ خەڵکەکەی بەهۆی بێ بنەمایی و کەموکوڕی لە و گرێبەستانەی واژۆی لەسەر دەکات، پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی ووردی لەسەر بکرێت، هەرکاتێک دەرکەوت سودێکی زۆری بۆ حکومەت و خەڵک دەبێت ئەو کات بڕیاری لەسەر بدرێت و پێشبینی بۆ داهاتوو بەهەموو شێوەیەک بکرێت و هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو بگیرێت تاکو وەک دەردەکەی دانا غاز و گرێبەستی ستراتیجی پەنجا ساڵی تۆرکیای لێ نەیەت.