geshe.jpg

كێ‌ ئاگای لە گرێبەستە نەوتیەكانە!؟

Jun 3, 2017  |   بیروڕا 

گەشە حەفید

دەمێكە وتومانە سیاسەتی نەوت ناشەفافە، دەمێكە وتومانە گرێبەستە نەوتیەكان روون نین و شاراوەن، داهاتی نەوت دیار نیە، ئەو بڕە نەوتەی دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت جگە لە چەند كەسێك كەسی تر نازانێت داهاتەكەی چەندەو بۆكوێ‌ دەچێت.
ئەوەی پێشتر دەگوزەرا، لە گرێبەستەكانی دانا گاز و دۆڕاندنەكانی هەرێم، گرێبەستی 500 ساڵەی لەگەڵ توركیا، ناشەفافی ناردنی نەوتی كەركوك و فرۆشتنی بە جۆرەها شێواز، هاتنەسەری گرێبەستی بیست ساڵەی لەگەڵ كۆمپانیای روس نەفتیشی هاتە سەر، كە نازانرێت چۆنە و ناوەرۆكەكەی چی تیادا هاتووەو هەرێم دەكەوێتە ژێر چ بەرپرسیارێتیەكەوە!
ناكرێت لە غیابی پەرلەماندا، دوور لە چاوی یاساو چاودێریكردن ئەم رەوشە بەردەوام بێت، و رۆژ لەدوای رۆژ و سات لەدوای سات باری قەرز بەسەر شانی خەڵك زیاتر و قورستر بێت.
پێویستە سەرجەم پەرلەمانتاران، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، رۆشنبیران و كەسانی خەمخۆری میللەتەكەمان لە هەموو ئاستێكەوە بێنە دەنگ، كە روو لە هەرچی كونسولخانی دەولەتان لە كوردستان و رێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان بكەین و بەرپرسیارێتی ئەم گرێبەستانەی كراون بۆ داهاتوو لە ئەستۆی هەرێم لابدەین و ئەم میللەتە بەرپرسیار نیە لەو سەرگەردانیەی كراوە و بەڕێوە دەچێت.
وێرای دەستخۆشیم لە بەیاننامەی ئەو چوار فراكسیۆنەی دەریان كردووە بۆ ئەم مەبەستە، بڕیار بوو فراكسیۆنی یەكێتیش لەگەڵدابێت و كەچی بەڕێزیان پەلەیان كرد، خۆ ئەگەر فراكسیۆنی یەكێتی هەمووشی لەگەڵ نەبوایە ئەوا بەشێك لە پەرلەمانتاران وەك تاكیش بوایە لەگەلیدا بووین، چونكە لە بنچینەدا بیرۆكەی یاداشتەكە ئێمە لە رۆژی (29/5/2017) لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوكارانمان لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ لە نوسینگەی پەرلەمان لەسلێمانی خستمانە روو.