sirwan-reshid.jpg

ساڵێك پاش داگیركردنی هەولێر

Nov 1, 2016  |   بیروڕا 

سیروان رەشید

 

ساڵێك بەر لە ئێستاو، دروست لە 11/10/2015دا، مەكتەبی سیاسی پارتی لە كۆبونەوەیدا، بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، بڕیاریدا لەرێگای نوێنەرەكانیان لە حكومەت و پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمان و تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕانی ئاگاداركردەوە لەوەی نەچنەوە سەركار و ئەركەكانیان و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان جێبهێڵن. كە بۆ رۆژی پاشتر لە 12ی ئۆكتۆبەردا لەبازگەی پردێ، رێگریان لە سەرۆكی پەرلەمان و كۆمەڵێك پەرلەمانتار كرد نەچنە ناو شاری هەولێرەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان بەم هەڵسوكەوتەی، كودەتایەكی چەكداری بەسەر شەرعیەتدا كرد، كە مێژو وەك تاوانێكی رەش بۆی تۆماردەكات.

هۆكاری ئەم هەڵسوكەوتەی پارتی، تورەبون و پەرچەكردارێكی عەفەوی نەبو تەنها پەیوەست بێت بە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە، بەڵكو پارتی دەمێك بو بەقوڵی نیگەران و سەغڵەت بو، بە نەخشەی نوێی ناو پەرلەمان، كە لەسەرەتای ئەم خولەوە. بەهۆی گرتنە دەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و بونی ئاراستەیەكی كاركردنی بەهێزی دەستەجەمعی لە ناو پەرلەمان كە لە فراكسێۆنەكانی (گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتو، كۆمەڵ) پێكهاتبو، پێچەوانەی كاری دو دەیەی پێشو بو لەناو پەرلەمان، چونكە لە ( 23) ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستاندا ، كاروباری پەرلەمان هەمیشە بەجۆرێك بوەو داڕێژراوە، كە هەرگیز پێچەوانەی ویستی پارتی دیموكراتی كورستان نەبێ!. بەڵام لە خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، كە لە (29/4/2014) دەست پێ دەكات، بەجۆری نەخشەی سیاسی ناو پەرلەمانی كوردستان گۆڕا، كە پارتی نەتوانێ زۆرینەی رەها دروست بكات و نەتوانێ متمانەی ئەو چوار لایەنە بەدەست بێنێ بۆ چارەسەركردنی كێشە ئاڵۆزو كەڵەكە بوەكانی وەك تەواوبونی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و پرۆژەی رەشنوسی دەستور و دەركردنی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای بودجەی حیزبەكان و یاسای سندوقی داهاتەكانی نەوت، بەو جۆرەی پارتی مەبەستی بوە!.

ئێستا كە ساڵێك ، بەسەر كودەتای 12ی ئۆكتۆبەری 2015دا تێدەپەرێ، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر سیاسەتی چەوتی خۆی، لە قۆرخكاری، تاكڕەوی بڕیاری سیاسی، پەیوەندییەكانی دەرەوە، مەلەفەكانی ئابوری ‌و داهاتی نەوت‌ و ئیدارەی حكومڕانی بەردەوامە و درێژە بەدۆخی كودەتای سەربازی‌ و سیاسی 12 ی ئۆكتۆبەر دەدات، كە تیایدا زیانی گەورە بە پرۆسەی سیاسی‌و ئاییندەی گەلەكەمان گەیاندوە. چونكە لە 12ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوەوە، پارتی بە فیعلی هەولێری داگیركردوەو حكومەتێكی حیزبی راگەیاندوە.

دوای ساڵێك لە كودەتای 12ی ئۆكتۆبەر؛ ئەركی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، ریكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، میدیا و دامەزراوە فەرهەنگی‌ و رۆشنبیرییەكانە، بە ئەركی ئەم قۆناغە هەستن ‌و هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو ململانێیەی لەنێوان كودەتاكردن بەسەر شەرعیەتی دامەزراوەكان لەلایەك‌ و بە مەرجەعیكردنی پەرلەمان ‌و دامەزراوە شەرعیەكانی هەرێم لەلایەكی تر هەیە.

قسەی كۆتایمان ئەوەیە، تا كەی پارتی درێژە بە سیاسەتی داگیركردنی دەسەڵات و جومگەكانی حكومڕانی ئەدات لە هەولێرو، تاكەی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بێدەنگ ئەبن لە ئاستی ئەم سیاسەتەی پارتی!؟.

بێدەنگی و چاوپۆشی هێزو لایەنە سیاسیەكان و میدیای ئەهلی و ئازاد و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی سەربەخۆ، لە دروستكردنی ئەم هەمو قەیرانە لە كوردستان و لەئاستی قەیرانی داگیركردنی جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات لە هەولێری پایتەخت لەلایەن هێزی چەكداری پارتییەوە، زەمینە خۆشكردن و كار ئاسانی و رەزامەندیدانە بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ بۆ حوكمكردن و داگیركردنی هەولێر و هەرێمی كوردستان لەلایەن تەنیا یەك حیزبەوە!