serdar-aziz.jpg

ساڵڕۆژی پەکخستنی پەرلەمان

Oct 12, 2016  |   بیروڕا 

د.سەردار عەزیز

 

(2015 و 2016) ساڵانێکی تراجیکۆمیدی بون بۆ کورد. کورد خەونی ئەوەی هەبو کە سایکس-پیکۆ کۆتایی هاتوە، هەندێک بڕوایان وەهابو، که سایکس-پیکۆ ئیکسپایەربوە. باسێکی زۆر لە دەوڵەتی کوردی کرا. بەڵام ئەو روداوەی کە ئەم ماوەیەی پێ دەناسرێتەوە لە مێژودا، هیچ کام ئەم روداوانە نیە، تەنانەت شەڕی داعشیش نیە، بەڵکو روداوی پەکخستنی پەرلەمانە.  ئەگەر بێتو مێژو تۆزێک مارکسیانە ببینین، کە بڕوای وەهایە مرۆڤایەتی هەمیشە بەرەو گەشە دەڕوات و هەمیشە داهاتو لە رابوردو باشتر دەبێت، بیرێکی پۆزەتیڤیستی مۆدرێنە، ئەوا بە هەمان میتۆد هەتا بەرەو پێش بڕۆین دەبێت هەست بەوە بکەین کە چ تاوانێکە پەکخستنی پەرلەمان. ئەگەر هاتو ئێمە بەرەو رۆژگارێک رۆشتین کە ئەم روداوەمان تیایدا له بیرچوەوە، ئەوا مانای وایە ئێمە لەڕوی رۆڵ و پێگەی خەڵكەوە، لەڕوی بونیادنانی دەزگاوە، لە دابەزاندنی مافی حوکمکردن لە نوخبەوە بۆ خەڵك هیچ بەرەوپێشچونێکمان نەکردوە.  پەرلەمان بە میتۆدێکی کودەتاییانە پەکخرا، لە رێگای بەکارهێنانی هێزەوە. ئەگەر رۆژێک ئەم مێژوە بنوسینەوە دەبێت ئەم وردەکاریانە وەک خۆی یاد بکرێنەوە. هێزی پێکهاتەیەک بەکاردێت بۆ پەکخستنی دەزگایەکی هەموان. ئەوەی تراژیدیە کە ئەمڕۆ هێندە هەست بەم تراژیدیایە ناکرێت، چونکە پەرلەمان دەزگایەکی نوێیە، ئەستەمە لە ئاگایی خەڵكێکدا کە هەرگیز حوکمی خۆی نەکردوە بزانێت چۆن، کارایانە و کاریگەرانە لێی بنواڕێت. ئەمە دەگمەن نیە بە کورد، گەر لە مێژوی پەرلەمان بنواڕێت لە جیهاندا هەمان دۆخ دەبینێتەوە. جێمس ئەنتۆنی فۆردە ژیانی تۆماس کارلیلی نوسیوە، کارلیل کە گەورە بیرمەندی سەدەی نۆزدەیە بڕوای وەهابوە کە هیچی باش لە پەرلەمان و پەرلەمانتار چاوەڕوانناکرێت. ئەو بڕوای وەهابو کە پەرلەمان خەڵکی ئاسایی دەهێنێتە ناو کایەی دەسەڵات و ئەمەش ترسناکە. ئەمە نیشانەی ساتەوەختی وەرچەرخانە لە حوکمی نوخبەوە بۆ حوکمی خەڵک. بۆ ئێمە دەبێت ئەم مێژوە دوبارە بکەینەوە، چونکە گەلێکی خوێنەرنین مێژوی ئەوانی تر لای ئێمە نەزانراوە و ناتوانرێت سودی لێببینرێت. لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵەیدا پەرلەمان نەیتوانی تەنانەت کەلتوری پەرلەمانی، مێژوی پەرلەمان، گرنگی جێگای پەرلەمان، یان گرنگی شێوازی گفتوگۆ لە جێگای جیاوازدا بە کۆمەڵگا بگەیەنێت. بەڵام پەرلەمان هەرگیز بە ئەرکی خۆی نەزانی دەزگایەکی مەعریفی بێت، یان لە میانەی بەڕێوەچونیدا مەعریفە بەرهەم بهێنێت. کۆلکە رۆشنبیری کورد زۆر مەعریفە و دەسەڵاتی فۆکۆیان وەک دروشم دوبارە کردەوە، بەڵام نەیانتوانی بچوکترین سودی لێببینن.  جارێکیان لە پەرلەمان دیپلۆماتێکی رۆژئاوایی پێشنیاری ئەوەی کرد کە چەند پێویستە لە پەرلەمان کافێیەک هەبێت. ئەو دەم من گرنگی ئەو پێشنیارەم درک پێ نەکرد. پاشان زیاتر لە گرنگی شوێن و دیپلۆماسی قوڵ بومەوە بۆم دەرکەوت کە کافێ دەتوانێت چ رۆڵێک ببینێت لە ناو کایەی پەرلەماندا. کافێ دەبێتە جێگایەک کە دەتوانێت قسەی تیا بکەیت بەبێ ئەوەی فەرمی بێت، دەتوانیت دانوستانی تیادا بکەیت، بەبێ ئەوەی پابەست بیت بۆ کۆمەڵێک زۆر لە رێگریەوە، دەتوانیت کەسانێک ببینێت کە ناتوانی لە جێگاکانی تردا بیانبینیت.  ئەمە دەریدەخات کە چۆن دەبێت شوێن بخولقێندرێت بە نەریتی پەیوەندی جیاوازەوە. ئەمە بۆ پەرلەمانیش ڕاستە. ئەگەر لە هەمو جێگایەکدا توانای قسەکردن نەماوە، لە پەرلەماندا ئەو توانایە پەک نەخرایە. چونکە پاش قڕ و قپ، پاش بێدەنگی رق و دڵڕەقی دێت.  پەکخستنی پەرلەمان وێنەی هەرێمی پوکاندەوە، دیپلۆماسیەتی نەرمی کردە سفر. روداوێکی سیاسی بو کە دەرەوە کرۆکی راستەقینەی دۆخی سیاسەتی ئێمەی بە روتی بینی. لە کۆمەڵگای پارێزەری وەک کۆمەڵگای ئێمەدا بە روتی دەرکەوتن گوناهە. بە روتی دەرکەوتنی سیستەمی سیاسی ئێمە ناشیرین بو.  ساڵێک تێدەپەڕێت و هیچ ئاسۆیەک نابینرێت. فریادەرەسێک نیە ئەم بنبەستە بشکێنێت. ئەم ململانێیە ململانێی، کەسایەتیەکان نیە، ململانێی دو هێز نیە، رۆژێک دێت کە ئەهوەن دەبینەوە و باشتر دەبینین بۆمان رون دەبێتەوە کە ململانێی نێوان کۆمەڵێک پرینسیپە. ئێمە ئێستا درک بە ئەمە ناکەین بۆیە ناتوانین چارەسەریشی بکەین.  پەرلەمان کە هیچ رۆڵێکی نەبو لە ناو کایەی سیاسیدا گەورە تەماشا دەکرا. کە ویستی رۆڵێکی هەبێت، شکۆی شکێنرا. ئەم دوفاقیە کۆمەڵێک رەگی هەیە، گەر هاتو رۆژێک گەورەبوین ئەوا دەرکی پێدەکەین.