عەبدولرەحمان عەلی رەزا
لەئێستادا کە هەرێمی کوردستان بە چەندین قەیرانی جۆراوجۆردا گوزەر دەکات (سیاسی ، دارایی ، کۆمەڵایەتی ، پەروەردەیی و….هتد ، کە بەتەواوی بڕسکیان لەخەڵکی بڕیوەو بونەتە قەیرانی تاقەت پڕوکێن.
گەر ئەم هەمووقەیران وگرفت وکێشانە لەهەر وڵات یان هەرێمێکی تری دونیا ڕوویان بدایە ئەوا بەجارێک حکومەت وپەرلەمان وئەنجومەنە خۆجێیەکان بەبەردەوامی لە کۆبونەوەدا دەبوون بۆ دانانی میکانیزم ونەخشە ڕێگای خێراوگونجاو بۆ کۆتایی هێنان بەو قەیران وکێشانەی کە سەریانهەڵداوە .
بەڵام بەداخەوە لەم هەرێمەی لەمەڕ خۆماندا کەزۆر جار لاف وگەزاڤی ئەوە لێدەدرا کە هێندە پێشکەوتوو بێ کێشەیە، پێویستە بکرێتە نمونە بۆ دەوروبەریش، کەچی قەیران وکێشە دایڕزاندوە و گەندەڵی هەموو سێکتەرو جومگەکانی تەنیوەو هێشتاش بەرپرس و کاربەدەستەکانی خاوەنی هیچ پڕۆژەیەکی خێراو نەخشەڕێگایەکی شیاو نین، لەوەش خراپتر بەرپرسەکانیشی کۆنابنەوە تەنانەت کۆبونەوەشیان لێ بۆتە کۆڵی شێر وشوێنی کۆبونەوەکانیشیان لێبۆتە کێڵگەیەکی مین وتەقەمەنی و هەر لێشی نزیک نابنەوە .
دەکرێت لێرەدا ئاماژە بەچەند دامەزراوەو دەزگایەکی گرنگ بکەین کە دەبوو بارتەقای قەیران وگرفتە هەنوکەییەکان لەکۆبونەوەی بەردەوامدا بونایە ، لەوانەش؛
ــ پەرلەمانی کوردستان یەک ساڵ ویەک ڕۆژ تێپەڕی بەسەر دواین کۆبونەوەیدا کە ۷ ـ ۱۰ـ۲۰۱٥ بوو ، لەو ساتەوە هیچ کۆبونەوەیەکی ئەو دەزگا گرنگە نەکراوە چونکە لە۱۲ـ۱۰ کەبڕیاربوو کۆبونەوەیەی ئەنجامبدایە ، بەبڕیارێکی سیاسی و تاک لایەنەو حیزبی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕێگری لەسەرۆکەکەی کرا کە بێتە شاری هەولێر بۆ ڕایکردنی کاروبارەکانی ،بەم شێوەیهش پەرلەمان پەکخرا واتا ساڵێکی ڕەبەقە لەم هەرێمەدا نەیاسایەک دەرچوێنراوەو نەبڕیارێکیش لەپەرلەمانەوە دراوە، ئەمەجگەلەوەی ئەو حکومەتەشی کە هەموو متمانەیەکی لای هاوڵاتیانی لەدەستداوە، بێ چاودێرییەو کەسێک نیە پێی بڵێ پشتی چاوت برۆیە لەم مەملەکەتە پڕ فەزاحەت وگەندەڵی وقەیراناوییەدا .
ــ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرپرس وخوڵقێنەری سەرەکییە لەم هەموو کێشانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی بۆتەوە، جگە لەوەی شەش وەزارەتی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن، کەچی لەئاست قەیرانەکاندا دۆشداماوەو لەبری کۆبونەوەی بەردەوام وهەمیشەیی کەچی بە دوومانگ و سێ مانگ جارێک کۆبونەوەیەک دەکات ئەویش بە بێ بڕیارێکی گرنگ و کاریگەرو مژدە بەخش کۆتایی پێ دێنن .
ــ دەبوایە ئەنجومەنە خۆجێیەکانیش نەخشە ڕێگای تایبەت بەخۆیان هەبوایە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەو قەیرانەکاندا، کەچی لەم ڕۆژانەدا ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیم بینی باسی لەوە دەکرد کە نزیکەی سێ مانگە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆبونەوەی نەکردوە.
لێرەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کەئەم حکومەت و دەسەڵاتدارانەی هەرێم نەخاوەنی ڕوئیایەکی ڕوونن، نەنەخشە ڕێگایەکیشیان پێیە بۆ کۆتایی هێنان وچارەسەربونی قەیران وکێشەکانی هەرێم .
ماوەتەوە بڵێین نەبونی ڕوئیاو پلان ونەخشەڕێگای گرنگ و بەپەلە هۆکارێکی گرنگی ئەوەیە کە بۆچی بەرپرسانی هەرێم هێندە ڕقیان لەکۆبونەوەیە لهپێناوی چارهسهركردنی قهیرانهكان.