goranazad.jpg

كاراکردنەوە یان مردارکردنەوەی پەرلەمان؟

Mar 18, 2017  |   بیروڕا 

گۆران ئازاد

ساڵێک و پێنج مانگە پەرلەمان بە بڕیاری سیاسی داخراوە، ئێستا کەمتر لەھەشت مانگ تەمەنی ماوە، بەردەوام ھەموو لایەنەکان داوای کاراکردنەوەی دەکەن، ھەمووشیان ئەڵێن ئەم دۆخە و پەرتەوازیە سیاسیە سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران دروستیان کردووە، ھەندێک ئەڵێن ئەبێت قازبین، ھەندێک ئەڵێن نە شارەزاو کەم ئەزموونین، ھەندێک دەڵێن داخستنی پەرلەمان ھەڵەبوو بۆ ئەوەبوو ھەڵەی گەورەتر ڕوونەدات؟ من دەپرسم ئەوە بیرکردنەوەی حزبەکان بێت لەسەر پەرلەمان ئایا دەیانەوێـت چۆن کارايەک بێت، لەکاتێکدا قەیران و کێشەکان بەردەوامە؟
دەپرسم ئایا قەیرانی دارایی چارەسەربووە؟ مووچە باشتر بووە؟ نەوت شەفاف بووە؟ ناکۆکی ھێزەکان چارەسەر بووە؟ لەسەر دەستوورو سیستەمی سیاسی و سازاون؟ کەواتە کە ئێمە نەزان و کەم ئەزموون بین و قەیرانەکان وەک خۆی بێت وداخستنی پەرلەمان ھەڵەبووبێت، جا کەواتە کە پەرلەمان کارا دەبێتەوە دوو ئەگەر لەپێشە، یان دەبێت پەرلەمانێکی ئاقل و بێدەنگ و گوێڕایەڵ بێت، یان دەبێت دووبارە قسە لەسەر کێشە و قەیرانەکانی ھەرێم بکات. جا ھەر کەسێک کەمێک لەدوونیای سیاسی تێ بگات ئەزانێ پەرلەمان بە مەرجی یەکەم کارا دەبێتەوە لای حيزبەکان نەک دووەم، کەواتە ئەوەی حزبەکان داوای دەکەن مردارکردنەوەی پەرلەمانە نەک کارا بوونەوە ،لەکۆتايی بيرمان نەچێت داواکاری کارابوونەوەی پەرلەمان تا١١/٦ يەلە دوای ئەو بەروارە بە هێمنی ئەم داوايە دەسووتێت (کەئەزانم پەلەتانە بۆ سووتانی ).
بۆیە بەڕای من پەرلەمان ھەڵبوەشێتەوەوحکومەتێکی هاوبەشی ڕزگاری نيشتيمانی پێک بێت باشترە لەوەی بەم جۆرە کارا بێتەوە يان شەرعيەت لە دەست بدات.
ھیوادارم من ھەڵەبم.