ماوه‌یه‌كه لێره و له‌وێ، له كۆبونه‌وه و دیدار و دیبه‌یت و چاوپێكه‌وتنه ڕۆژنامه‌وانیه‌كاندا، هه‌ندێ حیزب یان سه‌ركرده‌ی سیاسی و كادیری باڵای حیزبی، ئه‌و كاته‌ی له لایه‌ن هاوڵاتیان و ڕوناكبیرانهوه ڕوبه‌روی ئیحراجیی سیاسی ئه‌كرێنه‌وه، ئه‌كه‌ونه په‌لاماردانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی و تۆمه‌تباری ئه‌كه‌ن به‌وه‌ی گوایا ئه‌مان بونه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی سیاسی و ته‌نانه‌ت قه‌یرانی ئابوری و دارایی‌ش له هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م لێدوانانه له كاتێكدایه كه هۆكاری كێشه‌كان ڕونن. به‌ڵام ئه‌م ده‌ربڕین و وته ناڕاستانه هۆكاری تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. له‌وانه‌یه هه‌ندێكی له بێ ئاگاییه‌وه بێت له كاره‌كانی په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی ڕابردودا، به‌ڵام هه‌ندێكیشی بۆ پینه و په‌ڕۆ كردنی هه‌ڵوێسته سیاسیه له‌رزۆكه‌كانی خاوه‌نه‌كانیان و، بۆ په‌رده‌پۆش كردنی كێشه و قه‌یرانه شه‌خسی و ناوخۆییه‌كانیانه، یان ڕه‌نگه بۆ زه‌مینه ساز كردنه بۆ به‌شدارییان له ته‌واو كردنی ئه‌و كوده‌تایه‌ی به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی دیموكراسیی هه‌رێمدا كراوه و، بۆ په‌رده‌پۆش كردنی نه‌بونی هه‌ڵوێستێكی ڕون و بوێریانهیه له‌سه‌ر په‌كخستنی سه‌رچاوه‌ی شه‌عیه‌تی حوكمڕانیی هه‌رێم.
سه‌یر له‌وه‌دایه كه به‌شێكی ئه‌م به‌ڕێزانه له‌و حیزبانه‌ن كه پڕۆژه یاسایان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردوه بۆ گۆڕینی سیسته‌می حوكمڕانیی هه‌رێم بۆ سیسته‌می په‌رله‌مانیی ته‌واو و، ڕێخۆشكردن بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه. هه‌ندێك له‌م به‌ڕێزانه له جێگای جیاواز قسه‌ی جیاواز و دژبه‌یه‌ك ئه‌كه‌ن؛ له سلێمانی قسه‌یه‌ك ئه‌كه‌ن له هه‌ولێر قسه‌یه‌كی تر؛ له كۆبونه‌وه داخراو و دوقۆڵیهكاندا قسه‌یه‌ك ئه‌كه‌ن، بۆ میدیا قسه‌یه‌كی تر؛ له كاتی پێشكه‌ش كردنی پڕۆژه یاساكانی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵوێستێكیان هه‌بو، ئێستا كه بۆ ڕێگری كردن له په‌سه‌ند كردنی پڕۆژه یاساكانی خۆیان، په‌رله‌مان په‌كخراوه، هه‌ڵوێستێكی تریان هه‌یه؛ ڕه‌نگه ئه‌مه بێت پێناسه‌ی ئه‌زمونی سیاسی لای ئه‌م تایپه‌ی سیاسیه‌كانی كوردستان، له كاتێكدا كه ئه‌مه دروست دوفاقیی سیاسیه.
ئه‌م جۆره ئه‌زمونه سیاسیه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه شانازیی پێوه ئه‌كه‌ن، نه‌ك ته‌نها له خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵكو له بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی حیزبه‌كانی خۆشیان ته‌ریكی كردون. چونكه هه‌ڵوێستی ئه‌م به‌ڕێزانه پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی بنكه جهماوهریهكهیانه، هه‌ر بۆ نمونه بڕوانن بۆ ده‌ره‌نجامی كۆنگره‌ی هه‌ندێ له‌و حیزبانه‌ی له ماوه‌ی ڕابردودا ئه‌نجام دراون.
بۆ لانه‌دانی سه‌رنجی جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویستی كوردستان لهسهركێشه و قه‌یرانه بنچینهییهكان و ئه‌سڵی كێشه‌كان، ماوه‌یه‌كی زۆره بێده‌نگیمان هه‌ڵبژاردوه سه‌باره‌ت به‌و هه‌مو وته ناڕه‌وایانه‌ی له‌م باره‌یه‌وه كراون. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م وته و لێدوانانه له پروپاگه‌نده‌وه له ئه‌نجامی دوباره كردنه‌وه‌وه نه‌بنه ڕاستی، پێمان باشه به چه‌ند خاڵێك وه‌ڵام بده‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕای گشتی چه‌واشه نه‌كرێت.
١. سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌و ڕوانگه‌یه‌ی كه به‌ئاگا بوو له‌وه‌ی قه‌یرانێكی ئاڵۆزكراوی له خولی پێشوی په‌رله‌مانه‌وه بێ چاره‌سه‌ركراوی، به میرات بۆ ماوه‌ته‌وه، كه ئه‌ویش قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بو، به میتۆدێكی بونیادی، هه‌ر زوو له مانگه‌كانی سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كار بونی، ده‌ستی كرد به فه‌راهه‌م كردنی ئامڕازه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه گه‌وره‌یه. بۆیه نزیكه‌ی ساڵێكی ره‌به‌ق بێ‌وچان كاری له‌م پێناوه‌دا كرد، هه‌ر له:
ا. كۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان ، كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی كێشه‌كه و، كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ حیزبه سیاسیه‌كان هه‌ر له مانگی ئه‌یلولی ٢٠١٤وه؛
ب. په‌سه‌ند كردنی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسی له ٢٣/ ٧/ ٢٠١٤ و هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنه‌كه له ٢٣/ ١٢/ ٢٠١٤، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكرێت بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیه‌ك له هه‌رێم؛
ج. كار كردن بۆ په‌سه‌ند كردنی یاسای ئاماده‌كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم كه پڕۆژه‌كه له ١٦/ ١٢/ ٢٠١٤ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا. به‌ڵام به‌داخه‌وه ناكۆكیی فراكسیۆنه‌كان به هۆی ده‌ستتێوه‌ردانی حیزبی و شه‌خسی، په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ی دواخست بۆ ١٣/ ٤/ ٢٠١٥. به‌م پێیه‌ش هه‌ڵبژاردنی لیژنه‌ی ده‌ستوری كه‌وته ٢٠/ ٥/ ٢٠١٥؛
د. هه‌وڵ دان بۆ دروست كردنی مه‌تبه‌خی سیاسی و یاسایی له فراكسیۆنه سه‌ره‌كیه‌كانی په‌رله‌مان بۆ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی ته‌وافوقی له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی له مانگی ئایاری ٢٠١٥؛
ه. هاندانی حیزبه سیاسیه‌كان بۆ گفتوگۆ و ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پێش كۆتایی هاتنی واده‌ی درێژكراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و، ده‌رفه‌تدان به‌م وتووێژانه تا ئه‌وپه‌ڕی ڕاده‌ی توانا.
به‌ڵام به‌داخه‌وه، ئیراده‌یه‌كی حیزبی ڕێگر بو له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به شێوازی دیموكراسی و ده‌ستوری و یاسایی. هه‌ر بۆیه كۆمسیۆن تائێستاش سه‌رپێ نه‌خراوه، پرسی ده‌ستور دواخرا، مه‌تبه‌خی فراكسیۆنه‌كانیش بۆ پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش په‌كخرا و، گفتوگۆی حیزبه سیاسیه‌كانیش ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت بێ ئه‌نجام ماوه‌ته‌وه. چونكه ئه‌م ئیراده حیزبیه كاری كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌م ڕێكارانه پهكبخرێن به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی بخرێینه‌وه به‌رده‌م توله‌ڕێی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی. (نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانمان ڕاسپاردوه تا له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتودا پانۆرامای هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ ڕای گشتی و میدیا بخاته‌ڕو).
٢. كاتێك سه‌رجه‌م رێگاكانی تر په‌كخران، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان داوای له حیزبه‌كان كرد كه له‌ڕێی فراكسیۆنه‌كانیانه‌وه دیدی خۆیان سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم له چوارچێوه‌ی پڕۆژه یاسای هاوبه‌ش یان سه‌ربه‌خۆ، بخه‌نه به‌رده‌م په‌رله‌مان. به‌م پێیه‌ش پێنج فراكسیۆن، چوار پڕۆژه یاسایان بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی پێشكه‌ش كرد، داوامان له فراكسیۆن وحیزبه سه‌ره‌كیه‌كانی تریش كرد كه دید و پڕۆژه‌ی خۆیان بخه‌نه‌ڕو. له‌بری ئه‌مه، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگره‌كه‌ی، ٢٢/ ٦/ ٢٠١٣ له‌ڕێی نێردراو و ته‌له‌فۆنه‌وه داوایان له به‌نده و به‌ڕێز سكرتێری په‌رله‌مان كرد كه پڕۆژه‌ی فراكسیۆنه‌كانی تر نه‌خه‌ینه به‌رنامه‌ی كاره‌وه. هه‌ڵوێستی ئێمه پابه‌ند بون بو به په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و، پێشێل نه‌كردنی مافی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانیان بۆ خستنه‌ڕوی پڕۆژه‌كانیان و، هێشتنه‌وه‌ی ده‌رگای كراوه به‌سه‌ر هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی تریشدا. ده‌پرسین داخۆ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ی ئێستا ڕه‌خنه ده‌گرن هه‌ڵوێستیان چی ده‌بو، ئه‌گه‌ر هاوشێوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی خوله‌كانی ڕابردو، له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی یه‌ك حیزب، پڕۆژه یاسای فراكسیۆن و په‌رله‌مانتارانمان پشتگوێ بخستایه؟ ئایا ئێستا تۆمه‌تباریان نه‌ده‌كردین به پێشێل كردنی یاسا و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و، لایه‌نداری بۆ حیزبێكی دیاریكراو و، … تاد؟
٣. سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، زۆر به هێمنی و هه‌ستیاری و به‌رپرسیارێتیه‌وه و، به ته‌واوی له چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ پڕۆژه یاساكانی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی كرد. له‌گه‌ڵ گرتنه‌به‌ری هه‌ر هه‌نگاوێكی یاسایی، ده‌رفه‌تی دانوستانی ئاواڵا ئه‌كرده‌وه. هه‌ربۆیه‌ش پڕۆسه‌ی یاساكاری سه‌باره‌ت به هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان، له پێشكه‌ش كردنی یه‌كه‌م پڕۆژه یاساوه له (٢١/ ٥/ ٢٠١٥) تا دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ند كردنی ڕاپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی له ١٩ی ئابی ٢٠١٥، نزیكه‌ی سێ مانگی خایاند. فه‌رمون به‌راوردی ئه‌م پڕۆسه‌یه بكه‌ن به پڕۆسه‌ی یاساكاری له خوله‌كانی پێشوی په‌رله‌مان. بۆ نمونه پڕۆسه‌ی په‌سه‌ند كردنی دو یاسا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ویلایه‌تی خولی سێی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی پێشوی هه‌رێم، له ٣٠ی حوزه‌یرانی ٢٠١٣، كه له واژو كردن و پێشكه‌ش كردنی پڕۆژه یاساكان له لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه تا تێپه‌ڕاندنی نایاسایی و ناپه‌یڕه‌وییان له په‌رله‌مانه‌وه هه‌موی چه‌ند كاتژمێرێكی خایاند.
٤. زۆر باسی دانیشتنی نائاسایی په‌رله‌مان له ١٩ی ئابی ٢٠١٥ ئه‌كرێت و، به شێوه‌یه‌كی چه‌واشه‌كارییانه به هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كه و په‌كخستنی په‌رله‌مان وه‌سف ئه‌كرێت. ئه‌مه له كاتێكدایه كه له دوای ئه‌و به‌رواره‌شه‌وه په‌رله‌مان درێژه‌یدا به دانیشتنه‌كانی و، تا ٧/ ١٠/ ٢٠١٥ شه‌ش دانیشتنی ئاسایی ئه‌نجامدا. به‌ڵام دوای به بنبه‌ست گه‌یشتنی ٩ كۆبونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی، به تایبه‌ت دوای دانیشتنی ڕۆژی ٨/ ١٠/ ٢٠١٥ و بێ ئه‌نجام بونی و، بۆ ڕێگری كردن له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان، له ١٢/ ١٠/ ٢٠١٥ ڕێگری له ئێمه كرا بۆ چونه‌وه هه‌ولێر و، په‌رله‌مان په‌كخرا نه‌ك له دوای ١٩ی ئاب.
سه‌باره‌ت به كۆبونه‌وه‌ی شه‌وی ١٨ی ئابی نێوان پێنج حیزبه‌كه‌ش، دیسانه‌وه كۆبونه‌وه‌یه‌كی بێدهرهنجام بو. پاش ٣ مانگ چاوه‌ڕێ كردنی په‌رله‌مان بۆ ڕێكه‌وتنی حیزبه‌كان، له‌و كاتژمێرانه‌ی كۆتایی ماوه‌ی شه‌رعیه‌تی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، حیزبه‌كان نه‌یانتوانی له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بگه‌نه هیچ ده‌ره‌نجامێك. ئه‌گه‌ر گه‌یشتون به هه‌ر ده‌ره‌نجامێك و تا ئێستا شاردویانه‌ته‌وه، فه‌رمون ڕایبگه‌یه‌نن چۆن پرسه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر كرد؟ ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانی بگه‌نه هیچ چاره‌سه‌رێكی كاتیش بۆ كێشه‌ی نه‌مانی شه‌رعیه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له ٢٠ی ئابی ٢٠١٥ تا گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری كۆتایی. ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكه‌وتن كه دانیشتنی په‌رله‌مان دوا بخه‌ن!! ته‌نانه‌ت ڕێك نه‌كه‌وتبون له‌سه‌ر شێوازی دواخستنی دانیشتنی په‌رله‌مان.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له ڕۆژی ١٩ی ئاب بۆ نزیكه‌ی ٤ كاتژمێر له وتووێژی به‌رده‌وام بو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان. زۆر به ساده‌یی سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان ڕێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر دواخستنی دانیشتنی په‌رله‌مان، هه‌ندێكیان دژی دواخستنی دانیشتنه‌كه بون، هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ دواخستن بون به‌ڵام ئاماده نه‌بون به ته‌نیا داوای دواخستنی دانیشتنه‌كه بكه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش هیچ داوایه‌كی ڕه‌سمی بۆ دواخستنی دانیشتنه‌كه پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی نه‌كرا. سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیش بۆ پاراستنی بێ لایه‌نیی خۆی و، نه‌سه‌پاندنی هیچ ئیرافهیهكی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران دا، بڕیاریدا دانیشتنه‌كه ئه‌نجام بدرێت، به تایبه‌ت كه دانیشتنه‌كه نائاسایی بو و له‌سه‌ر داوای په‌رله‌مانتاران بو، نه‌ك دانیشتنێكی ئاسایی له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان. حیزبه‌كان ئه‌گه‌ر ئه‌یانویست كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان دوابخرێت، ئه‌بو فراكسیۆنه‌كان ڕازی بكه‌ن به دواخستنی دانیشتنه‌كه، له كاتێكدا كه ئه‌و شه‌وه ٥ حیزبه‌كه هیچ په‌رله‌مانتارێكیان له شاندی دانوستانه‌كانیان دانه‌نابو و، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاریی توڕه‌یی فراكسیۆنه‌كانیان بو.
دوای نه‌بونی نیسابی یاسایی دانیشتنی په‌رله‌مان، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ ده‌رفه‌تدانه‌وه به دانیشتنی حیزبه‌كان بۆ ڕێكه‌وتن، ڕاپۆرتی پڕۆژه یاسای هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی نه‌خسته‌وه به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی دواتری په‌رله‌مان. به‌ڵام پاش به بنبه‌ست گه‌یشتنی گفتوگۆی لایه‌نه‌كان، بۆ ڕێگری له هه‌نگاوی داهاتوی په‌رله‌مان، پهكیانخست.
٥. باس له‌وه ئه‌كرێت كه پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌ده‌ست په‌رله‌مانه‌وه شكاوه. ئێمه لێره‌وه به هه‌موانی ڕاده‌گه‌یه‌نین پڕۆژه یاسای هه‌مواری چواره‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئێستاش بۆ په‌سه‌ند كردنی له په‌رله‌مان ئاماده‌یه، ئه‌و فراكسیۆنانه‌ی پڕۆژه یاساكانیان پێشكه‌ش كردوه، زۆرینه‌ی په‌رله‌مان پێك ده‌هێنن، فه‌رمون ئێستاش یان ڕیكبكهون له‌گه‌ل لایه‌نه‌كه‌ی تر، یان با پهرلهمانتارانیان ئاماده‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان بن له هه‌ر شوێنێكی كوردستان بۆ په‌سه‌ند كردنی به پێی په‌یڕه‌و و یاسای په‌رله‌مانی كوردستان.
٦. هه‌مو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باس كران ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه كێشه‌كه له په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی نیه و، به تایبه‌ت به‌نده و برای به‌ڕێزم شێخ فه‌خره‌دین سكرتێری په‌رله‌مان،به هاوكاریی زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری فراكسیۆن په‌رله‌مانتارانی كوردستان، كارمان بۆ یاساسه‌روه‌ری و چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به یاسا كرد.
ڕاسته، ئێمه ئه‌زمونمان نیه له كاری نایاسایی، ئه‌زمونمان نیه له گه‌نده‌ڵی، ئه‌زمونمان نیه له پینه‌وپه‌ڕۆ و چاپلوسی كردن. ئه‌زمون ده‌ره‌نجامی بوێرییه، ئه‌گینا ئه‌زمون چ مانایه‌كی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئازایه‌تی كاركردن بۆ یاساسه‌روه‌ری و هێنانه‌كایه‌ی چاكه‌ی گشتیی له‌گه‌ڵ نه‌بێت. ئاخر خۆ ئه‌زموندار زۆرن له یاساشكێنی و وێران كردن و ئه‌نجامدانی گه‌نده‌ڵی. به‌ڵێ ئێمه گه‌نجین و ئه‌مه‌ش جێی شانازیمانه كه له‌م ته‌مه‌نه‌دا ، له‌م ساته‌وه‌خته هه‌ستیاره‌ی مێژوی وڵاتمان، شانمان داوه‌ته به‌ر به‌رپرسیارێتیه گه‌وره‌كانی گه‌له‌كه‌مان. چیدی ئه‌و ڕۆژگاره تێپه‌ڕی كه ته‌مه‌ن نیشانه‌ی ئه‌زمون بێت. ئه‌زمون خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی خۆیی هه‌یه و، وه‌ك هه‌ر چه‌مكێكی تر له دونیای ئه‌مڕۆدا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه.
هه‌مو ئه‌و قسانه‌ی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه ئه‌كرێن بێ ئینسافیهكی گه‌وره‌یه، كه یان له بێ ئاگایی و نه‌شاره‌زاییه‌وه‌یه یان له خۆگێلكردن و هه‌وڵدان بۆ چه‌واشه‌كاریی ڕای گشتی و بۆ شانخاڵی كردنه‌وه له بهرپرسیارێتیهوهیه. كێشه‌كان لای ئێمه نین و له شوێنێكی تره‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتوه!!
بۆ نمونه ئه‌پرسین ئایا ئه‌كرێت هه‌مو ڕێكارێكی دیموكراسی بۆ ئاڵوگۆڕكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات په‌كبخرێت و ڕێی هه‌ڵبژاردنی گشتنی و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ له په‌رله‌مان په‌كبخرێت و، به بیانوی نه‌بونی سه‌رۆكی نوێ، به ناشه‌رعی سه‌رۆكه‌كان به‌رده‌وام بن له پێگه‌كانیان و، هه‌موان ئه‌شهه‌دو بیللا بكه‌ن؟ ئایا ئه‌كرێت هه‌ر حیزبێكی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ڵوێستی حیزبێكی تری به دڵ نه‌بو، باره‌گاكانی دابخات و بیانسوتێنێت و، كادیره ههڵكهوتوهكانیان تیرۆر بكه‌ن و، هه‌موان بێده‌نگی هه‌ڵبژێرن؟ ئایا ئه‌كرێت تاكه یه‌ك حیزب هه‌ژمونی به‌سه‌ر پایته‌ختدا هه‌بێت و، ئه‌گه‌ر كارێك یان پڕۆژه‌یه‌كی په‌رله‌مان یان حكومه‌ت یان هه‌ر وه‌زاره‌تێكی به دڵ نه‌بو، دایبخات؟ داخۆ هه‌ر به‌ڕاست ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ڕێزێك پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی به هه‌ڵبژارن له‌ناو خه‌ڵكه‌وه یان له په‌رله‌مانه‌وه برده‌وه، یان حیزبێك یان ئیئتیلافێك زۆرینه‌ی هه‌ڵبژاردنی برده‌وه، ئایا ده‌سه‌ڵاتی ڕاده‌ست ئه‌كرێت؟ تاكه‌ی به بیانویی ئه‌زمونه‌كه‌مان و ساوایی و ناسكیهكهی، ئێمه ئه‌بێت چاو له حوكمی یاسا و شه‌رعیه‌تی یاسایی و دیموكراسی بپۆشین و، پینه‌وپه‌ڕۆ بكه‌ین، به‌ڵام له‌ولاشه‌وه بهبهرچاومانه دونیا پێشده‌كه‌وێت و ئێمه‌ش هه‌ر به‌ره‌ودوا؟ بۆ نمونه هه‌ر سه‌یری ئه‌و عێراقه بكه‌ن كه ئیددیعای ئه‌وه ئه‌كرا چاو له ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان بكات، له ناوجه‌رگه‌ی شه‌ڕی دژی تیرۆردا ئاڵوگۆڕ له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌كرێت، له په‌رله‌مانه‌وه وه‌زیری به‌رگری و دارایی متمانه‌یان لێوه‌رده‌گیرێته‌وه، كه‌س ناتوانێت ده‌ستوه‌ربداته كاروباری په‌رله‌مانه‌وه و په‌كی بخات.
دیسانه‌وه ئه‌پرسین ئایا تاكه‌ی ئه‌بێت داهاتی ئه‌م هه‌رێمه دیار نه‌بێت؟ ئایا تاكه‌ی نه‌وت و گاز ئهفرۆشڕێت و، هه‌ندێك ده‌بنه ملیاردێر و، خه‌ڵكی كوردستانیش برسی و قه‌رزار ئه‌كرێن؟ ئایا تاكه‌ی ئه‌بێت په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم شه‌خسی و حیزبی و نهێنی بن؟ كێ له ئێوه ئاگاداری سه‌فقه ده‌یان ساڵیهكانی بواری وزه و ئاسایشن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ؟
ئه‌مانه كێشه بنچینه‌ییه‌كانی وڵاتی ئێمه‌ن به‌ڕێزان، كه پێویسته پێكه‌وه به ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تییان بده‌ین، چونكه به‌رده‌وام له ئێستا و له داهاتو، له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سته‌یه یان ده‌سته‌یه‌كی تری سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، له‌م خوله یان له خولێكی تری په‌رله‌مان، به‌یانی یان ده ساڵی تریش، هه‌ر سه‌رچاوه‌ی ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئابوریی وڵاتمان ئه‌بن و، دێنه‌وه ڕێمان. ئێوه هه‌موتان باش ئه‌مه ئه‌زانن هه‌ر وه‌ك چۆن له كۆبونه‌وه دوقۆڵییهكاندا باسی ئه‌كه‌ن، هه‌موتان ئه‌زانن ده‌ستگرتنی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی به كورسیه‌كه‌یه‌وه و، قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر جورئه‌تی سیاسیی باس كردنی ئه‌مانه‌تان نیه، تكایه له شوێنێكی تر پینه و په‌ڕۆی هه‌ڵویست و كاره‌كانتان مه‌كه‌ن. دۆخی هه‌رێمی كوردستانیش پێویستی به سه‌ركرده‌ی ئازا و ڕاستگۆ و خاوه‌ن پڕه‌نسیپ هه‌یه، نه‌ك شه‌ن كردن له هه‌ر شوێنێك با هات!!
به‌ڕێزان پێتان خۆش بێت یان نا، به ئاگاییه‌وه بێت یان له بێ ئاگاییه‌وه، ئه‌م وتانه‌تان ئه‌چێته خانه‌ی ڕه‌وایی دان به‌و كوده‌تایه‌ی به‌سه‌ر شه‌رعیه‌ت دا كراوه و، ڕێخۆشكه‌رن بۆ به‌رده‌وامیدان پێی. به ڕاستی ئه‌مه‌ش ئه‌و گومانه‌مان لا دروست ئه‌كات كه ڕه‌نگه په‌كخستنی په‌رله‌مان، ره‌زامه‌ندیی بێ ده‌نگ (چمنی) یان لانی كه‌م ئاگاداریی هه‌ندێك لایه‌ن و سه‌ركرده‌ی حیزبیشی له‌گه‌ڵ بوبێت. له كاتێكدا كه ده‌بو هه‌موان به یه‌ك ده‌نگ بێ دودڵی، په‌كخستنی په‌رله‌مان كه ماڵی هه‌مو هاونیشتیمانیانه به هه‌مو ده‌نگ و ڕه‌نگ و حیزب و پێكهاته‌كانیانه‌وه، به تاوانێكی گه‌وره ته‌ماشا بكه‌ن. ده‌بو هه‌موان به بارزانی‌یان بوتایه كه په‌رله‌مان ته‌نها موڵكی تۆ و حیزبه‌كه‌ت نیه و، مافی پهكخستنیت نیه!!
ئێستاش فه‌رمون با هه‌مومان جه‌خت له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات بكه‌ینه‌وه. ئێمه‌ش له‌گه‌ڵتان هاوكار ئه‌بین با هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كان به ڕێی دیموكراسی و له چوارچێوه‌ی یاسا بگۆڕدێن. فه‌رمون له‌پێناو ئاڵوگۆڕی یه‌كه‌مجاری ئاشتیانه‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، له پێناو هێنانه‌كایه‌ی حكومه‌تی نیشتیمانی، كه له بری شاردنه‌وه‌ی، داهاته‌كان شه‌فاف بكات و، به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه به‌سه‌ر هاوڵاتیان دا دابه‌شی بكات، با سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بگۆڕدرێت. دیسانه‌وه فه‌رمون په‌سه‌ند كردنی پڕۆژه یاساكانی ئێوه بۆ به په‌رله‌مانی كردن و به سیسته‌م كردنی هه‌رێمی كوردستان، چ قوربانیه‌كی تری پێویسته له لایه‌ن ئێمه‌وه، به وازهێنانیشمانهوه، هه‌ر ئاماده‌ین، به مه‌رجێك له چوارچێوه‌ی یاسادا بن.
له كۆتایی دا به پێویستی ئه‌زانم زۆر سوپاسی هه‌مو ئه‌و هاوڕێ و هاونیشتیمانیه خۆشه‌ویست و ئازیزانه بكه‌م كه له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی دوایی و، به درێژایی ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربونمان له سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، پشتیوانیان لێ كردوین بۆ موماره‌سه كردنی ئه‌زمونێكی نوێی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان. به‌ڵێن به هه‌موان ئه‌ده‌ین كه هه‌مو هه‌وڵی خۆمان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له جێی چاوه‌ڕوانیه‌كانی ئه‌وان بین. به هیوای ئه‌وه‌ی هه‌موان له كه‌شێكی ئارام و دور له شكاندن و ناوزڕاندن بیروڕا و ڕه‌خنه‌كانی خۆمان بخه‌ینه ڕو.
هیوادارین ئه‌گه‌ر هه‌ڵه تێگه‌یشتنێك هه‌بوبێت، به‌م ڕونكردنهوه بڕه‌وێته‌وه و، ئه‌مه دواجار بێت ناچار بین له‌م باره‌یه‌وه بدوێین.