ferman-hesen.jpg

سڕینەوەی پەرلەمان!

Nov 22, 2016  |   بیروڕا 

فەرمان حەسەن


رێگەنەدان بە ھەبونی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو و یاساغکردنی پایتەختی باشوری کوردستان لە سەرۆکەکەی، پێش ئەوەی وەک دەرئەنجامی ململانێی سیاسی نێوان چەند ھێزێک تەماشا بکرێت، گرنگە وەک مانایەکی رونی پەیامی ئیرادەیەک بۆ ھەمو خەڵکی ببینین.

راستیەکی سادەی ئەو پەیامە ئەوەیە، کە لە باشوری کوردستان ھیچ ھێز و بزاوتێکی کۆمەڵایەتی یاخود ھیچ دامەزراوەیەک رێگە پێدراونیە روبەڕوی ئەو خواستە بوەستێتەوە کە سەرقاڵی بنیاتنانی حکومڕانی ئەبەدی و پاشایەتی بێ سنورو رەھای خانەوادەییەو بێ چەندو چون ھەمو جۆرە سیستەم و چوارچێوەیەکی دەستوری کە لەبەرژەوەندیەکانی نزیک نەبێت رەتدەکاتەوە.

حەقیقەتێکی دیکە ئەوەیە رێگای ھەمو ھەوڵەکان، بۆ بنیاتنانی حکومڕانی مەدەنی و دامەزراوەی دیموکراسی و دەسەڵاتی کۆت و قەیدکراو بە یاسا نەک رەھا، دەچنەوە ئەو خاڵە کە بازگەیەکی سەربازیەو بەھێز کۆتاییان پێدەھێنرێت، ئەو جۆرە لە پرەنسیپ بۆ خۆی لەدەرەوەی لۆژیکە، ھێزیش تەنھا ھێز کاریگەری لێدەکات نەک شێوازەکانی فشاری ئاشتیانە ئەوەش نەتیجەیەکی تاڵە.

خودی بکەری ئەو کردەوەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ھێزێکە زیاتر لە نیوسەدە پرشکی عەقڵیەتی حکومڕانی بە باش و خراپ بەر خەڵکی کوردستان دەکەوێت، ھەمو جۆرەکانی پێکەوەژیان وەلادەنێ ئەگەر بەزیانی ئەو پرۆژەیە بوەستێتەوە کە تێیدا خۆی بە حاکمی رەھاو سەرۆکەکەشی رەمزی نەتەوەیەو چەندان پیرۆزی پێدا ھەڵواسراوە! کە لەراستیدا ئەگەر دەسەڵاتێک خاوەنی پیرۆزی بێت ئەوە دامەزراوەی نوێنەرایەتی خەڵکە،  کە رەوایەتی لە ھەمو توێژو عەقڵە جیاوازەکان وەرگرتوە.

ھێزەکانی دیکە بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ پارتی بژین لەنێوان دو بژاردەن یاخود دەبێت پرۆژە و ئەجێنداکانی ئەو ھێزە بە باش و خراپەوە قبوڵبکەن، یاخود دور دەخرێنەوە لەو سنورەی کە ھێزەکانی تێیدا باڵادەستن و دوجاریش لە دامەزراوە نیشتیمانی و دەوڵەتیەکان وەدەردەنرێن، حزبەکان ھەردو بژاردەکەیان قبوڵ کردوە، ئەوەتا پاش ساڵێک داخستنی دەرگای پەرلەمان، ئەرکی خۆیان لە بەیانکردنی بۆچونیان لە چەند راگەیەندراوێکدا راگەیاند، کە لەراستیدا ئەو جۆرە دەرکەوتنە تەنها قسەی بێ کردارە.

ئەو ھێزە (پارتی)، زەرورە ئەو پرسیارە لەخۆی بکات، کە لەبەرچی ھەر حزبێک لێی نزیک بێتەوەو ببێتە ھاوپەیمانی  لەناو خەڵک شوێنی لەق دەبێت و بەرەو کزی دەڕوات؟ راستیەکە ئەوەیە کە خەڵکی توانای جیاکردنەوەی رەش و سپی ھەیەو نایەوێت بە ناراستەوخۆ پارتایەتی بکات، نایەوێت قوربانی بۆ بەرنامەی سیاسی حیزبێک بدات کە حیزبەکە لەسەرەوە خۆی سەرقاڵی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پارتی بێت.

ھەرچەندێک لەبارەی مەترسی و ناشیرنی سرینەوەی پەرلەمان بڵێین زیادەڕەوی نیە، ناخۆشتر کاتێک ھۆکاری سڕینەوەی ئەوەبێت کە کاری کردبێت بۆ چاککردنەوەی ھەڵەیەکی یاسایی و دیاریکردنی سەرۆکێک کە رەوایەتی ھەبێت و یاسا و پرەنسپیە دیموکراسیەکان پشتگیری بکەن، پێچەوانەکەی ئەو ھەزاران نەھامەتیەیە کە ئێستا ژیانی خەڵکی بەو دۆخە گەیاندوە.