چیا عەباس
چه‌ند پیرمه‌ندێک وتویانه: “دنیا و کۆمه‌ڵگا له بنه‌ڕه‌تدا ئیرسێکی باو و باپیرانمان نیه بۆمان مابێته‌وه، به‌ڵکو قه‌رزێکی منداڵه‌کانمان و نه‌وه‌کانی ئاینده‌یه له ئه‌ستۆماندا”.
روداوه‌کانی (12)ی ئۆکتۆبه‌ری (2015)و دواتر پێویستیان به‌هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی جدیه. دور له ده‌مارگیری و هه‌ڵچون و به‌خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی روداو و گۆڕانکاریه‌کانی ئه‌و ساڵه هێڵ به‌ژێر گه‌لێک ده‌رئه‌نجامی گرنگدا بکێشرێت.
قورسی روداوه‌کان و چه‌قبه‌ستنی دۆخی سیاسی بونه‌ته زه‌مینه و هۆکاری وروژاندن و سه‌رهه‌ڵدانی گه‌لێک ئاراسته و هاوکێشه‌ی نوێ بۆ گۆرانکاری که ئه‌مرۆ له باشوری کوردستان بونی به‌هێزیان هه‌یه.
عیبره‌تی هه‌ڵوێست و کردار و به‌ره‌ی ئه‌قڵانی خه‌ڵک
یه‌که‌م عیبره‌ت له‌و روداوا‌نه پرسی هه‌ڵوێست و کرداره، پارتی راشکاوانه و بێ پێچوپه‌نا هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاند و ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بو کردی. سێ لایه‌نه‌که‌ی تری به‌شدار له حکومه‌ت، به‌تایبه‌ت یه‌کێتی و یه‌کگرتو، به‌هۆی هه‌ڵوێستی نیوه‌چڵ و نادیار و غیابی کردارێکی جدی، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه بۆ به‌رگریکردن له پرۆژه‌کانی خۆیان، به‌ده‌ستی به‌تاڵ مانه‌وه و ته‌نانه‌ت نه‌شبونه مایه‌ی چاره‌سه‌ری ته‌نها خاڵێکی کێشه‌کانیش، وه‌ک پاشکۆیه‌کی بێ ئیراده له حکومه‌تدا ماونه‌ته‌وه.
بزاڤی کوردایه‌تی له باشور له مێژوی نیو سه‌ده‌ی رابوردودا به‌ده‌ستی کورد چه‌ندین روداوی قرسترو خوێنای و ئاڵۆزتری له روداوه‌کانی (12)ی ئۆکتۆبه‌ر بینیوه و تێپه‌ڕاندوه. خۆشبه‌ختانه ئه‌مجاره له هه‌نگاوه‌کان دژ به پارله‌مان و وه‌زیره‌کانی گۆڕان خوێنی تێدا نه‌ڕژا، وه‌ستانه‌وه‌ش دژ به‌و کارانه‌ی پارتی به‌شێوازێکی مه‌ده‌نی و ئاشتی و دور له گرژی به‌ڕێوه‌چون، به‌ره‌یه‌کی ناره‌زای ئه‌قڵانی به‌رفراوان له سه‌رجه‌م جومگه‌کانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا دروستبوه که پشتگیری به‌شه‌کانی کوردستان و دنیای ده‌ره‌وه‌ی هه‌یه.
پارتی ساڵی پار گۆمێکی مه‌نگی شڵه‌قاند، تا ئه‌مڕۆش گه‌لێک شتی ژێرئاو هێدی هێدی سه‌رئاو ده‌که‌ون و ره‌وشنتر و به‌رچاوتر ده‌بینرێن و واش بڕوات هیچ شتێکی شاردراوه نامێنێت، قه‌یرانی موچه و ئابوریش ئه‌وه‌نده‌ی تر گۆمه‌که‌ی شڵه‌قاند و ئاستی ناڕه‌زایی خه‌ستتر و به‌رفراوانتر و رێکخراوتر کرد. شڵه‌قاندنی گۆمه‌که بوه سه‌نگی مه‌حه‌ک که به‌شێک له هێزه‌کان له لیتاوه‌که‌یدا گیریان خواردوه.
پێش روداوه‌کان له سایه‌ی پاساوی “حکومه‌تی بنکه‌فراوان و یه‌کڕیزی کورد و سازان” و شه‌ڕکردنی داعشدا زۆر شت په‌رده‌پۆش ده‌کران و به‌شاردراوی مابونه‌وه، ئه‌و کاته‌ی گۆڕانیش له حکومه‌تدا بو هه‌ر وه‌ک ئه‌وانی تر بێده‌نگی هه‌ڵبژاردبو.
هۆشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی دوای روداوه‌کانی ساڵی پار به‌رزترین ئاستی له مێژوی بزاڤی کوردایه‌تی له باشور پێکاوه. زۆر گرنگتریش ئه‌وه‌یه به‌ره‌ی ناڕه‌زا ئیراده‌ی حیزبی خاوه‌نداریه‌تی نه‌کردوه، به‌واتایه‌کی تر زه‌مینه و هێز و ئیراده‌ی گۆرانکاری خه‌ڵك بونه‌ته فاکته‌ری گرنگ له پرۆسه‌ی سیاسی و حوکمرانی باشور.
عیبره‌تی جه‌مسه‌رگه‌ری و وه‌همی گشتگیر
زیاتر له نیو سه‌ده‌یه کورد له باشور گیرۆده‌ی دو ئاراسته‌ی سه‌ره‌کی سیاسی ناکۆک به‌یه‌کتره. ئه‌و دو ئاراسته‌یه له‌و نیو سه‌ده‌یه‌دا بۆ (23) ساڵ شه‌ڕی خه‌ستی یه‌کتریان کردوه، زیاتر له (20.000) کوژراو و ده‌یان هه‌زاری تر بریندار و ونبو و ماڵوێرانیه‌کی کوشنده‌یان لێکه‌وتۆته‌وه، ئه‌مه بێجگه لە په‌نابردن بۆ رژێم و سوپاکانی داگیرکه‌رانی کوردستان، (15) ساڵیش به‌هۆی فشاری ده‌ره‌کی و چه‌وربونی گیرفان به هێمنیه‌کی نسبی به‌سه‌ریان بردوه و باقیاتیش گرژی و ئاڵۆزی بوه. له شه‌ڕ و هێمنیدا، له گرژی و ئارامیدا و له دڵه‌ڕاوکێ و ئاماده‌سازیدا هه‌ر جه‌مسه‌ره‌کان ده‌سه‌ڵاتدار بون، میلله‌ت باوه‌شی بۆ کردونه‌ته‌وه و ده‌نگیشی پێداون، چونکه تفه‌نگه‌کانی شانیشیان به‌رامبه‌ر به دوژمن به‌کار‌هێناوه و له حوکمڕانیشیاندا کۆمه‌ڵێک کاری باشیان بۆ خه‌ڵک کردوه، هه‌روه‌ها رۆڵه‌کانی میلله‌تیش له بێشکه‌وه چاویان به‌و جه‌مسه‌رگه‌ریه کردۆته‌وه و به‌کۆده‌کانی گه‌شه و په‌روه‌رده کراون، ده‌رگای ماڵێکی کورد نابینێت چاوه‌زاری ئه‌م جه‌مسه‌رگه‌ریه‌ی پێوه هه‌ڵنه‌وا‌سرابێت.
له ئاکامدا کورد له باشور له مۆڕاڵ و ده‌رک و هۆشیاری سیاسی‌دا به‌خه‌ستی له‌تله‌ت و په‌رته‌وازه بوه، ئه‌م راستیه زه‌مینه‌ی هه‌ره به‌هێزی غیابی په‌یامێکی باڵای نه‌ته‌وه‌یی تۆکمه و چه‌سپاوی هاوبه‌شه.
ئه‌مجاره تێکشکاندنی چه‌ند کۆڵه‌که‌یه‌کی ته‌قلیدی جه‌مسه‌رگه‌ریه‌که به‌دیکرا، به‌ده‌ر له گۆڕان که به‌شێک نه‌بوه له مێژوی ئه‌و جه‌مسه‌رگه‌ریه زاڵه و خاوه‌ن هێز‌ی چه‌کداریش نیه، هێز و که‌سێک نه‌بو گرجوگۆل و په‌رۆش بێت بۆ راستکردنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی دۆخه‌که، ئه‌مجاره نه‌ک ته‌نها لاسه‌نگیه‌کی زۆر زه‌ق به‌دیکرا، بگره جه‌مسه‌رێکی گه‌وره پارچه‌پارچه بوبو، ئه‌مجاره جه‌مسه‌رگه‌ری ئابوری به‌کاربو و به‌کارده‌بێت و مه‌به‌ست له “سازانیش” سازانه له بواری ئه‌و چه‌مکه‌دا.
پارتی ساڵی پار راشکاوانه و بێ پێچوپه‌نا په‌یامی خۆی راگه‌یاند: سه‌رۆکی پارتی و ده‌سه‌ڵاته‌کانی کۆڵه‌که‌ی بنه‌ڕه‌تی ره‌وشی کوردایه‌تین له باشور و ته‌نها رابه‌رایه‌تی ئه‌و ده‌توانێت کورد به‌ره‌و که‌ناری ئارام و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ببات، بۆ هیچ هێز و که‌سێک نیه خۆی له‌قه‌ره‌ی ئه‌مه بدات.
پارتی جورئه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بو راشکاوانه و به‌رۆژی نیوه‌رۆ و به‌به‌رچاوی دنیاوه ده‌روازه‌کانی پایته‌ختی هه‌رێم به‌روی ئاراسته‌ی گۆڕاندا دابخه‌ن و پێیانی وت تا ئێره و به‌س.
ئه‌م هه‌نگاوه گرنگترین وێستگه‌ی روداوه‌کان بو، بۆیه پێویستی به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد هه‌یه. هه‌رچه‌نده پارتی ده‌ڵێت نێوان خراپ و خراپتر یه‌که‌میانی هه‌ڵبژارد، پێموایه پارتی هیچی بژارده نه‌کردوه و له ئه‌رزی واقیعدا ئه‌وه‌ی کرد که باوه‌ڕی پێ هه‌بوه. کادیره‌کانی پارتی راستگۆیانه ده‌ڵێن هیچ په‌شیمان نین و هه‌ست به‌ئاسوده‌یی ده‌که‌ن، چونکه ئه‌وان زۆر راشکاوانه جه‌خت له ناسنامه و په‌یامی ئێستای حزبه‌که‌یان ده‌که‌نه‌وه.
له ئاکامی ئه‌م هه‌نگاوه رادیکاڵه‌ی پارتی زۆربه‌مان به‌ئاگاهاتینه‌وه (عه‌ره‌ب وته‌نی: عسی ان تکره شیئا و هو خیر لک)، ئه‌گه‌ر پارتی ئه‌وه‌ی نه‌کردبایه بێگومان زۆربه‌ی ئاراسته‌کانی تر به‌نزا و دوعا و خه‌یاڵیش بوایه هه‌ر به‌توندی به شه‌یدابونی ئه‌و وه‌همانه‌وه ده‌مانه‌وه که نیو سه‌ده زیاتره جه‌سته‌ی کوردایه‌تیان له باشور هه‌راسان و زامدار و شه‌که‌ت کردوه: وه‌همی گشتگیری هزری کوردایه‌تی، وه‌همی هه‌موی یا هیچ، وه‌همی سازان و یه‌کریزیه‌کی روکه‌ش، وه‌همی زر برایه‌تی، وه‌همی شه‌راکه‌تی سه‌قه‌ت و وه‌همی دیموکراسیه‌کی کوێر و ئیفلیج، ئێستاش به‌شێک هه‌ر ده‌هۆڵ بۆ ئه‌م وه‌همانه لێده‌ده‌ن، گرنگه لای خه‌ڵک واباوه “ده‌نگی ده‌هۆڵ له دوره‌وه خۆشه”.
زۆربه‌ی ئه‌م وه‌همانه زاده‌ی شمولیه‌تن له هزری کوردایه‌تیدا و دواتر به‌ئاراسته ئاینی و چه‌په‌کان مۆتۆربه‌کراون. پێموایه له‌م سه‌رده‌مه‌دا دنیابینینێکی ناواقعیه.
پارتی له ئه‌رزی واقیعدا به‌شێک له‌م وه‌همانه‌ی له‌خۆی ته‌کاندوه (زه‌مینه و هۆکاره‌کانی ئه‌م وه‌رچه‌رخاندنه له ئه‌قڵیه‌تی سیاسی پارتیدا بۆ ده‌یان ساڵ پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌تایبه‌ت دوای شکستی شۆڕشی ئه‌یلول) و ساڵانێکه له چه‌ند بوارێک‌دا به‌زه‌قی ده‌بینرێن، بۆ نمونه کارکردنی یه‌کلایه‌نه بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌و پانتاییه‌ی بۆی ده‌کرێت، گه‌ڕان به‌دوای ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤ بۆ به‌غدا و هاوپه‌یمانه کلاسیکیه‌کان، کۆنتڕۆڵکردن و به‌رێوه‌بردنی پرۆسه‌ی نه‌وت، سنوردارکردنی به‌رچاوی پرۆسه‌ی به‌دیمکوراتیزه‌کردن و پێره‌وکردنی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها، به‌ڵام به‌شێک له هێزه‌کانی تر (به‌تایبه‌ت دوای شکستی پارتی له به‌شێک له‌و بوارانه‌دا) واز له پارتی ناهێنن و به زۆری زۆرداری ده‌یانه‌وێت له بازنه‌ی وه‌همه‌کاندا بیهێڵنه‌وه.
له کاتی روداوه‌کان ساڵی پار و ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت چیده‌بێت هه‌مو هێزه‌کان له حکومه‌ت بکشێنه‌وه و وه‌ک ئۆپزسیۆنێکی ئه‌قڵانی مامه‌ڵه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا بکه‌ن، بزانن پارتی به‌ره‌و کوێی ده‌بات، چیده‌بێت فره ئیداره‌یی له باشوری کوردستان پێره‌و بکرێت. تۆ بڵێی کورد‌و کوردستان بکه‌ونه گیانه‌ڵا و له ئێستا خراپتری لێبێت! هه‌ر له‌م بواره‌دا عیبره‌تێکی گرنگی تری روداوه‌کان ئه‌وه‌یه به‌شێک له هێزه‌کان تا به‌رده‌شۆر، به‌تاڵه مویه‌کیش بێت، ده‌ست له ده‌سه‌ڵاتی حوکمرانی به‌رناده‌ن، هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م ئاڵوده‌بونه به‌حوکمرانی ئه‌وه‌یه حوکمرانی بۆته کانزای ئاڵتونی بۆ جاه و نیعمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و هێزانه.
مام جەلال له‌و مێژوه نیو سه‌ده‌یه‌دا رکابه‌ری سه‌ره‌کی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بو، پاش نزیکه‌ی (40) ساڵ گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئه‌ڵقه‌کانی ئه‌و وه‌همه ده‌مێکه ته‌نک بون و روشێنراو و پساون، هه‌رچۆنێک بێت کۆڵی نه‌دا و پاشماوه‌کانی به‌یه‌که‌وه گرێدان و رێککه‌وتنی ستراتیژی لێکه‌وته‌وه، تا بەڕێزی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی بو توانی به‌زه‌بری خۆی رایگرێت، له‌و رۆژه‌وه‌ی وجودی روی له ئاوابون کرد ئه‌و گرێدانه‌ش وه‌ک به‌فری به‌ر خۆر ده‌توێته‌وه. ئێستا وارسه‌کانی مام جەلال هه‌وڵ ده‌ده‌ن هێدی هێدی ئه‌وانیش خۆیان له‌و گرێکوێر و وه‌همانه دوربخه‌نه‌وه، بۆ خۆیان به‌وردی وه‌ک پارتی سه‌رقاڵی پێکهێنانی مه‌مله‌که‌ت و حوکمڕانی خۆیانن.
عیبره‌تی لۆکا‌ڵی و دابڕان
پارتی به‌کاره‌کانی ساڵی پار و خۆ دورڕاگرتنی له ده‌ڤه‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر و دهۆک جه‌ختی له لۆکاڵیبونی خۆی و هێزه‌کانی تر کرده‌وه، ئیداره‌ی هەولێر و دهۆکی به‌ته‌واوی کۆنتڕۆڵ کردوه، یه‌كێتی و گۆڕانیش ناوچه‌کانی تر. هه‌روه‌ک جێگری سه‌رۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی، له رابوردودا رایگه‌یاند: “ئێمه له سلێمانی وجودێکی مه‌عنه‌ویمان هه‌یه”. پێموایه ئه‌م واقیعبینینه و وه‌رگێڕانی بۆ پراکتیک دور له هاشوهوش و دۆگمای حیزبی و ناوچه‌گه‌ری، باشترین شێوازی حوکمڕانی لۆکا‌ڵی دروستده‌کات.
ئه‌گه‌ر ئه‌م دابه‌شکردنه ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت، بێگومان ئاوێنه‌ی راستیه‌کی سیاسیه، بۆ خۆم زۆرم پێباشه ئیداره لۆکاڵیه‌کان دوربخرێن له چه‌مکه‌کانی شمولیه‌ت و وه‌همه فکری و سیاسیه‌کان، کام شێواز و رێگا باشترین خزمه‌ت به‌هاوڵاتیان ده‌کات ئه‌وه بچه‌سپێنرێت. هه‌ر کاتێک ژیانی دیموکراسی چه‌سپا و کاری پێکرا (به‌مه‌زه‌ندم زۆر دوره) ئه‌و‌سا خه‌ڵکی قسه‌یه‌کی تری ده‌بێت.
سه‌یره به‌شێک له هێزه‌کانی تر تا ئه‌م ساته‌ش به‌تیژی چاویان له هه‌ولێر بریوه و پێیان وایه تا له هه‌ولێری پایته‌خت شتێکی گه‌وره نه‌کرێت ئیتر هیچ سه‌وز نابێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزه جیاکان مۆڵگه‌ی ئارام و پارێزراویان گه‌ره‌که‌و جوگرافیای سیاسیش زۆر رونه، بۆیه شه‌ڕکردن له‌سه‌ر جوگرافیا‌و ناوچه‌کانی ده‌سه‌ڵات خه‌سڵه‌تێکی گرنگی کوردایه‌تیه له‌م به‌شه‌ی کوردستان، هه‌ر زۆر زو (31)ی ئاب له‌یاد ده‌که‌ین که بۆ هه‌ولێر به‌ڕێکرا. پارتی قه‌د ئه‌وه‌ی بۆ سلێمانی یا ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان نه‌ده‌کرد، چونکه باش ده‌یزانی شتێکی ئه‌وتۆ له‌و ده‌ڤه‌رانه سه‌وز ناکات، یه‌کێتیش له “گه‌رده‌لولی تۆڵه‌دا” به‌هه‌مان نیه‌ت ئه‌وه‌ی بۆ سلێمانی و گه‌رمیان كرد.
هه‌نگاوه‌کانی پار راشکاوانه وتیان لای یه‌کتر شوێنمان نابێته‌وه و با دور له‌یه‌کتر جیاواز بین، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه بواری که‌وتنه گیانی یه‌کتر که‌متر ده‌بێت، مه‌خابن ئاراسته‌کانی تر له‌مه تێنه‌گه‌یشتون و ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت نه‌ستۆلژیا ب ” به‌یه‌که‌وه‌بون و ناکۆک و دژ به‌یه‌کتر – وحدة و التناقض” هه‌راسانیانی کردون، ئه‌وانه وا ده‌زانن له سوید یا سویسرا سیاسه‌ت به‌رێده‌که‌ن، پارتی له ئه‌رزی واقیعدا ده‌مێکه ماڵئاوایی له‌و خه‌یاڵپڵاویه کردوه، ته‌نها جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نیه راشکاوانه رایگه‌یه‌نێت.
گرنگترین عیبره‌ت
پاش ساڵێک له روداوه‌کان گۆڕان و پارتی شایسته‌ی سوپاسکردنن که تا ئه‌م چرکه‌یه‌ش یه‌ک میللیمه‌تر سازشیان بۆ یه‌کتر نه‌کردوه، چونکه راستگۆیانه قسه‌ی خۆیان ده‌که‌ن و ده‌شیسه‌لمێنن که له قه‌ناعه‌ته‌وه پێکه‌وه ژیانی سیاسیان به‌پرۆسه‌یه‌کی ئاسان نابینن، نایه‌ن نه‌عامه ئاسا سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌کتردا بکه‌ن. ناشێت ئه‌م قه‌ناعه‌ته لێکدانه‌وه‌ی ته‌نها له چوارچێوه‌ی هه‌ق و ناهه‌قیدا بۆ بکرێت، چونکه له‌م سه‌رده‌مه‌دا تێگه‌یشتن بۆ هه‌ق و ناهه‌ق زۆر رێژه‌ییه و پێوه‌ره ره‌سه‌نه‌کانی مێژویشیان زۆر گۆڕدراون.
عیبره‌تی “په‌کخستن و کاراکردنه‌وه‌ی پارله‌مان”
له نێو شه‌پۆلی روداوه‌کاندا چه‌مکێکی سیاسی نوێ هاتۆته ئاراوه و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێت، ئه‌ویش کاراکردنه‌وه‌ی پارله‌مانه. ئه‌م چه‌مکه له سیاقی روداوه‌کاندا چه‌ند ده‌لالاتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، یاسایی و سیاسی له خۆ گرتوه. گۆڕان جێبه‌جێکردنی ئه‌م داواکاریه‌ی کردۆته کلیلی سه‌ره‌کی بۆ دانیشتن و دانوستان بۆ چاره‌ی کێشه‌کانی تر، گۆڕان له روی مۆڕاڵه‌وه مافی ره‌وای خۆیه‌تی پێداگری له‌و داواکاریه بکات. هه‌رچه‌نده هێزه‌کانی تر ده‌بوا له یه‌که‌م چرکه‌وه رێگه‌یان به ئیفلیجکردنی پارله‌مان نه‌دایه، به‌ڵام ئێستا فرمێسکی بۆ ده‌رێژن و له‌به‌ر گه‌لێک هۆکار کاراکردنه‌وه‌که‌یان خسۆته ئه‌جێندای سیاسیانه‌وه.
بێگومان پارله‌مانی کوردستان یه‌کێکه له مه‌زنترین ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌لی کوردستان، لێره‌دا بواری ئه‌وه نیه باسی قۆناغه جیاکانی مێژوی ئه‌م ده‌زگایه بکه‌ین، به‌ڵام ناشێت له‌و مێژوه‌دا چاومان له گوناهو غه‌دری هێز و سه‌رکرده سیاسیه‌کانی کورد به‌رامبه‌ری بنوقێنین.
ئه‌وه‌ی عیبره‌ته له‌م بواره‌دا “لایه‌نه‌کان داواده‌که‌ن (هێلم به‌ژێر داواده‌که‌ن دا هێناوه)، نازانم چوار هێز‌ی بنه‌ڕه‌تی پارله‌مان و حوکمڕانی داوا له یه‌ک هێز‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و به‌ژماره که‌مینه (38 کورسی به‌رامبه‌ر 58 کورسی) ده‌که‌ن به‌ده‌نگ ئه‌و داواکاریه‌وه بێت. له هۆکاری حه‌زه‌ریان له پارتی و هه‌روه‌ها له حرسیان تا دۆخه‌که ئاڵۆزتر نه‌بێت تێده‌گه‌م، وه‌لێ ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسورمانه پارله‌مانێکی هه‌ڵبژێردراو دواتر له سایه‌ی هێز و هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن له کارخراوه و هه‌ر به‌زه‌بری ئه‌و چه‌مکانه‌ش زۆرینه‌ی پارله‌مان ده‌ستی به‌كلاوه‌که‌وه‌ی گرتوه، پارله‌مانێک له‌و ژینگه‌یه‌دا گوزه‌ری کردبێت و به‌و ده‌رده‌دا برابێت کاراکردنه‌وه‌که‌ی چ مانا و به‌هایه‌کی ده‌بێت، چ رێز و پیرۆزیه‌ک بۆ ده‌نگده‌ران ده‌مێنێته‌وه!
گریمان کاراش کرایه‌وه، به چ رویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌وه ئه‌م ده‌زگایه ده‌توانێت ئه‌رکه بنه‌ره‌تیه‌کانی خۆی راپه‌رێنێت له کاتێکدا وه‌ک “خێرێکی” سیاسی مۆڵه‌تی کارکردنی پێبه‌خشراوه؟ راسته ئیراده‌ی سیاسی ده‌توانێت له ژێر سه‌قفی هۆڵێک یا خه‌یمه‌یه‌کدا کۆیان بکاته‌وه به‌ڵام ئه‌و ئیراده سیاسیه که خۆی هۆکاری سه‌ره‌کی شکاندنی شکۆو پیرۆزی پارله‌مانه هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌و پارله‌مانه بکات به‌و ده‌زگایه‌ی میلله‌ت پێویستیه‌تی.
سه‌ره‌رای رێز و به‌رزنرخاندنی دڵسۆزی و کاری ژماره‌یه‌ک پارله‌مانتاران، به‌ڵام کاراکردنه‌وه‌ی پارله‌مانێک له‌و جۆره دۆخ و ژینگه‌یه‌دا گاڵته‌جاریه به‌پرۆسه‌ی به‌دیموکراتیزه‌کردن و به‌ده‌نگده‌ران. ئه‌وه نیه ده‌سه‌ڵاتداران ساڵێک زیاتره به نوێنه‌رانی یه‌کێتی و یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵیشه‌وه بێ پارله‌مان و چاودێریکردنی رۆژانه کاره‌کانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و که‌سیش له گوڵ که‌متری پێنه‌وتون، ئیتر ئه‌م فرمێسک رشتن و هاتو هاواره‌یان له‌چیه؟ پارتیش زۆر هێمنانه و له‌سه‌ر خۆ سه‌یریان ده‌کات، له‌و باوه‌ره‌شدام له ناخیدا هیچ حه‌زه‌رێکیشی لێیان نیه.
نزیکه‌ی (18) ساڵه شه‌ڕی ناوخۆ کپکراوه و (18) ساڵه هه‌وڵ ده‌درێت یه‌ک تاکه رێگه‌ی هاوبه‌شمان هه‌بێت هه‌مو له‌سه‌ری بڕۆین بۆ چه‌ند ئامانجێکی هاوبه‌ش. زۆر هه‌وڵدرا ئه‌و رێگه‌یه له حکومه‌تی هه‌رێم و پارله‌مانی کوردستاندا به‌رجه‌سته‌بێت، له (12)ی ئۆکتۆبه‌ری پاره‌وه ده‌رکه‌وت ئه‌و رێگه هاوبه‌شه‌ش به‌شێکه له وه‌همه مێژوییه‌که.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا که‌س ناتوانێت یه‌کێکی تر ناچاربکات به هزر و ئه‌قڵی ئه‌و بژی و کاربکات، ئێنجا حه‌زده‌کات هه‌رچی ئامرازه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌کاری بهێنێت ئامانجه‌که‌ی ناپێکێت، به‌سه باواز له‌و شێوازانه بهێنین و هه‌ریه‌ک لێمان کونجی قه‌ناعه‌تی خۆی بگرێت و له‌و روانگایه‌وه کوردایه‌تی به‌به‌رگێکی مرۆییانه‌ی سه‌رده‌مانه به‌رێوه ببات، بێگومانم ئه‌گه‌ر ئه‌مه بکه‌ین زامه‌کانمان زوتر سارێژ ده‌بن، په‌له‌تر و باشتر به‌ره‌وپێش ده‌چین و له دوا مه‌تافیشدا هه‌ر هه‌مو له سه‌کۆیه‌کی ره‌سه‌نی بنه‌ره‌تی کوردایه‌تیدا یه‌کتر ده‌دۆزینه‌وه و به‌یه‌که‌وه ده‌بین.
له نێوان دورکه‌وتنه‌وه و یه‌کبونه‌وه مه‌و‌داو کاتێک ده‌بێت، با سود له ئه‌زمونی میلله‌ته‌کانی تر وه‌ربگرین: ڤێتنام، کۆریا، یه‌مه‌ن، ئه‌ڵمانیا، ئیرله‌ندا، خۆمان به‌شاز و ده‌عبا نه‌زانین. هیچ عه‌یب نیه که‌به‌یه‌که‌وه هه‌ڵنه‌که‌یت با دور له‌یه‌کتر و بێ دژایه‌تیکردن کار بۆ میلله‌ت و گه‌یشتنه‌وه به‌یه‌کتر بکه‌ین.