amanj-hertely.jpg

ساڵێک دوای ۱۲ ئۆکتۆبەر‌

Dec 1, 2016  |   بیروڕا 

ئامانج هەرتەلی

 

لە ۱۲ی ئۆکتۆبەری ساڵی ۲۰۱٥، لەپردێ بە بەرچاوی هەموو دۆستانی کورد لە جیهان، پەرلەمان پەکخرا، تا حیزبێک بە ئارەزووی خۆی و بەعەقڵی خێڵ درێژە بەڕێڕەوی ژیانبدەن، ئەو ژیان پڕکراوە لە نەهامەتی و قۆرخکاری، ڕێڕەواکانی تاکی کورد بەرەو هەڵدێر براون.

پەرلەمانی کوردستان لەسەردەمی زێڕینی خۆیدابوو، سەره‌ڕای گلەیەکانمان، بەڵام دەستبردنی بۆ هەندێک دۆسیە لەم خولەی پەرلەمان، بەتایبەت پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، دەرگای زۆر شتی گەورەی کردەوە و زۆر دەرگاشی داخست، ئەگەر داش نەخرابێ ڕۆیشتن پیایدا لە ئێستادا عەیبەیە، لەکاتێکدا لەخولەکانی پێشوو لەچاو ترووکانێکا لە ناو ئاپۆڕای چەپڵە ڕێزاندا بەڕێ دەکرا.

داخستنی پەرلەمان و ڕێگری لە چوونی سەرۆکی پەرلەمان بۆناو هەولێر، لەبەر ئەوەبوو دەستی بۆ یاسایەک برد، کەبەلای خەڵکانێک لە شتە پیرۆزکان پیرۆزتر بوو، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان نەک بەپیرۆزی نەدەزانی، بەڵکو بەشتی ئاسایی وەری گرتوە، ئەوەی بەلای سەرۆکی پەرلەمانەوە پیرۆز بوە، میللەت و ژیانی هاونیشتمانیان و بەیاسایی کردنی دامەزراوەکانی هەرێم بوو.

بەڵام ئەسەف لە ۱۲ی ئۆکتۆبەر، لەبەر ئەوەی بەم یاسایە ڕازی نەبوو، لەبەر ئەوەی بەم جۆرە عەقڵە ڕازی نەبوو بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم و ئەم جۆرە عەقڵە سیاسیە چەق بەستوەی تێپەڕاندبوو، هەروەها دەیویست لەبری خەڵکی کونە بۆری ئەشکەوتەکان و نەخوێندەوار لە عەقڵی ئیداری و پابەند بەجوغزی خێڵ،، بگۆڕێت و ڕادەستی خەڵکی بەئەزموون و پابەند بە ڕێسا پێشکەوتوەکانی دوونیای شارستانی بکات، هەرێم لە دوونیای ڕۆچوونی فەساد ڕزگار بکات.

بەڵام هەردوای ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان، وەک پەرچەکردارێک لەبەرانبەر هەوڵی سەرۆکی پەرلەمان بۆ بەیاسای کردننی سەرۆکایەتی هەرێم، دڵخۆشی هەرەزۆری میللەتی کورد بۆ ئەم هەنگاوە، لەیەکەم کاردانەوە مووچەی چوار مانگی تەواوی خەڵکیان بڕی، بڕیان تا خەڵک سزابدەن بۆ ئەوەی بیر لە تێکدانی یاسای خێڵ نەکەوە، لەجوغزی حیزبدا سەمابکەن، دوایش مووچەی مانگەکانی تریشیان کردە نیوە.

دەبێ میللەت لەوە تێبگات، ۱۲ی ئۆکتۆبەر هەربەتەنیا ڕۆژی ڕێگری کردن نەبوو لەسەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان، بەڵکو ڕۆژی هەڵکوتانە سەر تەواوی میللەتی کورد بوو، لەهەموو ئاستەکان، ۱۲ی هەربەتەنیا بۆ گۆڕان ڕۆژێکی شووم نیە، بەڵکوو تەواوی گەلی کورد تیاییدا زەرەرمەندە لە بەرچاوی تەواوی دۆستان لە دوونیای پێشکەوتو، بۆ دوژمنانی گەلەکەشمان ئومێدێکی نوێیە کە هەرێم لەسەر عەقڵی خێڵ دەڕوات بەڕێوە، بنەمای دامەزراوەیی نیە، ئاسانە بۆ تەفروتوناکردن و لەناوبردن.

دەبێ گەل لەوە تێبگات، ئێمە لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەی لەناو چونداین، بەهۆی بەڕێوەبردنی عەقڵی ناشارستان و دور لە پێشکەوتن، دەبێ هاونیشتمانیان باش ئەوەبزانن دەسەڵاتێک لەپێناوی مانەوەی خۆیدا خەریکی درۆکردن بێت سەرکەوتنی ئەستەمە، ئەمڕۆش ئەوان بەدرۆ بەڕێوە دەچن.