selam-abdulqadr.jpg

خۆتان دەتوانن ئەو كارە بكەن نەك یەكێتی ئەوروپا

Apr 28, 2017  |   بیروڕا 

سەلام عەبدولقادر

 

 

لە ژمارەیەك لە میدیاكانی كوردستاندا نامەی چوار فراكسیۆنی كوردستانی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی لە كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) بڵاوكراوەتەوە كە بەزمانی ئینگلیزی نوسراوەو نوێنەرەكانیان واژۆیان لەسەر كردووەو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپایان كردووە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بۆ چالاككردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و باشتركردنی گوزەرانی هاوڵاتیانی كوردستان و هەندێك داواكاری تر.

لەخوارەوە چەند تێبینیەك دەخەمەڕوو، هەروەها ئەوەش كە ئەو چوار فراكسیۆنە چیان بكردایە باشتربوو یان چ بكەن باشترە، نامەكە جگە لە هەژاری زمانەوانی و رەچاونەكردنی ئەتەكیەتی نامەنووسین لە ناوەرۆكیشەوە لەم رووانەوە جێگەی تێبینیە:

یەكەم:  لەخاڵی یەكەمدا دەڵێت كە چەكدارەكان لە 12 October 2015 ەوە پەرلەمانی كوردستانیان بەشێوەیەكی نایاسایی داخستووە تا ئێستا. لەم خاڵەدا هیچ روونكردنەوەیەك نەدراوە لەسەر ئەوەی كە ‘چەكدارەكان’  كێن و چین و..هتد.

دووەم: لەخاڵی دووەمدا دەڵێت كە دیموكراسی لە كوردستاندا گەڕاوەتەوە ‘چارەكی یەكەم’ و زاراوەی (first quarter)یان بەكارهێناوە، كەئەمەش لە ئینگلیزیدا بۆ ئەم تەعبیرە دروست نیەو دەبوایە زاراوەی (square one)یان بەكار بهێنایە، واتا چوارگۆشەی یەكەم. ئەمەش هەڵەیەكەو مەبەستە سەرەكیەكە ناگەیەنێت كە بریتیە لە پاشەكشێی دیموكراسی لەكوردستان.

سێیەم:  خاڵی پێنجەم دەڵێت كە بۆ پێنچ مانگە موچەی فەرمانبەرانی حكومەت دابەش نەكراوە، ئەم قسەیە لەكاتێكدایە كە لەبەرواری 26/4/2017 نامەكە واژۆ كراوە، واتا نوێنەری ئەم چوارپارتە لە رۆژی 26/4/2017دا دەڵێن كە موچە بۆ ماوەی پێنج مانگە دابەش نەكراوە، بێگوومان ئاشكرایە كە بۆ ماوەی پێنج مانگە 3 نیو-موچە یان زیاتر دابەشكراوە، ئەوان دەبوایە بیانوتایە بۆ زیاتر لە 2 ساڵە موچە بە نیوەیی و بە نائاسایی دابەشدەكرێت.

لەهەموو ئەم تێبینیانە گرنگتر ئەوەیە كە نوێنەرانی ئەم چوار فراكسیۆنە شوێنێكی هەڵەیان هەڵبژاردووە بۆ گەشتن بە ئامانجەكانیان، یەكێتی ئەوروپا دەستێوەردانێكی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا نیە، واتا لەرووی چۆنێتی بەڕێوەبردنی وڵات و دەستێوەردان لە وردەكاری سیستەمی سیاسی، وڵاتەكانی یەكێتی ئەوروپا هەر لەمێژە سیستەمی حكومڕانی نێو وڵاتانی رۆژهەڵاتیان بەلاوە گرنگ نەبووەو هەمیشە هەر دەسەڵاتێكی سیاسی  بەرژەوەندیەكانیان پاراستبێت ئیتر ئەوان مامەڵەیان لەگەڵ كردووەو ئەو دەسەڵاتە سیاسیەشیان پاراستووە بەبێ گوێدانە ریكۆدی دەستەڵاتەكە لە رووی شەرعیەتی ناوخۆیی وپاراستی مافەكانی مرۆڤ و جۆری سیستەمەكە.

ئەگەر سەیرێكی پەیوەندیەكانی نزیكەی یەك سەدەی رابردووی وڵاتی سعودیەو ئەردەن و كوەیت و وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین لەگەل وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا ئەم راستیەی سەرەوەمان بۆ دەسەلمێت.

نوێنەرانی ئەو چوار فراكسیۆنە دەتوانن لە رێگەی پارتە سیاسیەكانی خۆیانەوە هەوڵی بەرقەراركردنی هەموو ئەو خاڵانە بدەن كە لەنامەكەیاندا بۆ پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا نووسیویانە، بێگومانم گەر ئەو چوار لایەنە سیاسیە پێكەوە كار بكەن لایەنی پێنجەم كە پارتی دیموكراتی كوردستانە قەبووڵی داواكاریەكانیان دەبێت.

بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەم قسانە لەكاتێكدا دەكەین كە پارتە سیاسیەكان و ئەندام پەرلەمانەكانی سەر بەو پارتانە بە دوو ئاڕاستەی جیاواز كاردەكەن و ئەمەش بووەتە مایەی درێژبوونەوەی بارودۆخی شڵەژاوی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان.