newshiran-hsyn.jpg

ئۆکتۆبەری ڕەش

Nov 1, 2016  |   بیروڕا 

نەوشیروان حسێن

دۆخی دژواری سیاسی و ئابوری لە هەرێمی کوردستاندا لای کەس شاراوە نییە. زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد, دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان بە دۆخی سیاسی وڵاتانی عەرەبی یان ئەفریقی یان تەنانەت کۆریای باکوریش دەچوێنن. ئەگەرچی دەکرێت هەندێ خاڵی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو شوێنانەدا هەبێت، بەڵام بە ڕای من، دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان زۆر لە دۆخی ڕووسیای پاش کەوتنی یەکیەتی سۆڤیەت دەکات.
ساڵی ١٩٩٣ قەیرانی دەستوریی لە ڕووسیا سەریهەڵدا. ئەو قەیرانە لە ئەنجامی ناکۆکی لە نێوان بۆریس یەڵسنی سەرۆکی ڕووسیا و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دروستبوو. یەڵسن داوای هەموارکردنەوەی دەستوری دەکرد بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی، بەڵام پەرلەمان دژی ئەو ویستەی یەڵسن بوو. بەو هۆیەوە، پەیوەندی نێوان سەرۆکی وڵات و سەرۆکی پەرلەمان هەتا دەهات بەرەو خراپی دەچوو. ناکۆکییەکانی نیوان هەردوولا لە ٢١ ی سێپتێمبەری ١٩٩٣دا گەیشتە لوتکە کاتێک یەڵسن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیدا، چونکە بەپێی دەستور ئەو مافەی نەبوو. لەبەرامبەردا پەرلەمان متمانەی لە یەڵسن سەندەوە و جێگرەکەی (ئەلێكساندەر رۆتسكۆ) دیاریکرد کە وەکو سەرۆک دەستبەکاربێت.

لەسەرەتای ئۆکتۆبەری ١٩٩٣دا، ڕووداوەکان بەخێرای پەرەیان سەند و گرژی و ئاڵۆزییەکان هەتا دەهات زیاتر دەبوو. دواجار یەڵسن هێزی سەربازی بەكارهێنا و بە دەبابە هێرشی کردە سەر پەرلەمان و دەستی بەسەر كۆشكی پەرلەماندا گرت. بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لە نێوان لایەنگرانی هەردوولا، سەدان کەس کوژران و بریندار بوون. ڕووداوی تۆپبارانکردنی پەرلەمان لە ڕووسیا بە ‘ئۆکتۆبەری ڕەش’ ناسراوە.

لەهەرێمی کوردستانیشدا، هەر لەکاتی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوردا، وردە وردە ناکۆکییەکان سەرئاوکەوتن. سەرەتا دوو بۆچوونی سەرەکی دروستبوو لەسەر چۆنێتی سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان. پارتی لەگەڵ سیستەمی سەرۆکایەتیدا بووە، حیزبەکانی دیکەش لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانیدا بوون. وردە وردە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ویلایەتی بارزانیدا کە پێشتر دوو ساڵی بۆ درێژکرابوویەوە، ناکۆکییەکانی نێوان سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان دەرکەوتن. سەرەتای گرژییەكانی نێوان پارتی ‌و گۆڕان لە 23 ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دەستیپێکرد، کاتێک پەرلەمان کۆبوونەوەی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. دواتر بەوهۆیەوە توندوتیژی دروستبوو کە کوژران و برینداربوونی چەند کەسێکی لێکەوتەوە. ناکۆکی و گرژییەکان لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥دا گەیشتە ترۆپک کاتێک پارتی ڕێگەی بە سەرۆکی پەرلەمان نەدا بچێتە هەولێرەوە و وەزیرەکانی گۆڕانیشی لە حکومەت دوورخستەوە. بەمشێوەیە پەرلەمان پەکخرا و حکومەتیش ئیفلیجکرا.

پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان وەکو باڵاترین دەزگای چاودێری لە مانگی ئۆکتۆبەردا، دەکرێت بە ‘ئۆکتۆبەری ڕەش’ی کوردستان بناسرێت، هەروەکو چۆن هێرشکردنە سەر پەرلەمان لە ڕووسیا بە ‘ئۆکتۆبەری ڕەش’ ناسراوە. ئاخر لە هەردوو کەیسەکەدا، لە دوای پەکخستنی پەرلەمانەوە، هەم دۆخی سیاسی و ئابووری و هەم گوزەرانی خەڵکیش بەرەو خراپی چوون. لە ڕووسیا، کەسوکارە نزیکەکانی یەڵسن دەستیان بەسەر جومگە ئابوورییە سەرەکییەکانی ولاتدا گرتبوو، خەڵکیش لە دۆخێکی ناهەمواردا دەژیان. لە کوردستانیش ژمارەیەکی کەم دەستیان بەسەر داهاتی هەرێمی کوردستاندا گرتووە و بە بیانووی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش، باری سەرشانی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قورستر دەکرێت.

لە ڕووسیا هاوکێشەکە بەلای یەڵسندا شکایەوە. لەساڵی ١٩٩٦دا، هەرچەندە ڕێژەی جەماوەری دابەزیبوو، بەڵام یەڵسن توانی بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆک. لە ساڵی ١٩٩٩ دەستی لە سەرۆکایەتی کێشایەوە و ڤلادیمیر پۆتینی لە جێی خۆی دەستنیشانکرد. دواتر ڕووسیا وردە وردە قۆناغی ڕاگوزەریی ساڵانی نەوەدەکانی دوای کەوتنی یەکیەتی سۆڤیەتی تێپەڕاند و جارێکی دیکە وەکو ڕکابەرێکی سەرەکی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی دەرکەوتەوە. هەرێمی کوردستانیش هێشتا لە قۆناغی ڕاگوزەریدایە کە دووچاری ئەم قەیرانە سیاسی و ئابورییە بووەتەوە. ئەگەر ڕووسیا لە پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتی سۆڤیەتەوە تووشی قەیرانی دەستوریی و ‘ئۆکتۆبەری ڕەش’ هاتبێت، ئەوا هەرێمی کوردستان لە قۆناغی دوای شەڕی ناوخۆ و باسکردنی دەوڵەتدا ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە. دواجار ڕووسیا توانی بەسەر ئەو قەیرانەدا زاڵبێت و بە بەهێزی لێی بێتە دەرەوە، بەڵام لە کوردستاندا جارێ ڕوون نییە کە ئەم دۆخە تا کەی بەردەوام دەبێت. ئەوەش دیارنییە کە  ئایا وەکو ڕووسیا، هەرێمی کوردستانیش سەرکەوتووانە ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنێت یان نا؟ لە ئایندەدا وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەستدەکەوێت.